دواین هەواڵ

گفتوگۆی زمان لەسلێمانی

‌فارس نەورۆڵی

1 رۆژ پێش ئێستا

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەشداربووم لە سێ دیبەت، لە سێ ناوەندی جیاواز لە سلێمانی، سەبارەت بە زمانی کوردی و زمانی ستانداردی کوردی، بابەتەکان پسپۆڕانی شارەزای زمان پێشکەشیان کرد بابەتی گرنگ بوون، نامەوێ لێرەدا باسی گرنگی زمان بۆ پەیوەندی و مێژووی زمان بکەم، چونکە من شارەزانیم لەو بوارەدا، بەڵام ئەوەندە دەڵێم خەباتی چەکداری چەندە ناسنامەی کورد بوونی پاراست، زمان ئەگەر لە پاراستنی کوردو شووناسی کورد و جوگرافیای کوردستاندا ڕۆڵی زیاتر نەبووبێ کەمتر نەبووە، شەڕی کوردبوون لەناو زماندا بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕیووە هەتا ئەو ڕادەیەی زمانی کوردی هەتا کوێ بڕی کردبێ و قسەی پێکرابێ، جوگرافیای کوردستانی لەوێ سەلماندوە. 

واتە خاک و زمان وابەستەی یەکن ئەگەر سەرنج بدەی ئەو جێگایانەی داگیرکەر دانیشتوانە کوردەکەی لێ دەرکردبێت، ئەوا وەک جوگرافیاش لە دەسمانداوە، بۆیە هەر لەسەرەتاوە داگیرکەران کاریان لەسەر سڕینەوەی زمانی کوردی کردووە  سەبارەت بە زمانی ستانداری کوردی جگە لەوەی زمان ناسەکان و میدیاو پەروەردەو فێرکردن دەتوانن گەشە بە زمانی کوردی بدەن، بەڵام بەبێ بڕیاری سیاسی زمانی ستاندارد دروست نابێت، ئەمەش بابەتێکی ئاساییەو نموونەمان زۆرن لە جیهاندا (فەرەنسا، تورکیا، چین، ئێران) نموونەی دیکە زۆرن لە جیهاندا بۆ زمانی ستاندار و مانەوەی وەکو مانەوەی نەتەوە، ئەوەی گرنگە بۆ کورد پێویستە ئەوە بزانین زمانی ستانداری کوردی پێویستی بە زەمینەسازی مەعریفی و ئامادەکاری ڕۆشنبیری هەیە، بۆ ئەوەی بڕیاری سیاسی لەسەر بدرێ یان ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر بکرێت، ئیتر یەک زمانی ستاندارد دەبێ یان دوو زمانی ستاندار ئیتر بەپێی دەوڵەمەندی شێوەزارەکان یاخود واقیعی هەر پارچەیەکی کوردستان لەبەرچاو بگیرێ.

هەرچەندە من باوەڕم بە یەک زمانی ستانداری کوردی هەیە، بەڵام ئەگەر مەحاڵیش نەبێت زەحمەتە، بۆیە بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هاوئاهەنگی نێوان ڕۆشنبیران و پسپۆڕانی زمان و سیاسیەکان هەبێت لە ئاستی کوردستانی گەورەو کوردانی  ئەوروپاو ئەمریکا ئەو کەسانەی شارەزای زمانن. 

کورد بە پاراستنی زمان و کولتوورەکەیەوە قۆناغە سەخت و ناکۆکیەکانی تێپەڕاندووە، بۆیە گرنگە سیاسی و ڕۆشنبیری بە ئیرادەی سەربەخۆوە دوور لە هیچ بەهانەیەک کاربۆ یەکگرتووی زمان بکەن تا کوردیش لە جیهاندا وەکو زمان بوونی خۆی ڕابگەیەنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP