دواین هەواڵ

فەیسبووك و دكتاتۆریەت.!

‌زیرەک کەمال

17/06/2023

دكتاتۆریەت بە مانای هێرشكردن  بۆ سەر هەموو كایەكانی ژیان‌و كۆنتڕۆڵكردن نەك هەموو رووبەرەكانی واقیعی مرۆڤ بە تەنها، بەڵكو دیكتاتۆریەت بۆی بلوێت‌و مەیسەربێت تەنانەت خەون‌و خەیاڵ‌و بیركردنەوەی مرۆڤەكانیش دەخاتە ژێر هەژموون‌و سیستەمی حوكمڕانی خۆی، دكتاتۆر ئاوێتەیەكی هەیە تەنها وێنەی خۆی لە ئەوجی جوانی‌و بێ‌ خەویشدا دەبینێت‌و لە بینینی دەوروبەری خۆی نابیناو دیدەكوێرە، هەروەها جومگە ئیداری‌و حوكمی‌و پانتایەكانی كۆمەڵی مەدەنی واتا جووڵەی وەرزش‌و ئەدەب‌و هونەر‌و یەكەیەكەی خانە وردەكانی كایەی سیاسی‌و سەرجەم بوارەكانی تایبەت بە ژیانی جۆراوجۆری مرۆڤەكان دەخاتە ژێر جڵەوی حوكمڕانی‌و زەڕەبینی چاودێرییەكانی خۆی.

دیكتاتۆر دەسەڵاتی خۆی بە رەهایی دەخاتەگەڕ‌و پێی وایە خۆی لە هەموو جۆرە بڕیاردان‌و ئەنجامدانی هەموو كارو كردەوەیەكی مافی هەیە، دكتاتۆر تەواوی كۆمەڵگا بە كۆیلەو خزمەتكار‌و بەردەستی خۆی دەزانێت‌و كێرڤی دەسەڵاتی خۆی تا سەرووی پیرۆزی بەرز دەكاتەوە، رژێمی بەعس لە دڕندەیی‌و سەركوتكردن‌و پیادەكردنی ترس‌و تۆقاندن‌و كوشتن‌و بڕین قۆناغی دیكتاتۆریەتی تێپەڕاندبوو گەیشتبووە توتالیتاریەت‌و بگرە هەموو خەسڵەت‌و ئاكار‌و كارو كردەوەیەكی فاشیانەشی هەبوو، داخەكەم ئەوەی ئێستا لە بەشێكی سوشیال میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەگوزەرێت‌و پەیڕەو دەكرێت، ئەوەی ئێستا خەڵكانێكی زۆر لەو چوارچێوەیەدا پیادەی دەكەن دووبارەكردنەوە‌و لاساسی كردنەوەی دیكتاتۆریەتە لە فۆڕم‌و ناوەڕۆكێكی بگرە ترسناكتریش، دكتاتۆر دەڵێت مادام تۆ وەكو من بیرناكەیەوەو ئەمڕۆ نەهییەكانی من پەیڕەو ناكەیت كەواتا تۆ مرۆڤێكی خراپی، لە ئێستاشدا ئەگەر سەرنج‌و كۆمێنێكی خۆت لەسەر رووداوێك دەربڕی ئەوە  دەكەویە ژێر هەڕەشەو پەلاماری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و كارێكت پێ‌ دەكرێت، دكتاتۆریش هەر ئەوەی پێ‌ كردووی، بەعسی و دكتاتۆریەت هەر كەسێك وەكو پیاوەكانی خۆی بیری نەكردباوە بە موو لە هێڵی گشتی سیاسی ئەو رژێمە لاتبدابا هێرشی دەكردیە سەرو لە رووی جەستەیی تێكی دەشكاندی.

لە ئێستاشدا ئەگەر كۆمێت‌و نووسینێكت بە دڵی هەندێك لە برادەران نەبێت ئەوە پەلامارت دەدەن‌و لە رووی دەروونی‌و رۆحی بریندار دەكرێی‌و ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت لە ناوەندی شار بە سێدارە هەڵتدەواسن، واتا مەبەستم ئەوەیە ئەوەی لە سەردەمی ئێستادا لەسەر رووپەڕ‌و شاشەی سۆسیال میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەگوزەرێت لاسایی كردنەوە‌و دووبارەكردنەوەی دیكتاتۆریەتی دیكتاتۆرەكان‌و رژێمی بەعس‌و بگرە ترسناكتریشە،

داخەكەم لە ئێستادا لەلایەك بەرداشی گەندەڵی‌و نایەكسانی‌و نادادپەروەری كۆمەڵگا دەهاڕێت، لەلایەكیش بەرداشی فەیسبووكچی‌و سۆشیال میدیا وێڕانی دەكات، بۆیەش لەسەردەمی بەعس مرۆڤە راستگۆكان یان بێ‌ دەنگیان هەڵبژاردوو یان بەنهێنی‌و لە ژووری تاریك هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕی، لە ئێستاشدا لە ترسی مەفرەزە‌و دڕندەكانی فەیسبووك‌و بەشێكی زۆری سۆشیال میدیا ناوێرن راشكاوانەو ئازادانە راو سەرنج‌و بۆچوونی خۆیان لەسەر پرس‌و رووداوەكان دەرببڕن، بۆیەش ئەوانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە زمانێكی زبرو رووشاندن‌و شكاندنی كەرامەتی مرۆڤ كاردەكەن، شوێن پێ‌ هەڵگری دیكتاتۆریەتی بەعس‌و بگرە بە وێنەی جل‌و زەیتوونی‌و عەسابە دەستەكانی بەعسی ترسناكن، بۆیە بەعس نەمردووە چونكە لەلایەك پیاوەكانی پۆستی بەرپرسیارێتی خۆیان خراپ بەكاردەهێنن‌و گەندەڵكارن، لەلایەكیش هەر هەمان پیاوەكانی خۆی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خەریكی سەركوتكردن‌و شێواندنی راستی‌و پەلامارانی جوانییەكانن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP