دواین هەواڵ

مەترسییەکانی سپیکردنەوەی پارە

‌ د.نەوزاد مه‌جید هەمەوەندی

15/11/2022

سپیکردنەوەی پارە (Money laundering) تاوانێکی ئابوورییە بەرامبەر ئەو وڵاتەی کە دراوەکەی بە شێوەی نایاسایی و نا شەرعی هەم بە دەست هاتتوە و هەم دەچێتە دەرەوە، جا جۆری سپیکردنەوەکە بەشێوەی حه‌والە بێت یان لە ڕێگه‌ی بازرگانیکردنێکی نادیار (وهمی) بێت، یاخود گۆڕینیان بە زێر و هەندێک مادەی گرانبەهای تر بێ کە گواستنەوەیان ئاسانە، یان بازرگانیکردن به هەندێک موڵک و عەقاراتی گرانبەها کە بەشێوەیەکی شاراوە کڕین و فروشتنەکەی ئەنجام دەدرێ، ئەمانە ڕێگه‌خۆشکەرن بۆ گواستنەوەی ئەم سامانە کە بە نایاسایی و (گەندەڵی) بەدەست هاتووە.

لە ئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و تۆڕی ئینتەرنێت و دراوە گریمانەییەکانەوە سپیکردنەوەی پارە هێندەی تر ئاسانتر بووە کە چاودێریکردنی جولە داراییەکان بۆتە کارێکی یەجگار ئالۆز و شاراوە، زۆرجار یارییەکان و شێوازی موراهەنەکانیش (قومار) بۆتە شێوازێکی تر لە سپیکردنەوەی سەروەت و سامان و سیولە و پارەی (نقد) كاش.

لە ئێستادا عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەدەرنین لەم جۆرە تاوانانەی ئابووری کە ئاسەواری سپیکردنەوەی پارە بە جەستەی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەرکەوتووە و ڕەنگدانەوەی زیاتری لێدەکەویتەوە کە ڕەنگە بەشێکی زۆريشى بۆ بارودوخى سیاسیی و دەستێوەردانە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیە كان بێت لە ناوخۆی عێراق .

 ئەم گرفتە ئابوورییە  کاریگەریی لەسەر پووکانەوەی ئابووری و هەلی کار و نەبوونی سیولەی پێویست و هەڵاوسان لە نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان و دابەزین و کەم بوونەوەی هێزی کڕینی دینار و دابەزینی بڕی دراوی قورسی بیانی لە بانکی ناوەندی عێراق داناوە.

 ئەم هۆکارانەش وا دەکات بەهای دیناری عێراقی هێزی کڕینەکەی نزم بێتەوە و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان لە ڕووی ئابوورییەوە بەرەو دۆخی خراپتر هەنگاو بنێ و جۆرێک لە ناسەقامگیری ئابووری بەخۆوە ببینێت، بۆیە لەسەر دەسەڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستە هەرچی زووە سانسۆر بخەنە سەر ئەم جۆرە مامەڵە و ئاڵوگۆڕ و جولە داراییانەی کە گومانی پارە سپیکردنەوەی لێدەکریت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP