دواین هەواڵ

حساباتی ھەڵەی ئێران و گەورەترکردنی کێشەی ڕۆژھەڵات

‌ئەبوبەكر كاروانی

29/09/2022

پەلامارە ھەمەلایەنەکەی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر بنکەو بارەگانی پارتەکانی خۆرھەڵات و کەمپنشینە مەدەنییەکانی ئەو پارچە خۆشەویستەی کوردستانی دایك، کە دەستدرێژیش بوو بۆ سەر حکومەت و گەلی باشور، جارێکی تر کۆژان و مەسەلەی کوردستانی لەو پارچەو ئێراندا، بە جۆرێکی نائاسایی و سەرنج ڕاکێش زەقکردەوە.

بۆیە بە بڕوای ئێمە، وێڕای تەواوبوونی پەلامارەکە، بە شەھید و برینداربوونێ پۆلێ ژن و پیاوی کورد، (دەشکرێ درێژەی ھەبێت) بە قازانجی کوردی خۆرھەڵات و مەسەلەکەی کۆتایی دێت. چونکە کاتی پەلامارەکە، کە ھاوکاتە لەگەڵ سەرھەڵدانی بزوتنەوەیەکی ناڕەزایی بەرفراوان لە ئێران و خۆرھەڵاتدا، وا دەکات، پاساوەکانی ئەو وڵاتە بۆ پەلامارەکانی لاوازتر بێت و ئامانجەکانی پشتیشی وەك ئەوەی دەیخوازێت نەپێکێت.

ڕوونە ئێران بەم کارەی دەیەوێت بڵێت: ئەوەی لە ڕۆژھەڵات و شەقامی شارەکاندا ڕوودەدات، ناڕەزایی جەماوەر و ھەڵقوڵاوی کۆمەڵگە نیە! بەڵکو کاری ئاژاوەگێرییەو لە دەرەوەی سنورەوە ئاراستە دەکرێت! لە کاتێکدا مێژوو و واقیع پێمان دەڵێن، حیزبەکانی ڕۆژھەڵات و ئەودیو سنوور، بەرھەمی کێشەیەکی نکولی لێکراوی ڕاستەقینەن کە کێشەی کوردستانە، بوون و بەردەوامی و ڕەوایەتی لەوەوە وەردەگرن. بە مانایەکی تر، ئەمان بەرھەمی ناوخۆن نەك بە پێچەوانەوە.

بۆ ئێستاش چیرۆکەکە لەمەش تێپەڕیوە، چونکە کێشەی خۆرھەڵات سەرەڕای تایبەتمەندی نەتەوەیی، ڕەنگدانەوەی کۆی کێشەی سیستمی سیاسییە لەسەر ئاستی ئێراندا. سیستم لە ئێراندا لەگەڵ شەبەنگی پاشخان جیاوازی، ناڕەزایەتی بەرەو ڕووبۆتەوە. دەرفەتی خۆ ڕیفۆرمکردنی ناوخۆیی تا ڕاددەیەکی بەرچاو لەدەستداوە، سەرھەڵدانی تەوژمێکی ڕیفۆرمخوازی بەھێز لەناو دڵی سیستم و بنکەکەی، دەرفەتێکی مێژوویی بوو، بۆ دووبارە خۆبیناکردنەوەو پێناسەکردنەوەی دەوڵەت و سیستم و ناسنامەی ئێرانی بوون و دەستبەرداربوونی ناوەندێتی دەسەڵات بە قازانجی لاناوەندێتی و لەخۆگرتنێکی دامەزراوەیی و یاسایی فرەیی نەتەوەیی و مەزھەبی لە ئێراندا، کەچی سوودی لێوەرنەگیرا.

لە ڕاستیدا، ئەو کاتەو ئێستاش ڕێگە ڕاستەکە گرێبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێ و داننان بە کێشەکان و خاوەنەکانیان و بڕیاردانی چارەسەر کردنیانە نەك سەرکوت و خوێنڕێژی زۆرتر . لەوانەش کێشەی کوردستان، کە لە ویژدانی ملیۆنان کوردستانیدا زیندووەو داوای وەڵامدانەوەیەکی مێژوویی و دادپەروەرانە دەکات و بەدەر لەوەش کپ نابێتەوە.

بە کورتی، پەلامارە بێ پاساوەکەی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر کەمپی کوردانی خۆرھەڵات و ھێزە سیاسییەکانیان، کە ساڵانێکە وازیان لە خەباتی چەکداری ھێناوە، چاوەڕێدەکرێت ھەر وەك وتمان بە قازانجی ئەمان بشکێتەوە. زیاتر لە ناو جەماوەردا خۆشەویستیان دەکات، بەتایبەتیش ئەم جارە کە پارتەکان بەھۆی ناوەوە کەوتوونە بەر پەلامار نەك ناوەوە بەھۆی ئەمانەوە دووچاری تەنگژەبووبن.

لەبەر چاوی ڕای گشتی و ناوەندە بڕیار بەدەستەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، زیاتر وەك نوێنەری مەسەلەیەکی سیاسی و ھێزی کاریگەر مەترەح دەبن. چاوەڕێش دەکرێت، ڕیزی ناوخۆیی پارتەکان و کاری ھاوبەشیان بەھێزتر بکات، بەحوکمی ئەوەی ھەموویان لە چوارچێوەی وێناکردنێکی ھاوبەشدا پەلامار دران، بەوەش ئێران وێنەو ناسنامە ھاوبەشە پێدراوەکەیانی خەستر کردەوە.

لە لایەکی ترەوە، وێنای ئێرانی لە باشور و بەشێ لە عێراقیشی زۆرتر شێواند. ڕق و بوغزێکی زۆرتری ئاراستە دەکرێت. بۆ نموونە، ئەمڕۆ وێنەی پەلاماردان و شەھید و بریندارەکان، کچە بچووکە چواردە ساڵانەکەمی ھێنایە گریان، جگە لەوەی پەلامارەکە کاردانەوەو ناڕەزایەتیەکی بێ پێشینەی لە باشوری کوردستان و عێراق و کوردستانییان بەگشتی و چەندین ڕێکخراو و وڵاتانی گرنگی بەدوای خۆیدا ھێنا. ئەوەش ئاماژەیە بە قەوارەی ڕەتکردنەوەی پەلامارەکەو کەم بوونەوەی تەحەفوز و بەربەستی ترسی پێشووی ھێزەکان بەرامبەر ئەم وڵاتە.

بە داخیشەوە، دەوڵەتانی ئەم ناوچە، واتە ئەوانەی بە ناھەق کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، سەد ساڵە لە زەلکاوی تاوانی نکولیکردن لە کێشەی چوارەمین نەتەوەی مەزنی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەسەر دەبەن و دەست لە شێوازی سەرکوت ھەڵناگرن و ئامادەی چارەسەرکردنی کێشەکە نین! بەوەش گەورەترین زەبریان لە برایەتی گەلان داوەو بوونەتە ھۆی تاوان و خوێنڕۆژیەکی زۆر و لاوازییەکی ستراتیژی بۆ تێکڕای خۆرھەڵاتی ناوەڕاست.

لە کۆتاییدا، بەھەشت جێگەی شەھیدەکان و ھاوخەمی کەس و کاریانین، ھیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. ھاوسۆزی و پشتیوانی نەتەوەکەمانین لەسەر ئاستی پارچەکانی کوردستاندا لە پێناو چارەسەری کێشەکەیان و ژیان لە سایەی ئاشتی و ئازادی و دادپەروەریدا.






Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP