دواین هەواڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزەری کەرکووک و کەرکووکییەکان

‌شاهۆ نەجم کەرکووکی

12 کاتژمێر پێش ئێستا

شاهۆ نەجم کەرکووکی
کاندیدی ژمارە (٢)
پارێزگای کەرکووک

لە کاتێکدا کەرکووکی دڵی کوردستان پێویستی بە دەنگێکی یەکگرتوو، ئاشتیخواز و باوەڕێکی بەهێزە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی ڕەسەن و خاوەن ئەزموون، خۆی بە پارێزەری سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە دەزانێت. ئامانجمان بنیادنانی داهاتوویەکی گەشاوەیە کە تیایدا مافی هەمووان پارێزراو بێت و ئارامی و پێشکەوتن باڵ بکێشێت بەسەر ژیانی هاووڵاتیاندا.
پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە، پەیڕەوی لە سیاسەتی ڕێزگرتن لە نەتەوە، ئایین، و کلتوورە جیاوازەکان دەکات. لەو باوەڕەدایین کە فرەچەشنی و هەماهەنگی، دەوڵەمەندی و هێزی کۆمەڵگەی کوردستان و عێراق پێکدەهێنێت. لە کەرکووکدا، جەخت لە بڵاوکردنەوەی کلتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان دەکەینەوە، و هەوڵدەدەین زەمینەیەکی لەبار بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و یەکڕیزی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان بڕەخسێنین. ئەم پێکەوەژیانە برایانەیە، کلیلی گەشەسەندنی کەرکووکە و گەرەنتییە بۆ داهاتوویەکی ئارامتر.
وەک کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵێن دەدەم کە دەنگی ڕاستەقینەی هەموو هاووڵاتیانی شارەکەم بم. کەرکووک، ئەم شارە پڕ لە قوربانیدان و خەباتە، شایەنی ژیانێکی شایستە و خزمەتگوزارییەکی باشترە. من لێرەم بۆ ئەوەی ئەم دەنگە بگەیەنم و داواکارییەکانتان بکەمە واقع.
پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگایەکی دوور و درێژی بڕیوە لە خزمەتکردنی گەلی کوردستان. ئەمڕۆ، بە هەمان ڕۆحییەت و بە ئەزموونێکی دەیان ساڵە، درێژە بە کارکردن دەدەین بۆ کەرکووکێکی ئاوەدانتر، ئارامتر، دیموکراتیکتر و گەشاوەتر.
خزمەتکردنی کەرکووک، ئەرکی هەموومانە، بە شانازییەوە ئەم ئەرکە لە ئەستۆ دەگرین هەنگاو بە هەنگاو، سات دوای سات، لە خزمەتکردنی تاک بە تاکی خەڵکی شارە دڵسۆزەکەمان درێغی ناکەین، هەرچەندە سرووشتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنە بەڵام ئێمە بە کردار لە هەموو ڕوویەکەوە خزمەتکردن دەکەینە ئەمری واقع و پێویستە کەرکووک و خەڵکەکەی لە ئاست ئەو خەبات و قوربانیدانەی گەورەترین خزمەت بکرێن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP