دواین هەواڵ

شکستی پرۆژەی ئۆپۆزسیۆن لە گۆڕانەوە بۆ نەوەی نوێ

‌دییە عەلی

11/08/2022

چەمکی ئۆپۆزسیۆن لە بنەڕەتدا لە) ( opposito ی لاتینییەوە هاتووە، بەواتای ڕووبەڕووبونەوە، یان دژ وەستان، بەڵام لە ئینگلیزیدا (opposition )بەهەمان شێوە بەواتای ناڕازی بوون و دژوەستانەوە دێت.
ئۆپۆزسیۆن بەگشتی بەو پارت و ڕێکخراوانە دەوترێت، کە بەرنامە و ستراتیژیان هەیە لەڕێگای میکانیزمی دژوەستانەوە و یان بەرهەڵستیکردنەوە دەیانەوێت بگەن بە دەسەڵات و لەوێوە بەرنامە و ئەجنێدانی خۆیان جێبەجێ بکەن.  
ئۆپۆزسیۆن سیاسی پێویستییەکی هەنوکەییە بۆ بەرقەرارکردنی کۆمەڵگە و پێشکەوتن، دەرفەتی کێبڕکێی ئاشتیانە و بنیاتنەرانە دەڕەخسێنێت لەنێوان حزبە سیاسیەکاندا، هەروەها ئەرکی کۆمەڵایەتی- سیاسی گەورەی هەیە، چاودێری حزبە دەسەڵاتدارەکان دەکات، یان چاودێری وردی حکومەت دەکات بۆ ئەوەی حکومەت توشی هەڵدێر نەبێت.
هەموو دەسەڵاتێکی دیموکراسی پێویستی بەئۆئۆپۆزسیۆن دەبێت، بۆ ئەوەی مل بەرە و ستەمکاری و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات نەبێت.
ناکرێت سیستمی مەدەنی دیموکراسی بنیاتبنرێت بەبێ بونی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، واتە پەیوەندی نێوانیان پەیوەندییەکی تەواوکارییە بۆ ئاراستەیەکی دروست بەخزمەتکردنی کۆی کۆمەڵگا.
ئۆپۆزسیۆنی سیاسی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسی بووەتە بەشێکی گرنگ لەژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان و حزب و ڕێکخستنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستاندا.

سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان
بەدرێژایی مێژووی جیهان لەناویشیاندا کورد، کۆمەڵێ خەڵک هەبوون دژی سیستم یان ئەو بەڕێوەبەرێتییە بوون کە سەردار و پێشڕەو حکومڕانیان بووە، بەڵام بابەتی مەبەستی ئێمە ئۆپۆزسیۆنی سیاسییە بەتایبەتی لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی 1991ەوە لە کوردستان.
هەرچەندە بۆچونی جیاواز لەبارەی سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنەوە هەیە، هەریەکەی بەپێی بەرژەوەندی خۆی خوێندنەوەی بۆ دەکات، بەڵام بەگشتی ئەگەر وەک ڕایەکی موتەوازع وەریبگرین، لەگەڵ بونی حکومەتی هەرێم و هەژمونی هەردوو حزبی حاکم( پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) بەسەر حکومەتی هەرێمەوە هەندێ لە حزبەکانی تر وەک جۆرێک لە ئۆپۆزسیۆن خۆیان مانیفێست کردووە، بەڵام هیچ یەک لەو حزب و  گروپ و ڕێکخراوانە نەبوونە مەترسی جدی لەسەر پێگە و هەژمونی پارتی و یەکێتی، هەتا دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان.
هەرچەندە پێش گۆڕانیش هەوڵ هەبوو بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی کارا دروست بێت، هەر بۆنمونە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی 2005 بەلیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی کرد، بەڵام بارەگاکانی لە بادینان کەوتە بەرهێرشی لایەنگرو ئەندامانی پارتی و بەدەر لەسوتاندنی چەند بارەگایەک بەڵکو چوار بەرپرس و کادی ئەو حزبە کوژران.
بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان بە یەکەم بەشداریکردنی لە هەڵبژاردندا لە 25-7-2009 توانی 25 کورسی لە 100 کورسی بەدەستبهێنێت، بەوەش بۆیەکەمجار فراکسیۆنێکی گەورەی ئۆپۆزسیۆن چوونە پەرلەمانەوە، تاڕادەیەک بەرنامە و ستراتیژییان هەبوو بۆ ئەوەی دنیایەکی جوانتر بۆ تاکی کورد دەستەبەر بکەن، بەڵام لەدوایدا چی بەسەرهات؟!

گۆڕان وەک یەکەم ئۆپۆزسیۆنی کاریگەر
بزوتنەوەی گۆڕان بەیەکەم بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا توانی یەک لەسەر چواری کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەدەستبهێنێت لەساڵی 2009 ئەمەش وای لە گۆڕان کرد، بۆیەکەمجار ببێتە مەترسی لەسەر هەژمونی پارتی بەگشتی و یەکێتی بەتایبەتی، بەڵام ئەم سەرکەوتنە تەمەنی زۆر نەبوو، یان نەیتوانی هیچ بەرەوپێشچونێکی وەها بەخۆیەوە ببینێت، تاکار گەیشتە ئەوەی لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا نەیتوانی کورسییەک بەدەستبهێنێت، بەوشێوەش گۆڕان بووە مێژوو، هیچ کەسێکیش ناتوانێ جارێکی تر پێشبینی هەستانەوەی ئەو حزبە بکات، بەتایبەتی ببێتەوە بەهێزێکی کاریگەر و مەترسی بۆ سەر هەژمونی پارتی و یەکێتی دروست بکات.
گۆڕان سەرەڕای ئەوەی سەرکردەیەکی لێهاتووی وەک نەوشیروان مستەفای هەبوو، کە هەم خاوەنی خەباتی شاخ و شار بوو، هەم دنیابینییەکی جیاوازی هەبوو بۆ سیاسەتکردن و ململانێی سیاسی، ستراتیژییەتی هەبوو بۆ کارکردن، بەڵام ئەویش تەمەنی زۆر نەبوو بەمردنی نەوشیروان مستەفا مۆمی گۆڕان بەجۆرێک کزبووە، واخەریکە بەیەکجاری دەکوژێتەوە.

گۆڕان و هەڵە ستراتیژییەکانی
هەرچەندە گۆڕان هەڵە و هەڵەی ستراتیژی زۆر بوو، کەوایکرد ڕۆژگارەکەی بەم رۆ بگات، بەڵام بەندە لێرەدا بەکورتی لەسەر سێ خاڵ دەوەستێت:-
یەکەم- گۆڕان ئەگەرچی لەکاتێکدا دروستبوو، واخەریک بوو دەنگی ناڕەزایەتی و بزوتنەوەی جەماوەری، یان ئۆپۆزسیۆن هێدی هێدی گەشەی دەکرد، بەڵام گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفا بەتێکەڵکردنی سەرکردەکانی شاخ و گەنج و خوێنەوارانی شار دەنگە ناڕازییەکانی هەمووی قوتدا و شتێکی نەهێشت بەناوی دەنگی ناڕازی لەدەرەوەی حزبەکان، واتە گۆڕان بەم کارەی یەکەم هەڵەی ستراتیژیکرد و پانتاییەکی نەهێشتەوە بۆ خەڵکانی بێلایەن و ڕەخنەگر، کەبەیەک دورایی لە حزبەکانەوە بوەستێت.
دووەم-یەکێکی تر لە هەڵە دیار و زەقەکانی گۆڕان ئەو گوتارە پۆپۆلیستییە بوو، کە وای لە هاوڵاتیان گەیاندبوو ئەگەر دەنگی پێبدەن ئەوە بەهەشتیان بۆ دروست دەکات، بەڵام هاوڵاتیان دوای دەنگدانیان لە پێنچ هەڵبژاردنی یەک لەدوای یەک (پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان)بەڵام هیچ گۆڕانکارییەکی وەهای نەبینی بۆیە بێئومێد بوو لە گۆڕان و پشتی تێکرد.
سێیەم-هەڵەیەکی گەورەتر و کوشندەتری گۆڕان بابەتی سەرۆکی هەرێم بوو، کەلەوکاتەدا گۆڕان شەڕی گەورەی لەسەر ئەم بابەتەکرد، لەو پێناوەشدا گوێی لە داواکاری و پێشنیاری خەڵکانی دڵسۆز نەگرت و نەیدەتوانی لەوەتێبگات ئەم بابەتە هەروا سانا نییە، بۆنمونە نەوشیروان مستەبا پێی وابوو لەدانیشتنی پەرلەماندا ڕێژەیی یاسایی تەواو دەکات، بۆ هەمواری یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام بەهەڵەداچوو، چونکە لە دانیشتنی یەکەمدا ڕێژەی یاسایی تەواو بوو، بەڵام دوای فشارەکانی پارتی لەدانیشتنی دووەمدا شکستیانهێنا و نەیانتوانی ڕێژەیی یاسایی تەواو بکەن.
بەوهۆیەشەوە وەزیرەکانی گۆڕان لە حکومەت دەرکران و ڕێگا بەسەرۆکی پەرلەمان نەدرا بچێتەوە سەر کارەکەی، هەتا ئێستا بابەتی سەرۆکایەتی هەرێم، گرێکوێرەیەکە لە گۆڕاندا و هەرکەسە و چیرۆکێکی بۆ دادەتاشی، لەنێوان ئەوەی ئایا بەتەنها کاری یوسف محەمەدی سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمان بوو، یان فشاری نەوشیروان مستەفا پێی کردن، بەڵام لەدوای ئەم ڕووداوەوە، نەوشیروان مستەفا بەتەواوەتی بێهیوا بوو، چونکە ئەوکاتە برێت مەکگۆرکیش وەڵامی پەیوەندییەکانی گۆڕانی نەدەدایەوە، چونکە ئەمریکییەکان بە نەوشیروان مستەفایان وتبوو، وەختی هەموواری یاسای سەرکایەتی هەرێم نییە و ئێمە شەڕی داعشمان لەپێشەو ناکرێت، هیچ کارێ ببێتە هۆی لاوازکردنی سەنگەرەکانی ڕووبەڕووبونەوەی داعش، بەڵام گۆڕان گوێی بەو هۆشدارییەی ئەمریکییەکان نەدا، هەربۆیە کاتێ ڕێگا لەسەرۆکی پەرلەمان گیرا و وەزیرەکانی گۆڕان لە حکومەت دەرکران، ئەمریکییەکان هیچ هەڵوێستێکی وەهایان نەبوو.

نەوەی نوێ هێزێکی تازە و کۆپییەکی خراپ
نەوەی نوێ لەدوای ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دروستبوو، لەساڵی 2017  ەوە، تەمەنی تەنیا چوار بەهارە، بەڵام لەو ماوە کەمەدا بووەتە خاوەن پێگەیەکی باش لە کوردستان و عێراقدا.
هەرچەندە نەوەی نوێ لەیەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لەساڵی 2019دا هەشت کورسی بەدەستهێنا، بەڵام چوارییان لە نەوەی نوێ جیابونەوە و ئێستاش کازم فاروق وەک سەرۆکی فراکسیۆنەکە بەبیانوی نەخۆشییەوە دیار نییە، بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە نیگەرانییەکانی فاروق دەکەن لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید.
دواتریش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق توانی چوار کورسی بەدەستبهێنێت، ئەوانیش هەرچوارییان وازیان لە نەوەی نوێ هێنا.
لەنوێترین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، نەوەی نوێ بە نۆ کورسی توانی پێش گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووش بداتەوە و بەو هۆیەشەوە بووە هێزێکی خاوەن پێگەیەکی فراوانتر لە پەرلەمانی عێراقدا و ئێستاش یەکێکە لەو هێزانەی بەدەنگی بەرز داوای هەڵبژاردن دەکات هاوشانی پارتی.
نەوەی نوێ ئەگەرچی ئەنجومەنی باڵایی هەیە، بەڵام بڕیاردەری یەکەم و کۆتایی هەر شاسوار عەبدولواحیدە، چونکە ئەو خۆیی سەپۆرتی حزبەکە دەکات و سەرچاوەی دارایی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم حزبە لە کۆمپانیا و پرۆژە بازرگانییەکانی شاسوار عەبدولواحیدەوەیە، بۆیە ئەم حزبە بەتەواوەتی هی شاسوار عەبدولواحیدە، هەرکات ئارەزووی هەبوو هەرکەسێ بەرز بکاتەوە دەیکاتەوە و بیشیەوێت هەر کەسێ بخات یان دەریبکات ئەوە دەردەکات و کەسیش ناتوانێ بڵێ بۆ وات کرد.
عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی پێشووی گۆڕان لە کۆبونەوەیەکدا وتبوی "کێشەی شاسوار عەبدولواحید ئەوەیە نەک هەر بەرنامەکانی گۆڕان، بەڵکو هەڵەکانی گۆڕانیش دووبارە دەکاتەوە".
عەبدولواحید ئەگەرچی ئیلهامی لە گۆڕانەوە وەرگرتووە و ڕۆژگارێک هەفتانە سەردانی نەوشیروان مستەفای کردووە، بووەتە کۆپییەکی خراپی گۆڕان ئەگەر بەزووی خۆی ڕێکنەکاتەوە ستراتیژییانە کار نەکات ئەوە دوور نییە تەمەنی نەوەی نوێ لەتەمەنی گۆڕان کەمتربێت.

نەوەی نوێ هێزێکی بێ ڕوئیا و ستراتیژ
بۆحزب و ڕێکخراو، گرنگترین شت ڕوئیا و ستراتیژە، بەڵام ئەوەی بە عەمەلی دەبینرێت، ئەوەیە نەوەی نوێ هیچ ڕوئیا و ستراتیژێکی نییە، مامەڵەی ڕۆژانە لەگەڵ سیاسەتدا دەکات، بۆنمونە لەدروستبونی ئەم حزبەوە خۆپیشاندانی وەک چەکێکی کاریگەر وێنا کردووە، بەڵام لەدواین خۆپیشانداندا، کەئیلهامی لە خۆپیشاندانەکەی سەدرەوە وەرگرتبوو، چونکە پێی وابوو ئەو خەڵکە زۆرەی لەسۆشیاڵ میدیاوە ستایشی سەدر دەکەن، دێنە پشتی خۆپیشاندانەکەی ئەم، بۆیە حساباتەکەی هەڵەبوو، بەوەش توشی شکستێکی گەورەبوو، بەجۆرێک خەڵکانێکی ئەوەندە کەم هاتبوونە سەرشەقام کەشایەنی باسکردن نەبوو، ئەوە جگە لەوەی خۆشی ئەو رۆژە لەهیچ شوێنێکەوە دیار نەبوو، دواتر دەرکەوت لەفەیسبوکەوە سەیری خۆپیشاندانەکانی کردبوو.
شاسوار عەبدولواحید، هێندە موعجیبە بەلایک و کۆمێنت و هەڵای سۆشیاڵ میدیا، هێندە لەجیهانی واقیعدا سیاسەت ناکات، ئەمەش وادەکات بەردەوام دابڕاوبێت لەواقیع، لەلایەکی تریشەوە سۆشیاڵ میدیا لە کوردستان هەر رۆژەی لەسەر مەزهەبێکە، بۆیە خۆی دانەدەست سۆشیاڵ میدیا دواجار کارەسات بەرهەم دەهێنێت.
لەدنیاشدا نمونەی ئەم جۆرە لەبازرگانی سیاسی زۆرە و زیاتر وەک کەفوکوڵ سەرهەڵدەدەن و دواتر ئارام دەبێتەوە و نامێنێت، بۆیە بەپێی خوێندنەوەکان تەمەنی نەوەی نوێ درێژ نابێت و چۆن هات هەرواش دەڕوات و دواجار دەبێتە یادگارییەکی بۆ هەندێک خۆش و بۆ هەندێکی ناخۆش، کێشە گەورەکە ئەوەیە هەموو ئەمانەش ئومێدی هاوڵاتیان بەگۆڕانکاری و لاواز دەکەن، هەتا ئاستی نەمان.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP