دواین هەواڵ

گوتاری ناڕێکی !

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

25/05/2023

چۆن شێوانتان، باخ و بژوێن و هەیوانی کورد

خراپترین تیۆری سیاسی بۆ حوکمڕانی، بەربەریەت و غەریزەی دەسەڵاتە بۆ ئیمتیازو غەنیمە، لەبری کۆنترۆڵکردنی ئەو غەریزە فرۆیدییە، هاتن بەجارێک عەقڵانیەتی حوکمڕانیتان فەرامۆش کردو لۆژیکی خۆدەوڵەمەندکردن بوویە سەنتەر لەبری حیکمەت و دانایی و ڕێکیی، ئیمتیاز لە دیدی تاک و گوتاری دەستەجەمعی ئێمەدا ڕووبەرێکی تەواو بێماناو ناڕێکی دروست کرد، کە بەدەیان دادگاو دەزگای تەشریعیی وەک پەڕلەمان و قاڵەقاڵی ناڕێک ڕاست ناکرێتەوە.

خراپترین دۆخی کێشمەکێش و شەڕی ناو پەڕلەمان شەڕی دوو تەرەفە کە خۆیان خاوەنی دۆزو دەسەڵات و هێزەکە بن، یانی شەڕی پەڕلەمان لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا شەڕێکی واجب و دروست و بەدیهییە کە نییە، ئەوەی ناڕێکەو هەیە، قوڵایی ئەو شەڕەیە نەزانی لەسەر چییەو بۆچ مەبەستێکەو ئۆپۆزسیۆنت نەبێ و خاوەن ئیمتیازەکان بجەنگن بێ هۆکار، ئاخر ناکرێ وەزیربیت و کرێکاربیت هەر گلەیی بکەیت.

بەوردی گرفتەکە هی ئێستا نییە، وەبای کۆنەو ڕیشەکەی بۆ سێ دەیە پێش دەگەڕێتەوە، ئەوێ ڕۆژێ نەمانتوانی بە فەلسەفەیەکی حوکمرانی هاوچەرخ و ڕوانگەیەکی دروستەوە بێینەوە شارو چەمک و فەنتازیای شۆڕش و قوربانیەکانمان تەرجومە بکەین بۆ واقیع و نەمانکردو عەقڵمان پێی نەشکا. هاتین کێشەو کەلێن و گرفت و بێشەکانمان بە موچەو ئیمتیازی حیزبی و حکومی چارەسەر دەکردو پڕکردەوە، گوریسەکە هەر ئەقرتاو گرێمان لێ ئەدایەوەو بەرگەکانمان ئەدڕاو پینەمان دەکردەوەو سپاردەی قەدەرمان دەکرد.

وامانزانی دیدو فەلسەفەی حوکمرانی هەر موچەدان و چۆڵکردنی گوندو لەوەڕگاو بژوێن و بێکارکردنی وەرزێرە، زۆرکردنی قەبارەی دەنگدەری حیزبیمان لەسەر حیسابی موچەدانی زۆرو موفت و بندیوار چارەکرد، بە فەرمانبەرکردن و بە عەسکەرکردنی وەرزێرو فەلاح و پیشەواران و ڕەنجدەرانمان دەستپێکرد و هێندەیتر بێکاری و بەتاڵە زیادیکرد و تەممەڵکردنی تاکی کوردیی و بەتایبەت بێ ڕۆڵکردن و وشککردنی زەویە کشتوکاڵی و بێستانەکانی کوردەواری لێبەرهەم هات و هێمنی موکریان وتەنی نەتانهێشت بێین بەرەو ..!

بێین بەرە و زیخ و چەو و کانیاوی خۆم
چۆن لەوانە وەردەگێڕم چاوی خۆم
بێین بەرەو ئەو دار و بەردو بەندەنە
بێین بەرەو ئەو باخ و مێرگ و چیمەنە
بێین بەرەو زوورگ و تەلان و کەند و لەند
بێین بەرەو بژوێن و زەنوێر و زەمەند
بێین بەرەو پاناوك و هەوراز و نشێو
بێین بەرەو ئەشکەوت و زەندۆڵ و پەسێو
بێین بەرەو بەفر و چلورە و بەستەڵەك
بێین بەرەو شیخاڵ و ڕەشبەڵەك
بێین بەرەو لێڕ و چڕ و بەستێن و چۆم
بێین بەرەو هەڵدێر و گێژ و بەند و گۆم
بێین بەرەو هۆبە و هەواری بە سەفا
بێین بەرەو لادێ، بەرەو کانگای وەفا

کەچی هاتن و ئێمەتان هێنا بۆ شاری وێرانەو ناڕێک و شاری بێ پارک و چیمەن و میترۆ، شاری ساردو چیمەنتۆو ئەلیکۆبۆن و ڤێلاو بینای بێڕۆح و بێخزمەتگوزاری و تەم و بوخارو بەتاڵی، نەتانهێشت “هەڵمژین بۆی شنەی کوێستانانی کورد، بچینە دیار شەو ڕنی بێستانانی کورد، کەمێ بشکێنین لەوێ جامی شەراب، ماچیکەین شیرینی ڕەزو تامی شەراب”

ئەوکات وامانزانی شۆرش ئەمە بەرهەمەکەیەتی و کۆتایی هاتوە لەکاتێکدا شۆرش و بزاڤی ڕزگاریخوازی تا ئێستا درێژەی هەیەو تاکی کوردی پێویستی بەو ڕۆحیەت و ئیمان و ناوەرۆکانە هەیە کە شۆڕشی لە پێناودا کرا، ئەوکات و لە سەروبەندی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، شەوان خەونی ناڕێکمان ئەدیی و دەستمان بۆ هیچ نەبرد چاکی بکەین، پلە بەخشینەوەو ئەرزە تەوزیعکردن و بازرگانی شێواو بازاڕی گەرم بوو، تەنانەت حیزبە بچوکەکانیش فێری یاریەکە بوون، بەدوایدا خانەنشینی ناڕێک و پلەباڵاش دروست بوو، ئیتر واقیع وەک خەوەکە ناڕێک بوو، هەوساری ئەسپەکەمان لەدەست چوو، ساوەرو نیسک نەما لەم وڵاتە و بوو بە بڕوێش و ساوەریی تورکی و ئێرانی، لە بری دروستکردنی سایلۆو هێنانی تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی، کۆمپانیای بەرخۆری بیانیمان هێناو سایلۆکانمان ڕوخاندو درەخت و مێرگ و شەتڵگەو سەوزاییەکانمان وشککرد، نەمانتوانی تەنانەت یەک بەنداوی گلدانەوەی ئاو دروست بکەین بۆ وشکەساڵی، گردو ئەرزی زەراعی و سەخەری هەمووی بوو بە ڤێلاو مەزرەعەی بەهەدەردراوی بێ بەرنامە، بەکارەباو بیرو ئاوی بەلاشی حکومی و بێ لێپرسینەوە، درەخت و دارستان و لەوەڕگاو مەڕعامان نەما، تەنانەت خەونیشمان نەما.
وەزیر هەیە لە یەکەم کابینەوە هەر وەزیرەو پەرلەمانتارەو دواتر ڕاوێژکارەو ئێستا کاندیدە بۆ سەفیرو تا ئێستا بەو موچە زۆرەوە دەژی کەچی لای وایە حکومەت بێ پڕۆژەیەو پارەی پێنەماوە، هێشتا نارازییە لە سیستمی حوکمرانی، ئەی کێ ڕازییە، بۆ وای لێهات و ئەم ناڕێکی و پێڕاکێشییە بۆ؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP