ڕۆژی هەینی، ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥، ڕۆژێکی مێژوویی بوو بۆ هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان، کاتێک سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانێکی فەرمیی بۆ فەرەنسا ئەنجامدا. ئەم سەردانە، کە بریتیی بوو لە چەندین چالاکی گرنگ و کۆبوونەوەی ئاست بەرز، دەرخەری ڕوونی پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا بوو، هەروەها دەرفەتێک بوو بۆ بەجیهانیکردنی بەردەوامی زیاتری دۆزی ڕەوای گەلی کورد و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە.
یەکێک لە گرنگترین چالاکییەکانی ئەم سەردانە، کردنەوەی "پارکی پێشمەرگە" بوو لە دڵی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا. ئەم پارکە تەنها ناوێک نییە، بەڵکو سیمبولێکە بۆ قوربانیدان و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگە کە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان بینی.
پێشمەرگە، دەیان ساڵە پارێزگاری لە بەها مرۆییەکان و ئاسایشی جیهان دەکات، بووەتە سیمبولێکی جیهانی بۆ خۆڕاگریی و ئازایەتی. کردنەوەی ئەم پارکە وەفادارییەکە بۆ خوێنی شەهیدان و ڕێزێکە لە گیانبازییەکانی پێشمەرگە کە لە سەنگەرەکانی بەرگریدا گیانی خۆیان بەخت کرد بۆ پاراستنی خاک و گەلی کوردستان.
کردنەوەی پارکی پێشمەرگە لە پاریس پەیامێکی گرنگ بە جیهان دەگەیەنێت. فەرەنسا وەک یەکێک لە وڵاتە پێشەنگەکانی ئەوروپا و جیهان، بەم هەنگاوە پشتیوانی خۆی بۆ گەلی کورد و شۆڕشە ڕەواکانی دووپاتکردەوە. ئەم پارکە دەبێتە شوێنێک بۆ یادکردنەوە و بیرهێنانەوەی ئەو قوربانیانەی کە پێشمەرگە داویانە، هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخش بۆ نەوەکانی داهاتوو بۆ بەرزڕاگرتنی بەهاکانی ئازادی و سەربەستی.
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ فەرەنسا تەنها بە کردنەوەی پارکێک کۆتایی نەهات، بەڵکو کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەنجامدا. ئەم کۆبوونەوەیە دەرفەتێک بوو بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و چۆنیەتی پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا،.
سەرۆک بارزانی، لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە ببێتە فاکتەری سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێشمەرگە نەک تەنها لە هەرێم، بەڵکو لە پێناوی ئاسایشی جیهانیشدا شەڕی کردووە و بەرگری لە بەها مرۆییەکان کردووە.
ئەمەش وایکردووە کە پێشمەرگە ببێتە سیمبولێکی جیهانی بۆ قارەمانێتی و خۆڕاگری.
ئەوەی جێگەی ئاماژە و بایەخدانە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی کرد و وتی:
فەرەنسا قەرزاری قوربانیدانەکانی پێشمەرگەیە. هەروەها دووپاتیکردەوە کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا و کار بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەکەن.
ئەم دیدارە گرنگانە لە فەرەنسا، جگە لە گرنگی سیاسی و دیپلۆماسی، گرنگییەکی مۆراڵیشی هەبوو بۆ گەلی کورد. ئەم سەردانە نیشانەی ئەوەیە کە دۆزی ڕەوای کورد و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە لە ئاستی جیهانیدا دەنگی داوەتەوە و ڕێزی لێدەگیرێت. کردنەوەی پارکی پێشمەرگە لە پاریس، لە دڵی ئەوروپادا، پەیامێکی ڕوونە کە گەلی کورد بە تەنیا نییە و خاوەنی دۆست و پشتیوانە لە جیهاندا.
دەکرێ بڵێین؛ سەردانە مێژووییەکە، بنەمایەکی بەهێزی دانا بۆ پەیوەندییەکی درێژخایەن و بەردەوام لە نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا. چاوەڕوان دەکرێت کە لە داهاتوودا ئەم پەیوەندییانە زیاتر پەرە بستێنن و بوار بۆ هەماهەنگی زیاتر لە بوارە جیاجیاکاندا بڕەخسێنن. هەرێمی کوردستان بەم سەردانە توانی جارێکی دیکە جیهان ئاگادار بکاتەوە لەو قوربانیدانانەی کە پێشمەرگە داویەتی و گرنگی ڕۆڵی لە پاراستنی ئاسایشی جیهانیدا.