باشترین نیشتیمانپەروەریی و کوردایەتی ئەوەیە کە، یەکەم، لە ڕۆحی ئەم سەردەمە تێبگەیت، دوەم؛ ئاقڵمەندان لە دەرەوەو ناوەوەی کوردستان بخەیتە ڕیزی پێشەوە، سێهەم؛ دامەزراوەی بەهێز و فرەچەشن بەرجەستە بکەیت. وەک گوێم لە دیدارێکی پڕۆفیسۆر د. شێرزاد نەجاڕ بو، دەیوت؛ بەدەگمەن پیاوی ئاقڵ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو دەبێت.
نیشتیمانپەروەرییەکی وەها، دەتوانێت کوردستان بکاتە خاوەنی سیستەمێکی دارایی و بانکیی وەها بەهێز لەماوەی دەساڵی ئایندەدا ئەو قەرز بداتە بەغداو ئەنکەرەو وڵاتانی دی. دەکرێت[ ئاسانیش دەکرێت] ئەگەر ڕێگەبدەن نیشتیمانپەروەرییەکی وەها سەت ملیار دۆلاری بیانی ڕابکێشتە ناوەوەی کوردستان گەورەترین دامەزراوەی پیشەسازیی-پیترۆکیمیاویات بەهۆی گازی سرووشتییەوە بونیاد بنێت، نیزیکەی پەنجا هەزار دەرفەتی کار بۆ گەنجەکان بە مووچەی بەرز مسۆگەر بکات، سەرچاوەکانی داهات فرەچەشن بکات، لەڕێگەیەوە چەندین ماددەی کیمیایی دیکە هەناردە بکات، پەیینی کیمیاوی بەرهەم بهێنێت و ئاسایشی خۆراک بەهێز بکات و...تادوایی.
پانزە ساڵە ڕام وایە، باشرین کوردایەتی و نیشتیمانپەروەریی ئەوەیە لە ناوەوە "بونیادنان" بکەیت، لە دەرەوە بەدوای "دانپایانان و بەرز-ڕاگرتن" بگەڕێیت. ئاسانە؛ کەمتر لە دوو- بۆ-سێ مانگی پێویستە وەک دامەزراوەیەکی توێژینەوە وابکەین لەگەڵ دە ناوەندی هاوشێوەی جیهانی و ناوچەیی و عێراقییدا شەراکەت ئیمزا بکەین، ئامادەبین لە دونیادا. کوردایەتی ڕاستەقینە ئەوانەیە..ئەوەیە تۆ پەروەردەو فەرهەنگێکی بەهێز درووست بکەیت و هەت بێت؛ بۆ ئەوەی کەلتورێکی بەهێز و توانایەکی مرۆیی بەهێز لە پشتتەوە وەستابن.
ئێ بەڵام، ئەوانەی باسی نیشتیمانپەروەریی دەکەن، نەک هەر هاوکاریی ماددیی و لۆجیستی ناکەن، بەڵکو یان هەریەکەو بە جۆرێک کێشە درووست دەکەن، یان لایەنی کەم هەماهەنگ نیین. لە ژینگەیەکی وادا تۆ بەردەوام هەست دەکەیت ئەگەر هەر کەسێک دیدگایەک، یان مەعریفەیەک، دەستپێشخەرییەکی بۆ بونیادنان هەبێت بە سەت ڕێگە لە چەندین شوێنی "نەبیندراو"ەوە بێزار و بێدار دەکرێت! هەریەکەو قات و بۆینباخ و ئۆتۆمبیلێکی جام ڕەش و کافتریا یان کۆمپانیایەکی داناوەو، لە حکومەتیش یان وەزیفەیەکی هەیە یان دەستی تێکەڵەو، ئیتر خۆی وا دەبینێ کە زەوی بە دەوری ئەودا دەسووڕێتەوە؛ زەوی بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە نەک تۆ..! کابرا پرۆپۆزەڵێکی پێشکەشکردوە، کەناڵێکی ئاسمانی بۆ دەنگە-دەنگ بۆکراوەتەوە؛ بە بێ ئەوەی ئەو کەناڵە تەنها یەک دۆست، یەک لایەنگری بۆ خاوەنی ئیمتیازەکەی زیاد کردبێت!
بۆیە، لە دەرەوەی ئەو قسانەی لای سەرەوە، هەمووی هەر درووشم و هاتوهاواری بێماناو خۆ-شاردنەوەیە لە هەر کوردایەتی و نیشتیمانپەروەرییەکی ڕاستەقینە. هاوڕێیەکمان، لە بی بی سی ماوەیەک ئیشی دەکرد، بەوهۆیەوە گەیشتبوو بە زۆربەی سەرکردەو بەرپرسە باڵاکانی عێراق و ناوچەکەو جیهان، وای لێهاتبوو، خۆی لێ گۆڕابوو؛ خۆی لێ بو-بو بە بی بی سی-bbc؛ دوای ماوەیەک بی بی سی دەریانکرد، ئنجا تێگەیشت کە ئەو شتێکی وا نییە ئەگەر بی بی سی نەبێت! بە کورتییەکی ئێژم؛ ناوی بارزانی و کوردایەتی نابێت بۆ پۆخڵەوات و لووتبەرزی و وێرانکاریی بەکار بێت.
"بەهرۆز جەعفەر"