دواین هەواڵ

ستراتیژییەتی هەدەپە بۆ هەڵبژاردن

‌كارزان گلی

13/11/2022

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، لەژێر فشارێكی زۆر سەختی حكوومەت و بەشێكی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكاندایە، بەوەی وەكوو پارتێكی تیرۆرست و نزیك لە پەكەكە تەماشای دەكەن، بۆیە دۆسیەی هەدەپەیان بردووەتە دادگای دەستووری توركیا و داوا دەكەن دابخرێت. بەڵام پارتی دەسەڵات (ئاكەپە) و ئۆپۆزسیۆنی توركیا، باش لەوە گەیشتوون كە هەدەپە كلیلی سەركەوتنی هەڵبژاردنی داهاتووی توركیایە. هەدەپە، دەزانێت دەنگەكانی چەند گرنگ و چارەنووسسازە، بۆیە ستراتیژییەتی خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە دەكات.

تاوەكوو ئێستا هەدەپە، هیچ ستراتیژییەتێكی نییە، تەنیا خەمی لەكارلادانی رەجەب تەییب ئەردۆغانە، بەلای هەدەپەوە ئەگەر بتوانن شكست بە ئەردۆغان بهێنن و لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی بیهێننە خوارەوە، ئەوكات پرسی كورد چارەسەر دەبێت، بەڵام لەڕاستیدا وا نییە و پرسی كورد زۆر لە ئەردۆغان گەورەترە و ئەگەر پلان و ستراتیژییەتی بۆ دانەڕێژرێت، ئەستەمە بە نەمانی ئەردۆغان چارەسەر بكرێت.

هەدەپە، خۆی وەكوو پارتێكی ئۆپۆزسیۆن ناساندووە، بەڵام هاوپەیمانی (میللەت)، كە لەنێوان پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا پێكهێنراوە، هەدەپەیان نەخستووەتە ناو هاوپەیمانی خۆیانەوە، بەڵام هەدەپە تاوەكوو ئێستا راینەگەیاندووە، كە مادام ئەوان هەدەپەیان ناوێت، كەواتە دەبێت دەنگدەری هەدەپەشیان نەوێت.

هەدەپە، بەورێژە دەنگەی هەیەتی، كە شەش ملیۆن دەنگدەرە، دەتوانێت زۆر شت بكات، بەو مەرجەی سیاسەت بەڕقەوە نەكات، بەڵكوو بەدوای بەرژەوەندی خۆی و كورد بكەوێت. هەر بۆ نموونە، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا، كاتێك هەڵبژاردن بكەوێتە گەڕی دووەم، هەدەپە پشتگیری لە كام بەربژێر بكات، ئەو بەربژێرە شانسی بردنەوەی كورسی سەرۆكایەتی هەیە، بۆیە دەبێت ستراتیژییەتی هەدەپە بەو ئاڕاستەیە بێت، كە كێ مافی كوردی دا و بەفەرمی لە دەستووردا جێگری كرد، پشتگیری لێ بكات، نەك بەبێ ئەوەی ستراتیژییەتی هەبێت، پشتگیری لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بكات و تەنیا گورز لە ئەردۆغان بدات.

واتە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەڵێنی بە هەدەپەدا، كە ئەگەر دەسەڵات بگرنە دەست پرسی كورد چارەسەر دەكەن و سەرەتاش رێگە دەدەن كورد بەزمانی دایك بخوێنێت، بەو مەرجەی لایەنی سێیەم لەناو ئەو رێككەوتنەدا بێت، ئاساییە پشتگیری لە بەربژێری ئەوان بكەن، گەر ئەردۆغانیش هەمان شتی كرد، دەبێت دەست بخەنە ناو دەستی.
ئەگەر هەدەپە، ئەردۆغان و پارتەكەی پێ دوژمنی كوردیش بێت، بەڵام ئاساییە بۆ بەرژەوەندی میللەتی خۆت دەست بخەیتە ناو دەستی دوژمن، چونكە بەرژەوەندی میللەت لەسەرووی بەرژەوەندی حیزبە.

كوێرانە پشتگیریكردن لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن، كە هەدەپە بەناڕاستەوخۆ رایگەیاندووە دەنگی پێ دەدات، ئەمەش لە دیمانەیەكدا ئەحمەد تورك، سەرۆكی پێشووی شارەوانی مێردین رایگەیاند، كارێكی هەڵە و مایەی رەخنەلێگرتنە، چونكە ئەو بەڵێنەی جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە داویەتی و دەڵێت پرسی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا چارەسەر دەكەین، پێشتریش دەیان سەركردەی تورك هەمان بەڵێنیان داوە و جێبەجێیان نەكردووە، بۆیە بەڵێن گرنگییەكی زۆری نییە لە سیاسەتدا، بەڵكوو هەموو بەڵێنێك دەبێت كۆنكرێتی بێت و لایەنی سێیەمیش بەشداری تێدا بكات، بەڵام ئایە جەهەپە ئەوەی كردووە؟ نەخێر، تەنات كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە، چەند مانگێك بەر لە ئێستا گوتبووی ”بە وشەی كوردستان زۆر نیگەران بووم“

جا كەسێك بە وشەی كوردستان نیگەران بێت، ئایە چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكرێت پرسی كورد چارەسەر بكات؟

هەدەپە، دەبێت خاوەن ئیرادەی خۆی بێت و نەیەڵێت پەكەكە هیچ شتێكی بەسەردا بسەپێنێت، چونكە كەسی زۆر عاقڵ و سیاسی زۆر بەئەزموون ئەندامی هەدەپەن، دەكرێت ستراتیژییەتی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بدرێتە دەستی ئەوان، تا بتوانن بەو قورساییە گەورەیەی هەیانە، بەرژەوەندی كورد بپارێزن و مافی كورد مسۆگەر بكەن.
هەدەپە دوو هەڵەی زۆر گەورەی كردووە لە تەمەنی سیاسی خۆیدا، یەكەمیان كاتێك لە هەڵبژاردنی 2015 توانی 80 كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت و ئاكەپە زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدا، ئاكەپە ئەوكات داوای لە هەدەپە كرد ببێتە هاوپەیمانی و حكوومەت پێكبهێنن، بەڵام هەدەپە ئەوەی نەكرد و دژایەتییەكی زۆر ئاكەپەی كرد و تەنانەت گاڵتەی پێهات كاتێك ئاكەپە داوای كرد بەیەكەوە حكوومەت پێكبهێنن.

دووەم هەڵەی هەدەپە، بەبێ هیچ ستراتیژییەتێك، پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتی نەكرد بۆ توركیا و ئەو بۆشاییەی دروست ببوو، مەهەپەی نەژادپەرست پڕی كردەوە و چووە پاڵ ئاكەپە و بەیەكەوە دەستووریان هەموار كردەوە و سیستەمی سیاسی توركیا بوو بە سەرۆكایەتی.

چەندین بەڵگەش هەن، كە عەبدوڵا ئۆجەلان، داوای كردبوو پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتی بكەن و گوتبووی هەر لەخۆڕا رەتی مەكەنەوە و گفتوگۆی لەسەر بكەن.

هیوادارین هەڵەی سێیەم نەكەن و لەخۆڕا و بەبێ هیچ مەرجێك پشتگیری لە هیچ بەربژێرێك نەكەن، بەڵكوو ئەو بەربژێرە بەلایانەوە پەسند بێت، كە پرسی كورد چارەسەر بكات و مافی كورد لە دەستووردا جێگیر بكات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP