لەم چەند ڕۆژەدا گوێم لەوتەیەکی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو، کەدەیەت ستۆپیان بەپارتی کردووە و ڕێگایان نەداوە حکومەت پێکبێت!
ئەگەرچی تاڵەبانی ئەم قسەیەی بۆ ئەندام و هەوادارانی حزبەکەی خۆیکرد، بێ ئاگا لەوەی ئەم قسانە دەگاتە هەموو شوێنێک و هەموو کەسێک و تەنیا لەچوارچێوەی ئەو خەڵکانەدا نامێنێتەوە کەهەرچییان بۆ بڵێ چەپڵەت بۆ لێبدەن!
ئینجا ئەوە کوێی شانازییە کەڕێگا نەدەیت حکومەت پێکبێت؟!
ئایا کە حکومەت بوو بەکاربەڕێکەر هیچ لەبابەتەکە گۆڕا؟ بەپێچەوانەوە دەستی مەسرور بارزانی ئاوەڵاتر بوو، بەوەی کەدەیان پرۆژەی ستراتیژی گەورە و بچوکی خستەبواری جێبەجێکردنەوە و دوو گرێبەستی گەورەی کرد لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا و کەس نەیتوانی ڕێی لێبگرێت.
بۆیە ئەم قسەیە بۆ هەر ئەندام و هەوادارێکێی یەکێتی ئاسایی بێ بۆ قوباد تاڵەبانی عەیبەیەکی گەورەبوو، هیوادارم جارێکی تر ئەو هەڵە مەنهەجییە نەکاتەوە، چونکە ناکرێت، خۆت جێگری سەرۆکی حکومەت بی و شانازی بەوەوە بکەیت کە حزبەکەت و سەرۆکەکەت ڕێگربووە لەوەی حکومەت پێکبێت.
ئاخر ناکرێت زیاتر لەساڵێک بێت و هاونیشتیمانیان دەنگی خۆیان دابێت، بەڵام تائێستا بەرهەمی دەنگەکەیان دیارنەبێ؟! چۆن و بەچ روویەکەوە کاک قوباد و حزبەکەی کەدژی دیموکراسی و دەنگی هاونیشتیمانیان وەستاونەتەوە ئێستا بێن و جارێکی تر داوای دەنگیان لێبکەنەوە! بەڕاستی ڕووقایمی دەوێ.
بۆیە ئەو فاوڵەی تاڵەبانی کردی، نەک هەر جێگای شانازی نییە بۆ هەر کەسێ لەئەلف و بای دیموکراسی بزانێت و قەدری دەنگی هاونیشتیمانیانی لابێ، یەڵکو جێگای شەرمەزاری گەورەیە و هیوادارم قوباد تاڵەبانی جارێکی تر قسەکانی لەمحەک بدات و ئینجا فڕێی بدات، چونکە هەموو کەسێ ئەندام و دەنگدەر یەکێتی نییە هەتا چەپڵە بۆ هەموو قسەیەک لێبدات..