دواین هەواڵ

بڕینەوەی 40 ساڵ لەتەمەنی ژینگەی سلێمانی

‌خالد سلێمان

18/10/2023

بەگوێرەی یەکێک لە خاوەن باخەکانی بناری گۆیژە کە قسەی بۆ سایتی درەو کردووە، تەمەنی ژمارەیەک لەو دارانەی لەناو بران و لە ڕەگەوە دەرهێنراون دەگەڕێتەوە بۆ 40 ساڵ لەمەوبەر. ئەگەر بمانەوێت هەر قسەیەک لەسەر زیانی ڕووتاندنەوەی بناری گۆیژە بکەین و کاریگەرییان لەسەر ژینگە و تەندروستی دانیشتوان و پتەوی و توندتۆڵیی خاک، دەکرێ لە چیرۆکی ئەم دارانەوە دەست پێبکەین و هەرشتێک لەدەرەوەی ئەمەوە بووترێت، هیچ بەهایەکی زانستی نیە.

بەقسەیەکی ڕوون و ئاشکرا، دارەکان بەرهەمهێنی هایدرۆکابۆنن وەک سوتەمەنی بۆ گەشەسەندن و مانەوەی سیستمی میکرۆ-ئۆرگانیزم، هەر دارێکیش لە سوڕی ژیانیدا، توانای هەیە نزیکەی 22 تەن لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە قەدو چڵ و تۆڕی ڕەگ و ڕیشەیدا هەڵبگرێت. کاتێکیش دارەکە لەناو دەبرێت یان بەکتیریا و قارچکەکان کۆتایی بەژیانی دەهێنن، بڕی هاوقەبارە لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەخاتە کەشەوە، واتە 22 تەن گازی گەرمکەرەوە. لێرەوە تێدەگەین کە دارستانەکان ڕۆڵێکی گەورەو بنەڕەتیی لە تەسفییەکردن و عەمبارکردنی پێکهاتەکانی هەوادا دەگێڕن، دەتوانین بڵێین ئەو بڕە گازەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە دوای مردنی دارەکان دەچنە کەشەوە تا هەتا هەتایە لە سیستمی ژینگەییدا دەمێننەوە.

بەپشت بەستن بەم ڕۆڵە بنەڕەتییە، ئەو دارە نوێیان لەسەر لاشەی پیرە دارە لەناوبراوەکان سەوز دەبن، توانای عەمبارکردنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان نیە، ئەمە جگە لەوەی توانای ئەوەشیان نییە جۆرەکان (زیندەوەرەکان) بگرنە خۆیان کە پێشتر لەوێدا ژیاون، چونکە لاوان و بەرگەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا ناگرن. ئەمەش توانای سیستمە ژینگەییەکە لە دابەزاندنی گەرما کەم دەکاتەوە، چونکە کاریگەریی داراستان گرێدراوە بە سیستمێکی ژینگەیی داهێنەرو هەمەجۆرە لە پاراستنی هەمە-چەشنی و سووڕی ئاوو و بەکتیریاو وردیلەکان. کاتێکیش پۆشاکە ڕووەکییەکەی زەوی لەناودەبرێت، سیستمێکی ژینگەیی تەواو لەناو دەبرێت.

بەگوێرەی سندوقی جیهانی بۆ ژیانی کێویانە، 80 لەسەدی جۆرەکان لە جیهاندا لە دارستانەکەدا دەژین، مەرگی دارەکان و لەناوبردنی دارستانەکانیش بەشێوەیەک بەرفراوان، نەک تەنها سیستمی ئایکۆلۆژی دەخاتە ژێر مەترسییەوە، بەڵکو کاریگەرییەکی ڕاستەخۆی لەسەر ژیانی مرۆڤ و تەندروستی گشتی دەبێت. لێرەوە پرسیارێک ئاراستەی پرۆژەی نیشتەجێبونی شاری ئارام دەکەم، ئێوە کە 40 ساڵ لە تەمەنی سیستمێکی ژینگەیی کەمدەکەوە، بیرتان لەوە کردوەتەوە کە 40 ساڵ لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی زیاتر دەخەنە ناو ژیانی ئێمەوە، بیرتان لەوە کردووەتەوە کە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە بەکتیریاو سیستمی وردیلەکان Microorganism لەناودەبەن، بیرتان لەوە کردووەتەوە کە 40 ساڵ لە ئۆکسجین لە سییەکانی ئێمە دەبڕن، بیرتان لەوە کردووتەوە کە تەندروستی گشتی دەخەنە ژێر مەترسییەوە؟ ئێوە دەڵێن لە بری هەر دارێک پەنجا نەما دەچێنن، بەڵام نازانن ئەو سیستمە ژینگەییەی لەناوتان برد، بە 100 ساڵی تریش دروست نابێتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا لە کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەش و هەوا تێنەگەیشتوون؛ ئەوەی لە نیوسەدەی ڕابوردوودا سەوز بوو، ڕەگوڕیشەی لە خاکدا داکووتا، لەداهاتوودا مەحاڵە. مەسەلەکەش بەبێ ئاڵۆزاندن و تیۆریزەکردن، لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەو سیستمە ژینگەییەی لە ڕابوردوودا دروست بووەو ئێستا لە ناودەبرێت لە زمانی زانستی و ژینگەییدا پێی دەووترێت Irreparable، واتە چاکنابێتەوە.

بەڕێزان، ئێوە نازانن کە پرۆژە ئابوورییەکەی ئێوە، ئەوەندی وزەی پێویستەو ئەوەندە گازی گەرمکەرەوە دەخاتە کەشەوە، سروشت نەبێت هیچ هێزێکی تر نییە لوشی بدات و لەهەناوی خۆیدا حەشاری بدات، بەڵام ئێوە ئەو سروشتەشتان لەناوبرد کە ئەم کارەی پێدەکرێت! ئەو نەمامە تازانەی باسیاندەکەن و دەیکەنە دیاریی بۆ ئێمە، تەنها لە قسەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەچن و هیچیکە کە لە دنیای پارەوە تەماشای سروشت و ژینگەی دەکرد.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP