ڕه‌شنوسی یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2023 :
199 ترلیۆن دینار بڕی خه‌رجیه گشتیه خه‌مڵێنراوه‌كان
134 ترلیۆن دینار بڕی داهاته گشتیه خه‌مڵێنراوه‌كان
%87.3 ڕێژه‌ی داهاته نه‌وتیه‌كان له كۆی داهاته‌كان .
%16.7 ڕێژه‌ی داهاته نانه‌وتیه‌كان
64 ترلیۆن دینار بڕی كورتهێنان
%32 ڕێژه‌ی كورتهێنان بۆ كۆی بودجه‌كه
%23 ڕێژه‌ی كورتهێنان بۆ كۆبه‌رهه‌می ناوخۆیی (GDP)
ڕێگه‌كانی پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانه‌كه:
9.5 ترلیۆن دینار قه‌رزی ده‌ره‌كی
23 ترلیۆن دینار له باڵانسی سوڕاوى ساڵی 2022 له‌هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی
23.5 ترلیۆن دینار داشكاندنه‌وه‌ی حه‌واله‌كانی گه‌نجینه له‌لای بانكی ناوه‌ندی
8 ترلیۆن دینار قه‌رز له بانكه حكومیه‌كانی (ڕه‌شید و ڕافیده‌ین و بانكی بازرگانیی عێراقی).
هه‌ندێك بێسه‌روبه‌ری له ڕوی پابه‌ندبون به ڕۆژژمێری بودجه و كات و خه‌مڵاندن و په‌یكه‌ربه‌ندی و ئامانج و شه‌فافیه‌ته‌وه( هه‌روه‌ك ساڵانی ڕابوردوو):
-كاته‌كه‌ی وه‌ك ساڵانی ڕابوردو دوا كه‌وتوه
-له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاپۆرتی وردی سیاسه‌تی دارایی و پێشبینی بۆ گۆڕاوه‌كانی دارایی گشتی و ماكرۆئابوری و بازرگانیی ده‌ره‌كی دانه‌ڕێژراوه‌و ڕاپۆرته‌كه بونی نیه یانیش به‌رده‌ست نیه، بە پێچەوانەی ئه‌وه‌ی له ماده‌ی 3 و ماده‌ی 8 ی یاسای كارگێری دارایی ژماره 6ی ساڵی 2019 دا هاتوه.
-له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌مڵاندنه‌كانی په‌ره‌پێدانی ئابوری و كۆشش بۆ سه‌قامگیری ماكرۆئابوری و په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وام دانه‌ڕێژراوه بەپێچەوانەی ئه‌وه‌ی له ماده‌ی 4 ی یاسای كارگێڕی داراییدا هاتوه.
- بەگشتی بودجه له‌عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای پلانی ئابوری دانارێژرێت و ته‌نها ڕوپۆشێكه بۆ به‌یاسایی كردنی و دەست واڵاکردنی خه‌رجكردن و بێسه‌روشوێنكردنی پاره‌و داهات.
-ژمێره‌ی كۆتایی لە عێراق بونی نیەو بایه‌خی پێ نادرێت، بودجه‌یش به‌بێ ژمێره‌ی كۆتایی لەڕوی شەفافیەت و چاودێرییەوە بایه‌خی ئه‌وتۆی نیه.
-قه‌باره‌ی بودجه‌كه گه‌وره‌یه، خه‌رجیه‌كان و كورتهێنانه‌كه‌ی زۆره و حكومه‌ت له ماده‌ی 64ی ڕه‌شنوسی یاساكه‌دا چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ی به‌وجۆره كرده كه كورتهێنانه‌كه هه‌ڵاوێرده بكرێت له یاسای كارگێڕی دارایی كه ده‌ڵێ نابێت كورتهێنان له 3%ی كۆبه‌رهه‌می ناوخۆیی زیاتر بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی گرفتی كورتهێنان ته‌نها ئه‌و ده‌قه یاساییه بێت.
كورتهێنان له‌عێراق جۆرێكی مه‌ترسیداره له‌كورتهێنان و نابێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌وڵاتان كورتهێنانیان هه‌یه ئیدی بۆ عێراقیش به‌به‌رده‌وامی به‌ئاسایی بزانرێت.
هه‌مو كورتهێنانیك له عێراق:
- واته به‌رده‌وامی دان به گه‌وره‌كردنی بازنه‌ی داخراوی ڕه‌یعی
-واته زیاتر و زیاتر كردنی موچه و خه‌رجیی به‌كاربردنی بێ به‌رهه‌م
-واته گه‌وره‌تر بونی قه‌باره‌ی حكومه‌ت
-واته زیاتربونی قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكومه‌ت
-واته تێڕژاندنی دیناری زیاتر بۆ ناو ئابوریی عێراق بۆ به‌كاربردن
-واته گه‌وره‌تر كردنی قه‌باره‌ی خواست بۆ هاورده‌كردن
-واته بچوكتربونه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی به‌رهه‌می ناوخۆیی
- واته پشت به‌ستنی زیاتر به‌حكومه‌ت
- واته پشت به‌ستنی زیاتری بودجه به داهاتی نه‌وت
-واته دروستكردنی گوشاری زیاتر له‌سه‌ر خواست له‌سه‌ر دۆلار
-واته دروستكردنی گوشاری زیاتر له‌سه‌ر یه‌ده‌گی نه‌ختی بیانی
ئه‌م بازنه داخراوه‌ی كه عێراق به‌رده‌وام تێدا ده‌سوڕێته‌وه و ناتوانێت لێی ده‌رباز بێت ڕۆژێك دێت كه ئابوریی عێراق به‌ته‌واوی ده‌خنكێنێت، هه‌م به‌هۆی گه‌وره‌بونی به‌رده‌وامی قه‌باره‌ی خه‌رجیه‌كان و كورتهێنان و قه‌رز هه‌میش به‌هۆی پشت به‌ستنی زۆر به داهاتی هه‌نارده‌ی نه‌وت كه له‌هه‌ر كاتێكدا بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ یان ساڵێك نرخی نه‌وت دابه‌زێت ئه‌وه‌ی ئیدی سه‌ره‌تای كۆتاییه‌كه به‌چاوی خۆمان ده‌بینین.
ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له‌مه‌سه‌له‌ی ئاماده‌كردنی بودجه‌و به‌گشتی له‌به‌ڕیوه‌بردنی وڵات‌دا ئه‌مڕۆ ئه‌ده‌نه ده‌ست سبه‌ینی، چه‌ندت هه‌یه خه‌رجیكه، چه‌ندیش ده‌توانی بۆی قه‌رزكه، وته‌یه‌كی كینز هه‌یه كه ده‌ڵی دواجار له‌مه‌ودای درێژخایه‌ندا هه‌مومان ده‌مرین، ئه‌وان له‌سه‌ر بەو مه‌نتیقه كار ئه‌كه‌ن هه‌ر به‌رده‌وامی به‌هه‌ڵه‌و كه‌ڵه‌كه‌كردنی گرفته‌كان ده‌ده‌ن ده‌زانن دواجا ئابوریی عیراقش و هه‌موشمان هه‌رده‌مرین.
ئه‌وانه‌و چه‌ندین گرفت و گرێوگۆڵی تر له ڕه‌شنوسی یاساكه‌دا هه‌ن، به‌تایبه‌تیش له‌باره‌ی پشكی هه‌رێمه‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌بو پاشتر قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌كه‌ین.