دواین هەواڵ

ئەنجومەنی پشتیوانی هەڵەبجە و پاڵپشتی بارزانی، لەکۆبونەوەکەدا چی باسکرا

‌فارس نەورۆڵی

7 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردانی ئەنجوومەنی پشتیوانی هەڵەبجە بۆ لای بەڕێز  "مەسعود بارزانی" بەهەموو پێوەرێک سەردانێکی ئاسایی و پێویست بوو، دوای سەردانەکە وەک هەمیشە خەڵکی بوون بە دوو بەرەی دژبەیەک. من وەک ئەوەی هەیە قسەی لەسەر دەکەم نەک وەک ئەوەی حەزی کام بەرەیە، ئەوانەی دژبوون بەشێکیان لەسۆنگەی نەبوونی و هەژاری خەڵکەوە بوو بێت ئەوا هەموومان ئەو ئازارەمان هەیە و هاوڕاین ئەنجومەنی پشتیوانی هەڵەبجەو بارزانی هاوڕابوون لەسەر ئازاری خەڵک، ئەو کاردانەوەیانەش بەرەنجامی ڕقی حزبی بێت ئەوە قسەم لەسەری نیە، بەڵام واباشە ئەوە بزانین لەسەردەمی هەوڵدان بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بەڕێز "مەسعود بارزانی" ڕۆڵی سەرەکی هەبوو، وەک هەڵەبجەییەکیش دڵخۆش بوو بەوەی هەڵەبجە بوو بە پارێزگا.

دواتر ئەنجوومەنی پاڵپشتی هەڵەبجە کۆمەڵێک کەسایەتی و دڵسۆزی هەڵەبجەن هەر لەسەرەتاوە لەهەموو دەرگایەکیان داوە بۆ بەرژەوەندی هەڵەبجە، چوونەتە بەغدا و سەردانی هەموو ئەحزابی کوردی و عەرەبیان کردووە بۆ ئەوەی کار بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بکرێت، دواتر سەردانیان بۆ لای "بارزانی" باوەڕم وایە بەرهەمی دەبێ بۆ بەرژەوەندی هەڵەبجە و کۆبونەوەکەش زۆر ڕاشکاوانە بووە، ئەندامانی ئەنجوومەنی پاڵپشتی ئەوەی داواو ئازاری دڵی هەڵەبجەییەکانە بە "بارزانی" یان گەیاند، چەند داواکاری و پێشنیاری گرنگیان بە "بارزانی" گەیاندووەو هیچ داوایەکی تایبەتی یان نەبووە، تا نانی نیوەڕۆشیان لەوێ نەخواردوە. "بارزانی" زۆر بە پەرۆشەوە گوێبیستی قسەکانیان بووەو وتوویەتی هەرچی بۆ هەڵەبجە بکەین هێشتا هیچمان نەکردوە و منیش وەک ئەندامێکی ئێوە هەوڵ بۆ هەڵەبجە دەدەم و ئەو داواکاریانەشتان بەگرنگیەوە کاری لەسەردەکەم، پاشان بۆ ئاسایی بێت ئەنجومەنی پشتیوانییەی هەڵەبجە سەردانی بەغدا بکات و نائاسایی بێت سەردانی "بارزانی" بکات.

دۆستانی ئازیزیی هەڵەبجە ئێمە دەبێت  هەموومان کاربکەین لەهەموو دەرگایەکی خێر بدەین بۆ ئەوەی دارێک بخرێتە سەر بەردێک بۆ هەڵەبجە نەک دابەش بین بۆ دووبەرە، دەبێ هێز لە ئازارەکانی هەڵەبجە وەربگرین بۆ گەڕان بەدوای چاکەی هەڵەبجەدا نەک هێز لە ڕقی حزبی و ئایدۆلۆژی وەرگرین بۆ لێک ترازان و ئاشوب، بۆیە بەڕاستی ئەو هێرشانە کرانە سەر "مەلا تاهیر" و وەفدەکە ناڕەوا بوون، دواجار دروستکردنی ئارامی و ئاوەدانی تەنها لەڕێگای گفتوگۆی ئەقڵانیەوە دەبێت هەموو ئاین و فەلسەفەش پشتگیری ئەم قسەیەن. بۆیە هیوادارم کاردانەوەی بێ بیرکردنەوەمان نەبێت، پرسیاریش لەوەفدەکە بکەن کەچیان بەبارزانی وتووه و وەڵامی "کاک مەسعود" چی بووە پاشان هەڵسەنگاندن بۆسەردانەکە بکەن، خودا پاڵپشتمان بێت بۆ برایەتی و لێکتێگەشتن و بیر کردنەوە پێش کاردانەوە . هیواداریشم مامۆستا تاهیر لە گوتاری هەینی دا بە پوختی باسی  کۆبونەوەکەیان بکات بۆڕای گشتی .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP