واز لە موزایدە بهێنن بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن!
دییە عەلی
کۆبونەوەی٢٨ و ٢٩-٦-٢٠٢١ پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوەیەکی جیاوازبوو
لە هەموو کۆبونەوەکانی پێشتر، بۆ یەکەمجار بوو پارتی دیموکراتی کوردستان هێرشێکی
توند بکاتە سەر بەرپرسانی حوکمەت، بەڕادەیەک کە هەریەک لە وەزیری دارایی و وەزیری
سامانە سروشتیەکان و وەزیری هەرێم بۆ کار و باری دانوستان پرسیار باران بکرێن وەک
ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بن ئەمەش وایکرد کە پەرلەمان شێوەیەکی جیاواز وەربگرێت لەوەی پێشتر
کە هەبوو.
دەبوو لایەنەکانی حکومەت بەتایبەتی یەکێتی و گۆڕان
پێشتر ئاگاداری ئەوە بونایە یان لەوە تێبگەیشتنایە کە پارتی دیموکراتی کورستان زۆرینەی
پەرلەمان و حکومەتی بەدەستە، ئەگەر شتێک پارتی نەیەوێت هیچ لایەنێک ناتوانێت تێی پەڕێنێت
وە هەرشتێکیش پارتی بیەوێت بە ئاسانی تێیدەپەڕێت، بۆیە واباشتربوو یەکێتی و گۆڕان
دانوستانیان لەگەڵ پارتی بکردایە و بیانزانیایە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم هێزەدا دەکەن
کە هێزی یەکەمی کوردستانە،چونکە لە ماوەی ڕابردوودا هەریەکە لە یەکێتی و گۆڕان درێخیان
نەکردوە لە ئیستیفزازکردنی حکومەتی هەرێم بەگشتی و بە تایبەت وەزیرەکانی پارتی دیموکراتی
کوردستان بەدیاریکراوی مەلەفی نەوت چیان لەدەست هاتبێت دژی ئەم مەلەفە کردویانە،
بئ ئاگا لەوەی کە پارتی زۆرینەیە و ئەگەر پارتی کێبرکێیان بکات بێگومان هەردوو لایەنی
یەکێتی و گۆڕان بە دۆڕاوی دەردەچن، چونکە ئەمە مەسەلەی دیموکراسیە و زۆرینە و کەمینە
حوکم ئەکات لە هەرێمی کوردستان وە دیموکراسی لە کوردستان وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراسی
زۆرینەو کەمینەیە نەک دیموکراسیەک بێت بەپێی کەلتوری دیموکراسی و یەکتر قەبوڵکردنی
تەواوەتی هێزەکان.
پارتی کە زۆرینەی پەرلەمانی هەیە و هێزی یەکەمە
هەمیشە ئاراستەکان ڕوو لەون و ئەو بڕیاری سەرەتا و کۆتای دەدات.
هەرچەندە پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی
لای هاونیشتیمانیان بوەتە شوێنی موزایدەکردنی کۆمەڵێک خەڵک و کەمترین بەدواداچونیانکردوە
وەک ئەوەی کە ڕێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە دروستی بە پەرلەمانتارانی
وت ئەو ئامارانەی کە لە بەردەستیاندایە زیاتر لە هەزار پرۆژەی حوکمەت ۲٦ پرۆژە بە
دواداچونی بۆ کراوە کە لە کاتێکدا ئەمە ئەرکی سەرەکی پەرلەمانتارە کە بەدواداچونی
جدی بۆ پرۆژەکانی حوکمەت بکات وە چاودێری وردی حوکمەت بکات بە داتا و زانیاری قسە
بکات نەک هەر بە وتی وتی و قسە فڕێدان، چونکە ئەمانە دوا جار شتێک بۆ هاونیشتیمانیان
ئیزافە ناکەن.
ئۆپۆزسیۆن هەرچی بکات یان هەرچۆن ڕەخنە بگرێت ڕەنگە
کارێکی ئاسایی بێت چونکە ئەو لە ئێستادا هیچ شتێکی بەدەستەوە نیە ڕەخنە نەبێت وە
ناکرێت ئۆپۆزسیۆن لۆمەبکرێت لەسەر ڕەخنەکانی وە ناشبێت ئۆپۆزسیۆن تەنها قسە بکات،
بەڵکو پێویست بوو لە دانیشتنی ۲۸ و ۲۹ مانگی ڕابردوو ئۆپۆزسیۆن بەدواداچونی جدی هەبوایە تاوەکو بەڵگەی پێویست
و ڕاست و دروستی بخستایەتە ڕوو، بەڵام ئەوەی گوێمان لێبوو هەموو قسە سواو و دووبارەکانن
کە ڕۆژانە دووبارە و دەبارەی دەکەنەوە بۆیە نەیانتوانی شتێکی گەورە زیاد بکەن لە
دانیشتنەکە و ئەو هەلە بقۆزنەوە کە چۆن ڕوو بە ڕووی حوکمەت ببنەوە، بە پێچەوانەوە
حوکمەت زۆر سەرکەوتوانەتر و ڕاشکاوانەتر وەڵامی دانەوە توانی بە باشی گرەوەکە بباتەوە.
هەرچەندە گومان لەوەدانیە ئۆپۆزسیۆن لەم خولەدا
زۆر دەست و پێ سپین و بەجۆرێک کە هیچ کەسێک ناتوانێت ئیعتیمادیان لەسەر دروست
بکات، چونکە پەرتەوازەیی ئۆپۆزسیۆن و نەبوونی گوتارێکی ڕون وە نەبوونی ئیرادەیەکی
بەهێز و ناکارایی کادیرەکانیان بوە بە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم پرۆژەی ئۆپۆزسیۆندا
بۆئەوەی بتوانن هەم ببنە بەدیلی دەسەڵات هەم بتوانن ڕووبەڕووی دەسەڵات ببنەوە بیانەوێت
دۆخی کوردستان بگۆڕن بە ئاراستەیەک لە سود و قازانجی هاوڵاتیان بێت.
،کاتێک سەیری ئۆپۆزسیۆن دەکەیت گوتارەکانیان
دەبینیت هەست بەوەدەکەیت کە ئەم ئۆپۆزسیۆنە چەندە داما و دەست و پێسپیە زەحمەتە
بتوانێت هیچ شتێک زیادبکات بۆ هاونیشتیمانیان، دواجار دەگەینە ئاستێک کە خەڵکی هیچ
متمانەیەکیان بە ئۆپۆزسیۆن نامێنێت.
هەرچەندە دانیشتنەکەی پەرلەمان زیاتر لە چواردە
کاتژمێری خایاند و ۹۷ پەرلەمانتار قسەی خۆیانکرد کە ماوەیەکی زۆر زۆر بوو بەڵام و زۆرێک لە قسەکان دووبارە بوون و وە جوینەوەی
هەمان قسەی هاوڕێکانی پێش خۆیان بوو وە زۆربەشیان بەبێ بەدواداچونێکی ورد و بەبێ هیچ
داتا و زانیاریەک وەهەندێجار بڵاوکردنەوەی هەندێک داتا و زانیاری ئێجگار هەڵە لەکاتێکدا
ئێمە لە زاری وەزیرەکانەوە گوێمان لێی بوو کەچۆن هەڵەکانیان بۆ ڕاست ئەکردنەوە بۆمان
دەرکەوت کە ئەو پەرلەمانتارانە چەندە دەست و پێ سپین لە ئاستی پیشەکەی خۆیاندا، هەروەها
نەیانتوانیوە مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ پیشەکەی خۆیاندا بکەن و بەجدی نوێنەرایەتی خەڵکی
هەرێمی کوردستان بکەن.
گرنگە هەرسێ لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستان و
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن، چونکە هاونیشتیمانیان
چاویان لە ئایندەیەکی باشترە لانی کەم چاویان لەوەیە کە چۆن لێبڕینی موچە کۆتای بێت
و هەموو مانگێک مووچە کانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن و پرۆژەکان پەرەپێدەدەن وە بەردەوام
بن، هەروەها چاویان لەوەیە هەلی کار بڕەخسێت بۆ گەنجانی بێکار و ئەو ژمارە زۆرەی دەرچوانی
زانکۆ و پەیمانگاکان.
گرنگە ئەم سێ لایەنە بچنە پای بەرپرسیاریەتی و
واز لە موزایدە بهێنن و هاونیشتمانیان ئەم سێ لایەنە بە خاوەنی سەرەکی حوکمەت دەزانن
هەر کەم و کوڕیەک و هەر ئیشکالێک هەبێت لە ئەستۆی ئەم سێلایەنەیە ئەوانیش بەپێی قەبارە
و جیاوازی و بەرپرسیاریەتییان، بەڵام هیچ لایەکیان بێ بەری نین لەوەی کە لەحکومەتدا
ڕوودەدا، بۆیە واباشترە لەبری موزایەدە خۆیان کۆبکەنەوە بۆ کار و بەرنامەی جدی و
خزمەتی هاوڵاتیان.