لە ووڵاتی دیموکراسیدا ھەمیشە دوو ھێز پرۆسەی سیاسی بەڕێوە دەبەن کە بریتین لەئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات کاتێک ئۆپۆزسیۆنێکی واقیعی بەھێز ھەبوو ئەوا حکومەتێکی بەھێز ئامادەگی دەبێت. واتە وەک تێز و ئەنتی تێز بەربەرەکانێ دەکەن دوا جار تێزێکی نوێ سەر ھەڵدەدات، ئەم یارییە لەکۆمەڵگە دیموکراسیەکاندا بەردەوامی ھەیە بۆیە کەمترین فەوزای سیاسی دروست نابێت. لەپرۆسەی دیموکراسیدا یاخود حوکمڕانی لەفەزای دیموکراسیدا ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ھەر لایەک وەزیفەی خۆی ھەیە کە بەھەردووکیانەوە خزمەت بەکۆمەڵگا دەکەن، ھەرێمی کوردستان لەدوای دروست بونی کابینەی یەکەمی حکومەتی ھەرێمەوە بەقۆناغی سەخت و ئاسایی و نائاساییدا تێپەڕیوە یەکێک لەو دەسکەوتانەی پرۆسەی سیاسی لەکوردستان دروست بوونی ئۆپۆزسیۆن بوو لەچەند ھێز و لیستی جیاجیاجیا کە بەھێزترینیان بزوتنەوەی گۆڕان بوو ڕابەرایەتی دەکردن لەناو گوتاری ئۆپۆزسیۆندا دەنگی پۆپۆلیستی زاڵ بوو ھەرچەندە ئۆپۆزسیۆن دوای شەپۆلی بەھاری عەرەبی کەوتبوو بەڵام لەھەڵبژاردندا دەنگیان ھێنا نمونە گۆڕان (٢٥) کورسی بەدەسھێنابەڵام نەیانتوانی بەردەوامی بە کاری خۆیان و پرۆژەکەیان بدەن بۆیە شکستی ھێنا کەواتە لەدوای شکستی گۆڕان و ھێزەکانی دیکە بۆ دروست بونەوەی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و متمانە پێکراوی خەڵک ساڵانێکی پێویستە تا نەوەیەکی دیکە دێتە پێش و خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن نیشان دەدەن چونکە ڕای گشتی متمانەی بەم ئۆپۆزسیۆن و کارەکتەرانە نەماوە لایەنگرانی پێشوویان دەڵێن زۆربەیان کە گەشتنە پۆست و پلە لەبری چارەسەری ئازاری خەڵک لەناو چێژدا نوقوم بون ئەوە ڕای من نیە ڕای بەشێک لەو ھاوڕێیانەیە کەپێشتر لە ئۆپۆزسیۆن لەحیزبی جیاجیابوون و دەڵێن (لەدار و پەردووی کۆن خانوو دروست ناکرێت، )کەواتە لەم قۆناغەدا دروست کردنی بەرە بەرھەمی نابێ چونکە ھیچ ھێزێک خاوەنی ڕوانگەی سەر بەخۆی سیاسی و دارایی خۆی نیە و ئەزمونێکی سەرکەوتوشیان نیشان نەدا ، بۆیە بەرە بەناکامی لەدایک دەبێت .
خوێنەری بەڕێزیش دڵنیادەکەم ئەم وتارەم بۆ بەرژەوەندی ھیچ کەس نەنوسیوە و تەنھا خوێندنەوەی خۆم و بەرھەمی گفتوگۆی ڕۆژانەمە لەتەک خەڵکی جیاجیاو ڕای جیاوازدا، ئەگینا من چەند لایەنگرم بەحکومەتێکی کارا ئەوەندەش لایەنگرم بۆ ئۆپۆزسیۆنێکی کارا چونکە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دوباڵی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسین .