دواین هەواڵ

ئەم پیاوە بۆ وایە؟

‌شیروان تاڵیب

27/07/2024

ـ نیوەڕۆیەکی بەهاریی ساڵی ١٩٩٦ بوو، لە ماڵی خوالێیخۆشبێ ( سەلامی فەقێ عەلی) لە شەقڵاوە دانیشبووین و کاک (نوری ئالانی)ش لەوێ بوو. کاک سەلام و کاک نوری، تازە لە دیدارێکی کاک نێچیرڤان لە دهۆک گەڕابوونەوە و ئیتر باسی ئەو و دیدارەکەیان ئەکرد. بەڕەحمەت بێ کاک سەلام ئەیووت: وەڵاهی ئەوەندە ئیحترامی گرتین، هەر خەجاڵەتی کردین، ئەوەندەش لە تەفاسیلی ئەوەی بۆ پارتیمان کردووە ئاگادار بوو، هیچ شتێکی وا نەما ئێمە بۆی باسبکەین. کاک نوری ئالانیش ( کە شکوور لەژیاندا ماوە و جگە لە ئازایەتی و پیاوەتی، بە قسەخۆشیش مەشهوورە) ئەیووت: بێقەزابی وامئەزانی هەر قەومی لای خۆمان قسەخۆشن، کەچی ئەو، ( قەسدی لە کاک نێچیرڤان بوو)، ئەوەندە قسەی خۆش بوو، مەجالی منی نەئەدا!

ـ ناوەڕاستی نەوەدەکان، کە خەتەری جددی لەسەر وجوودی پارتی، لەهەموولایەکەوە هەبوو، سەرکردەیەکی دیاری کوردستان، لە مەجلیسێکی خۆییانەییدا وتبووی: نێچیرڤان زۆر توندە، زۆر لێی ئەترسم عەزییەتم بدا!
ـ لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە و هەتا چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش، هەرکات بەینی پارتی و دژەکانی ( جا دژەکان هەرکەس و هەر لایەنێک و لەهەر کوێیەک بن)، گرژ بووبێ، ئەوەی لە بەردەم کامێرادا، بە لێدوانێکی نەرم، بە قسەیەکی خێر، بە نوکتەیەک، گرژییەکەی خاو کردۆتەوە تا خەڵک ئارام و هەرێمەکەش سەقامگیر بێ و ( تێکتر)نەچێ، هەر ئەو بووە. بەس لە پشتی کامێراوە، هەرچییەک بۆ سەرکەوتنی کورد، بۆ سەربەرزی پارتی پێویست بووبێ، تا حەددی توڕەبوون و مست کێشان بەمێزدا، ڕووبەڕوو لەسەر مێز وتووییەتی و دوو دڵیش نەبووە!

بۆئەوەی بیسەلمێنی ئەو پیاوە هەرخۆی بەتەبیعەت ( نەک بە وەزیفە) سەرکردەیە، نموونەی تر زۆرن، بەس جارێ ئەوەندە بەسە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP