پێویستە سود لەم مەترسییانە وەرگرین بۆ نەهێشتنی ناکۆکیەکان و ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی و بەتایبەت لێکنزیکبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی و بەدیهێنانی یەکڕیزی نیشتمانی، دەکرێت فشارەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆسەر هەرێمی کوردستان پاڵنەرێک بێت بۆ بەخۆداچوونەوە و بەهێزکردنی دەسەڵاتە گشتییەکانی هەرێم و داڕشتنی نەخشە ڕێگایەک بۆ حوکمڕانیەکی ڕەشید.
لە کاتە چارەنوسسازەکاندا سەرکردە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێ، کاتی ئەوەیە سەرۆک بارزانی ڕۆڵی مێژوویی بگێڕێت و لەبەرامبەردا لایەنەکان بەتایبەتی یەکێتی هاوکار و پاڵپشتی بن.
پێویستە بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵی دەرفەتێک بێت بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم و بەهێزکردنی دامەزراوە سیاسی و یاسایی و کارگێڕییەکانی هەرێمی کوردستان.
مەترسییەکان پلانێکی هەرێمایەتییە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا و بەداخەوە بە چاوپۆشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێت.
سیاسەتی کۆشکی سپی لە ڕێگای " تۆم باراک" باڵوێزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا بە ڕوونی پاڵپشتی لە یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی هەرێمی و بەهێزکردنی سیستەمی حوکمڕانی ناوەندی لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات، دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی (pkk) لە باکوور و بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیتیحادی و یاساکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ سنوردار کردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، بە سود وەرگرتن لە لاوازی و بێتوانایی نوێنەرانی کورد لە بەغدا و ململانێی ناوخۆیی هەرێم و لێکترازانی نێو ماڵی کورد سەلمێنەری ئەو ڕاستییانەن.
ئەوەی هەرێمی کوردستان جیا دەکاتەوە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان سیستەمی فیدراڵییە کە لە دەستوری ھەمیشەیی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ز جێگیر کراوە و قەوارەی ھەرێمی کوردستانی وەک ھەرێمێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتودا ناساندووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام ویستێک هەبووە بۆ لە قاڵبدانی قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان و بچوککردنەوەی دەسەڵاتەکانی و کەمکردنەوەی پسپۆڕیەتییەکانی حکومەتی هەرێم و داماڵینی مافە دەستورییەکانی گەلی کورد تا ئاستی باسکردن لە هەموارکردنەوەی دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدراڵی.
گفتوگۆی دادوەر "فایەق زێدان" سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەگەڵ (تۆم باراک) لە میانی بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی دەستپێشخەری عێراق ٢٠٢٦ (Iraq Initiative conference 2026) كە لە لایەن پەیمانگای شاهانە بۆ کاروباری نێودەوڵەتی (Chatham House) ڕۆژی (٢٠٢٦/١١/١١) لە لەندەن ئەنجامدرا، سەبارەت بە هەموارکردنەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ز و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، هەروەها لێدوانەکانی دادوەر "فایەق زێدان" لە کۆنفرانسەکەدا سەبارەت بە گرنگی هەموار کردنەوەی ئەو مادە دەستورییانەی کە پەیوەندییان بە پسپۆڕیەتی و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن.