دواین هەواڵ

بەجیهانیبوونی ناوبانگی پێشمەرگەو بە نیشتیمانینەبوونی لە هەرێمدا؟!

‌ئەبوبەكر كاروانی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

منیش لەگەڵ ئەو چاودێرە کوردانەدا هاوڕام، کە چالاکییەکەی ئەمڕۆی پاریس لە ژێر ناوی پێشمەرگەدا، لەم کاتبەندیی و دۆخەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی پێداتێپەڕ دەبێت، لە ڕووی هێمایی و ئاماژەوە بایەخدار بوو.ئاماژەشە بۆ ئەوگۆرانکارییەی لەسەرئاستی بەشێ لە ناوەندە جیهانییەکە، لەمەڕ پێشمەرگەو وێناکردنی ئەم هێزەدا روویداوە. چونکەڕۆژگارێک و تاکو ڕاپەرینەکەی باشووری کوردستانیش، پێشمەرگە لە فەرهەنگی وڵاتانی خۆرئاوادا، هاوشێوەی داگیرکەرانی کوردستان،
یەکسان بوو بە، یاخی ،لە یاسا دەرچوو تێکدەر! واتە ئاماژە بوو بۆ بوونەوەرێکی دانڕاو لە هەر بەها و پرۆژەیەکی نەتەوەیی و ئەخلاقی و سیاسی! هەربۆیە ئەگەر ڕۆژێك لەرۆژان ناوەند ودەوڵەتێکی خۆرئاوایی یاخود خۆرهەڵاتی و هەرێمیی، بایەخیان بە جەنگ و بەربەرەکانێی پێشمەرگە دابێت زۆر دەگمەن نەبێت، بۆ بەکارهێنانی بووە وەک کارتێکی فشاری سیاسی، لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی ململانێکان و بە دیهێنانی بەرژەوەندییەکانیاندا.

ڕاپەین ئەو وێستگە بوو، یە کەم دەستکاریکردنی لەم وێنا و وێنە چەق بەستووەدا دروستکرد. لەوساتەوەختە بەدواوە، بەجۆرێك لەجۆرەکان، ناوی پێشمەرگە تێکەڵ بە ئەزموونێکی حوکمڕانی سەرپێکەوتووی تازەی خۆماڵی بوو،کە ئەویش ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بوو. لێرشەوە، چاوەڕوانییەکان و وێنای پێشمەرگە هەندێک گۆڕانی بەسەردا هات، لەبەرئەوەی تەنها لەو دەلاقەوە سەیری نەدەکرا هێزێکە بەرگری لە ناوچەیەک دەکات و بە ناوی
میللەت و وڵاتێکی پێناسە نەکراوەوە دەجەنگێت ولەهاوکێشە ئەمنییە ناوخۆییەکاندا کاریگەرە، بەڵکوگۆشەنیگایەکی تری وێناکردنی ڕۆڵە نوێکەی، پەیوەندی هەبوو بە پێگەو رۆڵی هێزەکە لە پەیوەندی بە ئەزموونی دیموکراسی و فرەیی و دووبارە خۆپێناسەکردنەوەی لە چوارچێوەی ئەرکی نیشتمانسازی و سەرکەوتنی ئەزموونە سیاسییە نوێکەدا. بەڵام بە داخەوە، عەبەسییەتی شەڕی ناوخۆ، بووە لەمپەر و شوورەیەکی نەخوازراو لەبەردەم چەسپاندنی ئەم وێناو ئەرك ورۆڵە نوێیەدا، کەلە هەوڵەکانی پێکهێنانی لەشکری یەکگرتووی کوردستاندا خۆی دەبینییەوە، ناوو رۆڵی پێشمەرگە تێکەڵ بە میلیشیای حیزبیی بۆوە. ئەوەش وایکرد نەتوانێت رێرەوی گەشەکردنی سروشتیی خۆی بگرێت و قۆناغەکانی دووبارە خۆبیناکردنەوەی لەروانگەی ئەرکە نوێکانییەوە بەگوێرەی پێویست ببڕێت و تەواوبکات.

لەقۆناغێکی تردا ،ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس بووە وێستگەیەکی گرنگی سەرەڕێی بەدەستهێنانی رەوایەتی دەستووری ئەم هێزە ، ئەویش لەچوارچێوەی بەدەستووریکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا. ئەوەش خۆی لەخۆیدا گرنگ بوو،چونکە جگەلەوەی هەرێمی دەکردە خاوەن هێزی دا نپیانراوی خۆی لەچوارچێوەی عێراقێکی پرلەکێشەو ناسەقامگیردا، لەمپەرەکانی رابردووشی لەبەردەم وڵاتان بۆ مامەڵەلەگەڵکردنی لادەبرد، بەحوکمی ئەوەی دەستوور رەوایەتی پێداوەو مامەڵەکردن لەگەڵیدا هەستیاری جاران درووست ناکات، هەروەها هێزێکی فەرمییەو بەشێکە لەمەنزومەی سەربازیی عێراق. بەڵام لەگەڵ ئەوەی دەستووری عێراق دانی بەهێزی پاسەوانی سنوری هەرێمدا وەك هێزێکی پەیوەست بەقەوارەی دەستووریی هەرێمدا ناوە، دوو حیزبە بریاربەدەستەکەی هەرێم نەگەیشتنە ئەم ئاستەو بەکردەوە دانیان بەوەدا نەناو نەیانهێشت هێزێکی سەروحیزبیی پڕۆفیشناڵ بێتەکایەوە، مەرجەعیەتی ئەم هێزە دامەزراوە نیشتیمانییەکان بێت و لەچنگی حیزب دەربهێنرێت و بخرێتە خزمەت ئەرکی بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سیاسی هاوچەرخ وپرۆژەی ناسیۆنالیزمی کوردی لەم پارچەی نیشتیماندا.

بەڵام سەرەرای ئەوە، سەرهەڵدانی داعش دەرفەتێکی نوێ و ناوازەی خستە بەردەم کوردی باشوورو هێزی پێشمەرگەوە، کەئەگەر بەفیرۆنەدرایەو کارەساتی هاوشێوەی شانزەی ئۆکتۆبەرو داخستنی پەرلەمان و قووڵبوونەوەی ناکۆکییە حیزبییە نەزۆکەکانی بەدوادا نەهاتایە، توانای ئەوەی تێدا بوو، ئەم هێزە لەرووی ناسنامە، مەرجەعییەت، عەقیدەی سەربازی وئەورۆڵەی پێویستە بیبینێت، بخاتە بەردەم قۆناغێکی نوێی خۆڕێکخسنەوەوە. بەحوکمی ئەوەی هێزەکە بۆیەکەم جار دوای چەندین ساڵ و شەری ناوخۆ، پێکەوەو بەناونیشانە جیاوازییەکانییەوە، بەشداری جەنگێکی نەتەوەیی هاوبەشی کردبوو، کە رەهەندێکی نێو دەوڵەتیشی هەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەو دەرفەتەش لەدەست درا، عەقڵی حیزبیی باڵادەست بەئاستی جیاواز لەنێوان ڕەگەزە پێکهێنەرەکانیدا خستیە روو، کەبۆئەو هێشتا سنوورە حیزبییەکان لەسنوورە نیشتیمانییەکان تۆخترن و ئەوەی لەجەنگەکەدا روویداوە، ئاماژە بۆ گۆرانکاریەکی قووڵ لە سرووشت وپێکهاتەی عەقڵە حیزبییە بریار بەدەستەکەدا نییە، هێندەی کارێکی هاوبەشی پشتیوانیکراوی وەرزیی بووە! لەکاتێکدا جەنگی دژ بە داعش سەبارەت بەهێزی پێشمەرگە ئاسۆیەکی نوێی بەروودا کردبۆوە، سەرەرای رزگاربوونی لە لەش داهێزان و پرچەککردنی، وەك هێزێکی متمانە پێکراوو میانەرەوو گرەو لەسەرکراوی نێو جەنگێکی نێودەوڵەتی دژ بەتیرۆر دەرکەوت ورێزی پەیدا کردوو نێوبانگی بەجیهاندا بڵاو بۆوە. کە جەنگەکە لەو برگە مێژووییەدا بوو بووە ناونیشانێکی نوێی دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچە و هێز و بەرەبەندییەکان و ناسنامە پێدانیان.. هەموو ئەوەش لەسەرئاستی کۆی مەسەلەی کوردستان و بەتایبەتیش کوردستانی باشووردا بەدەرفەتێکی نوێ دادەنرا بۆسووککردنی ئەو ئابڵۆقەیەی بەهۆی سرووشتی دابەشکردنی کوردستان و گەلەکەی و ئاڵۆزی دۆزی کورد و داننەنانی جیهان ویاسای گشتی بەم دۆزەدا، نەفەسی چنیبووین.

ئێساش سەرلەنوێ دەرفەتێکی نوێ لەناوچەکەدا بەقازانجی ناسیۆنالیزمی کوردی و دۆزی کورد لەخەمڵیندایە. دۆخەکەش بەجۆرێکە رەنگە دوای سەدساڵەی لۆزان چارەنووسی ناوچەکەو ئێمەش بۆ دەیان ساڵی تر دیاریبکرێتەوە. سوود وەرگرتن لەم دۆخە لەباشووردا بەنیشتیمانیکردنی هێزی پێشمەرگەو سرینەوە و چارەسەرکردنی دەرهاویشتەکانی دەوێت، کەخۆیان لە بوونی، زۆنی حیزبیی، فرەدەسەڵاتی، ئابووری حیزبی، گەندەڵی، بەحیزبیبوونی پەیوەندی بەدەوروبەر، نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی لەهەرێم، پەککەوتنی پرۆسەی نیشتیمان و گەلسازی، لەگرێژەنەدەرچوون و گەندەڵبوونی ژیانی حیزبی، نەخەمڵینی چەمکی هاووڵاتێتی یەکسان و نەبوونی دەستوورو چەندین دیاردەی تردا دەبینێتەوە.

واقیعەکە دەخوازێت، یەکێتی وپارتی بەکردەوە دان بەحکومەتی هەرێمدا بنێن و چەکەکانیانی رادەست بکەن، بەحوکمی ئەوەی لەسایەی حوکمرانییەکی هاوچەرخدا، چەك دەبێت تەنهاو تەنها لەدەستی حکومەتدا بێت و هیچ کەس وهێزێك لەدەرەوەی ئەوەوە توانای جووڵاندن و ئەرك ورۆڵ بۆ دیاریکردنی نەبێت، بۆئەوەی هێزێێکی پێشمەرگەی بەوجۆرەش پێکبێت، وەلائی تەنهاو تەنها بۆ کوردستان و قەوارەی هەرێم بێت، پێویستە چەکی حیزبی( کەلە جەوهەردا چەکی میلیشیایەو بوونی ڕووپۆشی یاسایی رووکەش هیچ لەجەوهەری ئەم راستیە ناگۆرێت) کۆتایی پێبهێنرێت. دەستوورێك بۆ هەرێم پەسند بکرێت و بەگوێرەی ئەویش، هەموو جۆرە ڕێکخستن وکارێکی سیاسی وحیزبیی لەناوریزی هێزی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکاندا قەدەغە بکرێت. چونکە بوونی رێکخستنی حیزبیی لەناوهێزێکدا نەفی نیشتیمانیبوون و پڕۆفیشناڵبوونی دەکات، لەسۆنگەی بوونی وەلائی جیاوازو رەنگدانەوەکانی لەناوهێزەکەدا.

بەدەرلەوە دڵخۆشکردن بەناوبانی پێشمەرگە لەسەرئاستی جیهاندا گەرچی مافە، بەڵام هەرگیز جێگەی ئەو ئەرکە بەجێ نەهێنراوە دواخراوە ناگرێتەوە، کەلە بەکوردستانیکردن و هێزەکەدا خۆی دەبینێتەوەو تاکو ئێستا عەقڵی حیزبیی باڵادەست لە ئەنجامدانیدا رێگر وکۆڵەوار بووە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP