لە 30ی ئۆکتۆبەر 2025 قەیس خەزعەلی لە چاوپێکەوتنێکی دورو و درێژدا كە كەناڵی العهد بەلاو كردەوە باسی کوردستانی کرد و تیروانینی خۆی سەبارەت بە هەرێمی کوردستانی خستە ڕوو. لە وتارەکانی خۆیدا ئەم خالانەی باس کرد:
1- ھەرێم كە مەبەستی پارتییە لۆبی هەیە لە درەوە و پارە و داهاتی نەوتی عێراق بەکاردەهێنن، بە ئامانجی تێکدان یان لاوازکردنی ئەزمونی سیاسی و دەسەڵات لە بەغداد.
2- پارتی پێیوایە كە ئەگەر بەغدا لاواز ببێت ئەوا لە بەرژەوەندیی كورد و ھەرێمدایە.
3- هیچ قەناعەتێکی هاوبەش نییە،لە نێوان بەشێك لە سەركردەكانی كورد و بەغدا بۆ رێکەوتن. چۆنكە ھەرێم زیاتر لە مافەكانی داوا دەكات و ئێستا وەك ھەرێمێكی کۆنفیدڕاڵی مامەڵە دەكەن
4- جیاوازی گەورە ھەیە لە نێوان بوچوون و تێروانینەكانی سەركردە كوردەكان. لە كاتێكدا یەكێتی بەغدا بە قووڵایی ستراتیژی ھەرێم دەزانێت، بەلام ، پارتی وا سەیری بەغدا ناكەن. ھەروەھا باسی ئەوەشی كرد كە نێچیرڤان بارزانیش ئێستا ھەمان بوچوونی یەكێتی ھەیە، بەلام سەركردەكانی تری پارتی بە شێوەیكی تر بیر دەكەنەوە.
5- ھەروەھا جەختی لە سەر ئەوە كرد كە بافڵ تاڵەبانی رۆڵی سەرەكی هەبوو لە چارەسەركردنی كێشەی نەوت و موچە.
بە شێوەیەكی گشتی دەتوانم بێڵێم قسە و لێدوانەكانی قەیس خەزعەلی سەبارەت ھەرێم، تەعبیر لە بوچون و تێروانینی ھەموو گروپە میلیشیاكان و بە شێكی زۆری سەركردەكانی شیعە و ئێران دەكات. بوویە، ئەم لێدوانانەی قەیس خەزعەلی پێمان دەڵێت سیاسەتی دەسەلاتدارانی بەغدا لە ڕابردوودا و لە داھاتوشدا چیی بووە و چی دەبێت بەرامبەر ھەرێم. ھێزە شیعەكان بە گشتی پێیان وایە ئەو قەیرانەی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە ھۆكارەكەی پارتییە كە كار دەكات بۆ لاوازكردنی عێراق و پارە و داھاتی عێراق بەكار دەھێنێت بۆ لوبی كردن بۆ لاوازكردنی ھێزە شیعەكان. ھەروەھا، پێیانوایە پارتی نەك ھەر بەغدا بە قوولای سیتراتیژكی خۆی نازانێت، بەڵكوو كار دەكات بۆ دابەشكردنی. بەھەمان شێوەش ھێزە شیعەكان جەخت لە سەر ئەوە دەكەن كە ھەرێم لە مافی خۆی زیاتر پێدراوە و ئەوەی ئێستا ھەرێم ھەیە كونفیدرالییە نەك فیدرالی. لەلایەكی تریشەوە ،خەزعەلی و ھێزە شیعەكان پێیانوایە دابەش بوونی گەورەی سیاسی لە ھەرێمدا ھەیە و یەكێتی بە پیچەوانەی پارتی كار بۆ بەھێز كردنی عێراق دەكات و بەغدا بە قوولای ستراتیژی خۆی دەزانێت.
بە پشت بەستن بەو لێدوانانەی قەیس خەزعەلی، ستراتیژیی هێزە شیعەکان لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە بەم ئاراستەیە دەچێت کە هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتی گرنگیەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بە یەک تیم کار بکەن بۆ دروستکردنی حکومەتی داهاتوو. بەپێی ئەم ستراتیژییە، کانديدەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆک کومار و سەرۆک حکومەت بە ڕێککەوتن و ڕەزامەندیی یەکێتی، ئێران، لایەنە شیعەکان و بەشێک لە هێزە سوننەکان دەستنیشان دەکرێن. هەوڵ دەدرێت لە قۆناغەکانی داهاتوودا پارتی لە ڕووی سیاسییەوە زیاتر لاواز بکرێت. پێموایە ئەگەر پێیان بکرێت، لە ڕێگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە زیاتر لە پێگەی نایەران دەدەن. سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەگەر هەزار ڕێککەوتنیش بکرێت، یەک خالی جێبەجێ نابێت مادام گروپە میلیشیەکان و هاوپەیمانەکانی ئێران لە بەغدا دەسەلاتدارن.
ئەگەر سەیری دەقەکان و ڕێککەوتنەکانی لایەنەکان بکەین لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی سودانی، بەڕوونی دەبینرێت یەک خالیش جێبەجێ نەکراوە. بۆیە، هێزە شیعەکان زۆر جار بە کورد و سوننەکان رادەوبوێرن کاتێک ڕێککەوتن لەگەڵیان دەکەن، چونکە دەزانن ئەو ڕێککەوتنانە تەنها مەرجی سەر کاغەزن. هەروەھا، ئەوان زۆر باش تێدەگەن لەو دابەشبوونەی نێوان پارتی و یەکێتییدا ھەیە. بەتایبەتی ئەم دابەشبوونە زۆر گەورەیە و هەموو پرسی ستراتیژییەکان وەک نەوت و گاز، سیستەمی فیدرالی، کێشە ئەمنییەكان، ناوچە نەكۆكەکان و ئیدارەی هەرێم دەگرێتەوە. تەنانەت لە ئاستی ناوچە و جیهان، هاوپەیمان و دووژمنەكانیان جیاوازن.