دواین هەواڵ

ڕووداوی گەورەو قسەی بچوک

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

29/05/2023

نوسینی بێبنەماو نامەوزوون کە هۆکارێکی لە پشت نییە کاسی کردین. تەنانەت مرۆڤ ئەگەر پڕوپاگەندەش بکات، ئەوا پێویستە ئامرازەکانی پێشنیارو قەناعەتپێکردن بەکاربهێندرێن. هەڵە گەورەکە لێرەیە، کە بوە بە مۆدڵ و زۆریش بایەخی پێدەدرێت ئەویش نوسین یان قسەکردنی سواو، نالۆژیکی و زیاتریش پیاهەڵدان، ئەمانە لەوڕاستییەبێئاگان کە خەڵکەکە بەئاسانی بڕوایان پێ ناکەن، بۆیەش زۆر جار کە بابەتێکی گرنگ و هەستیاریش هەیە خەڵکەکە نایەوێت لەمانەوە بیبیستێت.

لە وتارێکی بیانییەکدا نوسرابوو، ئەگەر پڕوپاگەندە لە گەڵ خواست و حەزو ئارەزووی خەڵکەکەدا نەهێتەوەو لەگەڵ ئارەزووەکانیاندا گونجاو نەبێت ئەوا گوێی لێناگرن، لە وانەیە ئەم مۆدڵە باوە لە ژێر کارتێکردنی بارو دۆخێکدا بێت کە هیتلەر تێدا سەرکەوت. سەرکەوتنێک کە بریتی بو لە موبیلیزەکردنی کۆمەڵگە، لەوانەیە لەبیری بکەن کە ئەمە نزیک بە سەت ساڵ پێش ئێستەیە.

جەماعەتەکەی هیتلەر، پڕوپاگەندەیان بەکاردێنا بۆ بەرهەڤکردنی باوەڕو هەڵوێستی کۆمەڵگەی ئەڵمانیا، هەرچی ئامرازێک هەبوو سودیان لێی وەرگرت، ئامانجیان ئەوەبوو، تێڕوانینێک بۆ داهاتوی ئەڵمانیا دروست بکەن. لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی ڕابردوو بۆ چارەگی یەکەمی ئەم سەدەیە، شێوازی قایلکردنی خەڵک گۆڕاوە، ناکرێت هەمان ئەوهۆکارانەی هیتلەر، فرانکۆ، مۆسۆلۆنی و ستلین دیاریانکردوە ئەمڕۆش بنەمای بانگەشەبن، لەو کاتەدا بەکارهێنانی ماددەی لایەنگری یان بە جوڵاندنی هەستەکان، یەکێک بوو لە بەهێزترین ئامرازەکان کە نازییەکان بەکاریان دەهێنا بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە.

هیتلەر و گۆبڵس پڕوپاگەندەیان داهێنا. ئەم وشەیە لەلایەن کڵێسای کاسۆلیکیەوە داهێنراوە بۆ وەسفکردنی هەوڵەکانی بۆ بێ متمانەکردنی فێرکردنی پرۆتستانت لە ۱۶۰۰کان. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی هەموو نەتەوەیەک پڕوپاگەندەی بەکارهێناوە بۆ یەکخستنی خەڵکەکەی لە کاتی جەنگدا. هەردوو لا پڕوپاگەندەیان بڵاوکردەوە لە ماوەی جەنگی جیهانی یەکەمدا.

نازییەکان بەناوبانگ بوون بەوەی کە پڕوپاگەندەیان کردووە بە توخمێکی سەرەکی حکومەت تەنانەت پێش ئەوەی ئەڵمانیا جارێکی دیکە بچێتە جەنگەوە.

ناکرێت ئێستەش بۆت گرنگ نەبێت ئاخۆ ئەوەی دەیڵێیت ڕاستە یان نا، بۆ نازییەکان وابوو، گرنگ بوو بیڵێن.

ئەوەی لە بەغدا ڕوویدا ڕووداوێکی گەورەبوو، مەترسییەکی ڕاستەقینەشە، ئیتر هەرێمی کوردستان هەرێمە یەکگرتوەکەی پێشونییە، هەموانیش خاوەنی نین، پرسیارە جدییەکە ئەوەیە لەم کەشە نامەوزوونەدا چۆن پڕوپاگەندەو مەوزونییەت لێک جیابکەینەوە، چۆن خەڵکەکە لەم خیانەتە گەورەیە تێبگەێنین. ئەوەی لە کوردستان و عێراق ڕوودەدات جەنگێکی ترسناکە بۆ یەکەم جاریشە بەشێک لەکورد بەتەواوی لە جیاتی بێگانە شەری میللەتەکەی دەکات. ئەوەی لە بەغدا ڕوویدا ڕووداوێکە تێدا ئەوپەرلەمانتارانەی بەدەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان چونەتە بەغدا لەهەوڵی ئەوەدان هەرێمی کوردستان لە سەر سینیەکی ڕازاوە تەسلیمی شیعەکانی بەغدا بکەنەوە. هیچ وتارێکی مەوزوون موتڵەقەن هیچ وتارێک لەسەر ئەم ڕووداوە گەورەیە نەنوسراوە، جگە لە پڕوپاگەندە و قسەی بەتاڵ، جگە لە بەکارهێنانی ئەووشەودەستەواژانەی کە دەرەقەتی وڵامدانەوەی ئەم خیانەتەنایەن.

بەم نامەوزونییەتە ناتوانرێت وێناکردنێکی ئەرێنی بگەێنرێت ناتوانرێت ئەم زنجیرە خیانەتە گەورەیە لە ئۆکتۆبەری 2017 تا مەی 2023 تەشهیربکرێت.

تۆ،کە قەزییەکەت هەیەو داکۆکیکاری دۆزی میلەتەکەتی و ئامانجت شکۆدارکردنی سەرکردەکان و چالاکییە جۆراوجۆرەکان و پیشاندانی تێڕوانینێکی درەوشاوەی "کۆمەڵگەی نەتەوەیی."یە ئەوە پێویستی بە شێوازێک لە دەربڕین و گەیاندن هەیە کە مەوزوون بێت.

لەوانەیە کەسانێک پێیان وابێت کە پڕوپاگەندە بنەمای زانستی خۆی هەیە، ئەمە ڕاستە بەڵام بەگوێرەی پێوەری تایبەتی کە کاری لەسەر دەکرێت بۆ ناسینەوەی پڕوپاگەندە وەک جۆرێک لە گوتار، و بۆ شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو ئارگیومێنتانەی کە لە پڕوپاگەندەدا بەکاردەهێنرێن. زنجیرەیەک تایبەتمەندی جەوهەری هەن بۆ شیکردنەوەی پڕوپاگەندە وەک جۆرێکی ناسراوی گوتار.

ئێمە کە پەنجا ساڵە بەیەک ئاواز سەمادەکەین و هەرئەم قسانە دەکەینەوە کە پەنجاساڵە لە یەکتریان وەردەگرین و بەیەکتریان دەڵینەوە.

بۆیەش ئەوڕووداوە گەورانەی زەمینەی قسەی جدی دروست دەکەن قسەی بچوکیان لەسەر دەکرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP