دواین هەواڵ

بۆ بەڕێز جەنابی سەرۆك ئیمانوێڵ ماکرۆن

‌عەتا شەمێرانی

5 کاتژمێر پێش ئێستا

بۆ بەڕێز جەنابی سەرۆك ئیمانوێڵ ماکرۆن

لە باشووری کوردستانەوە .. سڵاوێكی گەرم!

ببوورن  . من زمانی فەڕەنسی نازانم و تۆش لە زمانی كوردی تێناگەیت ،بۆیە بەزمانی ئینگلیزی ئەو نامەیەتان ئاڕاستە ئەكەم بەو ھیوایەی پێتان بگات!!

تۆ من ناناسیت و ناویشت نەبیستووم، نازانیت چ كارەم و خەڵكی كام ناوچەی باشووری كوردستانم، بەڵام من تۆ ئەناسم و ئەزانم چ كارەیت ، مێژووی دێرینی وڵاتەكەی تۆم خۆێندۆتەوەو چەند جارێك لە جوگرافیاكەشیدا ماومەتەوە، لە لوتكەی تاوەری بەناوبانگی ئیڤڵیشەوە، تەماشای کۆشکی ناوازەی ئیلیزێ و شارە جوانەكەی پاریس و شەقامە دڵگیرەكەی شانزەلیزێم كردووە!

من ئەزانم سەد ساڵ لەوەوپێش ،دەستەڵاتدارانی پێشووتری وڵاتەكەی تۆ، چ كارەساتێكی گەوورەیان بەسەر گەل ونیشتمانەكەی مندا ھێناوە، ئەوەش ئەزانم بە پێداگری پاریس چ ستەمێكی گەوورەمان لێكرا، زۆر بەوردیش ڕێكەوتنامەی( سایكس بیكۆ)م خۆێندۆتەوە، ئاگادارم پاریس چ ڕۆڵێكی گەوورەی ھەبووە و مەرج و داواكارییەكانی چۆن بوون و چ بوون!

بەھۆی سایكس بیكۆی ئێوەوە، خاكەكەی ئێمە پارچە پارچە كرا، بە بەرچاوی دنیاوە ھەتككرا، سەروەت و سامانەكەی دزرا،گوندو ئاوایی و سرووشتە دڵڕفێنەكەی لەگەڵ زەویدا تەخت كرا، خەڵكەی ئاوارەو دەربەدەر كرا،دەیان ھەزار لاوو گەنجی لەسێدارە دران، سەدان ھەزاریان زیندە بەچاڵ كران، ھەڵەبجەو بادینان و بالیسان و قەرەداغ، بە چەكی سینادو خەردەل خنكێنرا

بەڵام ھەر لە باوەشی ئەو سەد ساڵەدا ،پەناگەو باوەشی سۆزی پاریسیش ئەبینم ،ئەزانم گەر پاریس نەبووایە ئێستا نیشتمانێك نەمابوو بەناوی كوردستانەوە، لە یادەوەری مندا،ھەڵوێستە گەوورەكانی پاریس لە گلێنەی چاوەكانمایە ،ھەوڵەكانی خاتوو میتەران و سەرۆك میتەرانی ھاووسەری ھەرگیز لەبیر ناكەین ،ھەرگیز چاكەكانی ئەوان ون نابێت،ئەزانین لە ئەستانەی كۆڕەوو كۆچی ملێۆنییدا، چۆن ھاتن بەدەممانەوەو چۆن لە ددانی تیژی بەغداو تاران و ئەنقەرە ئێمەتان پاراست!

جەنابی سەرۆك ..

ھەڵوێستەكانی ئێوەش بەرزئەنرخێنین، سوپاستان ئەكەین كە نەتانهێشت لە سەرووبەندی شانزەی ئۆكتۆبەردا ،مارە ڕەشەكانی بەغدا قووتمان بدەن، سوپاستان ئەكەین كە نەتانھێشت دەبابەو تانك و زرێپۆشەكانی(ئەنقەرەو تاران و بەغدا)پەلاماری كوردستان بدەن و بە بەیەكجاری قڕمان بكەن، سوپاس كە نەتانھێشت چەقەڵ و گورگ وئەژدیھا خوێنخۆرەكانی بەغداو تاران و ئەنقەرە، لەسەر نەخشەی ژیان بمانسڕنەوە!

ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ خەڵکی کوردستان و خەباتە ڕەواکەی ، لەپاریسەوە مەدالیای ئازایەتیتیتان لە یەخەی پێشمەرگە دا ، ناونانی باخچەیەک و شەقامێکی گەوورەی پاریس بە نێوی(پێشمەرگە) وە، وەفایەکی گەوورەیە بۆ جوامێری و ئازایەتی گیانفیدایی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێزو پێزانینێکی زۆرمان بۆ ئەو هەڵوێستە گەوورانەی ئێوە و گەلی مەزنی فەڕەنسا هەیە، خەڵکی کوردستان بەشکۆوە تەماشای هەڵوێستە گەوورەکانی ئێوە دەکات لە پاراستنی خاکی کوردستان و گەلی کوردستان، بەو هیوایەین تا کەناری سەربەخۆیی و درووستبونی دەوڵەتی کوردستان ، هاووکارو یارمەتیدەرمان بن!

بژی کوردستان .. بژی فەڕەنسا

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP