دواین هەواڵ

نزیەکەی7 ترلیۆن دینار نادیارە (لەنێوان زیاده‌ی پار و باڵانسی سوڕاو بۆ بودجه‌ی ئەمساڵی عێراق)

‌ جیهانگیر گوڵپی

23/03/2023

به‌پێی ڕاپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بڕی زیاده‌ی فیعلی به‌ده‌ستهاتو لە ساڵی 2022 نزیكه‌ی 29.874 ترلیۆن دینار بوه‌.

له‌ ڕه‌شنوسی بودجه‌ی ساڵی 2023 ته‌نها بڕی 23 ترلیۆن دینار هاتوه‌ وه‌ك باڵانسی سوڕاوی (رصید مدور)ی ساڵی پار بۆ بودجەی ئەمساڵ.

به‌م پێیه‌ نزیكه‌ی 6.874 ترلیۆن دینار جیاوازی هه‌یە لەنێوان زیادەی بەدەستهاتوی ساڵی 2022 لەگەڵ باڵانسی سوڕاو بۆ بودجەی 2023، کە پێویستە یەکسان بن.‌

بەواتا بڕی 6.874 ترلێۆن دینار کەمتر گوازراوەتەوە بۆ بودجەی ساڵی 2023.

دیاریش نیە کە ئەو بڕە چیی بەسەر هاتوەو لەکوێ و چۆن جێگەی کراوەتەوە.

به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی و به‌پێی رێسا ژمێریاریه‌ به‌ركاره‌كان پێویسته‌ كۆی باڵانسه‌ زیاده‌كان له‌ ساڵی به‌كۆتا هاتووه‌وه‌ بگوێزرێنەوه‌ بۆ بودجه‌ی ساڵی نوێی و به‌ناوی باڵانسی سوڕاو تۆمار بكرێن, كه‌ له‌گه‌ڵ قه‌رزه‌كاندا ده‌چنه‌ پاڵ داهاته‌ ئاساییە خه‌مڵێنراوه‌كان و تای داهاته‌كان هاوسەنگ ده‌كه‌ن لەگەڵ خه‌رجیه‌کان. واتە پێویستە بڕی زیادە و ماوەی ساڵی بەکۆتا هاتو یەکسان بێت بە بڕی باڵانسی سوڕاو بۆ بودجەی ساڵی نوێ.

بەڵام لە عێراق ئه‌م جیاوازیە لەمساڵ و له‌زۆربه‌ی ساڵانی ڕابوردویشدا بونی هه‌بوه، هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌‌ بونی نیه‌، نه‌ له‌ ڕه‌شنوسی یاسای بودجه‌ نه‌ له‌ دۆكیۆمێنته‌كانی تر. خۆزگه‌ كه‌سێك ئه‌م گرێیه‌ی ده‌كرده‌وه‌و ئەم مه‌ته‌ڵه‌ی بۆ شی ده‌كردینه‌وه‌.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP