دواین هەواڵ

ڕێکەوتننامەی ئەبراهام یان ئیبراهیمی، چییە؟

‌نەوشیروان سەعید

5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمڕۆ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عەرەبستانی سعودیە داوای کرد سعودیە بچێتە ناو ڕێکەوتننامەی ئەبراهام.

ئەم ڕێکەوتننامەیە کە بە ئیبراهیمیش ناودەبرێت بەو زنجیرە ڕێکەوتننامانە دەوترێت کە لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ئەنجامدراون بە چاودێری ئەمریکاو ئەم ناوە بۆ یەکەم جار لە بەیانێکی هاوبەشی ئیسرائیل و ئیماراتی عەرەبی و ئەمریکا لە ١٣ی  ئۆگەستی ٢٠٢٠ هاتە ناو ئەدەبیاتی سیاسی ناوچەکەو بووە ناوی ئەو ڕێکەوتننامەی هەریەک لە وڵاتانی عەرەبی وەک ئیمارات و دواتریش بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل واژویان کرد.

سۆنگەی ڕێکەوتتنامەکانی ئەبراهام یەکێتی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکانی ئێران و هێزە چەکدارەکانی فەلەستین و فراوانخوازیی تورکیایە.

ئامانج لە ڕێکەوتننامەی ئەبراهام کۆتایی هێنان بە شەڕو ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی عەرەب و ئیسرائیلە لە چوارچێوەی سیاسی و ئابووری و ئاسایش و لێک نزیکی هاوسەنگیی سەربازی و ئابووری و دیمۆگرافی،هاوشێوەی ئەوەی لەنێوان ئەڵمانیاو فەرەنسا لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم یان ئەوەی لەنێوان چین و ژاپۆن کرا.

ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨وە سێ ڕێکەوتننامەیان واژو کردووە 
- ڕێکەوتننامەی کامب دەیڤد لەگەڵ میسر ساڵی ١٩٧٩.
-ڕێکەوتننامەی ئۆسلۆ لەگەڵ ڕێکخراوی ڕزگاری فەلەستین لەساڵی ١٩٩٣.
-ڕێکەوتننامەی وادی عەرەبە لەگەڵ ئوردون لەساڵی ١٩٩٤.

ئامانجە ڕاگەیەندراوە کانی ڕێکەوتننامەی ئەبرهام
*دواخستنی لکاندنی زەوییەکانی کەناری خۆراوا بە ئیسرائیلەوە.
*پشتیوانیی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
*دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئاشتی نێوان عەرەب و ئیسرائیل 
*هاریکاریی ئابووری و بازرگانی و گەشتیاری، مامەڵەی بانکەکان گواستنەوەی دەریایی.
*هاریکاریی تەکنیکی و توێژینەوەی زانستی و بۆشایی ئاسمان.

ئامانجە ستراتیژییە هاوبەشەکانی لایەنەکانی ڕێکەوتننامەی ئەبراهام
*گەمارۆی بواری جموجوڵی ئێرانی.
*ڕووبەڕووبوونەوەی نفوزی تورکی و قەتەری لە لیبیا.
*گەمارۆدانی هێزی ڕوو لە گەشەی تورکیا و قەتیسکردنی فراوانبوونی.
*لێک نزیک کردنەوەی ستراتیژیی جەزائیرو تونس.
*سەپاندنی پێشەنگیی ئیماراتی عەرەبی و مسۆگەر کردنی دەرفەتی بەهێزبوونی ستراتیژیی ئیسرائیل.

میکانیزم کانی جێبەجێکردن
خۆیان دەبیننەوە لە نەخشاندنی ئامانجە ستراتیژییە هاوبەشەکان بە جەختکردنە سەر بنکە سەربازییەکان، هاوپەیمانی لە پرۆسە سەربازییەکان و هاریکاریی لۆجستی و هەواڵگری.
*دروستکردنی بنکەی چاودێری و هەواڵگریی ئیسرائیلی و ئیماراتی لەورگەی سەقتری یەمەن.
*پڕ چەک کردنی حەفتەر لە لیبیا و ئاڕاستەکردنی تەرازووی هێز لە شەڕەکانی ئەو وڵاتە.
*سوود وەرگرتنی هاوبەش لە بنکەی سەربازیی ئیمارات لە سۆماڵ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP