دواین هەواڵ

دوا پەرەسەندنی هاوكێشەكانی بەغدا و لێكەوتەكانی لەسەر هەرێمی کوردستان

‌یاسین تەها

20/09/2022

پێشەكی

لەگەڵ كۆتاییهاتنی مەراسیمی "زیارەتی چلەی ئیمام حسێن" ئاگربەستی ناچاریی نێوان سەدر و لایەنە شیعەكانیش بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی و ڕانەگەیەنراو كۆتایی دێت؛ لە قۆناغی یەكەمدا لانی كەم كێبڕكێ سیاسییەكان دەست پێ دەكەنەوە، ئەگەریش چارەسەرێك لە ئاسۆدا دەرنەكەوت، ئەوە دۆخەكە وەك جاری پێشوو بەڕووی ئەگەری تردا كراوەیە. ئەم بابەتە هەوڵێكە بۆ هەڵوێستەكردن لەسەر بارودۆخی پێشبینیكراوی عێراق لە قۆناغی داهاتوودا لەگەڵ خوێندنەوەی لێكەوتەكانی لەسەر كورد.

پەرتەوازەبوونی دوو جەمسەرەكەی شیعە

لە پاش هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021، شیعە بەسەر دوو جەمسەری ناكۆكدا دابەش بوون كە بەرەی سەدر و بەرەی هێزە شیعەكانی تری دۆست و هاوپەیمان و، هەروەها شوێنكەوتەكانی ئێرانە؛ بەڵام لە پاش درێژەكێشانی ناكۆكییەكان، هەندێك گۆڕانكاری بەسەر پێكهاتەی هەردوو بەرەكەدا هات. موقتەدا سەدر بە كشاندنەوەی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمان له‌ (15ى حوزەیرانی 2022) كە حەفتا و سێ پەرلەمانتار بوو، تەنیا كەوتەوە و پارتی و هاوپەیمانیی "السیادة"ی سوننەكانی ئازاد كرد لە پابەندییەكانی "هاوپەیمانیی سێقۆڵی"؛ ئەگەرچی بە گوێرەی ئاماژەكان هێشتا هەر لە بازنەی دۆستایەتیی یەكتردان. لە نوێترین پێشهاتیشدا بەرەكەی تری شیعەكان (چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگی) لەناو خۆیاندا بوونەتە دوو جەمسەر؛ لەم دابەشبوونە نوێیەدا بەزەقی مالیكی و خەزعەلی لە لایەكن، عامری و هەندێكی تر لە هێزە شیعەكان لە لاكەی تر. ئەم دابەشبوونە لاوەكییە بە پلەی یەكەم لەسەر مەسەلەی هێشتنەوەی "مستەفا كازمی"یە بۆ ویلایەتی دووەم كە بووەتە كێشەیەكی ناوخۆیی بۆ چوارچێوە شیعییەكە([1]).

زانیارییە دزەپێكراوەكان باس لەوە دەكەن ئەم دابەشبوونە زیاتر پەیوەندیی بە هاتنەسەرهێڵی كەسایەتییەكی حزبوڵڵای لوبنانەوە هەیە بە ناوی "محه‌مه‌د كه‌وسه‌رانی" (محمد الكوثراني) كە بەڕەچەڵەك نەجەفییە؛ لە ئێستایشدا بەرپرسی دۆسیەی عێراقە لە حزبە شیعە لوبنانییە كاریگەرەكه‌. هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانە كەوسەرانی لەگەڵ باڵێكی تری ناو شیعەكان لەگەڵ مانەوەی مستەفا كازمییە بۆ قۆناغێكی ڕاگوزەری نوێ، بەتایبەت كە ئەمە ئێستا بووەتە داواكارییەكی سەدری([2]) و لەگەڵ میزاجی گشتیی ئێرانییەكانیشدا دژ نییە؛ بەو پێیەی كازمی نێوانگری دانوستانەكانی دەسەڵاتدارانی تاران بووە لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی؛ لە ویلایەتی ئەویشدا هەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانی ئێران و هەم شەپۆلی هاتنی ئێرانییەكان لە "زیارەتی چلە" لە هەڵكشاندا بووە و هیچ كێشە و گرێوگۆڵی بۆ دروست نەبووە.

دوو بەرەی چوارچێوەی شیعی، كە نوێترین پەرەسەندن و پێشهاتی سیاسیی ململانێكانی پەیوەست بە  حكوومەتی فیدراڵییە، زیاتر لەبارەی سەرۆك و شێواز و پێكهاتەی حكوومەتی ئاییندەیە، ئەگەرنا لە ناوەڕۆكدا گۆڕانی گەورەی بەسەر هەڵوێستی ڕكابەرەكانی سەدردا نەهێناوە كە سەرجەمیان كۆكن لەسەر ڕێگەگرتن لە ئەگەری كۆنترۆڵكردنی جومگەكانی دەسەڵات و حوكمڕانی لەلایەن سەدرەوە. لە بەرامبەریشدا سەدرییەكان پێداگرن لەسەر ئەوەی بەرەنگاری چوارچێوەی هه‌ماهەنگی ببنەوە؛ هيچ پەلەی ئەوەیشیان نییە بچنە دانوستان لەگەڵیان([3])، بەتایبەت پاش ئەو خوێنەی شەوەكەی كۆتاییی ئابی 2022 كەوتە نێوان خۆپیشاندەرە سەدرییەكان و هەندێك لە هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبیی سەر بە باڵە سیاسییەكانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگییەوە.

سەدرییەكان ئەگەرچی لە پاش بێهوایییەكانی ئەم دوایییە، دڵشكاو و بریندار دەردەكەون([4])، بەڵام هێشتا لەوەدا سەركەوتوون كە نەیانهێشتووە ڕكابەرەكانیان ئیشیان لەبەر بڕوات و، ئەوەتا پاش سێ مانگ لە كشانەوەی فراكسیۆنی سەدریش لە پەرلەمان، نە حكوومەت پێك هێنراوە و نە پەرلەمانیش دانیشتنی گرێ داوە. بەمەیش بڕوایەكی وەها دروست بووە، بەبێ سەدر هیچ هەنگاوێكی پرۆسەی سیاسی ناچێتە پێشەوە.

پرۆژەی سەدر و پرۆژەی شیعە دژبەرەكانی

لە پاش كشانەوە لە پەرلەمان، هەموو هەوڵ و كۆششی سەدرییەكان لانی كەم بۆ سەرلەنوێ گەڕانەوەیە بۆ ناو پرۆسە سیاسییەكە، بە هێز و سەنگی جارانەوە، ئەگەر بەهێزتریش نەبێت. ئەم گەڕانەوەیەیش تەنیا لە ڕێگه‌ی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەوە دەبێت كە دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنێت، ئەگەرنا دەبێت تا ساڵی 2025 چاوەڕوان بن كە وادەی یاساییی هەڵبژاردنی داهاتووە؛ ئەمەیش بۆ سەدرییەكان قورسە و بەرگەی ئەو دابڕانە درێژە لە پەرلەمان ناگرن.

بەرنامەی ئاشكراكراوی سەدرییەكانیش لە ئێستادا بەڕوونی هێشتنەوەی سەرۆكایەتییەكانی كۆمار و وەزیران و دەستپێكردنی قۆناغێكی ڕاگوزەری كورتە، کە ئەركی ئەم قۆناغەیش بە ڕێكخستنی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە دیاری كراوە([5]). ئەم خواستەی سەدریش لای بەشێك لە لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گرووپی چەكداری شیعە  قبوڵكراو نییە، بەتایبەت بڕگەی هێشتنەوەی كازمی لە پۆستەكەی.([6]) لەناو ئەو لایەنانەشدا نووری مالیكی لە هەموویان توندترە و بێمنەت لە سەدر خۆی دەردەخات و پێی وایە پاش كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، ئیتر نۆرەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە حكوومەتی دڵخوازی خۆیان دروست بكات و، پاش ئەوە بە ئیسراحەتی خۆیان دێنە سەر ئەگەری جێبەجێكردنی خواستەكانی سەدر([7]).

نەك هەر مالیكی، بەڵكوو لایەنە شیعەكانی تری هاوپەیمانی بە شێوەیەكی گشتی پێیان وایە لە سایەی كشانەوەی سەدردا، بوونەتە زۆرینەی پەرلەمان و دەیانەوێت كەڵك لەم دەرفەتە وەربگرن. لە لاكەی تریشەوە گوتاری سیاسی و جەماوەریی ئەوان لە ماوەی ڕابردوودا بەشی زۆری لەسەر دژایەتی و ڕەتكردنەوەی مستەفا كازمی بنەڕەت بووە؛ ناكرێت ئێستا ڕازی بن بە مانەوەی لە پۆستەكەی بۆ خولێكی نوێ، بەتایبەت كە هەڵبژاردنی ژێر سایەی حكوومەتی كازمی (تشرینی یەكەمی 2021) سەدرییەكانی هەڵكشاند بۆ پلەی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق. لە دەرەوەی مەسەلە شەخسییەكانی كازمی، بنەڕەتی ناكۆكییەكه‌ لەسەر ئەوەیە ئایا حكوومەتی ئاییندە بەدەست كەسایەتییەكی نزیك لە سەدرەوە دەبێت، یان كەسایەتییەك لە چوارچێوەی هه‌ماهەنگی؟ ئیتر چ محەمەد شیاع سوودانی بێت یان هەر كەسایەتییەكی تر كە لایەنە شیعەكان وەك جێگرەوە لە حاڵەتی ناچاریدا كاندیدی بكەن. هەروەها شەڕی گەورە لەسەر چۆنێتیی دابەشكردنی وەزارەتەكان و چارەسەركردنی بەركەوتە بەجێماوەكانی سەدرە كە لە ئێستادا دەرگه‌ی ماڵەكەی لە حەنانەی نەجەف داخستووە.

ناكۆكییە شاراوەكانی نێو دوو بەرە سەرەكییەكەی شیعە

ئەگەرچی ناكۆكییەكانی شیعە لە پاش كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، بەڕواڵەت لەبارەی سەرۆكی حكوومەت و شێوازی قۆناغی ڕاگوزەری نوێیە، بەڵام هەندێك خاڵ و تەوەرە هەن كرۆكی ناكۆكییە شاراوەكان پێك دەهێنن، لەوانەیش: یاسای نوێی هەڵبژاردن، هەروەها دەستكاریكردن و هەمواركردنەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن. ئەم دوو خاڵەیش كە پێشهاتی نوێی قۆناغی ڕاگوزەری داهاتوون، بۆ سەدرییەكان زۆر گرنگ و جێگە بایەخن بۆ مسۆگەركردنی گەڕانەوەیەكی بەهێز.

جگە لەوەیش ئەركی حكوومەتی نوێ جگە لە هەڵبژاردن، ئامادەكردنی بوودجەی 2023 دەبێت؛ ئەمەیش لە كاتێكدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە پارەی زۆر دەڕژێتە خەزێنەی عێراقەوە. هەر لەم نێوه‌یشدا خەمڵاندنی شارەزایانی ئابووری و دارایی باس لەوە دەكەن تا كۆتاییی 2022 سەرڕێژی بوودجە بگاتە 50 ترلیۆن دیناری عێراقی ([8]). بۆ ساڵی ئاییندەیش (2023) ئەگەر عێراق ڕۆژانە 3 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی 52 دۆلار هەناردە بكات، ئەوە دەتوانێت ئەو دەوروبەری 62 ملیار دۆلارە دابین بكات كە بۆ خەرجی بەگەڕخستن پێویستی پێیەتی (مووچە، كرێی كۆمپانیاكان، سووی قەرزەكان و پابەندییە دارایییەكانی تر). لە سەروو نرخی 52 دۆلاریشەوە هەرچی پارەی زیادە بمێنێتەوە، ئەوە دەبێتە سەرڕێژی بوودجە، لە كاتێكدا خراپترین پێشبینی و ڕه‌شبینییە نوێیەكان پێیان وایە نرخی نەوت هەر بۆ دەوروبەری 70 دۆلار ئەگەر دابەزێت([9])؛ ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت هەر كەس كۆنترۆڵی حكوومەتی داهاتوو بكات، چانس و دەرفەتی ئەوەی دەبێت زۆرترین دەسكەوت بچنێتەوە لە ڕێگه‌ی ئەو لیژنە ئابوورییانەی حزبەكان هەیانە لەسەر هەمان ڕێچكەی ساڵانی ڕابردوو كە بوودجەی گشتی سەرچاوەی گەشەكردن و دەوڵەمەندبوونی كۆمپانیا حزبییەكان بووە.

ئەم بارودۆخە ئابوورییەیش كە هەیە، هاندەری زیاتری ناكۆكی و بەریەككەوتنە، ئەگەرنا لە 2020 كە بەهۆی كۆرۆناوە دۆخی دارایی نزیك بوو لە مایەپووچی، زۆربەی لایەنەكان كێشەیان نەبوو كازمی بەبێ كەڤەری میلیشیایی و عەشایەری و مەزهەبی سەرۆكایەتیی حكوومەت وەرگرێت و ناكۆكییەكانیش لەسەر كابینەی حكوومەت هێندەی ئێستا توند نەبوون.

پێگەی لایەنە كوردییەكان لە ململانێ ناوخۆیییەكانی شیعە

سەدرییەكان خوازیار بوون پارتی، وەك هاوپەیمانێكی دێرین، لەگەڵ هاوپەیمانیی "السیادة"ی سوننە بەدوای ئەواندا لە پەرلەمان بكشێنەوە بۆ ئەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان بەهۆی لەدەستدانی شەرعییەتی پێكهاتەیییەوە بكەوێت و، ببێتە پەرلەمانێكی قەتیسبوو لە چوارچێوەی هه‌ماهەنگی([10])؛ بەڵام ئەم داواكارییەی سەدر كە لە ڕێگەی پەیامی سۆشیال میدیا و لەسەر زاری ئەكاونتی خوازراوی سەدرەوە "وزیر القائد" ئاراستەی پارتی كرا، دوو جۆر كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا لەناو پارتی: یەكەمیان بێزارییە لە بڕیارە كتوپڕەكانی سەدر و، هەروەها لە موخاتەبەكردن لە ڕێگه‌ی تویتەر و فەیسبووكەوە، لە كاتێكدا ئەوان پێشتر هاوپەیمان بوون و داواكەیش پەیوەستە بە كارێكی گرنگەوە([11])؛ دووەمیش جەختكردنەوەیە لە هەڵوێستێكی پێشتری پارتی كە لارینەبوونە لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن، بەڵام بە مەرج و ڕێوشوێنی تایبەت كە هەبوونی بەرچاوڕوونییە لەسەر پاش هەڵبژاردن و و بە ڕێككەوتنی لایەنەكان و لە ڕێگه‌ی دەستوورییەوە بێت([12]). ئەمەیش بە واتای كاراكردنەوەی پەرلەمان و پاشان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دێت.

ئەم هەڵوێستەیش زۆر دژی هەڵوێستی لایەنەكانی تری شیعە نییە كە زیاتر لە جارێك لارینەبوونیان دەربڕیوە لە باسكردنی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان؛ بەڵام دوور لەو شێوازە شۆڕشگێڕانەی كە سەدر دەیەوێت ئەم خولی پێنجەمەی پێ بخات، پاش ئەوەی سەركەوتوو نەبوو لە پێكهێنانی "حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی" بە سەرۆكایەتیی جەعفەر سەدری ئامۆزای، بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی سێقۆڵی.

دەربارەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هێشتا بژاردە و ئاراستەی هەر لەگەڵ چوارچێوەی گشتیی بڕیارەكانی لایەنەكانی ناو بەرەی هه‌ماهەنگیی شیعییە، لە كاتێكدا شیعەكان خوازیاری ئەوەن لەگەڵ پارتیدا بگاتە ڕێككەوتنێك لەبارەی سەرۆكایەتیی كۆمار بۆ ئەوەی ناچار نەبن وەك سیناریۆی 2018 ئەوان ببنە بڕیاردەری یەكەم لە یەكلاكردنەوەی سەرۆككۆمار؛ چونكە ئەوە لێكەوتەی تری بەدوادا دێت كە ئەگەری تووڕەكردنی پارتی و بە مانای كێشەی زیاتر دێت بۆ ئەو لایەنە شیعانەی خوازیارن بۆشاییی سەدر لە قەبارەی خۆی زیاتر فراوانتر نەبێت و، هەرچۆنێك بووە هاوپەیمانەكانی ئیحتیوا بكرێن بۆ ئەوەی زیاتر تەنیا دەربكەوێت.  

ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكانی ململانێی هێزەكانی شیعە

بە گوێرەی پێدراوە سیاسییەكانی ئەم دوایییە، بارودۆخی عێراق و ڕەوشی ململانێی ناوخۆییی شیعەكان بەرەو دوو ئاراستەی سەرەكی دەڕۆن كە دەكرێت بەم جۆرە كورت بكرێنەوە:

یەكەم: ئەگەری گەڕانەوە بۆ شەقام و سەرهەڵدانەوەی گرژی

ئەو ئاگربەست و ئۆقرەیییەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەبوو، بەرمەبنای هیچ ڕێككەوتنێكی كۆنكرێتی و چارەسەرێكی سیاسی نەبوو، بۆیە لەگەڵ كۆتاییهاتنی ڕۆژانی پیرۆزی شیعە (زیارەتی چلەی ئیمام حسێن) و گەڕانەوەی زیارەتكاران بۆ زێدی خۆیان، ئەگەری جووڵاندنەوەی شەقام بە ڕێژەیەك هەر هەیە. ئەمەیش ئەو كاتە زیاتر دەركەوت كە سەدر لە یەكەم پەیامی سیاسی پاش كۆتاییهاتنی "زیارەتی چلە" بەبێ هۆكار كەوتە ستایشكردنی بنكە جەماوەرییەكەی خۆی([13]) وەك ئەوەی بۆ قۆناغێكی نوێی بەرەنگاربوونەوە ئامادەیان بكات؛ بەتایبەت كە سێیەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی تشرین لەبەر دەرگه‌یە. زۆر باسی ئەوەیش هەیە جموجۆڵێكی جەماوەریی هاوبەشی سەدرییەكان و هەندێك لەوانەی خۆیان بە نوێنەری تشرین دەزانن، لە سەرەتاكانی مانگی داهاتوو (تشرینی یەكەمی 2022) بەرپا بكرێت. ئەم سیناریۆیە كە ڕێگەتێچووە، لە حاڵەتی نەگەیشتنە ڕێككەوتندا ڕوو دەدات؛ هەروەها بە واتای گەڕانەوەیش دێت بۆ مەترسییەكانی پێكدادانی سنوورداری هێزە شیعەكان و دووبارەبوونەوەی خوێنڕشتنەكەی ناوچەی سەوز تا ئەو كاتەی زیاتر هەردوو لا وەڕەس دەبن و مل بۆ چارەسەرێكی مامناوەند كەچ دەكەن، ئەڵبەت پاش ئەوەی كارتێكەرەكانی دۆخی عێراقیش دێنە سەرهێڵ (تاران، واشنتۆن، سیستانی، گوشاری شیعی).

دووەم: ڕێككەوتن لەسەر قۆناغی ڕاگوزەری

ئەم ئەگەرەیش خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی یاسایی و دەستوورییانەی پەرلەماندا دەبینێتەوە بە گوێرەی ماددەی 64ی دەستوور، پاش ئەوەی دادگه‌ی فیدراڵی نەخشەڕێی هەڵوەشاندنی پەرلەمانی یەكلایی كردەوە. بەر لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش، دەبێت حكوومەتێكی ڕاگوزەر دروست بكرێت كە تەمەنی دەووروبەری ساڵ و نیوێك بێت. شێوازی ئەو حكوومەتە و سەرۆكایەتییەكەیشی، هێشتا جێگەی مشتومڕی سەختە و چەند كارتێكەرێك كە ڕەنگە دەرەكی بن، ڕۆڵیان دەبێت لە یەكلاییكردنەوەی. ئەم ئەگەری دووەمە، لە سیناریۆی یەكەم ڕێتێچووتر و نزیكترە، لەبەر كۆمەڵێك هۆكار: سڵەمینەوەی لایەنە شیعەكان لە بەریەككەوتنی چەكداری پاش كوژرانی نزیكەی 50 كەس لە یەك شەوی پێكدادانی كۆتاییی ئابی 2022 لە ناوچەی سەوز، وەڕەسبوونی هەردوو لای كێشەكە لە درێژەكێشانی ململانێكان، هاتنەسەرهێڵی بەهێزی ئەمریكا (باربارا لیف) و توركیا (هاكان فیدان) و ئامادەییی بەردەوامی ئێرانییەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر (ئیسماعیل قائانی و كەوسەرانی لوبنانی). لەم سیناریۆیەدا دەرچەیەك بۆ هێوركردنەوەی سەدر بە هیوای گەڕانەوە دەدۆزرێتەوە؛ لایەنەكانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگیی شیعەیش لە تارمایی و مۆتەكەی "حكوومەتی زۆرینەی سەدری"، قوتاریان دەبێت و ناكۆكییە بنەڕەتی و قورسەكان دوا دەكەون بۆ خولی شەشەم و، لانی كەم نزیكەی دوو ساڵ گرژی و ململانێ گەورەكان دوا دەخرێن، چونكە هیچ گه‌رەنتییەك نییە لە پاش هەڵبژاردنی گریمانكراوی ئاییندەیش هەمان بارودۆخی ئێستا و هەمان جەمسەرگیری لە نێوان شیعە دووبارە نەبێته‌وه‌.  

لێكەوتەی ئەگەرەكانی بەغدا لەسەر دۆخی هەرێم

چوار مانگ پاش ناكۆكییەكانی پەیوەست بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و چۆنێتیی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، حكوومەتی هەرێمی كوردستان باجێكی گەورەی ناكۆكییەكانی كەوتە سەر؛ ئەمەیش بەهۆی بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی دژی یاسای نەوت و گازی هەرێم (ناوەڕاستی شوباتی 2022) نیمچە كۆدەنگییەك هەیە كە هەلومەرجی سیاسی دەرچوونی خێراتر كرد. هەر كات ناكۆكییەكانی شیعەیش هێور ببنەوە یان ئەگەر پەرەیش بسێنن بە گوێرەی هەردوو سیناریۆ چاوەڕوانكراوەكە، ئەوە هیچ لایەنێكی حوكمڕان بەئاشكرا و بەزەقی ناتوانێت بچنە ژێر باری چاوپۆشیكردن و خۆبواردن لەو بڕیارە؛ بە بەڵگەی ئەوەی هەموو گوشاری چوارچێوەی شیعی لەسەر دادگه‌ی فیدراڵی لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، نەیتوانی پەسەندكردنی ئەنجامەكان هەڵبوەشێنێتەوە([14]).

لە بەرامبەریشدا هەموو هەڕەشە و جەماوەرجووڵاندنی سەدریش بۆ بەردەم دەسەڵاتی دادوەری (23ى ئابى 2022) ([15])، نەیتوانی ناچاری بكات بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدات كە خواست و پێداگرییەكی جددی بوو بەلایەوە. ئەم دوو نموونەیەیش بەو مانایە نییە كە دادگه‌ی فیدراڵی، سەربەخۆ و پرۆفیشناڵە و حكوومەتی عێراقیش پابەند و ملكەچی یاسایە، بەڵام ڕێزگرتنی ڕواڵەتییانە و ڕووكەشانەی بڕیارە بنجبڕەكانی دادگه‌ی فیدراڵی پاش دەرچوون و ڕاگەیاندنیان، بووەتە نەریتێكی سیاسی و كارگێڕی؛ هەروەها یەكێكیشە لە پەرژینەكانی ڕێگەگرتن لە داڕمانی تەواوی ئەو سیسته‌مەی لە پاش 2003 لە عێراق هەیە و ناو نراوە "پرۆسەی سیاسی"؛ ئەمە جگە لەوەی پێشێلكردنی زەق و ئاشكرای، دەبێتە كارتێكی گەورە بەدەست هەر لایەكەوە كە لە هەڕەمی دەسەڵاتدا نەبێت و، ئەوەیش زانراوە كە لە مەسەلەی نەوتدا كۆدەنگیی شیعی و بڕیاری دادگه‌ لە یەك فەلەكدا دەخولێنەوە. 

چارەسەری گونجاو بۆ ئەم بڕیارەی دادگه‌، دەركردنی یاسای نەوت و گازە لە پەرلەمانی نوێ. ئەوەیش لە غیابی سەدرییەكاندا ئاسان نییە. ڕەنگە تەمەنی كورتی پەرلەمانیش یارمەتیی گەلاڵەكردنی یاسایەكی وەها جومگەیی و گرنگ نەدات. بەبێ دۆزینەوەی چارەسەریش بۆ ئەم بڕیارە، ئەوە بوودجەی هەرێم و بوودجەی ساڵی ئاییندەی عێراق كێشەیان دێتە پێش؛ هەروەها گوشارەكانی وەزاڕەتی نەوتی عێراق لەسەر كۆمپانیا بیانییەكانی ناو هەرێم بەردەوام دەبن. بۆیە لە هەموو ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوی ماڵی شیعەدا، لێكەوتە گەورەكەی سەر هەرێم هەر بەردەوام دەبێت.

پێشنیار

بەو پێیەی قۆناغی داهاتوو كورتمەودایە و دەرفەتی چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتییەكانی نێوان هەرێم و بەغدای نییە، پێویستە لە حاڵەتی مانەوەی ناكۆكی لەسەر سەرۆكایەتیی كۆمار، یان پێكهاتن لەسەر یەكلاكردنەوەی، فۆكەسی سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان- لە پێش هەموویانەوە پارتی و یەكێتی-، لەسەر چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی پەیوەست بە نەوت و وزە بێت كە ساڵانێكە ڕێگرە لە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا.

فراكسیۆنە كوردییەكان دەتوانن داڕشتنی یاسای نەوت و گاز بكەنە مەرج بۆ دەنگدان لەسەر كابینەی نوێ؛ ئیتر چ بەدڵی چوارچێوەی شیعە بێت، یان كەسایەتییەكی نزیك لە سەدرییەكان سەرۆكایەتیی ئەو حكوومەتە بكات، یان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پشكیان بەركەوێت. ئەگەر ڕێككەوتن لەگەڵ سەدر نەكرێت، شیعەكان زیاتر پێویستیان بە دەنگی لایەنی كوردی هەیە. ئەگەر سەدریش لە دوورەوە بەشداریی حكوومەت بكات، ئەوە پێویستی بە دەنگی لایەنی كوردییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.

لە كاتی خستنەبەرباسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش لەسەر خواستی سەدر، دەنگی لایەنە كوردییەكان هەر گرنگە چونكە سوننەكان بەگشتی و زۆر لە شیعە و سەربەخۆكان، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەماندا نین و كۆكردنەوەی 50+1 كە دەوروبەری 166 دەنگه‌ لەناو پەرلەمان بۆ هەوڵوەشاندنەوەی خۆی، پێویستی زۆری بە دەنگی لایەنە كوردییەكان هەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP