دواین هەواڵ

کورد و ئیسرائیل: هاوبەشی دووژمن و ڕێگایەک بۆ ئاسایش

‌سیروان عوبەید

15 کاتژمێر پێش ئێستا


لە مێژوویەکی پڕلە خیانەت و دووڕوییی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت، بەردەوام قوربانی سیاسەت و سۆزداری عەقیدەیی وڵاتانی ئیسلامی بووە. لە کاتێکدا وڵاتانی ناوچەکە بەناوی "ئیسلام و برایەتی دینی" کوردیان بەکارهێناوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هەرگیزلە کاتی پێویستدا پشتیوانی مافە ڕەواکانی کوردیان نەکردووە. بەڵام ئێستا، لە ئەم قۆناغە هەستیارەی مێژوودا، کورد پێویستی بە گۆڕینێکی بنەڕەتی لە بیرکردنەوەی ستراتیژی خۆی هەیە. پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ ئیسڕائیل وڵاتێک کە ستەمی لە کورد نەکردووە و بگرە زۆرجار لە سەختترین کاتەکاندا یارمەتی داوە، دەکرێت ببێتە ڕێگایەکی ڕاست بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە ناوچەیەکی توندوتیژی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەڕاستیدا زۆرینەکە دەیانەوێ ئەو دوو نەتەوەیە هەرنەمێنن.

مێژوو و شیکاری سیاسی پێمان دەڵێن، هەر کاتێک وڵاتانی ئیسلامی کە کوردیان بەسەردابەشکراوە، بەرژەوەندی و سیستەمەکانیان کەوتووەتە بەر مەترسی یان بۆ مەرامی فراوانخوازی و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بوبێت، بەناوی"یەکێتیی ئیسلامی و برایەتی" کورد-یان بۆ مەرامەکانی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی خۆیان بەکارهێناوە. بەڵام هەر کاتێک کورد پێویستی بە پشتگیری هەبووە، یان داوای مافێکی ڕەوای خۆی کردبێت، هەرگیزهیچ وڵاتێکی ئیسلامی پشتگیریان لە ماف و دۆزی کورد نەکردوە، ئەگەرلەهەندێک بارودۆخی تایبەتی خۆشیان پشتگیریەکی بچوکیان لە کورد کردبێت هەموو ئەم پشتگیرییانە تاکتیکی و کاتی بوون. لەڕاستیدا هەروڵاتێکی ئیسلامی کە پشتگیری لە کورد کردبێت، کاتێک بووە کە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە مەترسیدا بینیوە، یان کاتێک کوردی وەک ئامرازێک بەکارهێناوە بۆ ئەوەی فشار لەسەر دوژمنێکی هاوبەش دابنێت.

 بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، لەبری پێدانی ماف، کوردیان جینۆساید کردووە وهەتا ئێستاش دۆزەخی ڕامیاری و سەربازییان بەڕووی کورددا واڵایە.

بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە کورد دووژمنی ڕاستەقینەی خۆی بناسێت کە بەناوی "ئیسلام" و "عەقیدە" دەیان و سەدان ساڵە فێڵ لەکورد دەکەن و بەهەموو شێوەیەک دەیچەوسێننەوە و ڕێگرن لە گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خۆی.

 لەبەرامبەردا کورد پێویستە پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ ئیسڕائیل دروست بکات، وڵاتێک کە هەرگیز ستەمی لەکورد نەکردووە. بەڵکو لە زۆر باردۆخی سەختدا هاوکاریشی پێشکەشی کورد کردووە، لەمێژووشدا، ئیسڕئیل، لە ململانێی بوون یان نەبوونی خۆیدا هاوبەشی سرووشتی کوردە.

پێویستی هاوبەشیی کورد و ئیسڕائیل: چۆن، بۆچی، و چیرۆکی مێژوویی؟ ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە و چاوێک بە مێژووی خیانەتی وڵاتانی ئیسلامی بەرامبەر بە کورد بخشێنینەوە دەبینین کە:عوسمانییەکان تا دەگاتە تورکیای مۆدێرن: لەژێرناوی بەرگری ئیسلامی و "خەلافەتی عوسمانی و ئیسلامیی" یان هەوڵی نوێی عوسمانی ئێستای ئەردۆغان بە پاڵپشتی ئیخوانی و سەلەفیی و جیهادییەکان، هەمیشە فێڵیان لەکورد کردووە و لەهەوڵدان. مێژوو پێمان دەڵێت کە ئەوان کوردەکانیان بەکارهێناوە بۆ شەڕێکی زۆر خراپ دژی ڕۆژئاوا کە تا ئێستاش کورد باجەکەی دەدات. بەڵام دوای شکستی عوسمانییەکان، تورکیا زمانی کوردی قەدەغەکرد و سیاسەتی بە "تورککردنی کورد" و ناوچە کوردییەکانی ڕاگەیاند و تا ئەمڕۆش وەک داگیرکارێک هەموو مافێکی لە کوردانی باکووری کوردستان، زەوت کردووە. هەروەها لەباکووری عێراق، (باشووری کوردستان)، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، (ڕۆژئاوای کوردستان) تا ئەمڕۆ لەپیانگێڕی دژی کورد نەوەستاوە و بۆمببارانی ناوچەکوردییەکانی ڕانگرتووە. لەسووریا زیاتر لە دەساڵە بەردەوام لەڕێگەی گرووپە بەکرێگیراوە تیرۆریستیەکانیەوە پیر و ژن و منداڵی کوردیان کوشتووە و چەوساندووەتەوە و بێ ماڵ و حاڵی کردوون.

· ئێران: لە سەردەمی"شا" عەباسییەوە تا ئێستا، کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە"سەربازانی شیعە" ناودەبات، لەکاتێکدا ڕۆژانە گەنجانی کورد لەڕوژهەڵاتی کوردستان، زیندانی دەکرێن و لەگۆڕەپانی شارەکان لەسێدارە دەدرێن. و دەستووەردان دەکات لەناوەخۆیی هەرێمی کوردستانی_عێراق، لەسنوورەکانەوە بە سیستماتیک ماددە هۆشبەرەکان بۆ خەڵکی هەرێم دەنێرێت. لەلایەکی تر لەڕێگەی حکومەتی عێراقەوە کە بەداخەوە لەدوای ٢٠١٤وە میلیشیاکانی بەڕێوەی دەبەن کە ساڵ بە ساڵ زیاتر فشاری ئابووری و هەڕەشە و مەترسیی جیاواز لەسەر هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
· دەسەڵاتی عێراق و سووریای کۆن: لەژێر "سایەی ساسەتی بەعەرەب کردن و ناسیۆنالیستی عەرەبییەوە" کورد-یان کۆمەڵکوژ کردووە، لەو ڕووەوە کارەسەتەکانی (هەڵەبجە، قامیشلۆ، ئەنفال) لەبیرناکرێن.
· لەکاتێکدا ڕژێمی سەددام ڕووخا و سیستمی عێراق بوو بە فیدڕاڵی_ بەڵام لە عێراقی نوێشدا کە لەژێرکاریگەری شیعە و ئێراندایە، لەدوای ٢٠١٤وە سیاسەتی ئەوپەڕی فشار و برسیکردن و گێچەڵی سیاسی لەدژی کورد پەیڕەو دەکات، و هەموو هەوڵێکی ئەوەیە ڕێگری بکات لە پێشکەوتنەکانی باشووری کوردستان.
· سووریای ئێستا: کە پێکهاووە لە دەسەڵاتی گرووپە تیرۆریستییەکانی سەربە تورکیا، لە چەند ساڵی ڕابردوو تا ئێستاش لەوناوچە کوردیانەی بەهاوکاری تورکیا داگیریان کردووە چەندەها تاوانی مرۆڤایەتیان دژی کورد ئەنجامداوە و هەرچی پێیان کرابێت دژی کورد کردوویانە. لەئێستاشدا ئاشکرایە، ئەگەر بەهۆی فشاری ئیسڕائیل و ئەمەریکا و هاوپەیمانان نەبێت، لەسووریای ئێستا کە پڕۆکسییەکانی تورکیا و ئەو کۆنە داعشانە بەڕێوەی دەبەن، کوردەکان زیاتر سەردەبڕدران و ستەمیان لێدەکرا، وەک لەسووریای کۆن لێیان کراوە.

پرسیارێک کە ئەمڕۆ کورد بەگشتی دەبێ لەخۆی بکات ئەوەیە: تاکو کەی پەند لەمێژوو و ڕووداوەکان وەرناگرین؟ لەکاتێکدا تەنها وڵاتانی ئیسلامین کە ئێمەیان جینۆساید و بێ ماف کردووە یان تەنها لەکاتی تەنگانەکانیاندا کوردیان بەکار هێناوە کە پێویستیان پێی بووە، دواتریش کووشتوویانە و سەریان بڕیوە، مافەکانیان زەوتکردوە.

لەبەرامبەردا بۆچی پێویسته ببین بە هاوپەیمان و هاوبەشی ستراتیژی ئیسڕائیل؟

· پێش هەمووشتێک ئیسڕائیل نەک هیچ زیانی بۆ کورد نەبووە، بەڵکو مێژوو شاهێدی ئەو ڕاستییە دەدات، کە لەزۆر باردۆخی سەختدا پشتیوانی لە کورد و دۆزەکەی کردووە، بەکردەوەش سەلماندوویەتی کە هاوبەش و هاوپەمانی ڕاستەقینەیی دەوێت لەگەڵ کورد.

_ نموونەی مێژوویی لە ساڵانی ١٩٦٠–١٩٧٠، ئیسڕائیل پشتگیری ستراتیژی لە شۆڕشی کورد لە عێراق کردوە لە دژی حکوومەتی ئەوکاتی سەددام حوسێن. تیایدا یارمەتی باشی گەیاندوە بەکوردی عێراق لە شەڕ دژی حکومەتی ئەوکاتی بەغدا، کە بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی CIA، ئیسڕائیل لەو سەردەمەدا جگە لە هاوکاری هەواڵگری، چەکی پێشکەوتووی ناردووە و ڕاهێنانی سەربازی بە پێشمەرگە کردووە“ هەروەها نەخۆشخانەی سەربازیی لە ناوچە کوردستانییەکان دروستکردووە“ ئەم هاوکارییە مێژووییە، نیشانەیە کە ئیسڕائیل لەکۆنەوە کورد وەک 'ئامرازێکی ستراتیژی' نەبینیوە، بەڵکو وەک هاوپەیمانێکی ڕاسەقینە سەیری کورد دەکات. ڕاستە مەبەستێکی خۆشی هەبوو، بۆ دروستکردنی فشار لەسەر حکومەتی ئەوکاتی عێڕاق بۆ ئەوەی یارمەتیدانی عێراق بۆ سووریا و میسر لە شەڕی عەرەب و ئیسڕائیل کەمبێتەوە. بەڵام ئەم هاوکارییە بووە هۆی ئەوەی فشارێکی توند لەسەر دوژمنی هاوبەش دروست بکات و بۆ ئەوکات بوو بە بەربەستێک لەپێش جینۆسایدی کورد. سەرەڕای ئەوەی ئەم هاوپەیمانییە لە ساڵی ١٩٧٥دا بە هۆی ڕێککەوتننامەی جەزائیر (نێوان عێراق و ئێران) کۆتایی هات، بەڵام دەتوانرێت وەک نموونەیەکی ڕوون لە توانای ئیسڕائیل بۆ یارمەتیدانی کورد لە بەرامبەر دووژمنی هاوبەش بۆ داهاتوو سەیربکرێت، کە بێگومان توانای ئیسڕائیلی ئەمڕۆ زۆر زیاترە.

-هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی واشنتۆن پۆست" لە ٢٠١٤، لەکاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کورد، ئیسڕائیل یەکەم وڵات بووە کە هاوکاری سەربازی و هەوڵگری پێشکەشی هەرێمی کوردستان کردووە“ زانیاریەکان ئەوە دەڵێن، کە ئیسڕائیل ئێستاش هاوکاری ئەمنی لەچوارچێوەی شەڕی داعش پێشکەش بە کورد دەکات.

· لەهەرێمی کوردستان، لەڕووی پڕۆژەی کشتووکاڵی و سێکتەری تەندروستی و ئاودێرییەوە ئیسڕائیل هاوکاری باشی پێشکەش کردووە. لەکاتێکدا دەوڵەتە ئیسلامییەکان هەموویان دژی  پێشکەوتنی ئەم هەرێمەن. لەڕاستیدا،کورد و ئیسڕائیلییەکان پەیوەندیەکی کولتووری و مێژوویی گرینگ پێکەوە دەیان بەستێتەوە. ئەگەر سەیری لاپەڕەکانی مێژوو بکەین دەبینین کورد و جولەکە چەندین لاپەڕەی مێژوویی هاوبەشیان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: یەکێک لە لاپەڕە مێژووییە گرینگەکە لەو هاوبەشییەدا: پاراستنی جولەکەکان لە کوردستان؛ کە دنیا دەزانێت لە سەدەکانی ڕابردوودا، کوردستان بۆ جولەکەکان پەناگەیەکی ئارام بووە، لە کاتێکدا لەناوچەکانی تری عێراق و وڵاتانی تر دەچەوسێندرانەوە، تەنانەت لە ئەوڕووپا ڕەشەکوژیی و جینۆساید دەکران. وە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا، کورد، جولەکەکانیان وەک خاوەن ماڵ و هاوڵاتی خاوەن ماف سەیر دەکردن. هەروەها، کۆچی جولەکەکان لەکوردستانەوە بۆ ئیسڕائیل: لە ساڵانی١٩٥٠ بەدواوە، کە زۆربەی جولەکەکانی کوردستان کۆچیان کرد بۆ ئیسڕائیل. کومەڵگایەک بە (نزیکەیی ٢٠٠ هەزار کەس بوونە کە تا ئەمڕۆش زۆربەیان پەیوەندی کولتووری و سیاسیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و وەک "لۆبیی کوردی" لە ئیسڕائیل کاردەکەن.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هاوسۆزیەکی تری مرۆیی و مێژوویی پێکەوە کۆماندەکاتەوە، بەوەی هەردوو نەتەوە قوربانی جینۆسایدن و (هۆلۆکۆست _ هەڵەبجە)، کە ئەمەش دەکرێ وەک بناغەیەکی دڵسۆزی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی نێوان کورد و ئیسڕائیل تەماشا بکرێت. هەربۆیە من پێموایە، پەیوەندی کورد و جولەکە تەنها سیاسی نییە، بەڵکو کولتووری و مێژووییشە. کوردستان بە درێژایی مێژوو 'ماڵی ئارامی' جولەکە بووە، و ئیسڕائیلیش لە ساڵانی ١٩٥٠ەوە وەک 'وڵاتی پەناگە' بۆ جولەکەکانی کوردستان کاری کردووە و دواتر یارمەتی کوردی داوە. بۆیە دەکرێت ئەم پەیوەندییە کولتوورییە، ببێتە هێزێک بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی قووڵتر و ستراتیژی لە ڕووی نەتەوەیی و سیاسی و سەربازی و ئابووری و مرۆڤایەتییەوە.

ئەم ڕاستییەکی تاڵە بۆ زۆرێک بەڵام پێویستە کورد لەوە تێبگات کە تەنها ئیسڕائیلە لەناوچەکە دەتوانێ هاوپەیمانێکی ستراتیژی و ڕاستەقینەی باشی کورد بێت، لەبەر ئەم هۆکارانە: دووژمنی هاوبەش: هەردوو لا، لەمێژوو و ئێستا و داهاتووش ڕووبەڕووی دوژمنایەتی ئێران، تورکیا، عەرەبە سوننە و شیعەکان بوونەتە و دەبنەوە.

· کاریگەری دیپلۆماسی ئیسڕائیل بۆ کورد، لەکاتێکدا ئیسڕائیل وەک بەهێزترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهانیشە، دۆستایەتی پیشانی کورد داوە و وەک وڵاتێکی بەهێز و کاریگەری جیهانییش لەناوچەکەدا پێویستی بەکوردە کە دەتوانم بڵێم، بە کەمێک کەمتر لەوەی کە کورد پێویستی بە ئیسڕائیل هەیە. بۆ کورد ئەو وڵاتە کە لە ئەوڕوپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و واشنتۆن تەنانەت لە مۆسکۆش لۆبی بەهێزی هەیە، ئەگەر کورد هەنگاوی جدی و بوێرانە بنێن بۆ هاوپەیمانی و هاوبەشی لەگەڵ ئیسڕائیل سوودی هاوبەشی گرینگ و ستراتیژی دەبێت بۆ هەردوو لا. ڕاستە ئەم هەنگاوە بەبێ قوربانی نابێت،بەڵام دەتوانێت زیاتر پشتگیری دۆزی کورد بکات لەوەی کورد چەندین ساڵە قوربانی بێ سوود دەدات. من نازانم بۆچی کورد دەبێ بترسێت لەپەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل؟ خۆ ئەگەر کورد جولەکەش بوایە هەر هێندە لەلایەن دەوڵەتانی ئیسلامیی، بە "ئاین برا" دژایەتی دەکرا و دەکرا بە قوربانی. لەکاتێکدا ئەگەر ئیسڕائیل لەبەر بەرژەوەندی خۆشی بێت، ئامادەبێت بۆ هاوپەیمانی و هاوبەشی ڕاستەقینە لەگەڵ کورد. لەبەرئەوەیە من پێموایە، ئیسڕائیل لانیکەم بۆ کاتێکی دیاریکراو یان تاکتیکێکی سەربازی و کاتی پێویستی بە کورد نیە، بەڵکو کورد و ئیسڕائیل بۆ سەدان ساڵ وەک کەمینەی ناوچەکە بۆ ئاسایش و مانەوەی خۆیان پێویستیان بەیەکتری هەیە. بەو پێیەی ئەو دوو نەتەوەیە، چەندین خاڵی مێژوویی و ستراتیژی بۆ مانەوەیان پێکەوە دەیانبەستێتەوە. لەبەرامبەردا وڵاتانی ئیسلامیی هیچ مافێک بە کورد و جولەکە ڕەوا نابینن و بەدرێژایی مێژوو دروشم و سیاسەتی قڕکردن و سڕینەوەی کورد و جولەکەیان پەیڕەوکردووە و بەردەوامیش دەبن."
· کورد دەتوانێ لە لۆبی ئیسڕائیل کەڵک وەربگرێ بۆ بەرەوپێشچوونی دۆزە ڕەواکەی، بەتایبەت کە ئیسڕائیل لە واشنتۆن و ئەوروپا دەتوانێت فشار لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بکات بۆ دانپێدانان و ناساندنی زیاتری مافە ڕەواکانی کورد. هەروەها، کەمکردنەوەی ڕشتنی خوێنی کورد لەلایەن وڵاتانی ئیسلامییەوە، کە من پێموایە، ئەگەر کورد لەگەڵ ئیسڕائیل هاوپەیمان و هاوبەش بێت، تورکیا و ئێران و وڵاتانی تر ناتوانن بە ئاسانی فشار و هێرش بکەنە سەر کوردەکان، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان.

ئەگەر تەنها لەڕووی سەربازیشەوە تەماشا بکرێت، پێویستە ئەو پەیوەندییە دروستبکرێت، ئیسڕائیل وەک وڵاتێکی پێشکەوتوو لەوڕووەوە، دەتوانێت بە هەواڵگری و چەکی پێکەوتوو و تا سیستمی بەرگری ئاسمانی و ڕاهێنانی هێزەکانی کورد یارمەتی باش پێشکەش بکات، و زیاتر یارمەتی پێکهاتەی هێزی سەربازیی کورد بدات لەناوچەکەدا. ئەوەش دەبێتە هۆی ڕێگری و بەرگرییەکی بەهێز لە بەرامبەر هێرش و پیلانەکانی ئێران و تورکیا دژ بە کورد و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەروەها بۆ ئیسڕائیلیش ئەمە ڕاستە.

_ ئابووریی:  هاوپەیمانی کورد و ئیسڕائیل لەڕووی ئابوورییەوە: تەکنەلۆژیا و ئابووری بەهێزی ئیسڕائیل دەتوانێت یارمەتی کورد بدات لە پەرەپێدانی ئابووری،وەک ئاوەدانکردنەوە، تەکنەلۆژیای کشتوکاڵ). بۆنموونە: ووزە و ئاو. لەکاتێکدا ئیسڕائیل شارەزایی بێ وێنەی لە بەڕێوەبردنی ئاو و وزە هەیە؛ وەک پڕۆژەی دەریای مردوو). هەروەها لەڕووی گەشت و گوزار: پەیوەندی ئابووری دەتوانێت سەرچاوەی داھات بۆ کوردستان دروست بکات، کە ئەمانە هەموویان پێکەوە دەبنە بناغەیەکی پتەوی دەوڵەتی کوردی لە داهاتوودا.

پرسیار: لەو قۆناغەدا چۆن دەکرێ هاوپەیمانی و هاوبەشیی کورد و ئیسڕائیل جێبەجێ بکرێت؟

ئەم پڕۆسەیە دەکرێ بە هەلومەرج و قۆناغی جیاوازدا تێپەڕێت بە تایبەت بۆ باشووری کوردستان: پەیوەندی سیاسی فەرمی بێ کێشە نابێت و دەکرێ لێکەوتەی سیاسی گەورەی هەبێت، بەڵام دەکرێ لەئێستادا هەوڵبدرێت کە لەداهاتوودا پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمی لەگەڵ ئیسڕائیل دروست بکرێت. بەبێ ترس و دڵەڕاوکێی لەوەی کە دراوسێکان، ناڕازین یان ترس لەوەی هەڵوێستیان چی دەبێت. یان بۆچی نا،ئەگەر ئسڕائیل ئامادەبێت نوێنەرایەتی خۆی و هەرێمی کوردستان بپارێزێت، لانیکەم بە ئاشکرا بێتە جواب و لەڕووی دیپلۆماسی و سیاسی و سەربازی بەرگری لە پەیوەندی و هاوبەشی لەگەڵ کورد بکات، هاوشێوەی درووزەکانی سووریا لەکاتی هێرشی دوژمنانی هاوبەش تەنها چەند فڕۆکەیەکی F-35ی بۆ پشتگیری کورد بنێرت، لەسەر زەوی کورد کێشەکانی چارەسەر دەکات. ڕاستە کە لەڕووی یاسایی و دەستوورییەوە،هەرێمی کوردستان بەشێکە لە کۆماری عێراق، و عێراقیش یاسایەکی هەیە کە قەدەغەی هەر جۆرە پەیوەندییەکی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات" بۆیە لەم قۆناغەدا ئەگەر پەیوەندی فەرمی نەشکرێت زۆر ڕێگەی بەدیلی کردنەوەی نوێنەرایەتیی فەرمی هەیە. بەڵام پێش هەمووشتێک، کورد پێویستە لە نێو چەواشەکاری یاساکانی عێراقدا ڕێگەیەکی زیرەکانە بدۆزرێتەوە. بۆنموونە: ١.پەیوەندی نا فەرمی و نھێنی
(Track II Diplomacy)ئەوەی پێی دەوترێت:
·دروستکردنی کەناڵی نا فەرمی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل. ئەمە دەکرێ لەڕێی: ·دەستەی بازرگانی هاوبەش: دامەزراندنی کۆمیتەیەکی بازرگانی کە بە ناوی "کەناڵی پیشەسازی" کاربکات، بەبێ ئەوەی ناوی ئیسرائیل لێبنرێت. تەنانەت زۆرێک لەوڵاتانی ئیسلامی بەتایبەت کەنداو بەمجۆرەیان کردووە. ·پەیوەندی لەڕێی وڵاتانی دراوسێ: بەکارهێنانی وڵاتێکی یەکەم وەکو نێوەندگیر (وەک ئەردەن یان ئیمارات، یان یۆنان...هتاد..) بۆ ڕێکخستنی ئەو پەیوەندییانە. ·هەروەها، دامەزراندنی ئینستیتیوتی توێژینەوەی کوردی-ئیسرائیلی لە دەرەوەی هەرێم (وەک لە ئەمریکا یان ئەورووپا) بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانس و دیالۆگی هاوبەش لەنێوان ئەو دوو نەتوەیەدا.

٢. فرەڕەھەندی 
(Multi-layered Approach): 
·ڕەگەزی ئابووری: پەیوەندی بازرگانی و ئابووری لە ناوەڕۆکی یاساکانی عێراقدا ڕێگەی پێدراوە. دەکرێت کۆمپانیا کوردییەکان لە ڕێگەی کۆمپانیا ناسناوی نێودەوڵەتییەوە بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان بکەن. ·ڕەگەزی کولتووری و زانستی: ئەنجامدانی پەیوەندی کولتووری، وەرزشی، زانستی و پەروەردەیی لە نێوان ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێم و ئیسرائیل. ئەمە لەژێر ناوی "پەیوەندی نێوان خەڵک" دەکرێت. ·ڕەگەزی ئەمنی: دروستکردنی کەناڵی هەواڵگری و ئەمنی نا فەرمی لە نێوان هەرێم و ئیسرائیل. ئەم جۆرە پەیوەندییانە زۆر جار لە ژێر زمیندا ئەنجام دەدرێت، دەکرێ تۆکمە تر بکرێن.

٣. کاریگەری لەسەر بەغدا: ·هەرێمی کوردستان دەبێت هەوڵبدا لە ڕێگای کاریگەری سیاسییەوە یاساکەی بایکۆتی ئیسرائیل لە پەرلەمانی عێراقدا بیگۆڕێت. هەرچەندە ئەمە زۆر قوڕسە بۆ دۆخی ئێستای عێراق لەژێرکاریگەری ملیشیاکانی سەربەئێران.. بەڵام لەداهاتوودا پێویستی بە: ·دروستکردنی هاوپەیمانی نێو پەرلەمانی عێراق: زیادکردنی ئەو لایەن و پەرلەمانتارانەی کە دەتوانن پشتیوانی لە گۆڕینی یاساکە بکەن. کە زانیاریەکان باس لەوە دەکەن، کە لەناو نوخبەی سیاسی عێراق خەڵکی زۆر هەیە لایەنگری پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیلن بەڵام ناوێرن ئاشکرای بکەن. لەداهاتوودا هەنگاوێکی لەوجۆرە دەکرێ ئەوانیش بوالێبکات ئازایانەتر پاڵپشتی ئەم هەنگاوە بکەن. ·ڕێکخستنی کەمپەینی میدیایی: بەکارهێنانی میدیاکان بۆ ڕوونکردنەوە و ناساندنی سوودی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ عێراق.

٤. جێگرەوەی ناوەندی فەرمی: ·دەکرێ دامەزراندنی نوێنەرایەتیەکی کوردی بێت لە ئورشەلیم یان تێل ئەڤیڤ، بە ناوی "نوێنەرایەتی بازرگانی یان هەرناوێکی تری گونجاو بۆ دۆخی ئێستا" و نا فەرمی بێت. ئەمەش لە ڕێگای: ·دەستنیشانکردنی نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتی هەرێم: دەکرێ کەسێک بە ناوی سەرۆکایەتی هەرێم کاربکات، بەڵام بە شێوەیەکی نا فەرمی. لەکۆتاییدا هەرچۆنێک بێت سەرەڕای ئەوەی کردنەوەی نوێنەرایەتی فەرمی لەم کاتەدا ناگونجاوبێت،پێویستە لە ڕێگای نا فەرمی و جێگرەوەوە پەیوەندی دروستبکرێت. ئەم ڕێگایانەش پێویستیان بە زیرەکی سیاسی و دیپلۆماسی هەیە بۆ ڕیزکردن لە نێو چەواشەکاری یاساکانی عێراق.

لەکاتێکدا ئەو دو نەتەوەیە بەسروشتی بەرژەوەندی ستراتیژی نەتەوەیی، ناوچەیی، سیاسی و سەربازی و ئابووری و مێژوویی پێکەوە دەیانبەستێتەوە. ئەگەر هەردوولا بیانەوێ لەگرینگی ستراتیژییەتی هاوبەشی و هاوپەیمانی نێوانیان تێبگەن، پێویستە لە ئەمڕۆوە بەجدی کار بۆ فەراهەمکردنی ئەو داهاتووە بکەن.

· لێرەدا دەکرێ بۆ ماوەیەک سەختی و قوربانی هەبێت، بەڵام ئەگەر هەردوولا ئامانجەکەیان یەکبخەن و خۆڕاگر بن، زوو یان درەنگ ئەو هاوپەیمانییەتیە مێژووییە بەفەرمی و وەک ئەمری واقیع لەناوچەکەدا دەچەسپێت و هەردولا بەهێز دەبن و دەتوانن بۆ سەدان ساڵی داهاتوو یەکتری بپارێزن، لەکاتەسەختەکاندا هاوکاری یەکتری بکەن. دەکرێ ئیسڕائیل وەک دەوڵەتێکی بەهێزو کاریگەر لە ناوچەکە، چەند هەنگاوێکی پڕاکتیکی لەوبارەیەوە بنێ بۆ ئەو مەبەستە بە سیکوریتی تەواوەوە، بۆ ئەوەش خۆیان دەزانن چی بکەن.

سەبارەت بە کوردانی ڕۆژهەڵات..

· ئیسڕائیل دەتوانێت پشتگیری لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات و چەک و پارە و ڕاهێنان، بۆ حزبەکانی ڕۆژهەڵات دابین بکات، وەک پژاک و کۆمەڵە و دیموکرات. هەروەها فشار و ناساندنی مافەکانی کورد لەڕۆژهەڵات، لەڕێی دیپلۆماسیی و بەکارهێنانی میدیاکانی ئیسڕائیل بۆ ناساندنی پێشێلکردنی مافەکانی کورد لە ئێران...هتد.. ).

بۆ کوردانی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان): هاوبەشی سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسی،لەگەڵ ئیسڕائیل، دەکرێ زیاتر ڕێگر بێت لە هێرشەکانی تورکیا و دیمەشق بۆ سەرناوچەکەیان. بە هەواڵگری و چەک یارمەتیان بدات، تا دەگاتە یارمەتی هێزی ئاسمانی لەکاتی پێویستدا. هاوشێوەی ئەو بەرگرییەی لە درووزەکانی کرد. هەروەها ئیسڕائیل دەتوانێ پشتگیری ئابووری لەناوچە کوردییەکان، ڕۆژئاوای کوردستان بکات و ڕێگەی بووژانەوەی گونجاوی ئابووریان پێشکەش بکات. لەگەڵ هەموو ئەمانەی لەسەرەوە باسم کرد، ڕەنگە هێشتا هەندێک پرسیاری ئەوە بکەن لەکاتێکدا ئیسڕائیل لەڕووی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییەوە ئەوەندە بەهێزە، بۆچی دەبێت بەمشێوەیە؛ یارمەتی کورد بدات؟ لەوڵامدا دەڵێم، جگەلەوەی: لەڕووی ستراتیژییەوە کورد "هاوپەیمانێکی سروشتی"ی ئیسڕائیلە لە ناوچەکە بەهۆی هاوبەشی دووژمنەکان (ئێران، تورکیا، ئیسلامی سیاسی_بەسوننە، شیعەوە).

· لەڕوو مرۆڤایەتیشەوە: ئیسڕائیل کە خۆی قوربانی جینۆساید بووە و لەگەڵ قوربانی کورد هاوسۆزی هەیە.
· هەردوو لا لەمێژوودا دوچاری جینۆساید و قڕکردن بوونەتەوە.
· هەردوو لا لەمێژوودا تا ئەمڕۆ؛ شەڕی مانەوەی خۆیان و سەربەخۆییان کردووە و دەیکەن.
· هەردوو لا، کورد و ئیسڕائیل بەدرێژایی مێژوو وەک دوو کەمینەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئێستا هەڕەشەی لەناوبردن و سڕینەوەیان لەسەرە. ڕوونتر بڵێم، کورد و جولەکە وەک دوو نەتەوەی دێرین و کەمینەی ناوچەکە، زۆرینەکە دەیانەوێ لەناویان بەرن.

بۆیە ئەگەر دەوڵەتی کوردی دروست بێت، کورد سەربەخۆو ئازاد و بەهێز دەبێت، ئیسڕائیلیش مەترسییەکانی کەم دەبێتەوە و لەداهاتوودا ئەو دەوڵەتە کوردییە، دەبێتە قەڵغانێکی بەهێز بۆ ئیسڕائیل لەبەرامبەر هەڕەشەکانی دەوڵەتانی وەک عێراق و ئێران و تورکیا و سووریا یان هەر دەوڵەتێکی تر لەناوچەکەدا. هەموو ئەمانە کورد و ئیسڕائیل ناچار بە پێویستی هاوپەیمانی ستراتیژی نێوانیان دەکەن.لەڕاستیدا من پێموایە ئەم هاوپەیمانیەتییە دەبوو زووتر بە ئەنجام بگات، لەکاتێکدا ئەمە مافێکی ڕەوای هەردولایە بۆمانەوەیان. لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم،ئەو پەیامە بە کورد و جولەکە بگەیەنم: کاتی ئەوە هاتووە کە ئیسرائیل و کورد - پەیمانێکی مەزن بۆ سەدەی نوێ ببەستن. لەکاتێکدا ئەمڕۆ، جیهان لە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی خێرا دایە. کورد و ئیسرائیل، کە هەریەکەیان بە تاڵاوی مێژوو ڕۆیشتوون، پێویستیان بە یەکتر هەیە بۆ مانەوە لە ناوچەیەکی ناڕەحەت و نائارامی بەردەوام. ئیسرائیل، وەک تاقە دەوڵەتی دیموکراسی و هێزی پێشکەوتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری جیهانی، دەتوانێت یارمەتیدەری ستراتیژی و سیاسی و دیبپلۆماسی و سەربازی و تەکنەلۆژی کورد بێت. کوردیش دەتوانێت ببێتە هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراو و بەهێز بۆ ئیسرائیل لە ناوچەکە.  ئەو پەیوەندییە ستراتیژییەی نێوان کورد و ئیسرائیل نەک تەنها پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی هەردوولا دابین دەکات بەڵکو دەتوانێت گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە هاوسەنگی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکات.ئیسرائیل دەتوانێت پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ کورد بکات، و کوردیش دەتوانێت ببێتە قەڵغانێکی ئەمنی بۆ سنوورەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر هەڕەشەی تورکیا و ئێران و تیرۆریستە ئیسلامییەکان.

لە کۆتاییدا، پێویستە کورد و ئیسڕائیل لەو ڕاستییە مێژووییە تێبگەن کە چارەنووسی هەردوولا لەناوچەکەدا بەیەکەوە بەستراونەتەوە. ئیسڕائیل، وەک دەوڵەتێکی بچووک لە ڕووی جوگرافی و دیمگرافیەوە، لە ناوچەیەکی پڕ لە دووژمن، پێویستی بە هاوپەیمانێکی بەهێز و ڕاستەقینە هەیە کە لە ناو خاکی دووژمنەکاندا بژی. کوردیش، کە لە قوڵایی ستراتیژییەکانی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریادا دەژیت، دەتوانێت ببێتە چاوی هەواڵگری و هێزی فشار بۆ لاوازکردنی ئەم وڵاتانە. ئەم هاوبەشییە تەنها ڕێککەوتنێکی کاتی نییە، بەڵکو ئەندامیەتییەکی سروشتی و ڕاستەقینەیە کە چارەنووسێکی هاوبەش دروستی دەکات. کات هاتووە کە کورد لە سۆزداریی بێئامانجی عەقیدەیی ڕزگاری ببێت و ستراتیژییەکی نەتەوەیی دروست بکات کە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە پلەی یەکەمدا دابنێت. پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل ڕێگایەکی ڕاستە بۆ سەربەخۆیی، ئاسایش و پێشکەوتن. یەکگرتنی ئەم دوو نەتەوەیە دەتوانێت ڕێگایەک بێت بۆ ئازادی و ئاشتی بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP