دواین هەواڵ

چەند هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران:

‌مەیسەم مورادی

پێش 3 هەفتە


یەکەم: بناغەی ئەم هێرشانە لە سێ هەفتەی پێشەوە، لەسەر ئەوە داڕێژرا کە ئێران بهێننە سەر مێزی دانوستاندنی نوێ و تەنگەی هورمز بکاتەوە—لەدرێژەی هێرشەکان تا دوێنێ، ئێران هیچ پەیامێکی ڕاستەوخۆی بە ئەمریکا نەگەیاند لەسەر گفتوگۆکردن لەسەر هورمز، هەر ئەمەش دۆناڵد ترەمپی تووڕە کرد و گەیاندنی بەو درئەنجامەی کە ئێران لە زمانی هێز تێدەگات، بۆیە لەسەر ئەوەی کە مەیلی ترەمپ بەلای هێرشەوە نەبووە و دانوستاندنی دەویست، ناچار بوو بیر لە هێرش بۆ سەر ژێرخانی ئێران بکاتەوە بۆ ئەوەی ئێران واز لە ملهوڕیەکانی لە تەنگەی هورمز بهێنێت. ئێرانییەکان لەم هاوکێشەیە باش تێگەیشتن، بۆیە لە ئاخر ساتەکاندا، پەیامی خۆیان لەسەر گفتوگۆکردن لەسەر تەنگەی هورمز، بە دۆناڵد ترەمپ گەیاند. مادام دۆناڵد ترەمپ هەمووکات مەیلی بەلای دانوستاندنەوە بووە، زۆر بە ئاسانیش لە فەرمانی هێرش پاشەکشە دەبێتەوە و دەرفەتێکی دیکە بە دانوستاندن دەدات. من باوەڕم وایە کە دۆناڵد ترەمپ بەدوای ڕێگەیەکە کە بەبێ هێرش تەنگەی هورمز بکاتەوە و دەرچوونێکی ئابڕوومەندانە بۆخۆی لەسەر تەنگەی هورمز بەدەست بهێنێت. 

دووەم: لێزانی و شارەزایی کەسانی تێکەڵاو بە دۆسیەی تەنگەی هورمز. چاو لەو کەسانە بکەن کە لە دوێنێوە پێوەندیان بە دۆناڵد ترەمپ و تیمەکەی کرددوە؛ هاکان فیدان، عاسم مونیر، محەممەد بن عبدولڕەحمان بن جاسم ئالی سانی، محەممەد بن سەلمان، فەیسەڵ بن فەرحان، و هتد. ئەمانە هەموویان ئێسکیان لە سیاسەتدا شکاوە و ساڵانێکی زۆرە بەپێچەوانەی دۆناڵد ترەمپ، لە مەترسیدارترین شوێنی جیهان، واتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەریکی سیاسەتن و زۆرێک لە فرتوفێلەکانی سیاسەت دەناسن کە دۆناڵد ترەمپ هەر نازانێت چۆن و چییە! ئەم کەسانە ئەوەندە زیرەکن، دەزانن کام ڕێگا لە چ کاتێکدا بخەنە بەردەمی دۆناڵد ترەمپ، کە بەئاسانی پاشگەزی بکەنەوە. 

سییەم: بوونی ئیسرائیل وەک ئەکتەرێکی نەخوازراو لە لایەن پاکستان، تورکیا و قەتەرەوە لە هێرشەکەدا. باسکردن لەوەی کە ئیسرائیل هاوشانی ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئێران، تورکیا و پاکستان و قەتەر زۆر زیاتر هان دەدات بۆ ئەوەی پێش بە هێرشەکە بگرن. ئەم سێ وڵاتە قەت نایانەوێت جارێکی دیکە سوپای ئیسرائیل ئەو نمایشە سەربازیە زەبەلاحە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، چونکە هەر جووڵەیەکی ئیسرائیل وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەبینن. بۆیە ئەم سێ وڵاتە هەرچەندە پێیان خۆش بێت ئێران لاواز بێت، بەڵام نایانەوێت تێچووی لاوازبوونی ئێران، بەهێزبوونی ئیسرائیل بێت، تەنانەت ئەگەر سیمبۆلیکیش بێت. 

چوارەم: مەترسی بۆ سەر عەرەبستان و داخستنی بابولمەندەب. لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی لەوشێوەیە، هیچ گومانێک لەوەدا نەبوو کە ئێران لە ڕێگەی حووسیەکان و حەشدی شەعبیەوە هێرشی دەکردە سەر عەرەبستان، میسر، ئۆردن و بابولمەندەب. خوێندنەوەی من ئەوەیە کە هێشتا زوو بوو بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشەی ئەمریکا و ئیسرائیل، چونکە هێشتا هاوپەیمانی سەربازی بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسیەکانی حووسیەکان لە بابولمەندەب پێکنەهاتووە، بۆیە دەبێت سەرەتا ئەو هاوپەیمانیە پێک بێت، بابولمەندەب پارێزراو بێت و عەرەبستان مەترسی لەسەر نەبێت، ئەوکات هەنگاوێکی گرنگی ئەو هێرشە نراوە. 

پێنجەم، کۆتایی: تێچوویی سەربازی بۆ ئەمریکا. لە یەک هەفتەی پێشووەوە ئەمریکا خەریکە بەرەی شەڕی خۆی لەگەڵ ئێران دەباتە پاشەوە بۆ وڵاتی ئۆردن. یەک هەفتە پێش، فەرماندەیەکی سەنتکۆم بە دۆناڵد ترەمپی وتووە کە ئەگەری ئەوە هەیە نەتوانین بەباشی پارێزگاری لە ئیسرائیل بکەین، چونکە هێزی پێویستمان لە ناوچەکە نییە. مادام کە ئەمریکا دەزانێت دوای هێرش بۆ سەر ئێران، ئۆرن دەکەوێتە ژێر ئاگر و لەوێوە هاوکات ڕێگەی چوونەژوورەوەی مووشەکەکانی ئێران بۆ ئیسرائیل دەکرێتەوە، دۆناڵد ترەمپ دووجار بیر لە هێرشەکەی بۆ سەر ئێران دەکاتەوە و تا ئەوکاتەی هێز و چەکی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکات، بڕیاری هێرش بۆ سەر ئێران، بڕیارێکی ئاسان نییە. 

لە کۆتایید ئەوەش بڵێم، بەپێچەوانەی ئەو هەموو هاتوهەڵای ڕاگەیاندنیە، من زۆر دڵنیا نەبووم هێرشەکە ئەنجامبدرێت، چونکە چەند وێنەی گرنگ هێشتا لام ناڕوون بوون. بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نییە هێرشەکە قەت ئەنجامنادرێت. من باوەڕم وانییە ئێران لەسەر تەنگەی هورمز پاشەکشە بکات، بۆیە ئەمریکاش ناچارە لە کۆتاییدا ڕێگەی سەربازی بگرێتە بەر، بەڵام ڕەنگە کاتی پێویست بێت. ئەم قۆناغەی بەریەککەوتن زۆر چارەنووسسازە و پێویستی بەوە هەیە هەموو هەنگاوەکان زۆر ورد و ژیرانە بن، چونکە دەتوانێت وەک شمشێڕی دوو دەم بێت بۆیان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP