دواین هەواڵ

ئەردۆغان دەستپێکێکی باش.. بەڵام کۆتاییەکی خراپ

‌هیوا سەید سەلیم

05/05/2023

مێژووی سیاسی ئەردۆغان دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هەشتاکان‌و سەردەمی سەرهەڵدانی حزبە ئیسلامیەکان لەتورکیا، بەڵام دەرکەوتنی وەک سەرکردی ڕەوتێکی ئیسلامی بۆ دوای داخستنی حزبی فەزیلەت بەسەرۆکایەتی نەجمەدین ئەربەکان دەگەڕێتەوە، ئه‌ردۆغان بەوپێیەی ساڵی 1994 ـ 1998 سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ دەبێت،  دوای داخستنی حزبی فەزیلەت لەسەر میراتی ئەو حزبە قەدەغەکراوە دوو ڕەوتی دیکەی ئیسلامی سەرهەڵدەدەن ئەویش پارتی دادوگەشەپێدان‌و حزبی سەعادەت.

لە 14ى ئابی 2001 پارتی دادوگەشەپێدان دامەزرا، رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان بووە یەکەمین سەرۆکی ئەو پارتە، ئەگەرچی سەرەتا سەرکردەکانی ئەو حزبە ئیدیعایان دەکرد کە پارتەکەیان حزبێکی دیموکراتی کۆزرفاتیڤە، هەڵگری بیروباوەڕی ئیسلامیە نەک حزبێکی ئیسلامی بێت، AKP لەسەرەتا سەرمایەداریی‌و بازاڕی  کردبووە بەرنامەی تێکۆشانی خۆی تا تورکیا بگەینتە ناو یەکێتی ئەوڕوپا.

تا ئێرە وەک حزب باشیان هێنابوو، بەشی شێری ئەو باشیەش دەگەڕایەوە بۆ کارنامەی ئەحمەد داودئۆغلۆ کە ماوەیەک وەزیری دەرەوە بوو دواتر بوو بەسەرۆک وەزیران، بەڵام بەدوورکەوتنەوەی دادوئۆغلۆ لەپارتی دادوگەشەپێدان ئیدی ئەو پارتە لەسەر شاڕێی ستراتیژی خۆی لایداو بوو بەحزبێکی ئایدیۆلۆژی ئیسلامی بەشێوەیەک کە بەهۆی دەستوەردانی لە زۆر پرسی جیهانی پاشەکەشەی بەفیکرو سیاسەتی ئەکەپە کرد کە بۆی دامەزرابوو، لەنمونەی هەوڵی بۆ کۆکردنەوەو برا گەورایەتی بۆ ئیخوانی جیهانی، کە ئەمەیان لەسەردەمی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی بەزەقی هەستی پێدەکرا، بووە هۆی سەرهەڵدانی چەندین قەیرانی دبلۆماسی لەنێوان تورکیا‌و ئەو وڵاتانەی بەر شاڵاوی بەهاری عەرەبی کەوتوون لەنمونەی (میسروسوریاو لیبیا ...هتد).

ئەگەربێینەسەر چاکسازیە ئابووریەکانیش کە لەسەردمی دەسەڵاتی 20 ساڵی دەسەڵاتی پارتی دادوگەشەپێدان ڕوویانداوەو هەمیشە ئەو پارتەو دۆستەکانیشیان لێرەو لەوێ خۆی پێبادەدەن، ئەوا لەو بوارەشدا ئەکەپە بەباشی هێنای‌و کۆتاییەکەی یەکجار خراب بوو.

ڕاستە لەسەردەمی دەسەلاتی ئەکەپە تورکیا بۆ یەکەمین جار دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی G20 ، کە یەکێکە لە یەکەمین ڕوانگەی ئابووری لە ئاستی جیهاندا، هەروەها کورسی لە رێکخراوی سندوقی دروای نێودەوڵەتیIMF و ئەنجومەنی بانکی دەولی بەدەستهێناوە، کە ئەمەشیان سیاسەتی ئابووری ئەوسای وەزیری بازرگانی عەلی بابەجان بوو، بە دوورکەتنەوەی ئەویش لە ئەکەپە ئێستا ئابووری تورکیا بە هۆی هەڵئاوسانی زۆر و بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و داکەوتنی بەهای لیرەی تورکی لە خرابترین دۆخدایە.

لە ئێستادا کە تورکیا لەبەرەدم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدایە، ئەگەر سەردەمی سەرۆک شارەوانیش بۆ ئه‌ردۆغان هەژمار بکەین ئەو ٢٩ ساڵە ئه‌ردۆغان لە دەسەڵات دایە. 

چوار ساڵ سەرۆکی شارەوانی گەورەترین شاری تورکیا بووە، کە ئەستەنبۆلە (1994 ـ 1998)، 11 ساڵ سەرۆک وەزیرانی تورکیا بووە (2003 ـ 2014)، حەوت سالە لەپۆستی سەرۆک کۆماری تورکیایە (2014 ـ 2023)، ئه‌ردۆغان لە هەر سێ ئەزموونی سەرۆکایەتی (شارەوانی، وەزیران، کۆمار) کۆتاییەکەی خراب بووە.

شایانی باسە، چەند رۆژیکی کەم بۆ هەڵبژاردنی 14 گوڵانی 2023 ماوە، کە خەڵکی تورکیا لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدان چارەنووسی دەسەلاتی پارتی دادوگەشەپێدان و هاوپەیمانەکەی مەهەپەی نەتەوەپەرست و خودی رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان یەکلایی دەکەنەوە، پەیوەست بەو بوارە هەموو  ڕاپرسیەکان و پێشبینیەکان ئەومان پیدەڵێن ئیدی خۆری ئه‌ردۆغان ڕوو لە ئاوابوونە.

هەر بە ڕاستیش کاتی ئەوە هاتووە ئه‌ردۆغان و هاوپەیمانیەتی فەرمانڕەوای تورکیا ( MHP,AKP) لەو هەڵبژاردنەدا باجی خرابی حوکمـڕانی خۆیان بدەن،  کە خۆی دەبینێتەوە لە قەیرانی دبلۆماسی لەگەڵ ئەمەریکا و ئەورپا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، دەستورەدان لە کاروباری وڵاتان، پەیڕەوکردنی سیاسەتی شەڕ دژ بە خەلکی کوردستان لە ئاستی ناوخۆ و بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە سەرووی هەموو ئەمانەشدا قەیرانی ئابووری و خرابی ژیان و گوزرانی هاوڵاتیان لە سەرتاسەری تورکیا بە گشتی و باکوری کوردستان بە تایبەتی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP