كه‌س پارێزراو نییه له ناوچه‌كه و ناتوانێت له‌ژێر سێره‌ی چه‌كه‌كانی ئیسرائیل ده‌ربچێت، هه‌رچه‌ندە قه‌ته‌ر بچووكترین وڵاته له ئه‌نجومه‌نی هاریكاریی كه‌نداو، به‌ڵام له رووی ئابوورییه‌وه خاوه‌نی نه‌وت و گاز و یه‌ده‌گێكی زۆره. زۆرێك له وڵاتانی ناوچه‌كه و ناوه‌نده‌كانی سیاسه‌ت و لێكۆڵینه‌وه له‌و باوه‌ڕه‌دان، به پاره‌ی ئه‌م وڵاته به‌هاری عه‌ره‌بی بوو به پاییز و ئاكامێكی كاره‌ساتباری بۆ ناوچه‌كه هێنایه ئاراوه، كه تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، خه‌ڵكی ناوچه‌كه به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن.
لێره‌دا باس له په‌یامەکانی پشت هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر دۆحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر ده‌كه‌م، هه‌رچه‌نده سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل رایگه‌یاندبوو، ئه‌نجامدانی هێرشه ئاسمانییه‌كه‌ی به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌وه بوو كه له 8/ 9/ 2025 حه‌ماس له قودس ئه‌نجامیدا و شه‌ش كه‌سی ئیسرائیلی به‌هۆیه‌وه كوژران، به‌ڵام ته‌لئه‌بیب مه‌به‌ستێتی ئه‌م مه‌سجانه‌ش ئاڕاسته بكات:
1- كه‌س پارێزراو نییه له ناوچه‌كه و ناتوانێت له‌ژێر سێره‌ی چه‌كه‌كانی ئیسرائیل ده‌ربچێت، له‌ژێر هیچ حساب و بارودۆخێكدا، ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل هێڵی سووری كه‌س ناناسێت، هه‌ر لایه‌ن و ده‌وڵه‌تێك به‌ده‌ر له به‌رژه‌وه‌ندیی ئیسرائیل جووڵه بكات، ئه‌وه چاره‌نووسی ده‌بێت، ئه‌مه به‌ئاشكرا له‌سه‌ر زاری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئیسرائیله‌وه (ئه‌میر ئۆحانا) راگه‌یه‌نرا و هۆشداریی دا كه خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی ده‌كه‌وێته به‌ر هێرش و په‌لامارمان ئه‌گه‌ر مل نه‌ده‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل، وه‌زیرێكی تری ئیسرائیلیش دووپاتی كرده‌وه، دوای هێرشه‌كه‌ی دۆحه «هیچ كه‌سێك لەژێر پارێزبه‌ندییدا نییه له ناوچه‌كه‌دا، هه‌ر لایه‌نێك ببێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌كه‌مان، بۆردومانی ده‌كه‌ین».
2- نامه‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه، هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ زلهێزێكی وه‌كو ئه‌مریكاش، كه گه‌وره‌ترین پێگه‌ی سه‌ربازیی له قه‌ته‌ر هه‌یه به ناوی (عودەید)، گره‌نتی و دڵنیاییه‌ك نادات بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری قه‌ته‌ر، ئه‌مه‌ش جارێكی تر دۆسێی به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و ئه‌مریكا له‌لایه‌ك و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی كه‌نداو له‌لایه‌كی ترەوە ده‌هێنێته‌وه سه‌رمێز و باس و خواس، ئه‌وه‌ش ده‌خاته به‌رچاوی وڵاتانی كه‌نداو كه ئه‌م ته‌رازووه به‌لای ئیسرائیل‌دا لاسەنگە.
3- هه‌روه‌ها په‌یامێكی هۆشداریی تونده بۆ هه‌موولایه‌ك و ده‌وڵه‌تێك به‌وانه‌شه‌وه كه په‌یماننامه‌ی ئه‌براهامییان ئیمزاكردووه، یان له‌ژێر چه‌تری ئه‌مریكادان، به‌وه‌ش كه‌سیان پارێزراو نین، ئه‌گه‌ر ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌ی بكه‌وێته سه‌ر، یان هێرشی بكرێته‌سه‌ر.
ئایا ئه‌مه پایه‌مێكه بۆئه‌وه‌ی وڵاتانی تر، جارێكی دیکە هه‌وڵی ناوبژیوانی نه‌ده‌ن و ریسك به ئاسایشی وڵاته‌كانیانه‌وه نه‌كه‌ن؟ یان هاندانیانه بۆئه‌وه‌ی كاریگه‌رتر هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه و به‌رگرتن بە په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری جه‌نگه‌كه، یان قه‌ته‌ر به‌شێوەی كاتی هه‌وڵه ناوبژیوانه‌ییه‌كانی هه‌ڵده‌سپێرێت، یان تۆپه‌كه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ گۆڕه‌پانه‌كانی تر له میسر و ئوردن، یان ناوبژیوانیی ئه‌مریكا به راسته‌وخۆیی كه‌متر بواری مانۆڕ به حه‌ماس ده‌دات؟
به‌هه‌رحاڵ هێڕشه‌كه‌ی دۆحه كۆتایی یارییه‌كه نییه، به‌ڵكو گۆڕانكارییه له رێساكانی یارییه‌كه‌دا.