دواین هەواڵ

ئەو وانەی ئیسلامییەکانی کوردستان لە حەماسەوە فێری نەبوون؟

‌ئەبوبەكر كاروانی

07/01/2024

سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئێمە لە نووسینەکانماندا (حەماس) وەک ئەزموونێک سەیر دەکەین، کە دەکرێت لە گۆشەنیگای جیاوازەوە تێی بڕوانین و سوود یاخود پەندی لێوەربگرین خۆمان بە وەرگرتن یاخود ڕەتکردنەوەی کۆی ئەزموونەکە، وەک هەندێ دەیکەن، سەرقاڵ نەکەین. ئەم وتارەشمان تێڕوانینە لە حەماس وەک باڵێکی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی فەلەستین، ئەگەر لە هەندێ ئاستیشدا نەڵێین: دووبارە بیناکردنەوە و هێز پێبەخشینەوەی بەو بزووتنەوەیە. لەمڕوەوە دەبینین، حەماس هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە نیوەی دووەمی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی بەربڵاو تێکەڵ بە خەباتی گەلی فەلەستین دژ بە داگیرکەری خاکەکەیان دەبێت، گیان دەکاتەوە بە بەربزووتنەوەی بەرهەڵستکاری فەڵەستیندا، کە لە دوای ئوسلۆوە بەرەو خامۆشی ڕۆیشتبوو،

جگە لەوەی شێوازێکی بەشدارییەکەشی تەنها درێژەدانێکی تەقلیدی پێش خۆی نەبوو، بەڵکو فۆرم و شێوازی نوێی خەباتیش دادەهێنێت، کە لە ئینتیفازەکان و شۆڕشی بەردا خۆی دەبینێتەوە، کە دواتر خەباتی چەکداریشی ئەویش بەشێوازێکی نوێ تێکەڵا دەبێتەوە، کە ئەوەش لەنێوان خۆبەدەستەوەدان و خەباتی چەکداری لەدەرەوەی سەرزەمینە فەلەستینییەکان، بە بژاردەی سێیەم بوو کە ئەم جۆرە خەباتە بژاردەی سێیەم لەقەڵەم دەدرا، ئەم خەباتەش جگەلەوەی گیانی بەرەنگاری و مەسەلەی فەلەستینیان، لەنێو فەلەستینییەکاندا بەزیندوویی دەهێشتەوە، ناڕاستەوخۆش کارتێکی فشار بوو بە دەست عەرەفاتەوە بۆ ئەوەی ئیسرائیلییەکان مل بە داوای جێبەجێکردنی بڕگە و بەندەکانی ڕێکەوتننامەی ئوسلۆ بدەن، دوای ئەوەی ڕوون بووبۆوە کە ئیسرائیل خۆی لە شایستە سیاسییەکان و داننان بە قەوارەی فەلەستین دەدزێتەوەو کات دەکوژێ نیازی چارەسەرکردنی کۆتایی کێشەکانی بەو جۆرەی لە ڕێککەوتننامەکەدا هاتووە نییە.

حەماس قۆناغ قۆناغ خۆی لە مەیدانی خەباتدا تاقاڵ دەکرد، ژێرخانی خۆی پێکدەهێنا و ڕۆڵی باڵە ڕادیکاڵەکەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەلەستینی دەبینی و داوای زۆرترینی بۆ فەلەستینییەکان دەکرد ، بەراورد بەوەی فەتح لە ئۆسلۆدا لەسەری ڕێک کەوتبوو، ڕەتی دەکردەوە دان بە ئیسرائیلدا بنێت، تەنانەت چوونە نێو چوارچێوەی ڕێکخراوەی ڕزگاریخوازی فەلەستینیشی ڕەتکردەوە، بۆ ئەوەی دەستکراوە بێت لە دیاریکردنی تەکتیک و قۆناغبەندی و ستراتیژیەکەیدا. بەڵام وەك بەشێکی زیندوو کاریگەری ژیانی سیاسی فەلەستین مایەوە. هەر بۆیە لە پاڵ جۆشدانی خەباتی جەماوەری و درێژەدان بەڕاپەڕینەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەیدانیدا بەشداریی هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکەی ٢٠٠٦ی کردوو زۆرینەی کورسییەکانی بردەوەو سەرکەوتنێکی گەورەی بەدست هێنا، گەرچی فەتح و ئیسرائیل و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان ڕەتیانکردەوە تواناکانی دەسەڵاتی فەلەستینی بخەنە بەردەست و ڕێگەبدەن بەشێوەیەکی سرووشتی حکومەت پێکبێنیت، بەڵام بەو بەشداری و سەرکەوتنە جگە لەدەرخستنی پێگەو هێزە گەورەکە، خسیشییەڕوو بڕوای بە میکانیزمەکانی دیموکراسی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات هەیەو بەو پێوەرانەش نوێنەرایەتی ڕەوای گەلەکەی دەکات، دوای ئەو رووداوانەش کەرتی غەززەی لەدەست فەتح دەرهێناو کردی بە بنکەی چالاکی و بەڕێوەبردنی خەباتەکەی، ئەو کارەش گەرچی هەمووی قازانج نەبوو بەڵام بەوە خۆی و بژاردەی بەرهەڵستکاری بۆ چەندین ساڵ لە پاکتاوکردن یان لانی کەم لەقاڵبدان و لاوازکردن پاراست. ئەزموونی غەززەش سەرەنجام بومەلەرزەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری لێکەوتەوە، کە مەسەلەی فەلەستین و ناوچەکەشی خستۆتە بەردەم دووڕیانێکی مێژوویی نوێوە

گەر لەم ڕوانگەوە ئەزموونی ئیسلامییەکانی کوردستان هەڵبسەنگێنین، دەبینین، زۆر کەم نەبێت، سوودیان لەم ئەزموونە وەرنەگرتووە. بە شێوەیەکی بەربڵاو تێکەڵ بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی باشوور نەبوون و نەیانتووانی ببنە باڵە ڕادیڵەکەی. ڕاستە ڕۆژێ لە ڕۆژان بەربەست نەبوو لەبەردەم پڕۆژە نەتەوەییەکەی کوردستانی باشووردا، هەر لە سەرەتا شەوەوە خۆیان لەگەڵ واقیعە نەتەوەیی و کوردستانییەکەدا گونجاندووە و پشتگیری داواکارە نەتەوەییەکانیان کردووە،لەمڕ وەوە ناسنامەیەکی جیاوازی سەروو نیشتیمانیان بە خۆیان نەداوە، بەڵام هەموو ئەمە لەبازنەی بایەخدان بە مەسەلەی کوردستان تێنەپەڕیوەو نەگەیشتووە بە خاڵی تێکەڵاوبوونێکی ستراتیژی و فیکریی و مێژوویی قووڵ بە پرسە نیشتیمانییەکە.

نەگەیشتن بەوەی لە ئاستێکی قووڵتردا وەک هێزێکی نیشتمانی پاشتانی ئیسلامی و باڵێکی بنەڕەتی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی نیشتمانی کوردستانی باشوور خۆیان پێناسە بکەن. هەوڵبدەن لە سەردەمی پیربوونی (کوردایەتی) وەک فۆرمی زاڵی ناسیۆنالیزمی کوردی لە قۆناغی ڕابردوودا تەماحی خۆبەخاوەنکردن و پێشەنگی و نوێکردنەوەی بزووتنەوەی نیشتمانی کوردی باشوریان هەبێت و خۆیان بەو جۆرە ڕێکبخەنەوە لە عۆدەی ئەو ئەرکە مێژووییە گەورەو قەزییە ڕاستەقینە بێن، لەوە تێبگەن کە ئیسلامیبوون لەڕووی سیاسییەوە لە کوردستاندا خەم و داواکاری و قەزییە نییە، بەڵکو قەزییەی ڕاستەقینە پرسە نیشتیمانییەکەو چاکسازی و دووبارە بیناکردنەوەی سیستمە. گەرئەوەیان بکردایە، چاوەڕێدەکرا ببنە هێز و تەوژمێکی بەهێزی کۆمەڵگە، بەو جۆرەی ئێستا دەبینرێت لەبازنەیەکی داخراودا نەخولێنەوە، چونکە هەرئەوە دەشیکردن بە پێشەنگی خەباتی دژە گەندەڵی وناکۆکی و بەگشتی پڕۆژەیەکی نیشتیمانی بۆ چاکسازی و بیناکردنەوەی دام ودەزگاکان. بەم جۆرەو وەك تەوژمێکی نیشتیمانیی باگراوند و بەهەناسە ئیسلامی خۆ بە میراتگری ڕەوتەکەو کوردستانییەکە بزانن و بووژاندنەوەی بە ئەرکێکی دینی ونیشتیمانی وئەخلاقیی خۆیان بزانن، تەنها بەشدارییەکی گشتیان لەسایەی هێزە نەتەوەییە تەقلیدییەکاندا نەبێت، هەروەك خۆم چەندین جار لە هەندێ کەسی یەکەمی ئیسلامییەکانم بیستووە کە وتوویانە: سەنەوی مەسەلەی کورد بە ناوی ئیسلامییەکان و ئێمەوە نییە وتەنها دەتووانین بەگوێرەی تووانا بەشداریتێدا بکەین، پێویست ناکات چاومان لەپێشەنگی و سەرکردایەتیکردنیدا هە بێت. ئێمە ئیسلامین و لەدوای ئەوە دەبێت سەرقاڵی کارەکەی خۆمان بین!!

ناکرێت ئێمە لە نەتەوەییەکان نەتەوەییتر بین. بەوەش دەرفەتێکی گەورەیان هەر لەنەوەتەکانی سەدەی ڕابردوەوە لە کیسی خۆیاندا، تلە ئێستای واقیعی هەرێمیشدا، کە پرۆژە نیشتیمانیە کوردستانیەکە بە دەست قەیران و لاوازی کوشندەوە دەناڵێنێت، لەسۆنگەی ئەوەی خستمانەڕوو، ناتوانن هیچ دەشتپێشکەریەك بکەن و گۆڕەپانەکەیان تا ڕەدەیەکی زۆر بۆ ئەوانی بەجێهێشتووە! لە کاتێکدا ئەوان، بەشێوەی هێزەکی پاڵێوراوبوون، بۆ ئەوەی ڕۆڵی دووبارە بیناکردنەوەی پرۆژەی نیشتیمانی کوردستانی بگێڕن و بازنەی کارو چالاکیان وەك ئێستا بۆ کارکردن لەسەر هەندێ ئاستی ناسنامەی ئیسلامی کۆمەڵگا کورت نەکردایەتەوە. بەجۆرێك کە کاریگەریەکی وایان لەسەر ڕەوتی ڕووداوە ساسیەکان و ئاراستەکردنیان و خستنە ڕووی جێگرەوەبۆیان نییە. لەکاتێکدا دەیانتوانی ببنە هەوێنی دووبارە بیناکردنەوە و شکڵپێدانی فۆرمێکی نوێی ناسیۆنیزمی کوردستانی، کە تیایدا بەها ئیسلامییە گەردوونییەکان بە بەها نەتەوەییەکان متوربە ببن، جارێکی تر کۆکی و هێز و توانای هەڵسانەوە بەم بزووتنەوە بووبەخشن و هەر لەوێشەوە خزمەتە گەورەکەی خۆیان بە کۆتایهێنان بەو دابڕانەی لە چلەکان بەدواوە لە نێوان ڕەهەندی موسڵمانیەتی و نەتەوەی کورددا دروست بوو بهێنن.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP