دواین هەواڵ

کێتان بە قۆپێ پەروەردەنەبووە با یەکەم بەردی تێبگرێت

‌ بەهمەن تاهیر نەریمان

28/02/2021

بەهمەن تاهیر نەریمان خاتونێک زینای کردبوو، ئامادەیان کردبوو سەنگەساری بکەن، کە مەسیح گەشتە سەر ڕوداوەکە، چوە پێشەوەو وتی:(کێ گوناهەی نەکردوە با یەکەم بەرد ئەو بیهاوێت!). کەسی لێنەما تا بەردێکی تێبگرێت، هەموو چۆڵیان کرد، چونکە هەموویان گوناهباربوون(ئەو ساتە ساتی پەردەهەڵماڵین بوو لە گوناهباریی هەموان). سیستمی پەروەردەی ئێمە بەرپرسە لەو بەرپرسەی دزیی دەکات، بەرپرسە لەو مامۆستا زانکۆییەی نە هونەری بیرکردنەوەی ئازاد دەزانێت، نە ڕێش دەدات خوێندکارەکانی ئازادانە بیربکەنەوە، بەرپرسە لەو بازرگانە تاڵانچییەی قۆڵمان دەبڕێت، بەرپرسە لەو دوکاندارەی بەسەرچومان بەنرخی نوێ دەرخوارددەدات، بەرپرسە لەو پزیشکەی، وەک قەساب، تەنها بۆ لێکێشانەوەی پارە هەڵمان دەدڕێت، بەرپرسە لەو مەلا ئاینییەی ئەوەی دەی ڵێت خۆی کاری پێناکات...

مامۆستایەک، خۆی دانی بەوەدا ناوە قۆپێی کردووە، ئەوەتا هەمووی خەریکی ڕەجمکردنی ئەون، دەی کێمان لە خوێندن فێری قۆپێ نەبووین با یەکەم بەردی تێبگرێت، بڵێ منیش ئەو گوناهەم نەکردووە. ئەو ساتەی ئەم خاتونە دان بە پەروەردە پڕ تەزویرەکەیدا دەنێت، ئەوە ساتی ڕاستگۆییە، ئەها هەموان خەریکی ڕەجمکردنی ساتێک لە ڕاستگۆیین! ئەم ڕەجمکردنەی ئێمە بۆ ئەو خاتونە، ساتی ساختە و دەمامکپۆشینی هەموانە، با ئێمەش دەمامک لابدەین و بڵێین منیش قۆپێم کردوە،

وەک مەسیح وتی،: با ساتێک ڕاستگۆبین و ئەو تاوانەی کردومانە ڕامان بچڵەکێةی وەک خاوەن تاوان بەخۆماندا بچینەوە. ئەگەر ئەو خاتونە ناڕاست بوایە و بی وتایە: (هەر بە هەوڵی خۆم دەرچوم و هەرگیزیش قۆپێم نەکردووە)، ئەم درۆیە ئەوی لە ڕەجمکردن دەپاراست، درۆ، لە کۆمەڵگەی پەروەردەی قۆپێچیدا، ئێمە گەورە دەکات، ساتێ ڕاستگۆیی بەر نەفرەتمان دەخات، ئەوەی توکی لێدەگرێت؛ شەڕ لەگەڵ قۆپێکردنەکەیدا ناکات، شەڕ بۆ لەدەستچونی پەروەردە ناکات، شەڕ لەگەڵ ئەو ساتە لەڕاستگۆیی دەکات، ناخود ئاگایانە، ئەم خاتونەی تێدەکەوێت، شەڕ لەسەر ئەوە دەکەن ئەگەر پەردەی سەر پەروەردە هاوبەشە مەکتەبلییەکەمان لادرا، هەموان وەک قۆپێچی دەردەکەوین، شەڕ دژی ڕاستگۆیی دەکەین، نەک شەڕ دژی ساختە و تەزویر،

شەڕ بۆ پەردەپۆشکردنی ساختەیی خۆمان دەکەین، نەک شەڕ دژی قۆپێچییەک، شەڕ دژی سیستمێک ناکەین کە بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی قۆپێچییەکان، شەڕ لەگەڵ مارمێلکەکە ناکەین، شەڕ لەگەڵ کلکی بەجێماوی مارمێلکەکە دەکەین. با ساتێک ڕاستگۆبین، کێمان قۆپێی نەکردووە، قۆپێی نەدیوە کە کراوە و لێی بێدەنگ نەبووە، با یەکەم بەردی تێبگرێت و مێشکی بپژێنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP