دواین هەواڵ

بە کورتی و بە کوردیی

‌غازی حەسەن

30/01/2024

نەک نەوت، هەموو کوردستان لە تورەگەیەک بکەن و بیبەنە بەسرە، تۆ هەر کوردی جوداخوازی و یاخیی. دوژمن بەر لە سەربەخۆخوازان جاش و خائین و ئەوانەی خۆیان ڕادەستکردووە بەر شەق دەدات.

ئەی ئەوەی چاوت لە دەستی دوژمنە، وەهۆش وەرەوە. خەیاڵی یەکترشکان و بەپێش تانکی دوژمن کەوتن، خەیاڵێکە هیچی لێشین نابێت.

دوژمن دەیەوێت تۆ لە بواری ئابووری و دارایی و حوکمڕانی و هەرێمێکی دەستووری بکاتە مریشکی ڕووتاوە. تۆ بە زوڕنای دوژمن هەڵدەپەڕیی دەک پیرۆزت نەبێت و هەڵپەڕە، بەڵام ئەمە درێژە ناکێشێت، مێژووی کورد پڕە لەم دیاردانە، پێویستی بەئەزموونی بیانی نییە.

من نامەوێت پاشای سەر تەختی داگیرکەر بم.. کەلاوەکەی خۆم باشترە.
من نامەوێت کوردێکی تاکڕەو بم، نامەوێت کوردێکی خۆسەپێنی خۆخۆر بم..

کورد ئەگەر هەمووی مووچەخۆر نەبووایە، هەنووکە ئابووری کشتوکاڵ و بووژانەوەی گوندەکان، لووت و دەمی ئابوورشکێنەکانی کوردیان دەشکاند.

کورد ئەگەر هەمووی دکتۆ ر و ئەندازیار و ماستەر و دکتۆرا و بەرپرس و مودیر عام و پەرلەمانتار و وەزیر و ڕاوێژکار و بەرپرس و بەرپرسۆکە  و ڕۆژنامەنووس و خۆ سیاسیزان و بەشتزان نەبووایە، هەنووکە هێزی وەبەرهێنان گەشاوە دەبوو.

ئەگەر کورد لەهەر ماڵێکدا کەنیزەک و خزمەتکارێکی بیانی ڕانەگرتبایە، کە ڕێک لە سەردەمی کۆیلایەتی و غرور و فشەسازی دەچێت، ئێستا وەکویەکبوون و هاوشێوە و دادپەروەر دەبووین.
ئەگەر سی ساڵە لەجیاتی خوێندنی گلۆبالیزم و مۆدێرنیەت کەلتوور و نەریتی کوردەواریمان پەرە پێ بدابایە، ئێستا ئینتما فوول دەبوو.

چیت پێ بڵێم، کورد تاکە میللەتە حزبەکانی دژ بە سەربەخۆیی نیشتمانەکەیان بن و میللەتەکەشی داوای بکات.

کورد تاکە میللەتە تەحەمولی بێ مووچەیی کردووە، پارەدار و پەرلەمانتار و گەندەڵکاران و هەندێک لە حزبەکانی چۆکیان شکابێت و بەشداری دوژمن بکەن، بۆ بڵاوکردنەوەی ڤایڕۆسی تەسلیمبوون.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP