پرسی غەزە بە هۆی بێ خاوەنییەوە بە هەڵپەسێراوی دەمێنێتەوە و بە هۆی وێرانبوونی هەموو ژێرخانە سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و،،،هتد، ترۆمای شەری درێژخایەن باری رۆحی و دەروونی خەڵکی غەزە بۆ هەمیشە تێکدەدات. مەبەست لە بێ خاوەنی ئەوەیە کە هەم ئیسرایل و هەم بیرورای گشتی رۆژئاوا حەماس بە رەوا و شایانی ئەوە نازانن کە لە جوغرافیای غەزەدا دانیشتن و رێکەوتن لە گەلییدا بکەن و دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە. حەماس بە گلدانەوەی چەندین بارمتەی ئیسرایلی و بڵاوکردنەوەی ویدۆی نەشیاو و پێوەندی لە گەل دژبەرانی ئیسرایل پرسی ئاگربەس و کۆتایی هێنانی شەری پەک خستووە.
بابەتێکی دیکە لەو پێوەندییەدا ئەوەیە دۆستان و هاوپەیمانانی حەماس لە حەماس وەکوو کارتی گوشار و تێکدانی ئاسایشی ئیسرایل کەڵک وەردەگرن هەتا وەک دۆستێکی نورماڵ، بە گشتی لەو بارودۆخەدا حەماس سەربەخۆیی بریاردانی سیاسی لە دەست ئەدات دەبێتە پاشکۆی وڵاتانی دژە ئیسرایل.
بە کورتی چارەنووسی غەزە هەتا پێوەندی بە حەماسەوە بێت هەروا خراپ و خراپتر دەبێت و باڵانسی شەر بە قازانجی ئیسرایل دەشکێتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە درێژەکێشانی شەر لە غەزە بە قازانجی ئیسرایل و بە زەرەری خەڵکی غەزەیە چوونکا خەڵک لە شەری درێژمەودادا ماندوو ئەبن و ئەتەزن بەڵام ئیسرایل حەوتوویەک جارێک بۆمبارانێکی خەست دەکات و زۆرێک خەڵکی هەژار کە کراونەتە سپەری مرۆیی دەکاتە قوربانی. ئاڵترناتیڤ و جێگرەوەیەکی دیموکراتیک و نەرمتر لە جێی حەماس بۆ دانووسان و مامەڵە لە گەل دنیای دەرەوەدا بە قازانجی خەڵک و کۆتایی هێنان بەو شەرە نابەرابەرەیە بەڵام ئەوەش لەو بارودۆخەدا ئیمکانی نیە و تەنانەت حەماس ئامادە نیە غەزە بە دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەری فەلەستین بسپێرێ. بە گشتی ئیسرایل حەز بە مانەوەی حەماسێکی لاواز دەکات هەتا رێخستنێکی دیکەی کاریگەر و چارەنووسساز چوونکا لە لای بیروڕای گشتییدا بۆ هەمیشە ئەو مافەی هەیە هەرکات مەیلی بێت هێرش بکاتە سەر حەماس و غەزە. مێژووی حەماس نەک مێژووییەکی بێ دەسکەوت بەڵکوو بۆ خۆشی قوربانی سات و سەودای زلهێزە ناوچەیەکانە و چارەنووسی خەڵکەکەش ئەوەیە کە دەیبینین. وک کۆتا باس، ئەگەر ئەمریکا بیهەوێ دەتوانێ هەنگاو بۆ جێبەجێیکردنی ئەو فرمۆڵە سیاسییە هەڵبگرێت بەڵام وادیارە ئیرادەیەک بۆ چۆڵکردنی غەزە و گەرانەوەی خەڵکەکەی و درووستکردنی حکوومەتێکی خۆماڵی بوونی نیە.