دواین هەواڵ

ئەركی میدیا سازدانی دیالۆگی دیموكراسییانەیە نەك ماوەدان بە ئاخافتنی ناشیاو و شێواندنی مێژوو

‌كاوە محمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەڕوونی
ئەركی میدیا سازدانی دیالۆگی دیموكراسییانەیە نەك ماوەدان بە ئاخافتنی ناشیاو و شێواندنی مێژوو

ماوەیەكە لە هەندێ بەرنامەی دیدار سەبارەت بە بابەتی ڕووداوی مێژوویی، یان دیالۆگ سەبارەت بە هەڵوێست ‌و چەمكی سیاسی ‌و مەعریفی لە بەشێك لە تیڤییەكان، كۆمەڵە كەسانێك بانگدەكرێن، كە نەك تەنیا بە پێدانی زانیاری چەواشە سەبارەت بەو بابەتە قایل نابن، بەڵكو تەنانەت هەندێ وشەی ناشیاو بەكاردەهێنن، كە ناكرێ ئێمە دووبارەیكەینەوە چونكە هەر وشە‌ و دەستەواژەیەك سیفەتی خاوەنەكەیتی ‌و لە كەلتووری گەلێكی ڕۆژهەڵاتیدا وتراوە (قسەبكە با بتناسم)‌. شایانی باسە ئەو جۆرە وشانەش كە لەو بەرنامانەدا وتراوە ئێجگار دوورن لە سادەترین بنەمای ڕەوشتی كۆمەڵگەیی، هەر كەسێك خۆی بە تێكۆشەر بزانێت یان كەسێكی بانگخوازبێت بۆ هزر‌ و بۆچوونێكی ئایینی ‌و سیاسی ‌و شەرمە بەكاریبهێنێت.
باسكردنی ڕووداوەكان لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان بەرپرسیارییەكی مێژووییە‌ و ناكرێ بەعەقلیەتی ئایدیۆلۆجیای پێشوەخت ‌و سەنگەرگرتنی مێژوویی بەرامبەر لایەنێكی سیاسی یان ڕەوتێكی هزری، ڕووداوەكان بەئاراستەی شێواندن باسبكرێت ‌و قسەكەر وا بزانێ خەڵكی نەزان ‌و نەفامە‌ و ئاگادار نییە‌ و خۆ ئەگەر لە دەیان سەرچاوەی باوەڕپێكراو ئاشنای نەبووبێت، ئەوا لە ڕێگای مێژووی زارەكییەوە ئاگاداری ڕووداوەكانە، بەتایبەتی ئەگەر ئەو ڕووداوانە لە شەستەكانی سەدەی ڕابوردوو ڕوویاندابێت، كە دەیان كتێبی لەسەر نووسراوە و بەڵگەی مێژووی لەسەرە ‌و لە ئەرشیفدا هەن ‌و لە بەشێك لەو كتێبانەدا ئاماژە بە (سەحیفەی ئەعمالی) هەموو كەس ‌و لایەنێك كراوە ‌و هێرشەكردنە سەر بەرامبەر و بەكارهێنانی وشەی نەشیاو ڕاستی ڕووداوەكان ناگۆڕێت .
ئەو چاوپێكەوتنەی بەرنامەی پەنچەمۆر لەگەڵ بەرێز كەمال محیدین نموونەیەكی ئەو باسەی سەرەوەیە كە ئاماژەمان پێكرد‌ و دوور لە ڕاستییەكان ناوبراو هەندێ وشەی بەكارهێنا سەبارەت بە هەڵوێستی حزبی شیوعی سەبارەت بە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە سەردەمی عبدالكریم قاسمدا، كە نەك تەنیا دوورن لە دەستەواژەی سیاسی، تەنانەت لەگەڵ تەمەنی ناوبراو نەدەگونجا. یەكێك لەو بابەتانە پشیتەنگی ناوبراو بوو سەبارەت بە خۆپیشاندانی ملیۆنی حزبی شیوعی لە بەغدا‌ و بازدان بەسەر بەیاننامەی ئاشتی لە كوردستان، كە حزبی شیوعی لەگەڵ سەردانی شۆڕش لە 1961 بڵاویكردەوە ‌و دژ بە بۆردومانكردنی كوردستان ‌و بانگەوازی چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی ڕەوای كورد بوو. بەهۆی ئەو بەیاننامەیەوە دەیان تێكۆشەری شیوعی لە دادگا بەچەندین ساڵ حوكمدران لە كاتێكدا حوكمنەدانیان ‌و ئازادكردنیان بەندبوو بە جنێودان بە شۆڕش ‌و سەركردەكەی، بەڵام كەسانێك لە حزبی ناوبراو زۆر بەئاسایی هێرش ‌و جنێویاندا ‌و ئازادكران. 
دیاردەی بەكارهێنانی وشەی ناشیا و لە بەرنامەكەی كاكە ڕەنج لەگەڵ دوو بانگخوازی ئیسلامی سیاسی، كە یەكێك لە باسەكانیان عەلمانییەت بوو، ڕوویدایەوە. ئەمڕۆ هەزاران سەرچاوە سەبارەت بە پێناسەی عەلمانییەت تاكی ئەم كوردستانە بەگەڕانێك لە ئامێری مۆبایلەكەیدا دەتوانێ دەستیكەوێت‌ و پەنابردنە بەر وشەی ناشیاو بە كەسی عەلمانی یان بەئانقسەت شێواندنی ئەو چەمكە، جگە لە مایەپووجی قسەكەری ناشیاو، هیچ بەرهەمێكی دیكەی نابێت، مەگەر هەر ئەو دەستە‌ و تاخمە فریوبدات، كە لەم ڕەوشە ناهەموارەدا ‌و لەژێر فشار ‌و نامۆبووندا دوور لە گەڕانەوە بۆ بابەتە مەعریفییەكان ئاراستەی هێرشبردنیان هەڵبژاردوە ‌و گومانیش لەوەدا نییە كە ڕەوشی ئاسایی ‌و كۆتاییهاتن بە فشاری جۆراجۆری ژیانی ناتەبایی‌ و چەوساندنەوە، مرۆڤ ‌و تاكی خاوەن لۆجیك‌ و هاوسەنگ ‌و ڕووناكهزر بەرهەمدەهێنێت‌ و لە خوێندنەوە ‌و هەڵسەنگاندنی مێژووی ئێستا‌ و دید بۆ ئایندە، عەقڵ ‌و لۆجیك بەكاردەهێنێت.
دەستەواژەی عەلمانییەت لەو چەمك ‌و وتە باوانەیە، كە لە گوتاری سیاسی پەیوەست بە بابەتە سیاسی ‌و كۆمەڵایەتی ‌و كەلتوورییەكان لە كۆڕ ‌و مێزگەرد ‌و گفتوگۆكانی بواری ڕاگەیاندن، لێدوان ‌و باسی لەسەر دەكرێت ‌و هێزە دژە عەلمانییەكان لە ڕوانگەی بەكارهێنانی گوتاری ئایینییەوە، بەشێوەیكی نەخشەبۆكێشراو بەئاراستەی لێڵكردن ‌و بەتەمومژاوی خستنەڕووی ئەم چەمكە، كار بۆ ناوزڕاندن ‌و شێواندنی چەمكی عەلمانییەت دەكەن.
ئەم بابەتانە كە بەشێكن لە پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی، گومانی تێدانییە دوور لە ململانێ نابێت ‌و ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان نەدەكرد كە ئەو بەڕێزانە بە شانوباڵی عەلمانییەت هەڵبدەن، بەڵام ئەرك ‌و بەرپرسیاری میدیا ‌و میدیاكاران لەم جۆرە بەرنامانەدا قورسترە‌ و ناكرێ سەركەوتنی بەرنامەكان تەنیا بەپێوەری كۆكردنەوەی ژمارەی زۆری بینەرانی بێت‌ و چاوپۆشی لەوە بكرێت قسەی زبر ‌و ناشیاو و جنێودان بەئاراستەیەك ‌و بژاردەیكی سیاسی یان هزری بكرێت ‌و ئامادەكار ‌و پێشكەشكەری بەرنامە لەم جۆرە ڕەفتارانە بێدەنگبێت.
دەربارەی عەلمانییەت، سەرجەم ئەم پێناسانەی كە بۆ ئەم چەمكە كراوە، جەخت لەوە دەكرێت كە گوتار ‌و چەمكی عەلمانییەت، تەنیا كاردانەوەیەك نییە سەبارەت بە بۆچوونی دانانی شەریعەت بە سەرچاوەی سەرەكی دەستوور، یان كاردانەوەیەك بەرامبەر جۆرێك لە گوتاری ئایینێكی دیاریكراو بێت، كە لە وڵاتی ئێمەدا لە چوارچێوەی پرۆژەی بەئیسلامكردنی كۆمەڵگە ئاراستەدەكرێت. عەلمانییەت پرۆسەیەكی مێژووییە، كە لەچوارچێوەی ناكۆكی ‌و ململانێیە ئاڵۆزەكانی كۆمەڵگە، وەك بەشێك لە سەرجەم زانستەكانی كۆمەڵگە لە بوارەكانی سیاسەت ‌و ئابووری ‌و مێژووی مۆدێرنەتە ‌و بەوابەستیی بە چەمكی دیموكراسی لەدایكبووە.
پەیوەندی نێوان دین ‌و دونیا لە ڕوانگەی عەلمانییەتەوە گوتارێكی ژیانی نێو مێژووە، نەك لە دەرەوەی مێژووی مرۆڤایەتی ‌و سەرچاوەیەكی نادیارەوە تەماشابكرێت. ئەم گوتارە لەسایەی پرۆسەیەكی مێژوویی درێژخایەنی پەیوەندیدار بە پەرەسەندنی سەرمایەداری ‌و گۆڕانكاری لە ریزبەندە چینایەتییەكان ‌و گەڵاڵەبوونی چەمكی ماف ‌و سەرهەڵدانی كۆمەڵگەی نوێ لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون، بێ جیاوازی لەسەر بنەمای ئایین نێوان خەڵك بەگشتی پەیدابووە.
لە ڕوانگەی ئەم پێناسەیەوە، دەوڵەتی عەلمانی بەمانای جیاكردنەوەی دەسەڵاتی ئایینی لە دەسەڵاتی سیاسی‌ و ڕێزگرتنی سەرجەم بیروباوەڕە ئایینییەكان ‌و شوناسی كەلتووری ‌و ڕووحی گەلانی جیاواز ‌و كۆمەڵگەی هەمەجۆرە لە ڕێگای پشتبەستنی دەوڵەت بە جۆرە دەستوور ‌و قانونێك، مافی یەكسانی تاكەكان بێ جیاوازی لە شوناسی ئایین‌ و ڕەگەز ‌و تیرە و ڕەچەڵەكی نەتەوەیی، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون ڕێكدەخات. بەپێی عەلمانییەت بیروباوەڕی ئایینی كۆمەڵە بابەتێكی تایبەتن بە هەر تاكێك، كە مافی ئەوەی هەیە بەئازادی بیروباوەڕی خۆی وەك مافێكی هاووڵاتیبوون پەیڕەوبكات‌ و لەم میانەشدا ڕێز لە دامەزراوە ئایینییەكان دەگیرێت ‌و جێبەجێیكردنی ئەركی خۆیان ‌و پێشكەشكردنی خزمەتگوزرای بۆ ئایینپەروەران مسۆگەردەكرێت.
بەم جۆرە عەلمانییەت پانتاییەكی گشتی كۆمەڵگەیە، كە مرۆڤەكان كۆدەكاتەوە ‌و زەمینەی ئاشتی ‌و ئارامی ‌و بەیەكەوەژیانە، كە بنەمای سەرەكی گەشەپێدانی كۆمەڵگایە.
كاتێك باس لەم دوو بەرنامەیە دەكەین، هەڵبەتە لە هەر دوو بەرنامەدا پێشتر بابەتی گرنگ ‌و باش باسكراوە كە شایەنی دەستخۆشییە، بەڵام دەكرا لەو دوو بابەتەی باسمانكردن هەر بۆ خودی پرستیجی ئەم دوو بەرمانەیە، لە مۆنتاجدا ئەو وشە ناشیاوانە لاببرایە، چونكە بەرنامەكان ڕاستەوخۆ نەبوون.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP