دواین هەواڵ

ئەو ڕاستیەی سەد ساڵە تورکیاو ئێران لەبیر خۆیانی دەبەنەوە

‌ئەبوبەكر كاروانی

24/11/2022

لە ئێستادا شایەتی ھێرش و پەلاماری ھەردوو سوپای تورکیاو ئێرانین بۆ سەر خاکی ھەرێم بە بیانووی بوونی بارەگاکانی ھێزە کوردییەکانی ڕۆھەڵات و باکوور لە باشوری کوردستاندا. بەڵام لە ڕاستیدا ھۆکاری قوڵ و ڕاستەقینەی ئەم دۆخە پەکەکەو ھێزەکانی ڕۆژھەڵات نیە، بەڵکو ئامادە نەبوونە بۆ داننان بە کێشەی کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی عادیلانە و ئاشتیخوازانە بۆی، چونکە ئەم شەڕە سەدەیەکە بە فۆرمی جیاواز درێژەی ھەیە.

بە واتایەکی تر ھێزە کوردییەکانی باکور و ڕۆژھەڵات (بەدەر لەوەی بوون و نەبوونی چەك لە ئێستادا چ خزمەتێك دەکات) دەرھاویشتەو بەرەنجامی چارەسەرنەکردنی کێشە نەتەوەییەکەن، ئەو کێشە چارەسەر ببوایە، لە ئێسادا شوێنەوارێك لە ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری کوردستانی نەدەبوو.

چارەی بنەرەتی و کۆتایی و یەکجارەکیش تەنھاو تەنھا لە گرەوی چارەسەری پرسی نەتەوەیی کورد و کوردستاندایە چونکە جەوھەری کێشەی کورد سیاسیە نەك ئەمنی، جگە لە چارەسەرێکیش کورد پێی ڕازیبێت، کە لە ئێستادا لە چوارچێوەی دەوڵەتەکاندا دەرناچێ و ئەوپەڕی فیدڕاڵییە، ئەم ململانێ و شەڕە لە فۆرمی جۆراوجۆردا بەردەوامی دەبێت.
سەرجەم ھێز و پارتەکانی ئێستاش لەناوببرێن، پارت و ھێزو ڕێبەرایەتی تر دێتە مەیدان، چونکە زۆر بە کورتی چوارەم نەتەوەی گەورەی ناوچەکە واتە کورد، سەد ساڵە دۆخی سەیرکردنی وەك کەمینە ڕەتدەکاتەوە، چ جای لە ھەندێ شوێن وەك کەمینەش دانی پیانانرێت!

سەد ساڵ بەسە بۆ دەرکەوتنی ناکامی و نائەخلاقیبوونی گرەوکردن لەسەر سڕینەوەو بە کەمینەو ئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و کۆتایی ھێنان بە ناسیۆنالیزمی کوردی و خواستی بەرابەریی نەتەوەیی. سەد ساڵی تر درێژە بەمە مەدەن، چونکە ھەروەك چۆن ھەڵتەکاندنی بناغەکانی قەڵای ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە عێراقدا، ڕەگەکانی لە ڕوخاندنی شۆڕشی ئەیلول و ڕێکەوتننامەی جەزائیردایە، دەکرێت زەھری چارەسەر نەکردنی ئەم کێشە دەوڵەت و وڵاتی تریش لە ئاییندەدا بەھەمان چارەنووس بەرێت، چونکە مانەوەی کێشەی کورد بەم جۆرە پێویستی بە سیستمی سیاسی کێشەدارەو ھەر ئەویش بەسە لە ئاییندەدا واتاو ئاماژەکانی دەوڵەت لە قۆناغی پاش مۆدێرنەدا بەرەو زەردووییەکی کوشندە بەرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP