دواین هەواڵ

كورد لە نێوان بەرداشی "ڕاڕەوی شۆڕشگێڕی"ی سەدر و "میكانیزمە دەستوورییە"كانی ڕكابەرانیدا

‌یاسین تەها

24/08/2022

دەسپێك
ململانێی ناوخۆییی هێزە شیعەكان لە پاش كۆنترۆڵكردنی پەرلەمان لەلایەن جەماوەری سەدرەوە، لەسەر دوو ئاراستەی سەرەكیی ناكۆك گیرسایەوە؛ لە لایەك سەدر داوای نەخشەڕێگه‌یەكی "شۆڕشگێڕانە" دەكات بۆ دەسپێكردنی قۆناغێكی نوێ، كە ناو بە ناو سیما و تایبەتمەندییەكانی دەگۆڕێت؛ لە لایەكی تره‌وه‌ ڕكابەرەكانی (چوارچێوەی هه‌ماهەنگی) دروشمی "پابەندبوون بە دەستوور" و گەڕانەوەیان بۆ میكانیزمەكانی هەڵگرتووە، وەك دەرچەی چارەسەر. ئەم بابەتە هەوڵ دەدات هەڵوێستە لەسەر هەردوو دیدگه‌كە و لێكەوتەكانی لەسەر كورد و پێكهاتەكانی تر بكات.

بیرۆكەكانی سەدر بۆ قۆناغی نوێ

لە كۆتایییەكانی تەمووزی 2022، جەماوەری سەدر خۆیان پێ نەگیرا چاوەڕوانی ڕاسپاردنی محەممەد شیاع سوودانی، بەربژێری چوارچێوەی هه‌ماهەنگی بكەن و چوونە سەر ناوچەی سەوز كە گرنگترین بنكە و بارەگاكانی حكوومەت و پەرلەمان لەخۆ دەگرێت؛ لەم سەروبەندەیشدا موقتەدا سەدر بانگەوازێكی بڵاو كردەوە كە سیماكانی پلانەكەی لەخۆ دەگرێت و لە نەخشەڕێگه دەچێت. لەم پەیامەیدا سەدر جەخت لە چەند خاڵێك دەكاتەوە كە هەموو چەمكەكانی پرۆسەی سیاسی و پەیكەری "كۆماری 2003" دەلەرزێنێت، لەوانەیش: گۆڕینی ڕیشەییی پرۆسە (سیسته‌م)ی سیاسی، كۆتاییهێنان بە ملكچی بۆ دەرەوە (ئێران)، كۆتاییهێنان بە پشكپشكێنەی تائیفی (ناوەندگەرایی و عێراقچێتی)، گۆڕینی دەستوور، ڕادەستكردنی چەك بە دەستی دەوڵەت (سنوورداركردنی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی).

بۆ جێبەجێكردنی ئەم هەنگاوانەیش سەدر بانگەواز و ڕووی قسەی ئاراستەی "گەل" كرد بۆ ئەوەی "ڕاپەڕن"؛ لەناو ئەوانیشدا سێ توێژی دیاری كرد: هۆز و پێکهاتە عه‌شایه‌ره‌كان، هێزە ئەمنییەكان، چەكدارانی حەشدی شەعبی، بۆ ئەوەی پیرۆزییش بدات بەم بزاوتە نوێیەی لە پاش كشانەوەی لە پەرلەمان، ناوی نا "شۆڕشی عاشورا" و پەیوەستی كردەوە بە ساڵیادی هاتنی "ئیمام حوسێن"ی كوڕی عەلی بۆ عێراق و ڕاپەڕینی لە دژی "یەزید"ی كوڕی موعاویە (61ك/ 680ز) كە لە ئەدەبیاتی شیعەدا، ڕووداوێكی جومگەیی و سەرچاوەی ئیلهام و شۆڕش و جموجووڵە([1]).

ئەم پەیامەی سەدر، دوور و نزیك ئاماژەی بۆ كورد یان پێكهاتەی سوننە تێدا نییە كە دوو جەمسەری سەرەكیی ئەو بەشبەشێنەیەن كە ئێستا عێراقی لەسەر بنەڕەتە؛ هیچ كام لەو دوو پێكهاتەیەیش بەزەقی بانگهێشت نەكراون بەشداری بكەن لەو شۆڕشەی سەدر داوای بەرپاكردنی دەكات. ئەمەیش ڕاستییەك دەردەخات كە پەیامەكە دەرهاوێشتەی كێشە ناوخۆیییەكانی ماڵی شیعەیە كە لە پاش هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021 سەقامگیریی جارانی لەدەست داوە و لەسەر هاوكێشەی حوكم بەسەر دوو ئاراستەی ناكۆك و ناتەبادا دابەش بووە كە سەدر و ڕكابەرەكانییەتی.

هەندێك بۆچوون پێیان وایە، دەكرێت گۆڕین یان هەڵوەشاندنەوەی دەستوور، دەرفەت بێت بۆ سەپاندنی زیاتری مەرجی كورد، لەوانەیش بابەتی "كۆنفیدراڵی"؛ بۆیە دەكرێت ئەم داواكارییەی سەدر زۆر بە نامۆ وەرنەگیرێت([2]). ئەمەیش لێكدانەوەیەكی ڕێتێچووە، بەو پێیەی هەموو گۆڕانكارییەك دەكرێت دەرفەتی كەڵكوەرگرتن یان خستنەڕووی پێشمەرجی تێدا هەبێت، بەتایبەت كە ئێستا شیعەكان لە پەرتەوازەییدان. بەڵام ئەوەی جێگه‌ی هەڵوێستەلەسەركردنە، كەسایەتیی دیاری ڕەوتی سەدر "زیا ئه‌سه‌دی"، كە "ئەكادیمی و زمانزانی ڕەوتەكە"یە، ئەوەی ئاشكرا كردووە، خواستی گۆڕینی دەستوور زیاتر لەوەوە سەرچاوە دەگرێت  "سەدر هەستی بەوە کردووە کە دەستوور بە عەقڵییەتی دابەشکردنی عێراق بەسەر سێ پێکهاتەی سەرەکیدا نووسراوە"؛ ئەمەیش بە واتای بەرتەسككردنەوەی زیاتری خواست و مافە بنچینەیییەكانی كورد دێت.

هەروەها  "ئه‌سه‌دی" وردتر دواوە و باسی لەوە كردووە، هەندێك ماددەی دەستوور كێشەیان دروست كردووە، لەوانەش: 48، 73، 76، 106، 121، 138، 140، 173؛ لەگەڵ ئەوەیشدا جەختی لەوە كردۆتەوە "تا ئێستا سەدر بڕیاری نەداوە کە کام ماددەی دیاریکراو دەبێ بگۆڕدرێت"([3]). بەم پێیەیش بێت، بەریەككەوتنی كورد و سەدر لە داهاتوودا ئەگەرێكی كراوەیە، بەتایبەت كە دیدگه‌كە ناوەندگەرایییە و گۆڕانكارییەكانیش ماددەی 140ی تێدایە، كە بە ئەگەری زۆرەوە بۆ بەرتەسككردنەوەی زیاتریەتی وەك لەوەی بۆ جێبەجێكردن بێت.

پاشەكشەی سەدر

لە پاش بڵاوكردنەوەی نەخشەڕێگه‌كەی، سەدر بانگەوازێكی تایبەتی بۆ حەشدی شەعبی كرد تا پاڵپشتی لە بۆچوونەكانی بكەن لەبارەی گۆڕینی سیسته‌م و دەستوور و پێكهێنانەوەی عێراق (4ی ئابی 2022)([4])؛ دوو ڕۆژ پاش ئەوەیش لەپڕدا سەقفی داواكارییەكانی خۆی دابەزاند بۆ "هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان"([5]). مەبەست لەمەیش ئەم خولەی پێنجەمە كە بەهۆی كشاندنەوەی فراكسیۆنەكەی سەدرەوە (73 كورسی)، كەوتۆتە ژێر هەژموونی ڕكابەرەكانی لە "چوارچێوەی هه‌ماهەنگیی شیعە".

ئەم بەئامانجگرتنەی پەرلەمانیش وا دەردەكەوێت بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كشانەوەی سەدرییەكان و ڕێگەگرتنە لە باڵادەستبوونی ڕكابەرەكان بەسەر حكوومەت و پەرلەمانی نوێدا. بە دوای ئەمەیشدا بەرپرسێكی باڵای ڕەوتەكە (سه‌باح ساعدی) ڕوونتر دوا و باسی لەوە كرد، پوختەی داواكارییەكانی ئەوان بریتییە لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بە هەمان یاسای هەڵبژاردن و هەمان كۆمیسیۆنی ئێستا كە لە 2021 هەڵبژاردنی ڕێك خست([6]). هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش شتێكی ئەوتۆ نییە لەچاو گۆڕینی دەستوور و سیسته‌م و پێداچوونەوە بە بەشبەشێنە كە لە پەیامی یەكەمدا هاتبوو.

گرێی گەورەی سەدرییەكان لەگەڵ پەرلەمان و پێداگرییان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لە پاش كشانەوەی فراكسیۆنی سەدر لە پەرلەمان (15ی حوزەیرانی 2022)، لایەنەكانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگیی شیعە، وەها مامەڵەیان كرد كە ڕكابەرە سەرەكییەكەیان چۆكی داداوە و گۆڕەپانی بۆ چۆڵ كردوون. هەر لەم ڕوانگەیەیشەوە بەخێرایی و لە دانیشتنێكی نائاساییدا 73 كورسییە بەتاڵەكەی سەدریان پڕ كردەوە. بە دوای ئەوەیشدا بەربژێرێكی پەسەندكراوی مالیكی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری "عەسائیب"یان بۆ سەرۆكایەتیی وەزیران ڕاگەیاند كە محەمەد شیاع سوودانییە.

بە لای سەدریشەوە هەر بەرەوپێشچوونێكی چوارچێوەی شیعە لە پرۆسە سیاسییەكە، لە پاش كشانەوەی فراكسیۆنەكەی، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر داهاتووی ڕەوتەكەی؛ چونكە بە گوێرەی ئەزموونەكانی پێشوو (2004_ 2008)، سەدرییەكان یادەوەریی تاڵیان هەیە لەگەڵ ژیانی یاخیبوون و پەراوێزدا، هەروەها باش لەوە گەیشتوون بەشی زۆری كاریگەری و دەسەڵات لە عێراق، لە سایەی بەشداریكردن لە حكوومەت و پڕكردنەوەی جومگەكانی دەوڵەتدا بەدەست دێت، نەك لە ڕێی بوون بە ئۆپۆزیسیۆن كە ڕەنگە هۆیەك بێت بۆ بەئامانجكردن و بچووككردنەوە. لەم نێوه‌یشدا هەڵمەتی "صولة الفرسان"ی مالیكی ئاماددەیییەكی بەردەوامی لە یادەوەریی سەدرییەكاندا هەیە (2008).

سەدرییەكان ترسی ئەوەیان هەیە، حكوومەتی نوێی چوارچێوەی هه‌ماهەنگی دەست بۆ یاسای هەڵبژاردن ببات كە 83 بازنەیە، چونكە لە پاش تانەی چوارچێوەی شیعی، دادگه‌ی فیدراڵی، پەرلەمانی ڕاسپاردووە یاساكە هەموار بكاتەوە([7]). ئەگەر ئەم یاسایەیش دەستكاری بكرێت، لەوانەیە سەدرییەكان نەتوانن جارێكی دیكە بەم جۆرەی ئێستا ببنەوە یەكەم لیست لە هەڵبژاردن. ئەمەیش بۆ سەدرییەكان مەسەلەیەكی زۆر جێگەی بایەخ و گرنگە، چونكە لە خولی پێشوودا (2018_2021) كاری زۆریان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و دابەشكردنی بازنەكانی و پێكهێنانی كۆمیسیۆنەكەی كردووە. دەستكاریكردنیشیان لە پاش كشانەوەیان و بە غیابی ئەوان لە بەرژەوەندییان نابێت؛ ئەمەیش یەكێكە لە هۆكارە بنەڕەتییەكانی پێداگری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەر لەوەی دەست بۆ ئەو پرسانە ببات.

هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، بۆ پێكهاته‌ و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان كێشەی زۆر گەورە نییە، بەڵام ئەو میكانیزمەی دواتر سەدر بۆ گەیشتن بەم ئامانجە خستییە ڕوو كە دانانی وادەیە بۆ دەسەڵاتی دادوەری تا بڕیاری لێ بدات([8])، دەكرێت وەك هەڕەشە و فەرزكردنی ئیرادە و "ابتزاز" (باجوه‌رگرتن) لێك بدرێتەوە، كە ئەگەر سەر بگرێت ڕەنگە مانایەك بۆ ڕواڵەتەكانی دەوڵەتی دامەزراوەیی نەهێڵێتەوە. ئەمەیش بۆ ئاییندەی حوكمڕانی لە عێراقدا جێگەی پرسیار و نیگەرانی و دڵەخورتێیە و پێكهاتەی كوردیش لەم لێكەوتەیە بێبەش نابێت.

"میكانیزمە دەستوورییە"كانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگی

لە بەرامبەر ئەو خرۆشانە جەماوەرییەی سەدر ناوی ناوە "شۆڕشی عاشورا"، لایەنەكانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگی، پێداگری لەسەر "پابەندبوون بە میكانیزمە دەستوورییەكان دەكەن". لە وردكردنەوەی ئەمەیشدا مالیكی دەڵێت "هەر هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، دەبێت بە گوێرەی دەستوور و كۆدەنگیی نیشتمانی بێت" لەگەڵ "دووبارەنەكردنەوەی ساختەكارییەكانی هەڵبژاردنی پێشوو"([9]). بە گوێرەی ئەم میكانیزمانەیش، سازكردنی هەڵبژاردنێكی تر پێویستیی بە كۆبوونەوەی پەرلەمان و دروستكردنی حكوومەتی نوێ هەیە؛ ئەو كاتەیش پەرلەمان دەكەوێتە ژێر باری ڕاسپاردەكەی دادگه‌ی فیدراڵی كە هەمواری یاسای هەڵبژاردنە، هەروەها چوارچێوەی هه‌ماهەنگی چاویشیان لەسەر گۆڕین یان دەستكاریكردنی كۆمیسیۆنە. بە گوێرەی ئەم نەخشەڕێگه‌یەیش میكانیزمی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە گوێرەی ماددەی (64)ی دەستوور دەبێت، كە دەنگدانی زۆرینەی پەرلەمانتارانە، یان لەسەر داوای سێیەك (1/3)ی ئەندامان، یان داواكارییەكی هاوبەشی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران([10]).

لەم كاتەیشدا دەنگی لایەنە كوردییەكان پێویست و گرنگ دەبێت، چونكە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە پاش چوونەدەرەوەی سەدرییەكان، بژاردەیەكی پەسەندكراوی زۆرینەی پەرلەمانتاران نییە. هەندێك لە سوننەكان پێیان وایە ئەوان بۆ ئەوە نەهاتوون بەخێرایی ماڵاوایی بكەن. پەرلەمانتارێكی دیاریشیان بە ناوی ئەوانەوە ڕای گەیاند (13ی ئاب)، "پەرلەمانتارانی سوننە دژی بیرۆكەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانن، چونكە ناوچەكانیان پێویستی بە خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە"یە([11]). هیچ لایەنێكی سوننەیش ئەمەی ڕەت نەكردەوە، چونكە جگە لەوەی داواكردنی هەڵوەشاندنەوە بۆ چارەسەری قەیرانێكی ناوخۆییی شیعییە، سوننەكان و ئەوانەی وەك سەربەخۆ سەر كەوتوون بۆ خولی پێنجەم، لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا خەرجی و هەوڵ و ماندوبوونی زۆریان داوە تا گەیشتوونەتە پەرلەمان؛ لە ئێستایشدا بەبێ ئەوەی هیچیان بۆ دەنگدەر و جەماوەرەكەیان كردبێت، بچنە دەرەوە، هیچ گەرەنتییەك نییە لە هەڵبژاردنی دیكەدا بتوانن جارێكی دیكە بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان.

لێكەوتەكانی ململانێی شیعە لەسەر دەرەوەی خۆیان

پەڕینەوەی كێشمەكێش و ململانێی ناوخۆییی شیعە بۆ شەقام و درێژەكێشانی بنبەستی سیاسی بۆ ماوەی زیاتر لە 10 مانگ، كۆمەڵێك لێكەوتەی خراپی لەسەر عێراق بەگشتی هەیە كە پریشكی بەر هەموو لایەك دەكەوێت، لەوانەیش هەرێمی كوردستان. دەكرێت لەسەر ئاستی گشتی، هەندێك لەو لێكەوتانە بەم جۆرە دەستنیشان بكرێت:

ـ مەترسیی پێكدادانی چەكداریی سنووردار؛ لە پاش ئەوەیش ئەگەری خزان بۆ جه‌نگی ناوخۆیی. باسكردنی ئەم ئەگەرەیش لە گفتوگۆی پشتپەردەوە پەڕیوەتەوە بۆ مینبەرە گشتییەكان و جێگەی دڵەخورتێ و نیگەرانییە([12]). لە حاڵەتی ڕوودانیشیدا، نازانرێت بارودۆخی وڵات بە چ ئاقارێك و سەرەنجامێك دەگات؛ نزیكترین نموونەیش لە عێراقەوە، ئەزموونە دژوارەكانی لیبیا، یەمەن، سووریا، لوبنانی ساڵانی هەشتاكان و هەرێمی كوردستانی ساڵانی نەوەدەكانە. هەروەها لەو دۆخەیشدا جگە لە داڕمانی ئابووریی وڵات، دوور نییە شەپۆلی ئاوارەبوون و پەناهێنان بۆ كوردستان ڕوو بدات، بەتایبەت پاش ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان تێبینیی ئەوەیان كرد تەنانەت لە گرژییەكانی ئەم دوایییەیشدا جووڵەی هاتوچۆ لە بەغداوە بە ئاراستەی هەرێمی كوردستان زیاتر بوون لە جاران([13]).

ـ پەككەوتنی دامودەزگه‌ دەستوورییەكان و چەقبەستنی پرۆسەی سیاسی بۆ ماوەی زیاتر لە 10 مانگ؛ ئەمەیش وای كردووە حكوومەتی مستەفا كازمی دەستبەستراو بێت، بەو پێیەی كاربەڕێكەرە. پەرلەمانی عێراقیش كە نوێنەرایەتیی دەنگدەران دەكات، پەكی كەوتووە، لە كاتێكدا بەرهەمی 10 مانگی ئەم خولە تەنیا دەركردنی دوو یاسا بووە (بەتاوان ناساندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و ئاسایشی خۆراك)، كەچی كۆی خەرجیی 32 هەفتەی ئەو پەرلەمانە لەسەر خەزێنەی گشتی، 133 ملیار دینار بووە! ([14]).

ـ سەرباری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی جه‌نگی ئۆكرایناوە، عێراق وەك دەوڵەت نەیتوانی كەڵك لەو زیادەی داهاتە وەرگرێت بۆ پەرەپێدان؛ نەك هەر ئەوە بەڵكوو ساڵی 2022ی بەبێ بوودجە بەڕێ كرد. ئەمەیش یەكسانە بە وەستانی جموجووڵی بازرگانی و ئابووری و وەستانی خەرجیی پڕۆژە و دامەزراندنی نوێ و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران([15])؛ ئەوانەیش سەرچاوەی سەرەكیی جووڵەی بازاڕن. لەمەیش كاریگەرتر، ئەگەری كاریگەربوونی ساڵی ئاییندەیە (2023) بە لێكەوتەكانی ساڵی بێبوودجەیی (2022)، چونكە هەندێ لە یاساناس و شارەزایان باس لەوە دەكەن بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ بوودجە نەبووە، ساڵی ئاییندە هیچ پێشینە و یاسایەكی دارایی نییە پشتی پێ ببەسرێت و بۆشایییەكی یاسایی دروست دەبێت؛ چونكە "یاسای كارگێڕیی دارایی"ی عێراق، تەنیا حسابی بۆ یەك ساڵ بێبوودجەیی كردووە بۆ خەرجكردنی 1/ 12ی خەرجییەكانی پار؛ باسی ئەوەیشی تێدا نەهاتووە ئەگەر بۆشاییی دارایی بوو بە دوو ساڵ، مامەڵەكردن چۆن دەبێت؟([16]).

ـ قووڵبوونەوەی قەیرانی سیاسی و پەرەسەندنەكانی لە مەودای كورتدا گوشاری بەغدایان لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەمتر كردۆتەوە، بەتایبەت لە دۆسیەی نەوت، بەڵام  ڕێگرن لە هەر ئاوڕدانەوە و هەوڵدانێك بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی درێژخایەن؛ ئەمەیش لە كاتێكدا بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی كە بنجبڕ و یەكلایییە، یاسای نەوت و گازی هەرێمی بە نادەستووری داوەتە قەڵەم. ئەم بڕیارەیش، دەكرێت لە هەموو كات و ساتێكدا ببێتە كێشە بۆ سیاسەتی نەوتی و بۆ داهاتی حكوومەتی هەرێم. ئەو كێشانەی ئێستا لەناو ماڵی شیعەدا هەن، هەموو سەرنجەكانیان بردووە بە ئاراستەی خۆیاندا و، دەرفەتێك نییە بیر لە چارەسەركردنی كێشەكانی تری عێراق، لەوانەیش پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بكرێتەوە.

ـ  ڕاستە ئەگەری خزانی دۆخی عێراق بۆ جه‌نگی ناوخۆییی شیعە-شیعە زۆر بەهێز نییە، چونكە ئەوە یەكسانە بە زیانی ئێران، شلبوونی كۆنترۆڵی شیعە بەسەر حوكمڕانیی عێراق و لاوازبوونی كاریگەریی مەرجەعییەتی شیعە لەسەر بارودۆخ، بەڵام مانەوەی بارودۆخیش بەم شێوەی ئێستا (شەقام بەرامبەر شەقام)، وڵات دەخاتە بەردەم دووبارەكردنەوەی هاوكێشەیەكی نەگۆڕی لوبنانی (لا ازدهار ولا إنهیار) و، عێراق لە دۆخی وڵاتانی شكستخواردوودا دەهێڵێتەوە. ئەمەیش لە كاتێكدایە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی هەرێم و كۆبۆنی خۆراك پشت بە بەغدا دەبەستێت و كەرتی گەشتوگوزاری كوردستانیش هەر چاوی لە گیرفانی عەرەبەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقە.

ڕەوشی ئێستا و سەرەنجامی ململانێی شیعەكان  

بە گوێرەی دوا پەیامی سەدر (20ی ئابی 2022) ([17])، ناوبراو خۆی بۆ گەڕێكی تری بەریەككەوتن ئاماددە دەكات، كە گەورەترە لە مانگرتنی بەردەم پەرلەمان؛ هەوڵی ئەوەیش دەدات ململانێكە وەها وێنا بكات، كە شەڕی هەژار و بەشخواراوانە لەگەڵ دەسەڵاتداران و "شیعە ئەریستۆكراتەكان". ئەم گوتارەیش لە چینەكانی خوارەوەی عێراق، بڕێك كڕیار و جەماوەری هەیە.

بۆ سەدرییەكان لە پاش كشاندنەوەی فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمان و سووتانی كارتەكەیان لە دەسەڵاتی یاسادانان، بژاردەی ئەوتۆ نەماوە جگە لە شەقام. بۆ ئەوان لە ئێستادا هەموو كارت و گوشارەكان هەر دەچنەوە سەر بەكارهێنانی شەقام، تا ئەو كاتەی دەتوانن ڕكابەرەكانیان ناچار بكەن بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان. شانسی سەركەوتنی سەدرییەكانیش لەوەدایە تەوژمێكی عەقیدەییی سیاسیی هەڕەمین؛ خاوەن بنكەیەكی جەماوەریی بەرفراوانی گوێڕایەڵن، بەتایبەت لە شاری بەغدا؛ لە بەرامبەریشدا لایەنەكانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگیی ڕكابەریان، زیاتر نوێنەرایەتیی ئەو  جەماوەرە شیعەیە دەكەن كە لە بەكارهێنانی شەقام ئەزموونیان كەمە.

 سەدرییەكان خۆپیشاندان وەك تایبەتمەندیی خۆیان دەبینن، شوێنكەوتەكانی سەدر زیاتر شیعە هەژارەكان و چینە پەراوێزخراوەكانن؛ ئەمەیش بۆ ڕەوتەكە گه‌رەنتیی كۆكردنەوەی جەماوەرێكی گوێڕایەڵ و بزێو و پڕخرۆشە كە تەنیا چاوەڕێی فەرمان دەكات. بەڵام بەرەی بەرامبەر، زیاتر لە سێ هێزی سەرەكی پێك دێن كە سەدر ناوی ناون "سێكوچكەی شووم"، ئەوانیش حزبی دەعوەی مالیكی كە زیاتر شیعە دەستەبژێرەكانن (نوخبە)، یان ئەو شیعە سوودمەندانەی لە هەردوو ویلایەتەكەی مالیكی (2006_2014) بوونەتە خاوەن پێگە و بەرژەوەندی لە دەزگه‌كانی دەوڵەتدا. بنەماڵەی حەكیم و جەماوەری ڕەوتی حیكمەش، دەچنەوە سەر "شیعەی ئەریستۆكرات". هەرچی بزووتنەوەی عەسائیبیشە، پشتئەستوورە بە گەنجە چەكدارەكانی حەشد و ئەندامانی گرووپەكان، كە هەر دەجووڵێنەوە، ئاشكرا دەبن حەشدن و خۆپیشاندەری میللی و جەماوەری نین. ئەو دوو جارەیشی كە هەوڵیان داوە جموجووڵی جەماوەری دروست بكەن، زیاتر بە لای نمایشدا شكاوەتەوە تا خۆپیشاندان.

هەردوو بەرە شیعییەكە پێیان وایە دەتوانن كارتی شەقام ببەنەوە، بەتایبەت "زۆرینەی بێدەنگ"، بەڵام لەبەر ئەوەی موقتەدا سەدر بانگەشەكانی، یاخیگەرانەیە و باسی گۆڕینی سیسته‌م دەكات و ڕەخنەی توندی لە دەسەڵات هەیە كە خۆی بەشێكی سەرەكی بووە تێیدا، شانسی زیاتری هەیە لە دەرەوەی بازنەی خۆی هاوسۆز كۆ بكاتەوە، بە بەراورد بە ڕكابەرەكانی كە هەڵگری دروشمی پارێزگاری لە دەستوور و دەوڵەتن.

ڕاستە تشرینییەكان نیگەران و تووڕەن لە موقتەدا، پاش ئەوەی ئەزموونێكی خراپیان هەبوو لەگەڵ سەدرییەكان لە  2020، پاش ئەوەیشی مانگی هەنگوینییان تەواو بوو، تێڵابەدەستەكانی سەدر بڵاوەیان پێ كردن. بەڵام ئەمانە لەگەڵ لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگی خوێن و دوژمنایەتیی قووڵتریان هەیە و سەرەنجام هەر لە ڕەوتی سەدرەوە نزیكترن تا لایەنەكانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگی و، هەردوو لایان هاوڕان لەسەر پێویستیی گۆڕینی سیسته‌م، هەر یەك لە پێگە و ڕوانگەیەكی جیاوازەوە.

لە به‌رامبەر كارتی شەقامی سەدریشدا، شیعەكانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگی، كارتی كاریگەری زۆریان هەیە، لەوانەیش؛ هێزی چەكدار، دەوڵەتی قووڵ كە هی سەردەمی مالیكییە، پارە و ئیمكاناتی داراییی زۆر، كاریگەری لەسەر دامەزراوەی قەزا كە سەدر و هاوپەیمانیی سێقۆڵیی تەنگەتاو كرد بە زنجیرەیەك بڕیار، لە دەرەوەی ئەوانیش كاریگەری و نفووزی ئێران لەگەڵیانە و كۆكەرەوەی گەورەیانە؛ ئەگەریش هەیە، محەمەد ڕەزا سیستانی، كوڕە گەورەی مەرجەعی باڵای شیعە، ترسی هەڵكشانی زۆری ئەستێرەی موقتەدای هەبێت و حەز بە سەركەوتنی یەكجاریی سەدرییەكان نەكات. ئەمانەیش هێزی زیاتر دەدەن بە چوارچێوەی هه‌ماهەنگی كە بەرگری بكەن بەرامبەر جه‌ماوه‌ریبوون (شه‌عبییه‌ت)ی سەدر و ڕەوتەكەی و، بەئاسانی نەچنە ژێرباری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەو جۆرەی سەدر داوای دەكات.

سەرنج و پێشنیار

ـ ئەگەر چۆكدادان یان شكستی یەكێك لە دوو جەمسەرە سەرەكییەكەی ململانێی شیعە ڕێتێچوو نییە، لەبەر هاوتایی و نزیكایەتیی كارتەكانی بەردەستیان، بۆیە خۆیەكلاكردنەوەی لایەنە كوردییەكان لە بەرەیەك لە دژی ئەوی تریان لە پاش دڵشكانی سەدرییەكان، هەنگاوێكی ورد و ژیرانە نییە.

ـ هەوڵەكانی گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان لە هەولێر لە بری بەغدا، یان بەشداریكردن لەو گەلەكۆمەی شیعەكان دەیانەوێت لە سەدری بكەن، ڕەنگە پەرچەكرداری توند لە ئێستا و ئاییندەدا بە دوای خۆیدا بهێنێت؛ چونكە هەمیشە سەدرییەكان پێكهێنەری سەرەكیی پەرلەمان و پرۆسەكە بوون و، لە ئاییندەیش هەروەها دەمێننەوە و هیچ دوور نییە لەم خولەیشدا بە گوێرەی سەفقەیەك بگەڕێنەوە.

ـ ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان كرا بە پرۆژە، پێویستە بەر لەوه‌ لایەنە كوردییەكان پێداگری بكەن دیدگه‌ی چارەسەرێك بۆ پرسی نەوت و بوودجە و بابەتە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی بدۆزرێتەوە، بەتایبەت كە دەنگی لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان گرنگە.

ـ لە غیابی سەدرییەكاندا، چوارچێوەی شیعە بەبێ كورد و سوننە (بەتایبەت هاوپەیمانەكانی سەدر) ناتوانن هەنگاوی زۆر بچنە پێش؛ ئەمەیش كارتێكە بۆ كەڵكوەرگرتن و هەوڵی نێوانگریی هەردوو جەمسەرە ناكۆكەكەی شیعە لە چوارچێوەی پاكێجێكدا كە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانیش ڕەچاو بكات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP