دواین هەواڵ

بۆ چی شكستی فیدڕاڵی و هاوبه‌شی له‌ عێراق؟!..

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

4 رۆژ پێش ئێستا

پاش 22 ساڵ له‌ ڕووخانی ڕژێمی به‌عس و هه‌وڵه‌كان بۆ  گۆڕینی سیسته‌می دیكتاتۆری و شۆڤێنی وتاكڕه‌ویی بۆ سیسته‌مێكی فیدراڵیی و دیموكراسی و ئینجا نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێك كه‌ تێیدا زیاتر له‌ 80%ی گه‌لانی عێراق و هه‌موو پێكهاته‌كانی نێویی به‌و ئومێدی ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانن مافه‌كانیان تێیدا مسۆگه‌ر و به‌ده‌ست بێت ده‌وڵه‌تێكی نوێی بونیاتنرا.

به‌ڵام زۆری نه‌خایاند كه‌ حكوومه‌ته‌كانی به‌غدا به‌ هۆكاری ناسه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی و گه‌نده‌ڵی و ئابووری و ناكارایی به‌ڕێوه‌بردن و دابه‌شبوونی تایفی و باوه‌ر نه‌بوون به‌ هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و سازان و  ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستووری و بوونی حكوومه‌ت له‌ نێو حكوومه‌ت واتا حكوومه‌تێكی سێبه‌ره‌ كه‌ به‌فه‌رمان ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و ئینج جێبه‌جێ نه‌كردنی ده‌ستوور وایانكرد كه‌ باری حكوومه‌تی فیدراڵی قورستر بێت و لاواز بێت بۆ بونیاتنانه‌ی عێراقێكی نوێی له‌ گشت بواره‌كاندا .

بۆیه‌ ئه‌وه‌ی وایكرد شكستی فیدراڵیی له‌ عێراق به‌كرده‌ی ببینرێت بریتین له‌ : 

یه‌كه‌م ،، ناسه‌قامگیری سیاسی پاش رووخانی ڕژێمی به‌عس و گرژی تایفی و مه‌زهه‌بی و سیاسه‌تی په‌راوێزخستن له‌ به‌رژوه‌ندی  زۆرینه‌ی تایفه‌ی شیعی.

دووه‌م ،، كێشه‌ی ئه‌منیی ، بوونی ده‌یان گروپی میلیشیایی و تیرۆر و توندوتیژی تایفی و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی جومگه‌كانی حكوومرانی و تاڵانكاری و قۆرخكاری وایكردووه‌ كه‌ حكوومه‌تی فیدڕاڵیی بێ توانا ولاواز بێت و ئه‌وه‌ش وایكردوووه‌ كه‌ پاش 22 ساڵ عێراق ژێرخانێكی وێران و ژینگه‌یه‌كی ناسه‌قامگیری هه‌بێ .

سێیه‌م ،، تاڵانكاری و گه‌نده‌ڵكاری له‌ نێو گشت دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌دا وایكردووه‌ ، عێراق رۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌و هه‌ره‌ستهێنان و تێكدانی متمانه‌ی گشتی به‌ حكوومه‌تی فیدراڵ زیاتر بێت و ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵكاران دروست بكات .به‌تایبه‌تی كه‌ پارێزگاریكردن له‌ گه‌نده‌ڵكاره‌ گه‌وره‌كان له لایه‌ن گروپ و میلیشیا تایفی و مه‌زهه‌بییه‌كان زیانی گه‌وره‌ی به‌ر عێراق گه‌یاندووه‌ .

چواره‌م ،، عێراق له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ ، شكستی گه‌وره‌ی هێنانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر داهاتی نه‌وت نه‌بێت هه‌موو كاتێك ئاماده‌ی هه‌ره‌سهێنانه‌ ، ڕێژه‌ بێكاری و كورتهێنانی ژێر خانی ئابووری وایكردووه‌ و هه‌موو كات بێ توانا بێت له‌ دابینكردنی بودجه‌ و  شكستی به‌رنامه‌كانی حكوومه‌ت و ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ به‌ شكستی سیاسه‌تی دارایی و  چونكه‌ جگه‌ له‌ داهاتی نه‌وت هیچ وه‌ربه‌هێنان له‌ كشتوكاڵ  وپیشه‌سازی و گه‌شتیار نه‌كراوه‌ .

پێنجه‌م ،، لاوازی ئێداری و به‌ڕێوه‌بردن و ده‌ستوه‌ردانی سیاسی گروپ و میلیشیاكان وایانكردووه‌ كه‌ ئاسته‌نگ له‌ به‌رده‌م پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان دروست بێت و شتێك به‌ناوی به‌رهه‌مهێنان له‌ دامه‌زراوه‌كاندا بوونی نه‌بێت .به‌تایبه‌تی بوونی نزیكه‌ی 5 ملیۆن فه‌رمانبه‌ری و ئه‌نجام نه‌دانی كاره‌كانی رۆژانه‌یان زیانی گه‌وره‌ی به‌ حكوومه‌ت گه‌یاندووه‌ .

شه‌شه‌م ،، گیرۆده‌بوونی عێراق به‌ كێشه‌ی قووڵی تایفی و مه‌زهه‌بی ، پیاده‌كردنی سیاسه‌تی زۆرینه‌ی مه‌زهه‌بی و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی وایكردووه‌ كه‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق دروست بێت ، به‌تایبه‌ت ئه‌و سیاسه‌تی كه‌ حكوومه‌ته‌كانی به‌غدا به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كورد و پێكهاته‌ی سووننه‌ و ئه‌وانی تر به‌كاریان هێناوه‌ وایكردووه‌ كه‌ بنه‌ماكانی هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و سازان له‌ 2003 وه‌ پێشێڵ بكرێت .

حه‌وته‌م ،، یه‌كێكی تر هۆكاره‌كانی شكستی فیدرالی له‌ عێراق ، ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی ده‌ره‌كیی كه‌ وایكردووه‌ كه‌ ره‌وشه‌كه‌ی زیاتر ئاڵۆزتر كردووه‌ و حكوومه‌ته‌كه‌ی به‌غدا لاواز و سست كردووه‌  و به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ كۆنتڕۆڵی حكوومرانی و سه‌روه‌ری بوونی نه‌مێنێت و شتێك به‌ناوی ده‌ستوور و فیدڕاڵی و دیموكراسی و یاسا و خاوبه‌شی بوونی نه‌مێنێت .

هه‌شته‌م ،،جێبه‌جێی نه‌كردنی ده‌ستوور به‌ هۆكاری چاره‌سه‌رنه‌كردنی هه‌موو كێشه‌كانی عێراق له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوو داده‌نرێت ، به‌تایبه‌ت  مادده‌ی 140ی ده‌ستووری و ده‌رنه‌كردنی یاسایی نه‌وت و غاز و مافی پێشمه‌رگه‌ و بوودجه‌ و شایسته‌داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان . و جێبه‌جێ نه‌كردنی زیاتر له‌ 55 مادده‌ی ده‌ستووری .

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین بڵێن كه‌ ، به‌ بێ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه‌ بنه‌ڕه‌تیانه‌ ، وایكردووه‌ كه‌ سیاسه‌تی زۆرینه‌ و هێز و میلیشیا شوێنی ده‌ستوور و دیموكراسی و هاوبه‌شی و ده‌ستوور بگرێته‌وه‌ ، كه‌ ئه‌وه‌ش واتا شكستی فیدڕاڵی و هاوبه‌شی له‌ عێراقدا .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP