دواین هەواڵ

دەستیپێکردنی زەمەنێکی نوێی زەوی

‌خالد سلێمان

01/09/2023

مانگی (7)ی ڕابوردووی ئەمساڵ (2023)، کۆمیتەی نێودەوڵەتی چینەکانی زەوی، زەمەنێکی تری جیۆلۆجی لە مێژووی زەویدا ڕاگەیاندو ناوی لێنا (ئەنترۆپۆسین) کە بۆ ماوەی 23 ساڵە مشتومڕی لەسەرە. ئەنترۆپۆسین وەک ناوێکی نوێ بۆ ئەم زەمەنە جیۆلۆجییەی کە تیایدا دەژین، ئاماژەیە بۆ جێدەست یان پەنجەمۆری مرۆڤ لەسەر زەوی. زیادبوونی دانیشتوان، دەسکاریکردنی سروشت، زایکردنی ئاژەڵی ماڵیی لەسەر حسابی گیانەوەری کێوی، بۆمبی ئەتۆمیی، دەرکردنی وزەی ژێر زەوی و لەناوبردنی سیستمی ژینگەیی وشکانیی بۆ نیشتەجێبوون و کۆڵۆنیکردن و کشتوکاڵ، هەموو ئەمانە ڕوخساری چاخی ئەنترۆپۆسینن.

چاخی پێش ئەنترۆپۆسین کە پێش 10 بۆ 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەستی پێکردووە، ناوی هۆلۆسین بوو. ئەم ناوە ساڵی 1833 لەلایەن زانای جیۆلۆجی بەریتانی (چارلز تایێل)ەوە دیاریکراوە. تایێل کە خاوەنی کتێبی (پرانسیپەکانی جیۆلۆجی)یە، بە ئیلهامبەخشی سەرەکی چارلز داروین دادەنرێت لە نووسینی کتێبی (بنەڕەتی جۆرەکان)دا.

چاخی (هۆلۆسین)یش لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە چاخی بەستەڵەک کۆتایی پێدێت و زەوی پێدەنێتە ناو چاخی گەرمبوونەوە.
ساڵی 2000 بۆ یەکەمجار، زانای بەناوبانگی هۆڵەندی پۆڵ کروتزن كە خاوەن خەڵاتی نۆبڵ بوو، لە کۆنگرەی زایانای جیۆلۆجی لە مەکسیک، لە وتەیەکدا داوا لە هاوپیشەکانی دەکات کە ئیتر بەس بڵێن چاخی هۆلۆسین، چونکە زەوی پێی ناوەتە ناو چاخێکی جیۆلۆجی ترەوەو پەنجەمۆری مرۆڤی بەسەرەوە دیارە، هەر لەو شوێنەدا پێشنیار دەکات ناوی ئەم چاخە نوێیە بنرێت ئەنترۆپۆسین.

هەر ئەو ساڵە پۆڵ کروتزن لەگەڵ زانای جیۆلۆجی ئەمریکی (یۆژین ستۆیمەر) نامەیەک لەسەر هۆکاری پێشنیارکردنی ناوی ئەنترۆپۆسین دەنووسێت و لەبڵاوکراوەی (پرۆگرامی نێودەڵەتی بۆ بەرگە هەواو بەرگی زیندوو)دا بڵاوی دەکاتەوە. ئیتر لەو کاتەوە ناوەکە لەتوێژینەوەی زانستی و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بەشێوەیەکی ناڕەسمی بەکاردەهێنرێت.

هۆکاری ئەم ناوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هۆکارە سروشتییەکانی وەک گڕکان و ڕەوتی دەریاکان و هەورە بەرزەکان، چەندێ بەرپرسیارن لەقەتیسکردنی تیشکی هەتاو لەسەر زەوی و گەرمکردنیدا، مرۆڤ دوو ئەوەندە بەرپرسیارە. واتە ئەگەر تەمەنی مەزەندەکراوی زەوی چوار ملیار ساڵ بێت، ئەوە مرۆڤی کورتی کردووەتەوە بۆ 2 ملیار ساڵ.

* وەک بەراوردێکی مەجازی، ئەگەر ئەرشیڤی هەر یەکێک لە ئێمە کتێبێک بێت یان نووسینەوەی ڕۆژانەکانمان بەشێوەیەکی بەردەوام، ئەو ئەرشیڤی زەوی چینەکانی ژێرەوەی خۆیەتی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP