دواین هەواڵ

بزوتنەوەی گۆڕان لەنێوان بەهێزبونەوەوهەنگاونان بۆهێزێكی بچوكی بێ كاریگەر!!

‌چۆمان محەمەد عەلی

26/04/2023

رەنگە، لەئێستا هیچ هێزێك بەهێندەی گۆڕان پێویستی بە بەخۆداچونەوە و بڕیاری ئازایانەو هەنگاوی كرداری وگۆرانكاری ڕیشەیی نەبێت، چونکە هەست بەوە دەکرێت ئەم هێزە دابڕاوە لە خەمی خەڵكى و دەنگدەریش پشتی لێكردوە، لەكاتێكدا تاكە سەرچاوەی هێزی ئەم حیزبە دەنگدەر وهەڵسوڕاوە نا رێکخراوەکانی بوە،سەرباری ئەوەی لەسەر ئەرزی واقع هێزێكی بێ كاریگەرو پشتگوێخراوە..

بەدیاریکراوی دوای شكستی 10ى ئۆکتۆبەرى 2021ى هەڵبژاردنی پەرلەمان عێراق، ئەم حزبە بێ ناسنامەوبێ كارو بێ روئیاو هەنگاو ئیرادە دەردەكەوێت،توانای بڕیاردانی نیە و دەستەوەستانە لەهەمو جوڵەیەك،بزوتنەوەکە نە ئاشتەوایی دەكات بە راستگۆیی، نە لە حكومەت دەكشێتەوە و نە بەرنامە چاکسازییەکەشى وەک خۆى لە حکومەتدا جێبەجی دەکرێت و نە دژ دەبێت لە بەرامبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حکومەت، نە كۆنفراس و هەڵبژاردنی ناوخۆ ئەنجام دەدەات،لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هەموو ڕوداوە سیاسییانە دێتە پێش بزوتنەوەکە هیچ هەڵوێستێکى ئاشكراو یەکلایى کەرەوە بۆ خەمی خەڵك پیشان نادات ،ئەمە جگە لەوەى پێشتر خۆى خاوەنى دروستكردنی روداوى سیاسى و جوڵەى جیاواز بوو، مانەوە بەم فۆرمە عەیبەیە بۆ هەموان، ئیرادەیەك هەیە دەیەوێت ئەم حیزبە رۆحی بەبەردا بكرێتەوە، بەڵام دەیان لەمپەرو ڕێگری بۆ دروست دەكرێت، ئێستاش هیچ چارێكمان نیە بەم فۆرمە ئێمە بارین بەسەر کۆمەڵگاوە، هێواش هێواش وادەبینە هێزێكی بێ كاریگەر و بێ قورسایی، لەوەش دەچێ لای هەندێك ئاسایى بێت ببینە حزبێك بچوك وەك دوكانی سیاسی، كەئەمە بۆ گۆڕان و بۆ کەسانی وەک ئێمە بەكوفری سیاسی و عەیبەی دەبینین،لەكاتێكدا رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەی گۆرانی بۆ خەباتكردن و سیاسەتكردن بەمۆدێلیكی جیاواز بە ئاراستەی خەمی خەڵك وچاكەی گشتی،نەك دروستكردنی حیزبی كادرو موچەخۆری بچوكی داماڵراو لەنوێنەرایەتیكردنی خەلكی...

ئەوەی مایەیی خەم و ئازارییی قۆڵە، باشبون و بەهێزبونەوەی گۆڕان كارێكە ئەوەندە قورس نیەو ئەستەم نیە پەی پێنەبرێت و بەئاسانی كۆدەكانی نەكرێتەوە، بەڵام تائێستا ئیرادەی جدی و زاڵ دروست نەبوە بۆ باشتركردنی ئەو دۆخە،هەرچەندە هەنگاوەکانى پێشوتریش بۆ هەڵستانەوەى گۆڕان و ئاشتەوایى ناوخۆیى بە مەبەست بوبێت یان بێ مەبەست لە مانۆڕێک زیاتر لە هیچ ئەنجامێکى نەبووە.

بۆیە ئێستا گۆڕان لەنێوان دوو رێگادایە پێویستە ڕێگایەك هەڵبژێرێت كە بژاردەی تری نیە، بەبێ دەستی دەستی كردن و موماتەڵەو خۆهەڵخەڵەتاندن ئەویش یا بەهێزبونەوەو هەنگاوی راستەقینەو كرداری و هێنانە پێشەوەی دەموچاوی نوێ و دوركەوتنەوە لەوهەڵەو كەموكوریانەی بەردەوامین لەسەری یاخود ڕێگەی دوەمە ئەویش بونە هێزێكی پەراوێزخراو و بێ كاریگەری و ناشرین لە بۆچون و زیهنی خەڵکیدا.

لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم،ئێمە هەمومان بێ جیاوازی پاڵەوانی ئەم شكستین،گەربەم شێوەیەى ئێستا هەیە بەردەوام بین هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێتە وێستگەیەكی تری کەوتنى گۆڕان، ئەگەریش نیەتێک هەیە بۆ چاکسازى و بەخۆداچونەوە با بە هەمومانەوە بە ئەمەک و دڵسۆزى بنوێنن بۆ ئەو رێبازەى هەزاران کەس لە سەرجەم ناوچەکانى کوردستانەوە متمانەیان پێ بەخشى و قوربانیان بۆدا، من لەو نهێنییەش تێناگەم ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بین کێ دەچێتە ژێر بارى ئەو شکستەى بەیەکجارى هەمووانمان دەدات لە زەوى، دەى ئەوەتا دەرفەت هەیەوخەڵكانی دلسۆزو خەمخۆر هەن فەرمون قۆڵی لێهەلماڵین با ئەمە بگۆڕین بۆ سەرکەوتن و بەخۆداچونەوە نەك تەنها ئەوانەی لەگۆراندان بگرە ئەو هەلسوراوە دیارانەی ناڕازیی وزویرن بەرپرسیاریەتی مێژویان لەستۆدایە بێنەوە مەیدان ڕێگەنەدەن بەبەرچاویانەوە ئەم بزوتنەوەیە بەم شێوەیە لاوازوبچوك ببێتەوە ،گەر ڕێگە دروستەكە ئەنجام نەدەین لەكاتێكدا كۆمەلگا پیویستی پێەتی وبۆشایی سیاسی وحیزبی هەیە ومەترسی لەسەر داهاتومان هەیە، ئەوا ئەوكات هیچ پاساو بەهانەیەك قبوڵكراو نیە دیارە ویست وئیرادەیەك فەرزكراوە بەسەرمان ودلسۆزیمان نەماوە بۆیە ئاوا رێگە دەدەین ئەم هێزە جوانەو متمانەپێکراو وكاریگەری رابردوو لەژێر ئامێری هەناسەی دەستكردا كاتەكانی سیاسەتكردن بەسەر بەرێت...

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP