دواین هەواڵ

عێراقێکى بێ سەروەرى و سیناریۆیەکى دیکەى کشانەوەى ئەمەریکاوهاوپەیمانان

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

10 کاتژمێر پێش ئێستا

 
عێراق نەک هەر وەک دەوڵەت بەڵکو لە چەند ناوچەیەکى جوگرافى و فرە نەتەوەیی و ئایینى و مەزهەبى بە زۆر لکێنراو و دروستکراو بە درێژایی یەک سەدەى رابردوو ، هەرگیز سەقامگیرى و ئارامى و دڵنییایی بەخۆیەوە نەبینیووە و نەیتوانیووە جێى خۆى لە نێو دڵى پێکهاتەکانى بکاتەوە ، بەڵکو بە هاتنە سەر دەسەڵاتى هەر حکوومەتێک رۆژ بەرۆژ زیاتر تووشى قەیران و ئاڵۆز و گرژى بۆ ناوخۆ و دەرەوە بووەتەوە ، ئەمە جگە لە دەستوەردانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە رابردوو و ئێستاشدا وایکردووە کە هەرگیز خاوەنى سەروەرى سیاسى و ئابوورى و ئەمنى خۆى نەبێت و هیچ حکوومەت و لایەنێکیش خۆشەویستیان نەبێت جگە لە بەتاڵانبردن و بەرژوەندییە تایبەتییەکانیان 
بە هەڵوەستەکردن وسەرنجدان لەسەر رووداوەکانى پاش رووخانى ڕژێمى بەعس لە ماوەى 23 ساڵى رابردوو تا ئێستاش وێراى ئەوەى عێراق لەسەرڕەزامەندى گەل و پێکهاتەکان و هەموو لایەنە سیاسییەکان بووە خاوەن دەستوور و ئینجا سیستەمێکى فیدڕاڵى و لەسەر بنەماى هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى ، نەک هەر نەیتوانى دیموکراسى و پێکەوەژیان و هاوبەشى هەرس بکات ، بەڵکو رۆژ بەرۆژ بەرەو ئاقارێکى خراپتر لە جاران چووە، وێراى ئەوەى هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتى ئەمەریکا ڕۆڵى سەرەکى بینى لە ڕووخاندنى ڕژێمى بەعس و بونیاتانى عێراقێکى نوێ ، بەڵام دەستوەردانە دەرەکییەکان و دروستکردنى دەیان گروپى میلیشیایی و زاڵ بوونى بیرى تایفى و مەزهەبى ئەو وڵاتەیان گەیاندۆتە خراپ تر دۆخ 
ئەوەتا ئێستا جارێکى دیکە ، وابریارى رۆژى 30ى ئەیلوولى 2026 جارێکى دیکە ئەمەریکاوهاوپەیمانان ل عێراق بکشێنەوە ، ئەوەش هەڵەیەکى دیکەى ستراتیژى و لە ژێر گوشارى دەرەکى ئێرانى و بێ ئەوەى بەغدا هیچ دیدگایەکى روونى هەبێ لە ئەنجامەکانى ئەو کارە نابەجێیە ، تەنها لە ژێر کاریگەرى هەندێک دروشمى سیاسى و لە بەرژوەندى چەند گروپ و تاقمێکى میلیشیایی وەلائیی داهاتووى عێراق بە ئاقارێکى مەترسیدارتر لە کاتى هێرش وپەڵاماردانى تیرۆریستانى داعش دەبات 

عێراقێکى بێ سوپا و سەروەرى 
بە گەڕانەوەى بۆ لاپەرەکانى مێژووى دوێنى و ئێستاش ، عێراق هەرگیز خاوەنى سوپایەکى نیشتیمانى نەبووە کە دەستوەردانى دەرەکى و مەزهەبى و تایفى و شۆڤێنى تێیدا نەبوو بێت ، ئەوەش وایکردووە هەمیشە بیرى کودەتا و کوشتن و تیرۆر بە سەریدا زاڵ بێت ، هەر لە سەردەم دەسەڵاتى عەبدولکەریم قاسم لە ساڵى 1958 تا کاتى رووخانى ڕژێمى بەعس لە ساڵى 2003 و، هەمیشە بەڕێگە ئەنجوومەتێکى سەربازیی و بەدەستوورێکى کاتییەوە حکومڕانی پێکراوە ، لەماوەى 45 ساڵدا ، عێراق لە ڕووى سەربازى و سیاسى و ئەمنیشەوە ، لەلایەن پێکهاتەیەکەوە حکوومڕانى کردووە ، لەگەڵ ئەوەى 23 ساڵ پێش ڕژێمى فاشیزمى دیکتاتۆرى لەلایەن ئەمەریکاوهاوپەیمانانەوە ڕووخێنراوە و عێراقێکى نوێى لەسەر بنەماى هاوبەشى و فڕە پێکهاتەیی بۆ بەڕێوەبردنى دەوڵەت دروستکرا و عێراق بووە خاوەنى دەستوورێکى هەمیشەیی ، بەڵام بە شێوەیەکى گشتى لەلایەنە سەربازى و ئەمنیەکەى لەدەستى عێراق دا نەبوو ، بە پێى ڕێککەوتننێک لەساڵى 2008 ، هێزەکانى ئەمەریکا لە کانوونى یەکەمى 2011 لە عێراق کشانەوە ، ئەو  کشانەوەیە هاوکات بوو لەگەڵ روودەکانى سەرهەڵدانى بەهارى عەرەبى 

عێراق و ململانێى تایفى و مەزهەبى دەستوەردانى دەرەکى 

بە دەستپێکردنی پرۆسەکە و کشانەوەى هێزەکانى ئەمەرکیا ، ئەو پێکهاتە سیاسى و تایفى و مەزهەبییانە ئەو کاتەش بەرچاویان روون نەبوو وهیچیان سەربارەت بە پێشهات و لێکەوتەکان وئەنجامە نەرێنیەکانى نەدەزانى ، ئەو هەڵە ستراتیژییە ، وایکرد و ڕێگەى خۆشکرد بۆ شەڕى تایفى و ئینجا خۆ زاڵکردن و جۆرێک دیکتاتۆرى و خۆسەپاندن بەسەر گەل و پێکهاتەکانى دیکەدا ، بۆیە لەو قۆناغە ململانێیانەدا ئیتر زەمینەسازى دروستبوو بۆ بەهێزتر بوونى داعش و گروپە میلیشیا هاوشێوەکانى دیکە، ئینجا زیان و  کارەساتى گەورەى لێکەوەتەوە 

 عێراق و سیناریۆیەکى دیکە بۆ گرژى و ململانێی ناوخۆییەکان و دەستوەردانى دەرەکى 
ئەوەتا ئێستا جارێکى تر مێژوو  و سیناریۆیەکى تر دووبارە دەبێتەوە ، بۆیە کاتێک ئەو گروپ و میلیشیایانە و لایەنە سیاسییانە لە ژێر گوشارى دەرەکى پێیان وایە بە کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکاو دەتوانن عێراق و سەروەرییەکەى بپارێزن ، بۆیە ئەو دووبارەبوونەوەى ئەو هەڵەیە مەترسى سەرهەڵدانەوەى هەمان سیناریۆ لەلای زۆرێک لە پێکهاتەکان لە ئارادایە ، بەتایبەتى هێرش و پەلاماردانى ئەو گروپ و میلیشیانە بۆ سەر وڵاتانى عەرەبى و سووننەکان بەتایبەتى کە لە ئێستادا نێوماڵى هیچکام لە تایفە و مەزهەبەکان کۆک و تەبا نین لە ئارا دایە ، گرژى و دەستوەردانەکان زیاتر دەکات

بۆیە عێراق لەدواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکاوهاوپەیمانان ، دەکەوێتە بۆشاییەکى ئەمنى و سیاسى و سەربازییەوە ، تا کە ڕێگەى چارەسەرى گەڕانەوەى بۆ هاوبەشى و سازان و هاوبەشى و سەروەرى و بەڕێوەبردنى حکوومەتى بەغدا ،هەروەها دەسەڵاتى سەربازى و ئەمنییەکان بە بێ بوونى هیچ گروپ و تاقمێکى میلیشیایی لە ژێر فەرمانى سەرۆکوەزیران بێت ، ئەگینا دووبارە بوونەوەى سیناریۆى جەنگى ناوخۆیی و دەستوەردانى دەرەکى و کوشتن و تیرۆر و تێکدان و گەڕانەوەى بۆ خاڵى سفر لە کات و ساتدا دەبێت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP