یەکێک لە خاسيەتەکانی سەردەمی حکومەتەکەی سوودانی لە عيراق بريتييە لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان بە لێشاو و بە شێوەیەکی نا یاسایی و نا مرۆڤانە، هاوشێوەی ئێران. هەر هەمووی بە پاساوی جێبەجێکردنی یاسای بەگژاچوونەوەی تيرۆر. حکومەتەکەی سوودانی هەوڵدەدات ئەم پڕۆسەیە نەبێتە بابەتی ميدياکان و ڕای گشتی، چونکە پڕۆسەیەکی تەواو گوماناوی، دژە مافی مرۆڤ، تائيفی، نا یاساییە.
بە پێی چەندين سەرچاوە، یەکێکيان "مرصد أفاد"ە بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەنيا لە مانگی ٩ی ئەمساڵدا، زیاد لە ٥٠ سزای لەسێدارەدان جێبەجێکراوە لە عيراق، هەر هەمووی لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە ئيمزا کراوە. دەوترێت سەرۆک کۆمار پشکنين و پێداچوونەوە ناکات بۆ مەلەفەکان، ڕاستەوخۆ ئيمزای دەکات. هاوکات، بایەخ بە سکاڵای کەسوکاری تۆمەتبارەکان و داواکارييەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی مافەکانی مرۆڤ نادات. لە کاتێکدا مەلەفەکانی تری لەسێدارەدان، کە پەيوەندی بە ماددەی هۆشبەر و کووشتن و تاوانەکانی ترەوە هەیە، بەو شێوەیە ئيمزا ناکات. زیاتر ئەو کەيسانە ئيمزا دەکات کە پەيوەندی بە تيرۆرەوە هەیە. ئەمە وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە فشاری سياسی حەشد و ميليشياکانی سەر بە ئێرانە بۆ سەر حکومەت و سەرۆک کۆمار، دژ بە سوننەکانی عيراق. یان پەيوەندی بە بەرژەوەندی و حيساباتی سياسی و دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتە. بە پێی ڕاپۆرتەکەی "مرصد أفاد" دۆخی سياسی ناوچەکە و جيهان لە مانگی ٩ بەکارهاتووە بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان بەو شێوە زۆرە، کە لە ٢٠٠٣ەوە وێنەی نەبووە.
ڕاپۆرتەکە سەرۆک کۆمار بە بەرپرسی سەرەکی دادەنێت لەو کەيسە. هيچ کاتێک سەرۆک کۆماری عيراق وەک ئەمەی ئێستا لاواز و وڕ بێ ئاگا نەبووە، ئەمەش ڕێگەی خۆشکردووە بۆ ئێران و ميليشياکانی ئەم دەرەفەتە بقۆزنەوە. بۆیە دەوترێت سەردەمی ئەم سەرۆک کۆمارە، سەردەمی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانە بە شێوەیەکی هەرەمەکی و نا مرۆڤانە.
لەو بارەیەوە چەند خاڵێک مایەیی سەرنجن:
- زۆرينەی ئەوانەی لە سێدارەدراون خەڵکی سەڵاحەدين و ئەنبار و ديالە و نەينەوا و بەغداد و بابلن.
- چەندين جۆر سزای جەستەیی و دەروونی دراون.
- بە هەڕەشە و ئەشکەنجەدان ئعترافيان پێکراوە. ئيمزایان لەسەر نووسراوی ئامادەکراو پێکراوە.
- بەشێکی زۆريان بەڵگەی تەواو و درووست لەسەر تۆمەتەکانيان نييە.
- بایەخ بە سکاڵای زيندانيکراوەکان و کەسوکاريان نادرێت.
- هەندێک کات بە شێوەی هەڵە پەتی لەسێدارەدان بەکارهاتووە. پێش ئەنجامدانی سزاکە لە لایەن کارمەندانی بەنديخانەکەوە گوتار و درووشمی تائيفی وتراوەتەوە دژ بە سزادراوەکان.
- بۆ نموونە لە بەنديخانەی ناسڕييە ٢١ زيندانی لە بەرەبەيان نێدراون بۆ لەسێدارەدان بێ ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت نوێژ بکەن و وەسيەت و نامەی کۆتایی بۆ کەسوکارييان بنووسن.
وا ديارە یەکێک لە مەرجەکانی ئێران و ميليشياکانیان بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەت و ڕێککەوتنە سياسييەکانيان بريتييە لەوەی ويست و سياسەتيان بۆ کووشتنی نەيارەکانيان بە هەموو شێوەیەک جێبەجێ بکرێت، تەنانەت بە پێی یاساش. لێرەدا مەبەست ئەوە نييە هەموو ئەوانەی لە سێدارە دراون داعش و تيرۆريست نين، بەڵکو مەبەست ئەوەیە یاسای بەگژاچوونەوەی تيرۆر و داعش کراوە بە ئامرازێک بۆ لەناوبردن و زيندانيکردنی سەدان کەس کە نەياری سياسين و دژی پڕۆژەی ئێرانن لە عيراق.
ئەوەی بۆ کورد گرنگە لەو بارەیەوە، ١. دادگاکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم بە هيچ جۆرێک تێوەنەگلێت بەو پڕۆسە ترسناکەی ئێران و حەشد. نابێت پاساوی تيرۆر بەکاربێت بۆ خزمەتی هيچ لایەنێکی سياسی و دژایەتی لایەنێکی تر. (لە هەرێمی کوردستان بەڵگەم نييە لەبارەی ئەو کەيسە).
٢. سەرۆک کۆمار و وەزيری دادی عيراق هەردووکيان کوردن. ڕاستەوخۆ بەرپرسن، یان پەيوەندييان بەو تاوانەوە هەیە. بە درێژایی مێژوو کورد لە هەر چوار پارچەکە، تا ئەمرۆ لە دوو پارچەی کوردستان، بە هەزاران مرۆڤی بێ تاوانی کورد بە پاساوی تيرۆر و تێکدەر و جوداخواز... لەسێدارە دراوە و سزای قوورس دراوە و دەدرێن. تاوان و نا دادپەوەرييەکی گەورەیە، بەدڕەوشتييەکی بێ سنوورە کە لەبەر چەند کەسێک و لە پێناو چەند بەرژەوەندييەکی حيزبی و سياسی، ناوی ئەم نەتەوە ستەملێکراوە بچێتە ليستی ئەو لایەن و کەسانەی کە بە ناڕەوا مەزڵوم و خەڵکی تر، لە نەتەوەی تر لە سێدارە بدەن. نابێت ناوی هيچ کوردێک بهێنرێت وەک بکەر لەو تاوان و ستەمانەی کە ١٠٠ ساڵە بێ وەستان بەسەر خۆیدا جێبەجێ دەکرێت. لەوانەیە سەرۆک کۆمار و وەزيری داد و نوێنەرەکانی کورد لە بەغدا نەتوانن ڕێگری لەم تاوانە بکەن، بەڵام دەتوانن بەشدار نەبن و خۆیان دوور بگرن لەوەی تێوەبگلێن.
ئەوەی باسکرا، تەنيا کەيسەکانی مانگی ٩ی ئەمساڵن، لە دوو ساڵی ڕابوردووی حکومەتەکەی سوودانی و سەرۆک کۆماری ئێستا بە بەردەوامی ئەم کەيسە هەبووە. ڕۆژنامەنووسێکی عيراقی ماوەیەکە لەسەر ئەو کەيسە کار دەکات