دواین هەواڵ

هەرێمی کوردستان لەبەردەم هیچ هەڕەشەیەکی وجودیدا نییە

‌عادل باخه‌وان

16 کاتژمێر پێش ئێستا

ئایا هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەی وجودیدایە ؟

لە شەش ساڵی ڕابوردودا، چەندین جار و لە چەندین ساتەوەختی قەیراناویدا ئەم بابەتە وروژێنراوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەو کاتیگۆریە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیرانەوە کە تائێستاش گرێی کۆماری مەهاباد لە ڕۆژهەڵات و ئەزموونی ئۆتۆنۆمی حەفتاکانی باشوریان تێنەپەڕاندوە و بەردەوام پێیانوایە کە، سەبارەت بە پرسی کورد، مێژوو هەمیشە خۆی دوبارەدەکاتەوە. بەڵام زۆر بەڕاشکاوانە و بەدڵنیاییەوە ئەڵێم : نەخێر، هاوڕێیان، مێژوو خۆی دوبارە ناکاتەوە و هەرێمی کوردستان لەبەردەم هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی وجودیدا نیە. 
ڕاستە پارتی و یەکێتی ناکۆکن، ڕاستە نەک هەر گۆشتی یەکتری دەخۆن و تەنانەت لە هەندێک دۆخیشدا ئێسقانی یەکتریش دەشکێنن، بەڵام هاوڕێیان، من کە زیاتر لە شەش ساڵە، لەو دیوی پەردەکانەوە دەیانبینم و گفتوگۆی یەکجار ڕاستەوخۆ و ئەنتیمیان لەگەڵدا دەکەم، دڵنیاتاندەکەمەوە کە پارتی و یەکێتی باش لەوە تێگەیشتوون کە یەک بۆ یەکتری هەم باشترین دۆست و هەم باشترین ڕکابەریشن. 
دواتر، حاکیمیەتی شیعە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەردەم ئیمتیحانێکی وجودیدایە، هەر لە تارانەوە تا دەگاتە بەغدا و بەیروت و سەنعا. ڕاستە خەیاڵدانی دەستەجەمعیی کورد، پڕە لە مەترسی و بێمتمانەیی بەرامبەر بە حاکمیەتی شیعە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە، لەدەرەوەی پڕوپاگەندە و ڕاگەیاندن و هات و هاوار، حاکیمەتی شیعە نەک هەر لە هەلومەرجی بابەتی وادانیە کە ببێت بە هەڕەشەی وجودی بۆ سەر کورد، بەڵکو هەموو تواناکانیشیان بەکاردەهێنن بۆئەوەی کە کورد، گەر دۆستیشیان نەبێت، بێلایەنبێت لەم جەنگە وجودیەی حاکیمیەتەکەیاندا.
پاشان کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ! ئەو هەموو حیکایەتانەی کە ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا باسدەکرێن و بەشێک لە میدیاکاران و تەلەفزیۆنەکان برەوی پێدەدەن، نە ئەسڵی هەیە نە ئەساس ! ڕاستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گلەیی زۆریان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ڕاستە ڕەخنەی زۆریان هەیە، ڕاستە تەنانەت توڕەییشیان هەیە، بەڵام تەنها دۆستەکانن گلەیی لە یەکتر دەکەن و ڕەخنە لەیەکتری دەگرن و لە یەکتری توڕەدەبن ! لەدەرەوەی ئەمە، لە پاریسەوە تا واشنتۆن، شتێک نیە بەناوی پیلان لە هەرێمی کوردستان، بە گوتارەکانی تۆم باراکیشەوە. ئەمە لەبەر ئەوە نا کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کوردیان لەبەر کوردبوون خۆشدەوێت، هەرگیز شتی وا لە هاوکێشە نێودەوڵەتیەکاندا نیە، بەڵکو لەبەرئەوەی کە هەرێمی کوردستان چەند پێویستی بە هێزەکانی نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە، هێندەش ئەوان پێویستی بابەتیان بە هەرێمی کوردستانە ! 
بۆیە دوبارەی دەکەمەوە کە نەخێر مێژوو خۆی دوبارە ناکاتەوە و نەخێر هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی وجودیدا نیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP