دواین هەواڵ

وانەزانن ئەمریکا زۆر لە خەمی دیموکراسیدایە!

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

23/05/2023

بەشار ئەسەدی زیندوکردەوە
بزوتنەوەی تاڵیبانی هێنایەوە مەیدان
ڕاشد غەنوشی و نەهزەی تونسی دورخستەوە
سەرایاو حەشدی شەعبی دروست کرد
محمد بن سەلمانی کردە میراتگری سوننەکان
سعودیەی خزاندە ناو کەمپی ڕوسیاو ئێران دژی چین

ئەمریكا یاری دەکات، دیموکراسی ناوێ، بەڵکو شەرڤانی دەوێ، هێزەکانی دەوێ بۆ کۆنترۆڵی دیموکراسی کڵێشەیی، خۆی میلیشیاکانی شیعەی هاندا بۆ دروستکردنی فیرقەو لیواو کەتیبەی بچوک بچوک، بۆئەوەی شیعە بێکار نەبن، بۆئەوەی خەریکی زانست و ئیمامەتگەریی و زانکۆ و موزیک و مەعریفە نەبن، چەکناس و موشەکناس بن تا فەلەکناس و فەلسەفەناس و ئاینناس و سۆسیۆلۆگ، سوننەکانیشی پەرت کرد بۆڕۆژی خۆی.

بەبەرچاویەوە لەشكركێشی حەشدو لیواو كەتیبەو میلیشیاكانی سەرایاو قودس و بەدرو عەسائبی ئەهلی حەق دەبینێ و ناردنی موشەکەکانیشیان هەست پێ دەکات بۆ دۆستەکانی بەڵام هەر پێی باشترە لە دەوڵەتی دامەزراوەیی و پایەداریی و حوکمرانی پتەو و بنەما دەستورییەکان.

لە دەیان وێسگەی جیاوازدا ئەمریکا چاوپۆشی لێکردون و تەنانەت کۆپی مەرقەدو کەعبەو حیزبوڵای لوبنانیی و ئەنساروڵای حوسی بۆ دروستکردون لە عێراق، بودجەو پارە بۆ گروپگەلی حەشدو میلیشیاکان و مەرجەعیەت تەواو خەیاڵییەو هیچ چاودێرییەکی پەرلەمانیش بوونی نییەو ناشبێت باسی ئەو دۆخە بکات کە شیعەی عێراق تێی کەوتوەو عێراقیان دوچاری دەیان ملیار دۆلار قەرزو کورتهێنان و تاڵانی و خەزنە بۆشیی کردۆتەوە، حەوزەو مەرجەعیەت و حەشدو میلیشیاکان نەوت و باج و داهاتی ناوخۆیی بە خواستی خۆیان دەبەن و هیچ پەرلەمانتارێکیش نییە بڵێ ئەرێ بۆ داهاتی ئەم گروپانە نابڕن.

ئەم فاکتە بۆ ئەوە نییە بڵێین کوردیش دەبێت بەو فەوزایەدا بڕوات و نەوت بفرۆشێت و گرێبەست نەکات و موراهەنە بە قوتی فەرمانبەرانەوە بکات، نەخێر، دەبێت دەستکاری کۆی ئەو سیستمە ئابورییە ڕەیعیی و بێسەروبەرە بکرێت و لە سەرچاوەکەوە ڕیفۆرمی تێدا بکرێت و کورد نابێ ئەوەندەش چاوەڕوانی تیۆرە وشکە دیموکراسیەکانی ئەمریکابێت و وابزانن بەئاسانی جێگۆڕکێ بەهێزە کۆنەکان دەکات، هەتا کۆن و نەریتی و داخراوبیت بۆ ئەمریکا باشترە.

ئەمریکا قەڵاکەی دەوێ نەک سوڵتانی قەڵاکە!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP