دواین هەواڵ

هەدەپ بۆچی کۆنگرەی نائاسایی بەست؟

‌هیوا سەید سەلیم

28/08/2023

رۆژی ٢٧/٨/٢٠٢٣، پارتی دیموکراتی گەلان "HDP" چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی لە شاری ئەنقەڕەی پایتەختی تورکیا بەست.

ئەم کۆنگرەیە هەشتەمین کۆنگرەی"HDP"یە دوای دامەزراندنی ئەو پارتە لە ساڵی ,٢٠١٢ وە بەستنی یەکەمین کۆنگرەیان لە ١٥ ئەیلولی ٢٠١٢، هەرەوها چوارەمین کۆنگرەشە کە ناودەنرێت کۆنگرەی نائاسایی وەک خۆیان دەڵێن ئاوارتە.

پرسیارەکە لێرەدایە(HDP)ە لە ماوەی ١٢ ساڵی تەمەنی بۆچی ناچاربوە ئەو هەمو کۆنگرە نائاساییە ببەستێت، ئایا هۆکارای بەستنی چوارەمین کۆنگرەی نائاساییان چی بو؟.

هەر پارتێکی سیاسی بە گوێرەی پەیڕەوەی ناوخۆیان کاتی بەستنی کۆنگرەیان دیاری کردوە، جا کۆنگرە دو ساڵ جارێکە یان چوار ساڵ جارێک، زۆربەی پارتەکانی دەسەڵاتدار لە ئاستی جیهان تەمەنی کۆنگرەیان گریداوە بە خولی هەڵبژاردنی گشتی، واتا چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنەکان ئەو پارتانە کۆنگرە دەکەن، یەکێک لە کارەکانی کۆنگرەکەیان یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکایەتیە، پارتەکانی کۆماری و دیموکرات لە ولاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا USA بە نمونە.

پارتی دیموکراتی گەلان، کە درێژەدەری خەباتی سیاسی ١٠ پارتی دیکەی باکوری کوردستان و تورکیایە، کە لە ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠١١ لە لایەن حکومەتی تورکیا داخراون، یان قەدەغەکراون، وادەی بەستنی کۆنگرەی بۆ دو ساڵ جارێک دیاریکردوە، بەڵام بارودۆخی سیاسی تورکیا و باکوری کوردستان و ئەو فشارانەی کە لە دامەزراندنی (HDP)ەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە خراونەتە سەر ئەو پارتە هیچ کات (HDP)دو ساڵی تەواو نەکردوە بگرە ناچارکراوە کۆنگرەی نائاسایی ببەستێ.

هەمیشە دو هۆکارە سەرەکی هەبونە کە وایانکردوە کە (HDP) پەنا بۆ بەستنی کۆنگرەی نائاسایی ببات، هۆکاری یەکەم هاتنەپێشی هەڵبژاردن لە کاتی نائاسایی خۆیدا، هۆکاری دوەمیش لەو کاتانە بوە کە هاوسەرۆک و سەرکردەکانی (HDP) دەستگیرکراون و خراونەتە زیندان.

یەکەمین کۆنگرەی نائاسایی (HDP) لە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠١٤ بەسترا، لەم کۆنگرەیەدا هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگان یوکسەکداغ بە هاوسەرۆکانی (HDP)هەڵبژردران، بەڵام کاتێک ئەم دو هاوسەرۆکە لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی کەجەکە و کۆبانێ خرانە زیندان لە کۆنگرەی نائاسایی کە ٢٠/٥/٢٠١٧ بەسترا شوێنی فیگەن یوکسەکداغ بە سەربیل کەمالیای ، پڕکرایەوەم بەڵام ئەندامانی کۆنگرە رازی نەبون سەڵاحەدین دەمیرتاش کەس لە شوێنی دابندرێت بۆیە هەر بە هاوسەرۆک مایەوە.

دوایین کۆنگرەی ئاسایی HDP کە کە چوارەمین کۆنگرە بو، کە لە ژێر دروشمی " ئێمە چارەسەرین" لە ٣/٧/٢٠٢٢ وەک ئامادەسازیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەسترا،ساڵێک دوای بەستنی چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی وا (HDP) ناچار دەبێت چوآرەمین کۆنگرەی نائاسایش ببەستێ.

ئەم جارەشیان هۆکاری بەستنی کۆنگرەی نائاسایی لە لایەن (HDP)زۆر جیاواز نیە لە جارەکانی پێشو، (HDP) بە هۆی ئەو سکاڵایەی داواکاری گشتی لە دژی تۆماری کردوە، کە بە دۆزی کۆبانێ ناسراوە، هەڕەشەی داخستنی لەسەر ماوە، ئەگەر (HDP) لەم هەڵبژاردنی ئایاری ٢٠٢٣ پلانی دوەمی جێنەجێ نەکردبا کە لە ژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنەکانی کرد ئەوا دەمێک بو داخرابو.

شایانی باسە، لە بەهاری ٢٠١٤ لە تورکیا و باکوری کوردستان هەڵبژاردنی شارەوانیەکان ئەنجام دەدرێت بۆیە بەو پێیەی (HDP)هەڕەشەی داخستنی لەسەر ماوە.

وەک دەشزانرێت لە حاڵەتی داخستنی (HDP) ئەوا سەرجەم پەرلەمانتار و هاوسەرۆک و زیاتر لە سەد کەس لەسەرکردایەتی و دامەزرێنەرانی ئەم پارتە بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ قەدەغەی کاری سیاسیان دەکەوێتە سەر.

مەترسی داخستنی (HDP)و نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردنی شارەوانیەکان وایکرد (HDP) چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی ببەستێ.

لە چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی (HDP) وێڕای گۆڕینی هاوسەرۆکەکان و هەڵبژاردنی هەرەک لە (سوڵتان ئۆزجان، جاهید کرکازاک) بە هاوسەرۆکی تازە (HDP) تەنیا وەک ڕەمزێک ماوەتەوە، ئەگینا بەم نزیکانە پارتی چەپی سەوز کە جێگرەوەی (HDP) دەبێت لە ژێرا ناوی تازە کۆنگرەی خۆی ببەستێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP