دواین هەواڵ

هەڵبژاردن، گوتاری یەکتر کوژی

‌غازی حەسەن

08/01/2024

گوتار کردەی ڕاپەڕاندنی کردەوەیەکە و گوزارشتیشە لەدەسەڵات و باڵادەستی و هێزی ئەو لایەن و گروپ و کەسەی خودی گوتارەکە بەکاری دەهێنێت. گوتار ڕاپەڕاندنی ئەرکێکە، کە پڕە لەواتا و مەبەست و بەدیهێنانی ژمارەیەک مەبەست و ڕاپەڕاندنی کردە قسەی وەکو (نمایش و گێڕانەوە و پێدانی زانیاریی و بڕیار و حوکم و بانگەشە و هوشداریی و سەرنجڕاکێشان و ڕیکلام و سەربجڕاکێشان و کارتێکردن و پەیوەندیی و... تاد) لەهەمووشیان گرنگتر چۆنیەتی پەیوەندیکردنە بە وەرگر و گوێر و بەکارهێنەرەکانیانی خودی وەرگرەکە، بۆیە قسەکەر/ خاوەن گوتار پێویستە شارەزای سروشت و پێکهاتە و بیرکردنەوە و دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی گوێگرەکانی بێت.

گوتاری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (پارتی دیموکراتی کوردستان) و (یەکیتی نیشتیمانی کوردستان) و (لیستی ئیسلامییەکان) و (نەوەی نوێ) و ئەوانی دیکەش لە کەرکووک بەتایبەتی بریتی بوو لە (هێرش و شکاندن و کوشتنی یەکتر). ئەم جۆرە گوتارە بازاڕی سیاسی و ڕاگەیاندن و جووڵاندنی هەست و نەستی جەماوەری یەکتری گەرم کردبوو، دیارە ئامانج لەم جۆرە گوتارانەی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە و بۆ کاتێکی دیاریکراوە پێویستە تەکنیک و شێواز و زاراوە و ئامانجی تایبەتی و کاتی هەبێت.

ئەوەی بینیمان لەم پرۆسەیەدا ژمارەیەک بەرپرسی وەکو ئەستێرە و ڕزگارکەر و خاوەن ئیرادەی یەکلاکەرەوە.. تاد نمایش کرد، لەکاتێکدا هیچیان بەکردەوە نەیانتوانی کەرکووک ڕزگار بکەن، تەنیا ئەوە نەبێت نمایشێکی بەهێزیان بۆ شکاندنی یەکتر ئەنجام دا.

لەهەر هەڵبژاردنێکدا پێویستە گوتارێکی نوێ هەبێت، گوتاریش بریتییە لەدامەزراوەیەکی خودان وشە و شێواز و تەکنیک و وزە و پەیام، ئامانجی پەیوەندییە بەوانی دیکەی دەرەوەی خودی خاوەن گوتارەکە. لەم هەڵبژاردنەدا، کە لەکۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بەرێوەچوو، پەیامی گوتارەکەکان بریتیی بوو لە (بەوشە ئەنجامدانی جەنگێکی توندی یەکتر سڕینەوە). بۆچی ئەم شێوازە؟

بێگومان ئامانجی هەر گوتارێکی هەڵبژاردن بەهێزکردنی بنەماکانی بردنەوە و سەرکەوتنی خۆیی و تێکشکاندنی ئەوی دیکەیە. بردنەوەش بەواتای سەرکەوتن دێت لەپێناو ئەوەی بەرانبەرەکەی بدۆڕێنێت و تێکبشکێت. ئەوەی بووە مایەی سەرنجی من لەنێو گوتاری لایەنە کوردییەکاندا چەند ئاراستە و پەیام و مەبەستێکی ڕاستەوخۆی ئاشکرا، لەتەک شتی ناڕاستەوخۆش بەدی دەکرا، لەوانە:
یەکەم: شکاندنی یەکتر، بە واتا سیاسییەکەی.

دووەم: ناشیرینکردن و بچووکردنەوەی ئەوی دیکەی کوردیی.

سێیەم: ئەم گوتارە ململانێ نەبوو لەنێوان سیاسەتی (بەعەرەبکردن و دژە جوتیاری کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە) و لایەنە کوردستانییەکان. بەپێچەوانەوە ململانێ بوو بۆ (لەبیرکردنی هەڵوێست و ڕەفتاری دوژمنە هەقییەکان) و(هێرشکردنە سەر ڕەفتار و هەڵوێستی خودی لایەنە کوردییەکان).

چوارەم: یەکتی دژی پارتی و پارتی دژی یەکێتی و لیستەکانی دیکە زۆر بەتوندی بۆ پاشەکشەی یەکتر و زیادکردنی ژمارەی دەنگەکانیان بوو، لە کردەوەدا ئەمەش خزمەتی لایەنە عەرەبییەکانی کرد. لایەنەکانی دیکەشی دژی دەسەڵاتی سی ساڵەی پارتی و یەکێتی بەتایبەتیش دژی پارتی هەرچی لە توانایاندا بوو، زۆر بەتوندی لەنیو گوتارەکەیاندا بەرجەستەیان کرد. لەم پرۆسەیەدا هیچ شتێکی جددی کاریگەری ئەوتۆ دژی بەرنامەی عەرەب و ئەوانی دیکە و سیاسەتی حکوومەتی بەغدا و دەستوەردانی دەرەکی نەبوو. لەکاگاڤێکدا ئاماژە بە دەستوەردنای دەرەکی بۆ مەبەستی شکاندنی خودی لایەنە کوردییەکان بەکاردەهێنرا، نەک ڕیسواکردنی سیاسەتی دەرەکی.

پێنجەم: ئەم جەشنە گوتارە لەکردەوەدا بەزیان بە گوتاری نەتەوەیی و کوردستانی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە تەواو دەبێت. کورد دەکرێت چەندین لیستی هەبێت، بەڵام ناکرێت یەکدەنگ و و یەک هەڵوێست نەبێت. ڕاستە ئەمجارە بەهۆی دابەشبوونی گوتاری لایەنە کوردییەکان ژمارەیەکی زۆر دەنگی کورد فەوتێنرا.

شەشەم: گوتاری هێرشکردنە سەر دەسەڵاتی کوردیی (پارتی و یەکێتی) وەکو پێشتر باوی نەماوە و هەمان بەهار نەبوو کە هەندێکی پێیان وایە بەهێرشکردنە سەر دەسەڵاتی کوردی دەنگی ناڕازیی پتر بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن. نەوەی نوێ و ئیسلامییەکان بەهەمان ئاوازی ئێکسپایەری پێشتر ویستیان لەڕێگەی ‌پڕکێشکردنە سەر دەسەڵاتی کوردیی، دەتوانن هێز و وزە و دەسەڵات بە گوتارەکەیان بدەن، دەرکەوت ئەمە خەریکە کۆن دەبێت و ناتوانێت هەمان ئامانج بەدەست بهێنێت، کە پێش چەند ساڵێک لەوەپێشتر ببووە مۆدێل. لەهەمان کاتدا بەکارهێنانی (دەستەواژەی خیانەت) یش نەیتوانی هاوسەنگی هێزی دەنگەکان بگۆرێت، بەپێی لێکدانەوە بووایە یەکێتی دەبووایە باجی خیانەتی ئۆکتۆبەر بدات، کەچی بەهەر شێوەیەک بێت ئەوان براوەی پێنج کورسین.

حەوتەم: لەهەڵبژاردن پێویستە زمانی لەیەکترگەیشتن لەگەڵ جەماوەر و هاندەر و لایەنگرەکانی خودی خۆیان، ئینجا جەماوەری ڕکابەرەکەیان دروست بکەن، نەک گوتاری ڕاکردن لە جەماوەر و وەڵام نەدانەوەی پرسیاری هەقیقی و جددی ئەو خەڵکەی گوتارەکەیان ئاراستە دەکرێت. ئەم چەشنە گوتارە لەجیاتی بەهێزکردنی بنەماکانی بڕیار و حووکم، بێ متمانەیی و  ڕاڕایی و لێکدابڕان دروست دەکات.  

هەشتەم: گوتاری بانگەشەی نەوەی نەوێ بەدەستهێنانی پلەی پارێزگا بوو، نەک کەرکووک. واتە ئەوان هەموو وزەی گوتارەکەیان بۆ ئەوە بوو بچنە شوێنی (پارتی و یەکێتی) نەک گۆڕینی پارتی و یەکێتی و پێگەی عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی دیکە. واتا گوتارەکەیان نمایش بوو، نەک بەدیهێنانی هێز و دەسەڵات.

گوتاری لایەنەکان بەرانبەر خودی لایەنە کوردییەکان فەرمی و ڕەق و توند بوو، بەرانبەر عەرەب و تورکمان و بەغدا و ئەوانی دیکە نافەرمی و شلوخاو و نەرم بوو و پڕ بوو لەپاساوی نالۆژیکی. بۆیە دەتوانم بڵێم وەکو شیکردنەوەی کردە قسە لەنێو گوتارەکانیدا (بڕیاری تاوانبارکردنی یەکتر هەبوو، حووکمی دوور لە گەڕانەوە بۆ پاشخانێکی متمانەدار هەبوو، بەناهەق زانینی یەکتر و خیانەت و ڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی ڕاستەقینە و گەندەڵی لەبەکارهێنانی وشە و دەستەواژە و لاوازیی لە دەربڕین و گوزارشت و قسەی جواوەی کۆن و  ئێسکپایەر هەبوو. زانیاریی لەبارەی کارەکتەرەکان کەم بوو، پتر شێوازی ڕیسواکردنیان هەبوو. بانگەشە بوو بۆ ئەوەی نمایشی ئەوە بکەن کە خۆیان چاک و فریشەن و ئەوانی دیکەش خراپ و دڕندە.

گوتار دەسەڵاتە، بریتییە لەهێزی وشە و دەستەواژە و چۆنیەتی ئاخاوتن، مەرج نییە هەموو براوەیەک و کارەکتەرێکی نێو پرۆسەی هەڵبژاردن خاوەنی بنەماکانی ئاخاوتن و پێشکەشکردنی گوتار و بەکارهێنانی هێزی وشەی  گونجاو و سەرکەوتوو بن، چونکە نە بەربژێرەکان و نە حزبەکان پەیڕەوی بنەماکانی گوتاری سەرکەوتوونیان نەکردووە، بەڵکو گوتاری هێزیان لەجیاتی هێزی گوتار بەکارهێناوە، سەرباری ئەوانەش دەرکەوت گوتار دژی دەسەڵاتی کوردی و (پارتی و یەکێتی) وەکو حزبە ئسیلامییەکان و نەوەی نوێ پەیڕەویان کرد گوتارێکە زۆر باوی نەماوە، من بڕوام هەیە گوتاری (پارتی و یەکێتی)یش لەدژایەتی یەکتر بەشێکی زۆزیان بەسەرچوو بوون و کاریەرگەریان  بۆ گۆڕینی ئەنجامەکان نەمابوو. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئەرک و بوون و کاریگەریی گوتاری نەتەوەیی و شانازیی بە کەرکووک کردن چەندە کاریگەریی لەسەر گۆڕینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەبوو، ئەگەر نەیبوو بۆ؟ کێشە لەخودی گوتارەکەیە، یان عەقڵیەت و سۆز و توانا و هەستی جەماوەر، یان لەکردەوەدا ئەوانی ئەم گوتارانە بەرهەم دەهێنن، لەواقیعیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی جەماوەر و دمەزراوەکان و بیرکردنەوە و ئامانجی هەنووکەیی حزبە سیاسییەکان نەگەیشتوون، یان لەکردەوەدا هێزێکی دیکە لەجیاتی خودی گوتار بڕیار دەدات و هێزێکی ناڕاستەوخۆی نادیار، یان گوتارەکە کلاسیک و بەسەر چووە؟.

ئەمە هەرچیەک بێت، وەکو مەسەلەیەکی ماتماتیکی وایە، هیچ کاتێک دەستکاری شوێنی ژمارەکان دەکرێت، هەمان ئەو ئەنجامە بەدەست نایەت، کە خودی قسەکەر لەمێشک و دەروونی خۆیدا مەزەندەی بۆ کردووە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP