7 لە 9
ئەگەر کۆمەڵگا جەستەیەک بێت، ئەوا متمانە خوێنی گەڕۆکی نێو دەمارەکانییەتی، زۆرجار بەپێویست نابینرێت بگوترێت بەڵام بۆ هەموو ئەرکێکی کردەی سیاسی، ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانی، گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و پرۆسەی زەحمەتی بونیاد و ئاوەدانکردنەوەی دوای ململانێ و جەنگ، متمانە پێویستیەکی حەیاتییە. متمانە تەنیا پەسندێکی ئەخلاقی نییە، پێویستیی ستراکچەری بونیادەکانە. بێ متمانە، بینە و بەردەی ژیانی مۆدێرن گیردەخوات و تەنانەت پێشکەوتووترین سیستەمەکانیش لە ژێر قورسایی گومان و ترسدا دادەڕووخێن.
لە سیاسەتدا، پەیمانی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات متمانەیە، کە هێز و پێزی شەرعییەتی سیاسییە. کە نەک لە ڕێگەی هێزەوە، بەڵکو لە ڕێگەی ڕەزامەندییەوە فەرمانڕەواکان بە بەشەکانی دیکەیانەوە دەبەستێتەوە. کاتێک متمانە لە نێوان هاوڵاتیان و سەرکردایەتیدا هەبێت، سیاسەت دەبێتە کانگای ڕەزامەندی و سازان و دیدگای بەردەوامی درێژخایەن. کاتێک متمانە لەدەست دەچێت، سیاسەت دەبێتە نمایشێکی ڕووکەش، کە پۆپۆلیزم و ناڕەزایی تەراتێنی تێدا دەکەن.
نیکۆلۆ ماکیاڤێلی(Niccolo Machiavelli 1469-1527)
، هەرچەندە زۆرجار وەک ڕەشبینێک باسی دەکرێت، بەڵام ئەویش دواجار لەوە تێگەیشت کە شازادەیەک کە تەنها لە ڕێگەی ترسەوە حوکمڕانی دەکات، لە کۆتاییدا ناجێگیر دەمێنێتەوە. هانا ئارێنت(Hannah Arendt1906-1975)
، لە پێودانگی خراپەکارییەکانی تۆتالیتاریزمەوە، دەنووسێت کە لەناوبردنی متمانەی گشتی، لە ڕێگەی درۆ و ناڕووونی و پڕوپاگەندەوە دەبێتە هۆی داڕمانی خودی حەقیقەت. کاتێک هاووڵاتیان باوەڕیان بە ڕاستییەکان و دامەزراوەکان نەما، سیاسەت چیتر چالاکیەکی مەدەنی نییە، دەبێتە شەڕی ملشکاندن.
بزووتنەوە پۆپۆلیستیەکان لە سەرانسەری جیهان ئەم داڕمانەیان قۆستۆتەوە. پۆپۆلیزم لە بەری بێمتمانەیی دەخوات، بێمتمانەیی بە نوخبە، بە دامەزراوەکان، بە هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. لە کاتێکدا سەرکردە پۆپۆلیستەکان پتر بە زمانی خەڵک قسە دەکەن، بەڵام بە دەگمەن لە بەرژەوەندی خەڵکەکە حوکمڕانی دەکەن. متمانە، لەم جۆرە حاڵەتانەدا، ناگەڕێتەوە، بەڵکو ئاڕاستە دەکرێتەوە بۆ دەسەڵاتی کاریزماتیک. مێژوو ئەوەمان بیردەخاتەوە کە متمانەیەکی بەم شێوەکە پینەوپەڕۆکراوەو زوو تەواو دەبێت. خیانەت، بە تایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی کە پاشماوەی ستەم و کوشتارن تەنیا شکستێکی سیاسی نییە؛ بەڵکو زەبر و زەنگێکە متمانە هەڵدەتەکێنێت. لە عێراقی دوای 2003، بەڵێنەکانی دیموکراسی بە خێرایی جێگەی خۆیان بە کوتلەگەرایی شیعە و سوونە و شەڕی بەوەکالەت بۆ دەوڵەتاندا و بوو بە سیمای دزێوی عێراق، متمانەی گشتییان بە هەردوو ئەکتەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەناوبرد. لە نێو ئێمەی کورددا، یادەوەریی هاوپەیمانییە بێوەفاکان، لە پەیمانی سیڤەرەوە تا ڕیفراندۆمی ٢٠١٧-، متمانەی کردووە بە جۆرێک لە وریایی سیاسی. بۆیە سەرکردایەتییەک کە هەوڵی گەڕاندنەوەی متمانە دەدات، دەبێت نەک تەنها بە لێهاتوویی بەڵکو بە یەکگرتوویی ئەخلاقی مامەڵە بکات.
متمانە لە بواری ئابووریدا
بازاڕەکان تەنیا بە پارە بەڕێوە ناچن، بە متمانە بەڕێوە دەچن. بێ متمانە گرێبەستەکان بێمانان و مافی خاوەندارێتی جێبەجێ ناکرێت و دراو دەبێتە کاغەزێکی ڕووت. خودی بیرۆکەی چالاکیی ئابووری تەیدمان دەکات کە متمانە واتە ( کڕیار پارە دەدات، بەرهەمێک تەندروستی پێدەگات، یاساکان جێبەجێ دەکرێن و دامەزراوەکانیش بە دادپەروەرانە ناوبژیوانییان دەکەن).
ئادەم سمیس(Adam Smith 1723- 1790) لە کتێبی (تیۆری هەستە ئەخلاقییەکان)دا جەختی لەوە کردەوە کە سیستەمی ئابووری پشت بە هەستی ئەخلاقی وەک متمانە و هاوسۆزی و دادپەروەری دەبەستێت. ئەگەر وانەبێت سەرمایە بە تۆڕوداوی قۆڵبڕەکانەوە دەبێت. لەم دواییانەدا، فرانسیس فۆکویاما(ئێستە -Francis Fukuyama1952)
ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کۆمەڵگایانەی متمانەی بەرزیان هەیە ئەزموونی داهێنان و وەبەرهێنان و گەشەی ئابووری زیاتر دەکەن. نەک تەنها بەهۆی سیاسەتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی متمانە تێچووی مامەڵەکردن کەمدەکاتەوە و مامەڵەکان ئاسان دەکات.
تەماشابکەن، جیاوازی نێوان ئەو ئابوورییانەی کە متمانەی دامەزراوەییان بەردەوام بوە، وەک ئەڵمانیا یان ژاپۆن و ئەوانەی کە چەندین جار بەهۆی گەندەڵی، قورغکاری یان ناسەقامگیری دراوەوە تێکدەچن، لە ژینگەی متمانە چاکەکەدا بازرگانەکان دەتوانن پلانی درێژخایەن دابنێن، وەبەرهێنەران متمانەیان بەخۆیان زیاترە و داهێنانیش گەشە دەکات. لە ژینگە کەم متمانەکەدا، تەنانەت بەڵێندەرترین کارەکانیش بەهۆی ترسی دزی، ساختەکاری، یان داڕمانی لەناکاوەوە سنووردار دەکرێن.
قەیران کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە. داڕمانی دارایی جیهانی ساڵی 2008 لە ناوەڕۆکەکەیدا قەیرانی متمانە بوو، لە بانکەکان، لە دامەزراوەکان و لە حکومەتەکاندا. کاتێک ئەو متمانەیە شکا، بوژانەوە نەک تەنها پێویستی بە هاندان بەڵکو چاکسازی ڕیشەیی و دڵنیاکردنەوەی گشتی هەبوو.
بۆ کۆمەڵگای کوردیش متمانە بە ژیانی ئابووری خراپ بووە. گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و ناکۆکی لەسەر داهاتی نەوت و دواکەوتنی پێدانی مووچە، مەزاجێکی ناجێگیری گشتیی دروستکردووە. گەڕاندنەوەی متمانە لێرەدا پێویستی بە شەفافیەت و ڕوونی یاسایی و ڕێزگرتنی بەردەوامی ڕێککەوتنەکان هەیە، جا چ ناوخۆیی و چ نێودەوڵەتی بن.
لە سەردەمی زیرەکی دەستکرد و ئەلگۆریتم وسەرمایەداریی چاودێریدا، پرسی متمانە لە مرۆڤەوە دەڕوات بۆ تەکنەلۆژیا. ئایا دەتوانین متمانەمان بەو سیستەمە هەبێت کە ئێستا هەموو شتێک بەڕێوەدەبات، لە خاڵیکردنی قەرزەوە تا سزای دادوەری، لە دەستنیشانکردنی تەندروستیەوە تا بڕیارەکانی دامەزراندنی کارمەند؟
شۆشانا زوبۆف(ئێستە-Shoshana Zuboff 1951)، لە کتێبی سەردەمی سەرمایەداریی چاودێریدا، ئەوە دەگەێنێت کە ئێمە دەچینە ناو جیهانێکەوە کە بێ ڕەزامەندی ڕەفتاری مرۆڤ پێشبینی دەکرێت و دەستکاری دەکرێت و بە قەبارەی خۆی پارەدار دەکرێت.
بۆیە متمانە بە تەکنەلۆژیا چیتر تەنها پەیوەندی بە کاراییەوە نیی, بەڵکو دەبێتە پرسێکی ئەخلاقیش. کاتێک ئەلگۆریتمەکان نا شەفافانە کاردەکەن، و کاتێک داتاکان بێ ڕەزامەندی کۆدەکرێنەوە، هاوڵاتیان هەستکردن بەوە دەکەن کە خزمەتیان پێ نەکراوە، بەڵکو چاودێرییان کراوە. لە وەها دۆخێکدا، فۆرمەکانی متمانەی تەقلیدی، لە نێوان هاوڵاتی و دەوڵەت، کڕیار و فرۆشیار، تاک و دامەزراوەکاندا دەبێ دووبارە بیریان لێبکرێنەوە بۆ ئەوەی لێپرسینەوە سیستەمەکانی زیرەکی دەستکردیش بگرێتەوە کە ئێستا تێکەڵی سەرتاپای ژیانمان بووە
بە کورتی، متمانە وەک گرنگترین، بەڵام هەستیارترین، پێدراوی کارلێکی نێوان مرۆڤەکان لە بوارگەلی سیاسەت، ئابوری و تەنانەت تەکنەلۆژیشدا دەمێنێتەوە. کۆمەڵگای بێ متمانە کۆمەڵگایەکە کە لە قەیرانێکی هەمیشەییدایە. بۆ گەڕاندنەوەی، پێویستمان نەک تەنها سیستەمەکان بەڵکو بە بنەماکانە. وە لە سەرووی هەمووشیانەوە پێویستمان بە گرێبەستێکی ئەخلاقی نوێکراوەهەیە کە کەرامەت و دادپەروەری و ڕاستی مرۆڤ بخاتە ناوەندەکەیەوە.