دواین هەواڵ

هەڵوێستی هێزە شیعەكانی عێراق لەمەڕ دوا پێشهاتەكانی ئێران

‌یاسین تەها

11/10/2022

دەسپێك
به‌ سه‌رنجدان له‌ سه‌رقاڵبوونی هێزە سیاسییەكانی شیعە به‌ كێشمەكێشەكانی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و گرژییەكانی نێوماڵی خۆیانه‌وه‌ تاكوو ئێستا و، هه‌روه‌ها خۆپیشاندانەكانی ناوخۆی ئێران دژ بە ڕژێمی حوكمڕان و هێرشەكانی سەر بنكە و بارەگاكانی حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات لە قووڵاییی خاكی هەرێمی كوردستان و، دوا به‌ دوای ئه‌مه‌یش هاتنەسەرهێڵی پێشهات و دەمەقاڵێكان، ئەم بابەتە هەوڵ دەدات تێڕوانینی شیعەی عێراق لەبارەی ئەو دوو تەوەرەیە شەنوكەو بكات.

یەكەم: ئیشكالییەتی پەیوەندیی شیعەی عێراق لەگەڵ ئێران

هەڵوێست لە دەوڵەتی ئێران و چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕژێمی حوكمڕان لە ئێران جێگه‌ی مشتومڕی بەردەوامە لە عێراق بەگشتی و لە شەقامی شیعەدا بەتایبەتی، جەمسەرێكی بەهێزه‌ كە هەندێك لە هێزە شیعە چەكدارەكان لەخۆ دەگرێت بەبێ سێ و دووكردن لە هەموو هەڵوێستێكدا پشتیوانی لە ئێران دەكەن و خەونیان ئەوەیە ئەزموونی ئەو وڵاتە لە ویلایەتی فەقیھ، بگوازنەوە بۆ عێراق؛ نموونەی زەقی ئەمانەیش حزبوڵڵا و هێزە وەلائییەكانی تری هاوشێوەیەتی لە چەشنی بزووتنەوەی نوجەبا([1])؛ هەندێكی تر لەوانە لە هاوپەیمانییەكی بەهێزدان لەگەڵ تاران بەبێ ئەوەی لە نموونە سیاسی و مەزهەبییەكەیدا بتوێنەوە یان هەوڵی كۆپیكردنی بدەن، وەك حزبی دەعوەی ئیسلامی كە ئەگەرچی بۆ دەستخستنی پشتیوانی و كۆمەكی ئێران، پشتوانی لە هەڵوێستەكانی دەكات، بەڵام بەكردەیی بڕوای بە ویلایەتی ڕەهای فەقیھ نییە و لە بری ئەوە نموونەی سیاسیی تایبەت بە خۆی پەسەند كردووە كە شوورا و فرەییی سیاسییە تا گەیشتن بە دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی لە كۆتا وێستگەدا([2]).

ئەم حاڵەتەی دەعوەیش، كە دایكی هێزە سیاسییە شیعەكانە، بۆ هەندێك هێزی تری وەك ڕەوتی حیكمە هەر هەمان شتە كە لە ناوەڕاستدا لەنگەری گرتووە؛ بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، سەرجەم ئەم هێزانە ئێستا لەژێر چەتری "چوارچێوەی هه‌ماهەنگی"دا كۆ بوونەتەوە كە یەك لە دوو جەمسەرە سەرەكییەكەی شیعەی عێراقە و بەگشتی لەسەر بەرەی ئێران ئەژمارە.

پەیوەندیی شیعەی عێراق لەگەڵ ئێران تەنیا بە ناكۆكی و وردەكاریی بیری سیاسییەوە پەیوەست نییە، بەڵكە تێكەڵ دەبێت لە ڕكابەریی نێوان قوتابخانە ئایینییەكانی نەجەف و قوم؛ هەروەها ئەو هەستیارییە ناوچەیییەیشی كە ساڵانێكی زۆرە لە نێوان عێراق و ئێراندا هەیە وەك دوو وڵاتی عەرەب و فارس كە مێژوویەكیان لە پێكدادان هەیە. هەر بەم هۆیەیشەوە پاشكۆیەتیكردنی زەقی ئێران لە گوتاری زاڵی جەماوەریی عێراقیدا ڕەخنە و لاقرتێی بەسەریدا زاڵە. هەر لەم نێوه‌یشدا ئەم چەند ساڵەی دوایی زاراوەی "كلكەكان_ الذيول" بە  شێوەیەكی بەربڵاو لە ئەدەبیاتی میدیایی و لەلایەن خۆپیشاندەرانی ناڕازییەوە دابڕێنرا بەسەر ئەو هێز و لایەنانەی بەڕەهایی شوێنكەوتەی ئێرانن و بەرژەوەندییەكانی تاران پێش بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی عێراق دەخەن و پاساو بۆ ئەوەیش دەهێننەوە([3]). هەرچەندە ئەم زاراوە و چەمكە زیاتر داتاشراوی خەڵكە ڕەخنەگرە مەدەنییەكەی شەقامی شیعییە، بەڵام لە ناوەندی شیعە پابەندە عێراقچییەكانیشدا هەر ئامادەییی هەیە و ئەوانیش هەستیارن بەرامبەر پەلكێشانی بەردەوامی ئێران بۆ ناو قووڵایییەكانی عێراق، بەتایبەت كە نموونەی ویلایەتی فەقیھی ئێرانی شەریك قبووڵ ناكات و سروشتەكەی زیاتر شوێنكەوتەیییە تا هاوتایی لە پەیوەندی و مامەڵەكردندا.

بەركەوتنی هەستی عێراقچێتی و ئێرانیزم ناوبەناو لە پەنهانەوە دێتە ڕووكار، بۆ نموونە كۆتاییی ئەیلوولی ڕابردوو بیرمەندی شیعەی عێراقی، غالب شابەندەر، لە "دیداری ڕافیدەین" بەڕووی بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا تەقییەوە، كاتێك هۆكاری سەركەوتنی بەسەر داعشدا كورت كردەوە لە هەوڵەكانی قاسم سلێمانی و پشتیوانییەكانی ئێران؛ لە كاتێكدا شیعەی عێراق پێیان وایە فەتواكەی سیستانی و پاشان هەڵمەتی حەشد و هێزە عێراقییەكان هۆكاری یەكەمی سەركەوتنن([4]).

ئەم دەمەقاڵێیە كە دەچێتەوە سەر ڕیشەی هاوتایی و پاشكۆیەتی لە مامەڵەكردندا، بەخێرایی دەرگه‌ی كردەوە بۆ حساب و كتابی دەستەبژێری شیعە عێراقییەكان لەبارەی هاوكارییەكانی ئێران و پەیوەندیی هەردوو وڵات؛ هەندێك لەوانەیش باسیان لەوە كرد ئێران پاداشتی هاوكارییەكانی عێراقی بەزیادەوە وەرگرتووەتەوە؛ داعشیش مەترسییەكی هاوبەش بووە لەسەر هەردوو وڵات و ئێرانییەكان لەبەر خاتری خۆیان بەدەم عێراقەوە هاتوون  و زۆر قسەی تری هاوشێوە([5])، كە سەرجەمیان گوزارشتن لە هەستیاریی هەردوولا بە یەكتر. لەسەر ئەمەیش حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، لە لوبنانەوە هاتە سەرخەت و ڕەخنەی توندی لەو دەنگە عێراقییانە گرت و ڕای گەیاند، "چۆن دەبێت عێراقییەكان پاڵپشتییەكانی ئێران لەبیر بكەن!؟" ([6]).

دووەم: هەڵوێستی شیعەی عێراق لە خۆپیشاندانەكانی ئێران

سەرباری هەستیاریی بەشێك لە شیعەی عێراق بە پەلكێشانی بەردەوامی ئێران لە عێراقدا، سەرجەم هێزە شیعەكان لەو پرسە جەوهەرییانەی كە پەیوەندیی بە ئاییندە و چارەنووسی ڕژێمی "كۆماری ئیسلامی"یەوە هەیە، زیاتر لایەنگری لە تاران دەكەن یان لانی كەم ناچنە بەرەی خوازیارانی ڕووخانییەوە. لەم نێوه‌نده‌یشدا هێزە سەرەكییەكانی شیعە و تەنانەت ئەوانەیشیان كە ڕاستەوخۆ پاشكۆی ئێران نین، خۆیان لا داوە لەوەی دوور و نزیك باس لە خۆپیشاندانەكانی ئێران بكەن. سەرجەم میدیا شیعەكانیش بەبێدەنگی ناڕەزایەتییەكانی ئەو وڵاتە و كاردانەوە نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بە خۆپیشاندنەكانیان بەڕێ كردووە ([7])، لە كاتێكدا خودی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لەبارەی ئەو خۆپیشاندانانەوە كاردانەوە و ڕوونكردنەوەی هەبووە و دانی ناوە بە مەترسیی پێشهاتەكە و وەك نەریتی هەموو جار، پەیوەستی كردووەتەوە بە ئەمریكا و ئیسرائیلەوە([8]).

شیعەكانی دەرەوەی ئێران، بەتایبەت عێراق، ئەوە لەبەرچاو دەگرن كە ئێران لە ئێستادا گرنگترین و گەورەترین سەنتەری مەزهەبیی شوێنكەوتووانی ئایینزاكەیە، چونكە لەو ساڵانەی شیعەگەری لە عێراقدا لەژێر گوشاردا بووە، شاری قوم دەرفەتی بۆ ڕەخساوە ببێتە  پێگە و بنكەی مەرجەعەكان و كۆڕەكانی خوێندنی حەوزەیی و، بەشێكی بەرچاوی نیشتەجێكانی ئەم شارە ئایینییەیش عێراقین. هەروەها ئێران سەنتەری ئایدیۆلۆژیای هاوچەرخی شیعەیە و زەقترین نموونەی دەوڵەتداریی ئەم پێكهاتەیە لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی؛ بەم هۆیەیشەوە ئێران لای سەرجەم شیعەی دەرەوەی خۆی، جێگه‌ی ڕێز و قورسایییە، چونكە بەهۆی ئەزموونی حوكمڕانیی ئەم دەوڵەتەوە كەلتووری شیعەگەری بووژاوەتەوە، لە كاتێكدا لە عێراق و لوبنان و وڵاتانی كەنداو لەژێر چەپۆكدا بوووە([9]).

ئەم ڕێزگرتنە گشتییەی ئێران لای سەرجەم شیعەكانی عێراق بە ڕێژەی جیاواز ئامادەییی هەیە، بە موقتەدا سەدر و ڕه‌وتەكەیشییەوە، كە هەمیشە لە ڕەخنە و بەرخوردەكانیاندا ئێران لە باڵەكانی جیا دەكەنەوە و لە پەیامێكی بەناوبانگیشدا جارێكیان سەدر پاكانەی بۆ ئێران كرد لە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە كاروباری عێراق لە پاش هەڵبژاردنەكان([10])؛ ئەمە لە كاتێكدا هێرشی توندی كردە سەر باڵەكانی لە عێراق. هەروەها لەو كاتانەیشی سەدر ڕەخنە لە ئێران دەگرێت، خۆی لە ناوهێنانی ڕاستەوخۆی یان بەكارهێنانی وشەی زبر لا دەدات([11])؛  لە هەندێك كاتیشدا زمانی تكاكردن و موجامەلە بەكار دەهێنێت، وەك لە كۆتا نامەیدا بۆ قائانی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكانی سەر هەولێرەوە بەڕوونی دیارە([12]). ئەوەی لە هەڵوێستەكانیشییەوە دەخوێنرێتەوە، سەدر دوژمنی ئێرانییەكان نییە و خوازیاری كەوتنی ڕژێمەكەیشی نییە، بەڵام هەوڵ بۆ دروستكردنی باڵانس دەدات لە نێوان هەژموونی ئێران و بەرژەوەندییەكانی عێراق؛ خوازیارە ئێرانییەكان وەك كاریگەرترین هێزی شیعەی عێراق قبووڵی بكەن و، پەیوەندییەكەیش لە پاشكۆیەتییەوە بگۆڕێت بۆ هاوتایی، یان ڕێژەیەكی زۆر هاوسەنگیی تێدا بێت.

شیعەكان بەگشتی هەمیشە ترسی تارماییی پلانی ئەمریكا و ئیسرائیلیان بەسەردا زاڵە؛ بەرچاویشیان ڕوون نییە دەربارەی پێشهاتەكانی ئێران و ئاییندەی ئەو وڵاتە لە حاڵەتی كەوتنی ڕژێمەكەیدا. ئەمەیش هاندەریانە لەوەی بەهەستیاری و دڵەخورتێوە مامەڵە لەگەڵ هەر ئەگەرێكی چاوەڕواننەكراو بكەن لە ئێراندا، بەتایبەت كە ئەم وڵاتەیش وەك عێراق و سووریا فرەپێكهاتەیە و ئەگەر هەیە كەوتنی ببێتە هۆی لاوازبوونی شیعەگەری؛ ئەوانەیشی بەرگریكاری "كۆماری ئیسلامی"ن، هەر لەسەر ئەم ترسە كار دەكەن. لەم چوارچێوەیەیشدا بەر لە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران، حەسەن نەسروڵڵا ئەوەی ورووژاند كە ئەوەی لە ئێران ڕوو دەدات "پیلانی دوژمنانە" و "ئێران باجی دوژمنەكانی دەدات"، هەروەها پێداگریی زۆری كرد كە خۆپیشاندانەكان پەیوەندییان بە حیجاب و ڕووداوی ناوخۆ و كەیسی "ژینا (مەهسا) ئەمینی"یەوە نییە([13]).

سێیەم: هەڵوێستی هێزە شیعەكانی عێراق لە هێرشەكانی ئێران بۆ سەر كوردستان

شیعەكان بە شێوەیەكی نیمچەبەردەوام ڕەخنە و ناڕەزایەتییان لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق لە ئاراستەی هەرێمی كوردستانەوە هەبووە. لە هاوینی ئەمساڵدا كە كار گەیشتە بەئامانجگرتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە هاوینەهەوارێكی دهۆك، كاردانەوەكان لە هەموو كات توندتر بوو و كار گەیشتە بانگهێشتی باڵیۆز و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی باڵیۆز و پەنابردن بۆ ئەنجومەنی ئاسایش([14]). ئەم هەنگاوانەیش لانی كەمی ئەو پەرچەكردارنەن كە دەبوو عێراق لە ئاست هێرش بۆ سەر هاووڵاتییەكانی هەیبێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ئاست هێرشەكانی ئێران بۆ سەر كەمپی ئاوارەكانی كۆیە و بنكە و بارەگای حزبە پەنابەرەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە زڕگوێز و پردێ و باڵەكایەتی و شارباژێڕ كە دەرهاوێشتەی خۆپیشاندانەكانی ئێرانن، هێزە شیعەكان بێدەنگییان هەڵبژاردووە؛ لە كاتێكدا هێرشەكانی ئەم دوایییەی ئێران پێشهاتی نوێ و پەرەسەندنی گەورەیان تێدا بوو؛ یەكەم جارە لە یەك كاتدا چەند میحوەرێك بە ئامانج بگیرێت، ڕۆكێت و درۆنی تێدا بەكار بهێنرێت، قووڵاییی هێرشەكانیش فراوانتر كران و جگە لە ئامانجی سەربازی، خەڵكی سڤیل و مەدەنییش بەركەوتن كە هەندێكیان خوێندكاری بنەڕەتی بوون. شتێكی زانراویشە چەمكی سەروەری (السیادة)، گشتگیر و هاوبەشە و قابیلی بەشكردن نییە.

تاقە هێزی شیعەیش تا ئێستا بەئاشكرا دژی هێرشەكان وەستابێتەوە، "ئیئتیلافی نەسر"ی "حەیدەر عەبادی"یە، بەڵام ئەویش بە زمانێكی دیپلۆماسییانەی نەرم و بە پەیوەستكردنەوەی هێرشەكانی ئێران بە هێرشەكانی توركیاوە([15]). ئەم بێدەنگییەی شیعەیش لەسەر هێرشەكانی ئێران لە كاتێكدایە هەندێك لایەنی كوردی و بەدیاریكراوی بەرپرسانی پارتی لە بەغدا، داوای هەڵوێستیان لێ كردوون؛ بەو پێیەی بێدەنگییەكەیان لە ئاست پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتە([16]).

چوارەم: هەوڵی وەبەرهێنان لە قەیرانی ئەم دوایییەی ئێران 

پاساوی فەرمیی حكوومەتی ئێران بۆ هێرشەكانی ناو هەرێم، جموجۆڵی گرووپە چەكدارە دژبەرەكانی خۆیەتی لەناو خاكی هەرێمدا، كە پێیان وایە سەرچاوەی مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئێران([17])؛ هەروەها ئاژانسە ئێرانییەكان لە پاساودانی هێرشەكاندا باس لەوە دەكەن لە ساڵی 1992 بەدواوە تا ئێستا سوپای تورکیا بەئاشکرا هاتووەتە هەرێمی کوردستان و ‌بنکە و بارەگای سەربازیی تێدا دروست کردووە و، ئێستا لە ڕێگەی 60 بنکەی سەربازییه‌وه‌ نزیک بە سی لە سەدی هەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە؛ ڕۆژانەیش زیاتر لە 50 جار فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا بەسەر ئاسمانی هەرێمدا دەسووڕێنەوە و‌ بە بیانووی گەڕان بە دوای چەکدارانی پەکەکە بۆردوومانی دەکەن([18]).

لای خۆیشیانەوە هەندێك كەسایەتیی ناو چوارچێوەی هه‌ماهەنگیی شیعەیش پێیان وایە، مادەم حكوومەتی عێراق نیگەرانییەكانی ئێران ناڕه‌وێنێته‌وه‌، ئەوە ئێران ناچارە، لەسەر شێوازی ئەو مۆدێلەی توركیا پەیڕه‌وی دەكات، خۆی بە زەبری هێز ئامانجەكانی خۆی لە عێراق بەدی بهێنێت([19]).

هەندێكی تر لە پەڕگیر (توندڕه‌و)ەكانی هێزە شیعەكان لە هەوڵی ئەوەدان، بارودۆخی ئەم دوایییە بقۆزنەوە بۆ داواكردنی دەركردنی هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان لەسەر شێوازی ناچاركردنی "موجاهیدینی خەلق" له‌ بەجێهێشتنی "كەمپی ئەشرەف"ی دیالە لە نێوان ساڵانی 2012_2013 بە كەڵكوەرگرتن لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. لەم نێوه‌یشدا یەكێك لە بەرپرسە میدیایییەكانی حەشد (موهه‌نه‌د حسێن) لە دیداری میدیاكانی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی كردووەتە سەر ئەو حزبە كوردییانە و داوای كردووە "بۆ هەتاهەتایە لە كوردستان دەربكرێن". ئەم بەرپرسە عێراقییەی حەشد باسی لەوە كردووە ئەو هێزانە لەلایەن لۆبییەكانی ئیسرائیلەوە پاڵپشتی دەكرێن([20])؛ ئەمەیش دووبارەكردنەوە و كۆپیكردنی هەمان گوتاری فەرمیی سوپای پاسداران و ڕای فەرمیی ئێرانە كە سوورە لەسەر ئەوەی ئەو بنكە و بارەگایانەی دەیانكاتە ئامانج لە هەرێمی كوردستان، بەشێكن لە پێگەكانی ئیسرائیل([21]). ئەمەیش وشەكلیلی زۆربەی گوتارە سیاسییە شیعییەكانە لە تارانەوە تا بەیروت و لەژێر ئەم پاساوەدا هەرچیی دەستوەرانی ئێران هەیە لە سووریا و یەمەن و عێراق و لوبنان پەردەپۆش كراون؛ بەو پێیەی جەنگی مقاوەمەت و بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئەمریكا و ئیسرائیلن.

هەندێك پەرلەمانتاری تری هاوپەیمانیی فەتحی شیعە هۆكاری بەئامانجگرتنی كوردستان، دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی "هەرێم بووەتە پەناگەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران"؛ هەروەها باس لەوە ده‌كەن خۆپیشاندانەكانی ئەم دوایییەی ئێران، لە هەرێمی كوردستانەوە ئاراستە كراوە([22])؛ ئەمەیش جۆرێكە لە پاساوهێنانەوه‌ بۆ هێرشەكان و هەوڵی خۆدزینەوەیە لە سەركۆنەكردنی ئێران به‌رامبه‌ر هێرش و مووشەكبارانەكان.

پێنجەم: هەژموونی ئێران لە عێراق

بەشێكی بەرچاو لە بێتواناییی عێراق و هەواداریی هەندێك لە هێزە سیاسی و سەربازییەكانی شیعە بۆ سیاسەتی ئێران، بەتەنیا پەیوەست نییە بە پێگە و نفووزی تارانەوە لە دنیای شیعەدا، بەڵكوو ئەم دەوڵەتە لە ساڵانی ڕابردووا تۆڕێك كاریگەری و كارت و بەرژەوەندیی بنیات ناوە كە ڕێگرن لەوەی گوتاری فەرمی و گوتاری تاك به‌ تاكی هێزە كاریگەرەكانیشی بتوانن هەڵوێستی سەربەخۆی خۆیان هەبێت لە ئاست ئێران؛ چ پشتیوانیی خۆپیشاندانەكانی ناوخۆییی ئەو وڵاتە بێت یان بەرەنگاربوونەوەی هێرشەكانی بۆ سەر خاكی عێراق. ئەو كارتە ئێرانییانەیش بریتین لە:

ـ ئامادەییی دیپلۆماسییەتی ئێران له‌ شاره‌كانی عێراق له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی بیانی زیاتره‌: باڵیۆزخانه‌ی به‌غدا، كونسوڵخانه‌ له‌ به‌سره‌، نه‌جه‌ف، كه‌ربه‌لا، هه‌ولێر، سلێمانی([23]) و، ئه‌م بنكانه‌یش ئه‌گه‌رچی له‌ ڕواڵه‌تدا دیپلۆماسین به‌ڵام ڕاسته‌وخۆ له‌ژێر چاو‌دێری و ڕێنماییی سوپای پاسداراندا كار ده‌كه‌ن. له‌ دوای ٢٠٠٣ سه‌رجه‌م ئه‌و باڵیۆزه‌ ئێرانییانەیشی له‌ عێراق دانراون (كازمی قومی، دانایی فه‌ڕ، ئیره‌ج مه‌سجیدی) له‌ هه‌ناوی ئه‌م ده‌زگه‌ ئەمنییە سه‌ربازییه‌وه‌ پێ گەیشتوون و دواترینیشیان كه‌ مه‌سجدی بوو، یاریده‌ده‌ری قاسم سلێمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس بووه([24]). هۆكاری ئەم بەئەمنیكردنەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیش، زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە به ‌لای ئێرانه‌وه‌ عێراق زیاتر له‌ هێڵێكی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و مه‌یدانێك بۆ چالاكیی سەربازی و خۆنواندن ده‌چێت تا ده‌رفه‌تێك بۆ په‌یوه‌ندیی سیاسی و دیپلۆماسی.

ـ لە پاش ساڵی 2014 كە سێیەكی خاكی عێراق كەوتە بندەستی داعش،‌ ئێران جگه‌ له‌ بواری سیاسی، له‌ ‌ڕێگه‌ی باڵی سه‌ربازییشه‌وه بە شێوەیەكی بەرفراوان گرووپە چەكدارەكانی لەسەر خاكی عێراق بڵاو كردەوە. هەر لەو سەروبەندەیشدا چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی هه‌ره‌ نزیك له‌ ئێران، بوونه‌ فه‌رمانده‌ و هەڵسووڕێنەری دامه‌زراوه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ به‌ خه‌رجی و داراییی عێراق و فه‌توای سیستانی دامه‌زراوه‌، به‌ڵام له ‌دوورمه‌ودادا خزمه‌ت به‌ به‌رژە‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی تاران ده‌كات و به‌ به‌شێك له‌ نفووزی ئه‌م وڵاته‌ ده‌درێته‌ قه‌ڵه‌م([25]). تا كۆتاییهاتنی پرۆسە سەربازییە سەرەكییەكانی دژی داعش لە 2017، له‌ كۆی 66 گرووپی چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی، 44 گرووپیان ڕاسته‌وخۆ لایەنگر و شوێنكه‌وته‌ی سه‌ركردایه‌تیی سیاسی و ئایینیی ئێران بوون([26]).  ئەم ژمارەیە كە ئێستا هەڵكشاوە و لق و گرووپی تری نوێی لێ دروست بووە، هەمیشە ئامرازی گوشارن لەسەر هەڵوێستی سیاسی و گوتاری هەر هێزێكی سیاسی كە بیەوێت بەرەنگاری نفووزی ئێران ببێتەوە یان دژایەتیی بەرژەوەندییە تایبەكانی بكات.

ـ تێكەڵی و بەیەكداچوونێكی زۆر لە كایەی مەزهەبیی شیعەی عێراق و ئێراندا هەیە. لە سەردەمە مێژوویییەكاندا هەندێك كات ڕێبەرایەتیی شیعەی جیهان- بە عێراقیشەوە- كەوتووەتە شاری قوم، وەك سەردەمی مەرجەعییەتی سەید حسێن بروجەردی كە بۆ ماوەی 15 ساڵ مەرجەعی باڵای ئه‌م تائیفه‌یه‌ بووه‌ (1946_ 1961) له‌ هه‌موو جیهان([27]). لە پاش كەوتنی ڕژێمی بەعسیشەوە پێگەى پیاوانى ئایینیى ئێرانى لە نەجەف هەڵكشا، بەتایبەت ئەوانەى هەوادارییان بۆ خامنەیی و ڕێبازى ویلایەتى فەقیھ هەیە له‌ ڕێگه‌ی ده‌ستگیرۆییی هەزاران خوێندكاری ئایینی و فه‌قێ كه‌ له ‌نه‌جه‌ف وانه‌ی ئایینی ده‌خوێنن([28]). ئەم حزوورە ئایینییەیش بەشێكە لە هێزی نه‌رمی ئێران و هۆكارێكی دروستكردنی كاریگەرییە لە شەقامی ئایینی، ئەگەرچی بە شێوەی سنوورداریش بێت.

ـ ئێران گرنگییه‌كی زۆر به گوتاری میدیایی ده‌دات بۆ ئاڕاسته‌كردنی ڕای گشتی له‌ عێراق. هه‌رچه‌نده‌ زمانی فه‌ڕمی له‌م وڵاته‌ فارسییه،‌ به‌ڵام له تێكڕای ئاژانسه‌ فه‌ڕمییه‌كانی هه‌واڵ به‌شی عه‌ره‌بی هه‌یه‌ (فارس، ته‌سنیم. میهر، ئیسنا، ئيرنا) و گرنگیدانێكی زۆر به‌ عێراق هه‌یه‌ به‌پێی دیدی كۆماری ئیسلامیی ئێران. بەم دوایییانەیش تۆڕێك گرووپی تێلیگرام بۆ بڵاوكردنەوەی بۆچووونی ئێران بە زمانی عەرەبی، دروست كراون؛ به‌ناوبانگترین كه‌ناڵی عه‌ره‌بیی ئێرانییش بە ناوی‌ "العالم"  ‌له‌ ساڵی ٢٠٠٣ و پاش ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام دەستی بە پەخش كردووە. جگه‌ له‌وه‌یش ئێران سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می فیلمه‌ مێژوویییه ئایینییه‌كانی په‌یڕەوكه‌رانی ئایینزای شیعه‌یه‌ و به‌م هۆیه‌یشه‌وه‌ باڵاده‌ستیی كه‌لتووری و فه‌رهه‌نگیی به‌سه‌ر بینه‌ری عێراقیدا هه‌یه‌. ئەوەیشی ڕاستەوخۆ بە كەناڵە ئێرانییەكان ناكرێت لە گەیاندنی پەیامەكان، میدیا عەرەبییە پاشكۆكانی لوبنان هەوڵی گەیاندنی دەدەن كە بەناوبانگترینیان كەناڵی "المیادین" و "المنار" و ڕۆژنامەی "الأخبار"ی لوبنانین لەگەڵ تۆڕێك لە سۆشیال میدیا كە سوود لە ئەزموون و شارەزاییی لوبنانییەكان وەردەگرن بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر وەرگری عێراقی و، هەر ئەم باڵە میدیایییانەیش گرنگیی زۆریان داوە بە ڕاپۆرتە پزیشكییە فەرمییەكانی ئێران دەربارەی ژینا ئەمینی و وابەستەییی خۆپیشاندانە ناوخۆیییەكانی ئێران بە دەستی دەرەكییەوە، بەتایبەت ئەمریكا و ئیسرائیل.

ئەنجام

لە ڕانانی ئەم بابەتەوە دەگەینە چەند ئەنجامێك كە گرنگترینیان بریتین لە:

_ هێزە شیعەكانی عێراق دابەش بوون بەسەر دۆست و هاوپەیمان و شوێنكەوتەی سیاسەت و بەرنامەكانی ئێران؛ ئەوانەیشی نەیار و دژی هەژموومی ئێرانین، زیاتر ڕەوتە سیكۆلار و مەدەنییەكانی شیعەن و كاریگەریی ڕاستەقینەیان بەهێز نییە، ئەگەرچی دەنگیان بڵندە.

ـ لە جەمسەرگیرییە نوێیەكانی شیعەدا بەرەی "چوارچێوەی هه‌ماهەنگی" شوێنكەوتەی ئێرانن و ڕكابەرەكەیان كە "سەدر"ە خوازیاری پەیوەندییەكی هاوسەنگە لەگەڵ ئێران و گوتارەكەی دوژمنایەتیكردنی ئێران نییە.

ـ شیعەی ئێران وەك قووڵاییی ستراتیژیی خۆیان تەماشای ئێران دەكەن و خۆیان بەدوور دەگرن لە كۆمێنتدان و شەنوكەوكردنی گۆڕانكارییە ناوخۆیییەكانی ئەو وڵاتە و، تارماییی ئەمریكا و ئیسرائیل بەسەریاندا زاڵە.

ـ كاریگەری و هەژموونی ئێران لەسەر هێزە شیعەكانی عێراق، بێدەنگی كردوون لە ئاست هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان؛ لە كاتێكدا بەرامبەر هێرشەكانی توركیا چالاكن.

ـ هۆكارەكانی باڵادەستیی ئێران لە عێراق، تێكەڵەیەكن لە هەژموونی سیاسی، ئەمنی، مەزهەبی و كەلتووری و، ئەوانەیش ڕێگرن لە گەڵاڵەكردنی بڕیاری سەربەخۆی عێراقییانە لە هەمبەر سیاسەتەكانی تاران.

پێشنیاز

مەترسی هەیە هێزە شیعەكانی عێراق هەوڵ بدەن ئەزموونی موجاهیدینی خەلق بەسەر هێزە كوردییەكانی پەنابەری هەرێمی كوردستاندا دووبارە بكەنەوە. باشترە هەرێمی كوردستان پێداگری بكات لەسەر سەروەریی خاكی عێراق؛ دەتوانێت لە ڕێگەی پەنابردن بۆ ئۆرگان و هێزە كاریگەرە نێودەوڵەتییەكان، گوشاری ئێرانی و شیعیی عێراقی لەسەر خۆی كەم بكاتەوە. پێویستە بۆ بەرگرتن لە ئەگەری دروستكردنی پشتێنەی ئەمنی لە هەرێم، لایەنە كوردییەكان هەموو كارتە ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییەكان لە ناوخۆ و دەرەوە بەكار بهێنن، بەتایبەت كە ئێران لە پێگەیەكی وەهادا نییە وەك توركیا ئەندامی ناتۆ بێت و بتوانێت هەمان ئەزموونی ئەو دووبارە بكاتەوە. هەروەها ئێران بەرژەوەندیی ئابووری و پێداویستیشی لە عێراق و كوردستان زۆرە لە سەردەمی گەمارۆدا و، دەكرێت بە كاركردن لەسەر ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشانە بڕێك لە بارە ناهاوسەنگەكە ڕاست بكرێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP