مەبەست لە کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری مایکڕۆفۆنی ئەو کەسانەن کە لەناو حزبەکان و دەسەڵات یان لە دەرەوەی ئەوان و بەناو ئۆپۆزۆسیۆن دان ، کە دەمیان لەناو مایکڕۆفۆنە و لەبەردەم کامیڕادا کوردایەتی و نیشتیمانپەروەریی دەفرۆشنەوە ! بەداخەوە چەمکی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەیان وا ناشیرین کردووە کە پێت شەرم بێت ناوی بێنیت ! بەڵام هەستوسۆزی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە لەکن زۆرینەی خەڵکی کوردستان هەرگیز نەسواوە و ناشیرین نەبووە و قووڵە ، بەتەئکید زۆرینەی خەڵک بێزارن ، تووڕەن لە دۆخی خەراپی ئابووری-یان ، تووڕەن چونکە خەریکە بەربەست بۆ ئەو هیوایە دروستدەکەن کە لێی دەگەڕێت ، خەڵک لەو ڕووناکیە دەگەڕێت کە لە کۆتایی تۆنێلەکەدایە کەچی بەردەوام لێی دوور دەکەنەوە ! خەڵک لەوەش تووڕەیە کە دوای سەد ساڵ خوێنبەخشین بەو نیشتیمانە کەچی ئەنجامەکەی ماڵێکی کاولگەی پەرتەوازە و پڕ لە ڕقوقینە کە تێیدا بەرژەوەندی حزبی و کەسی لەسەرووی بەرژەوەندی ماڵەکەدایە ، تووڕەن لە بێباکی زۆرینەی سەرکردە سیاسیەکان بەرانبەر ئەو گۆڕان و پێشهاتانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینيت کە لەوانەیە وەکو دەرفەتە زێڕینیەکانی تر لە کیس بدرێن و ، دەیان تووڕەیی و بێزاری تر…..بەڵام وێڕای هەموو ئەوانە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هاوڵاتیانە هەرێمی کوردستان حەزیان لە کۆتاییهاتنی دەسەڵات و ئیدارەدانی خۆیی هەرێمی کوردستان بێتەوە ، ئەوان دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردنی کوردی بە هیچ دەسەڵاتێکی بێگانە ناگۆڕنەوە ، بەڵام دەیانەوێت شێوازی بەڕێوەبردین و ئیدارەدان بگۆڕدرێ و بەهێز بکرێ و کەموکوڕی نەهێڵدرێت و جۆرێک لە دادپەروەی هەبێت ، دەیانەوێت حزبەکان و دەسەڵات بەخۆیاندابچنەوە ، چونکە ئەو بەخۆداچوونە بوو دەیان گەل و وڵاتی لە خەوی غەفڵەت و نەهامەتی هەستاندەوە ، سەیری چین بکە کە چۆن بووە ئەو ئەژدیهایەی ئێستا کە دەیبینین ، ئەمە ئەو کاتەبوو کە ( دینگ تشیاو پینگ )ی ڕابەری بووژانەوەی چین بەسەر ئەو ئامرازانە داچووەوە کە (ماو تیسی تۆنگ )ی دامەزرێنەری کۆماری چین بەهەڵە لەسەری دەڕۆیشت ، سەیری وڵاتانی پڵنگەکانی ئاسیا بکە کە بەخۆیانداچوونەوە و چ پازدانێکیان بۆ پێشەوە هاویشت ، ئێمە ناتوانین لاسایی پڵنگەکانی ئاسیا بکەینەوە ، بەڵام وەرە سەیری ڕواندا بکە کە « 20 » ساڵ لەناو جەنگێکی کاولکاری ناوخۆ و قڕکردنی یەکتری ژیان و ، وازیان لەهەموو هەڵە و ئەوەی لە ڕابردوو ڕوویدا هێنا و نیشتیمانەکەیان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندیەکی داناو ئەو وڵاتە واگەشەی کرد کە ئێستا بە ڕواندا دەڵێن « سەنگاپورای ئەفریقیا » ، بەڵام کە دێینەوە لای خۆمان جیاوازیەکی زۆر گەورە دەبینین و ، هەمدیس قسە زلەکانی ئەو چەهرانە دەبینین کە لە تەلەفزیۆن و سۆشیالمیدیا بەتووڕەیی و خەمباریەوە و بە ڕیتمێکی نمایشکەرانە باس لە نیشتیمان دەکەن کە لەسەرووی هەمووانی دادەنێن کە ئەمەشی لە ئەرشیفی دروشمی هەشتاکان وەریانگرتووە ، لەڕاستیدا کەسانی کوردایەتی مایکڕۆفۆنی دانوستاندن لەگەڵ هاوڵاتی ناکات ، بەڵکو لەگەڵ کامیرادا دەکات !! ئەو کەسانە تائێستا لەسەر بەربەستی ڕابردودا وەستاون ، تەنگوچەلەمەکە لەوەدایە کە ئەو جۆرە لە کوردایەتی مایکڕۆفۆنی و نیشتیمانپەروەی مایکڕۆفۆنی دیمەنەکە هەڵدەلوشن و ، لەدوای خۆیان نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە کە کەس نایانبینێت جێدێڵن ، نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە کەپسولەیەکی خێرا کاریگەر نیە ، بەڵکو پابەندییەکی ئارامی ڕۆژانەیە ، پڕۆژەیەکی ژیانە نەک وەرزێک بۆ عەرزکردن ، ئەوەی دەیەوێت خزمەتی نیشتیمان بکات با لەسەر کورسی کردار دانیشێت نەک نمایشێکی شانۆگەریانە ، نیشتیمان بە هاتوهاوار هەڵناستێتەوە بەڵکو بەو عەقلە ئارامانەی کە کاردەکەن ، بەو دەستانەی کە بونیاتدەنێن ، بەو ویژدانەی کە چاوەڕوانی کامیڕا ناکات بۆئەوەی ببینرێت ، خۆشەویستی نیشتیمان بە دەسکەوت دەپێورێت نەک بەو مایکڕۆفۆنانەی کە لەبەردەمیاندایە .