دواین هەواڵ

سەرۆک بارزانی لە هەموو جیهان نوێنەری پێشمەرگە و كوردە

‌ئەسرین عاسی شوانی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەم ڕستەیە پڕ واتایە، ناوەڕۆکی مانای قووڵی هەیە و خوێندنەوەی زۆر هەڵدەگرێت. کاتێک جەنابی سەرۆک بارزانی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حکوومەتی فەڕەنسا و بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بۆ بەشدارییکرن لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، کە کردنەوەی شەقامی (پێشمەرگە)یە لەنێو پارکی 'ئۆندرێ سیترۆین' لەو وڵاتە، ئەوکات بایەخ و گەورەیی کەسایەتی و گەورەیی ناوی پێشمەرگەمان بۆ دەردەکەوێت، کاتێک دەبینین لەلایەن زلهێزێکی جیهانییەوە کەسایەتیی سەرۆک بارزانی هەڵدەبژردرێت تا پەیوەندیی پێوە بکرێت، ئەوە بەڵگەیەکە بۆ گەورەیی و بایەخی کەسایەتیی سەرۆک بارزانی وەک مەرجەع و نیشانەی مەزنی سەر گۆڕەپانی کوردستان و جیهان دەسەلمێنێت.

کاتێک بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، لەنێو پارکی 'ئۆندرێ سیترۆین' شەقامێک بە ناوی پێشمەرگە ناو بنرێت، ئەوکات دەزانیین سەنگی پێشمەرگە و جەنابی سەرۆک چەندە گەورەیە، کورد واتەنی "نرخی زێڕ لای زەڕنگەرە" سەرۆک بارزانی هەمیشە وەک پێشمەرگەیەک خۆی دەناسێنێت و لە پێشمەرگەی کوردستانیش خۆی جودا نەکردووەتەوە، هەر بۆیە بووەتە نوێنەری پێشمەرگە، ئەو کاریزمایەی سەرۆک کە جیهان وەک سەرۆک و مەرجەع لێی دەڕوانن و مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، ئەوە سەرۆک بارزانی بوو لە شەڕی دژی داعش و لە کاتی مەترسیی داگیرکردنی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، وەکوو سەرۆکی هەرێم لەجیاتی ئەوەی لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەرێمەوە سەرپەرشتیی بەرەکانی شەڕ بکات، خودی خۆی وەک پێشمەرگە و بە گیانی پێشمەرگانە، تا ناوچەکان ئازاد نەکرانەوە و مەترسیی سەر هەرێمی کوردستان نەڕەوییەوە، بەرەی شەڕ و سەنگەرەکانی پێشمەرگەی جێ نەهێشت، چونکە سەرۆک بارزانی بەر لە هەموو شتێک خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت.

مەزنیی ناوی پێشمەرگە و زیاتر مەزنکردنی ئەو وتەیەمان بیر دێنێتەوە کە دەڵێت سوپا بە سەرکردەکەیەوە بەهێزە، ئێستا وەک هەموان دەیبینن و دەزانن مەرجەعە و سەرۆکە، نەک هەر فەرەنسا، تەنانەت جیهانیش لەسەر ئەو ناونیشان و پێگەیە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن و بیروڕای لەگەڵ دەگۆڕنەوە، چونکە کەسایەتیی سەرۆک بارزانی پەیوەندیی ڕۆحیی نێوان خۆی و گەلەکەی هۆکارێکە بۆ ئەوەی جیهان وەکوو مەرجەعی کورد مامەڵەی لەگەڵدا بکات، ئەو پەیوەندی و خۆشەویستییەی لەنێوان سەرۆک بارزانی و گەلەکەیدا هەیە، وای کردووە جیهانیش بەو چاوە مەزنە لێی بڕوانێت و بۆ پرسە هەستیار و گرنگەکان پەیوەندیی پێوە بکەن و راكانی سەبارەت بە بابەتە هەنووکەی و سەردەمییەکان وەربگرن، بۆچوون و پێشنیارەکانی بەهەند وەربگرن، وەک چۆن مرۆڤ پێویستی بە ئاو و هەوایە، کوردستانیش پێویستی بە سەرۆک و پێشمەرگەیە. دەبێت باش ئەوە بزانین، پەیوەندیی گەلی کورد و گەل و فەڕەنسا دەمێکە لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی دامەزراوە، پەیوەندییەکی مێژوویی و قووڵی هەیە کە ئەندازیاری حەکیمانەی ئەم پەیوەندییە بارزانییە و لەو پەیوەندییەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و هۆکاری درێژەدەری پەیوەندییە دووقۆڵییەکەیە و فەڕەنسا وەک دۆستی دێرینی کورد و سەرۆک بارزانی، هەمیشە لەسەر خەت بووە بۆ پێشکەوتنی هەنگاوەکانی کورد و هەرێمی کوردستان، بۆیە دەبینین لەهەموو هەنگاوێکدا لە خۆشی و ناخۆشیی گەلەکەماندا پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە دەکەن و پەیوەندیی نێوانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن.

ئەمە ئەوەمان بۆ دەرەخات، کە بوونی سەرکردەیەکی بەئەزموون و بەتوانا و گیانبەختکردوو لەپێناو بەرژەوەندیی گەلەکەی، سەرۆک بارزانییە وای کردووە، تۆڕێکی پەیوەندیی جیهانی وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە کورد و جیهان پێکەوە ببەستێ و خودی سەرۆک بارزانی ئیدارەی ئەو شێوە پەیوەندییە بكات و پەرەی پێ بدات، تەنیا بۆ بەرەوپێش چوونی دۆزی گەلەکەمان و بەدیهێنانی مافەکانمان لە کوردستان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP