بەشی (17)
بە درێژایی مێژوو کۆچی ژینگەیی دیاردەیەکی دووبارەبووە بوو، گۆڕانی کەشوهەوا، کارەساتی سروشتی و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی (ژیان) و (بژێو)ی هۆکاری کۆچ بوون. با ئاماژە بە چەند نموونەیەک بکەین، لە (1930، ئەمریکا)کە وشکەساڵی توند وخراپی شێوازە کشتوکاڵییەکان خاکێکی زۆری تێکدا، سەرەنجام نزیکەی 2.5 ملیۆن کەس لە ویلایەتە دەشتاییەکانەوە کۆچیان کرد بۆ ویلایەتی کالیفۆرنیا و ویلایەتەکانی تری ڕۆژئاوا.
ئەم کۆچە بوو بەهۆی بارگرانی وفشاری گەورەی ئابووری، کۆمەڵایەتی وژینگەیی لەسەر ئەوشوێنانەی بۆی چوون، تەنانەت کێشەی کەمی کار وتەحەددیاتی گونجانی کولتووری لێکەوتەوە.
وشکەساڵی ساحل (1970-1980، لە ڕۆژئاوای ئەفریقا) نموونەیەکی دیکەیە، وێرانەیکی بەدوای خۆیدا هێنا، بڕینی دارستانەکان، لەوەڕاندنی بێ پلان، وشکە ساڵییەکەی توندترو درێژ خایەنتر کرد، کە سەرەنجام کۆچی زۆرەملێی ملیۆنان کەسی لێکەوتەوە.
خەڵکەکە لە شارەکان نیشتەجێبوون، فشار لەسەر پێداویستییەکان لە ئاو تاخواردن وتەندروستی لە ناوچەی (بۆچوو) زیاد بوو.
برسێتی گەورە
لە نێوان ساڵانی 1845-1852 ئێرلەندا تووشی برسێتی و نەخۆشی وکۆچکردن بۆوە، کە بە برسێتی گەورە ناسرا.
بەروبوومی پەتاتە، کە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی ئێرلەندا پشتیان پێی دەبەست، تووشی نەخۆشییەک بوو کە تەواوی دانەوێڵەکەی لەناوبرد.
پێشتر پەتای دانەوێڵە هەبوو، بەڵام لە کاتی برسێتیەکەدا، پەتاکە تەواوی بەرووبوومەکەی لە سەرتاسەری هەرێمەکە گرتەوە.
سەرەڕای کۆچی بەکۆمەڵ زیاتر لە ملیۆنێک کەس مردن، کە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی دیمۆگرافی لە ئێرلەندا دروستکرد.
لە ئێستەدا دیارترین هۆکارە ژینگەییەکانی کۆچ بریتین لە
گۆڕانی کەشوهەوا/ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، گۆڕانی شێوازی بارانبارین، بەبیابان بون.
کارەساتە سروشتییەکا/ زریان، لافاو، وشکەساڵی و بوومەلەرزە.
کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی بژیوژیان/ زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو، دارستانبڕین، و تێکچوونی خاک.
شکستی کشتوکاڵی/ شکستی بەرهەم بەهۆی ئافات، نەخۆشی، یان بارودۆخی کەشوهەوای زۆرنالەبار٫ وەک ئەو بارودۆخەی دووچاری عێراق بۆتەوە.
کاتێک تەماشای هۆکارەکان دەکەین عێراق ڕووبەڕووی سەرجەم هۆکارە ژینگەییەکانی کۆچ بۆتەوە، کەمبوونەوەی ئاوی بەردراوە لە دجلەو فوڕاتەوە، خراپی ژێرخانی ئاوی عێراق، بە بیابان بوون، تێکچونی کوالیتی ژیان و خۆراک، ووشک بوونی زۆنگاوەکان.
ئەگەر ئەم ئاوتلاینەی سەرەوە وردتر بکەینەوە، ئەوا ناوەڕاست و باشووری عێراق بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی بارانبارین، و خراپی بەڕێوەبردنی ئاو ڕووبەڕووی زیادبوونی بیابانبوون دەبنەوە.
ئاستی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بەهۆی بەنداوکردنی تورکیاو گۆڕانی کەشوهەوا بەڕێژەیەک کەمی کردووە کە کاری کردۆتە چەندین لایەنی ژیان لە عێراق.
لەدەستدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دابەزینی بەرهەمی کشتوکاڵی لە ناوەڕاست و خواروی عێراق ئەگەری کۆچکردن بۆ هەرێمی کوردستان زیاد دەکات ئەمەش کاریگەری سیاسی دەبێت و ئەگەری زیادبوونی گرژیی سیاسی نێوان عەرەب و کورد وناکۆکی لەسەر سەرچاوەکانی ژیان و بژێوی دەنێتەوە.
لە ڕووی ئابووری فشار لەسەر ژێرخانی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییە گشتیەکان دادەنێت و کاریگەری کۆمەڵایەتی و تەحەددیاتی بەریەکەوتنی کولتوری و لەوانەشە زیادبوونی گرژی کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە.
و گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دیمۆگرافیدا مایەیی دوودڵی گەورەیە، بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 39%ی خاکی کشتوکاڵی عێراق بێ کەڵک بووە، ئەمەش مەترسی لە سەر بژێوی ژیان و ئاسایشی خۆراکی عێراق دروستکردووە.
سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە چەند دەیەی ڕابردوودا بە ڕێژەی 50% کەمیکردووە، پێشبینییەکان ئاماژە بە کەمبوونەوەی زیاتر دەکەن.
مەزەندە دەکرێت ملیۆنان عێراقی بەهۆی، هۆکارە ژینگەییەکان لە دەیەکانی داهاتوودا بۆ هەرێمی کوردستان کۆچ بکەن.
بۆیە مەترسی لێشاوی کۆچبەرانی عەرەب لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان هەیە. کوردستانی عێراق، هەرێمێکی فیدراڵی نیمچە سەربەخۆ و بێ دەوڵەتە، پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک لەخۆدەگرێت. ئەم شەپۆلە کۆچبەرییە ئەگەرییە ڕەنگە گرژییە نەتەوەیی و ئایینی و کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانی ئێستا خراپتر بکات.
جگە لە ململانێ وبێمتمانەیی نێوان کوردو عەرەبی شیعەو سوونە، جیاوازی مەزهەبیش ڕۆڵی هەیە.
لە ڕووی ئابوورییەوە ڕەنگە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی فشارێکی بەرچاو ببێتەوە لەسەر ژێرخانی و خزمەتگوزارییە گشتیەکانی. لێشاوی کۆچبەران کەرتەکانی نیشتەجێبوون، چاودێری تەندروستی، پەروەردە و دامەزراندن تووشی کێشە دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕەزایی لەنێو دانیشتوانی ناوچەکەدا.
بە درێژایی مێژوو و لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکاندا، زۆرجار لێشاوی کۆچبەران کە بەهۆی هۆکارە ژینگەییەکانەوە بووەتە هۆی گرژییەکی بەرچاوی نەتەوەیی و ئایینی. ئهمانه ههندێك نموونهی گرنگن.
بەنگلادش و هیندستان (قەیرانی پەنابەرانی ڕۆهینگیا) هەبوو، ڕۆهینگیاکان کە گرووپێکی کەمینەی موسڵمانن، لە گۆشەگیری و توندوتیژی لە میانمار هەڵهاتن، بەتایبەتی لە کاتی سەرکوتکردنی سەربازی لە ساڵی ٢٠١٧.
زیاتر لە 700,000 ڕۆهینگیا پەنایان بردە بەنگلادیش، ئەمەش بووەتە هۆی فشارێکی زۆر لەسەر ژیان و ژیارو بژێوی لە کۆمەڵگە میواندارەکاندا. لێشاوی پەنابەران گرژی لە نێوان دانیشتوانی ناوخۆیی بەنگلادیشی و ڕۆهینگیا دروستکرد، کە بەهۆی جیاوازی ئایینی و کێبڕکێ لەسەر سەرچاوە کەمەکانی وەک زەوی و ئاو و هەلی کار زیاتر بوو.
دەرفور لە سودان مایەیی سەرنجە چونکە وەک گریمانە مەترسیدارەکەی عێراق لە دەرفوریش تێکچوونی ژینگە، لەوانەش بیابانبوون و وشکەساڵی، ململانێی نەتەوەیی لێکەوتەوە، هۆزە کۆچەرییە عەرەبەکان و جووتیارانی دانیشتووی غەیرە عەرەبی لەسەر ئاو، خۆراک، زەوی و سەرجەم سەرچاوەکانی ژیان پێک وەربوون.
ئەم نموونەیە نزیکە لەو مەترسییەی لەسەر هەرێمی ئێمە هەیە، چونکە فشاری ژینگەیی ململانێی دارفۆری توندتر کرد و بووە هۆی توندوتیژی و ئاوارەبوون و جینۆسایدی دانیشتوانی غەیرە عەرەب لەلایەن میلیشیا عەرەبییەکانەوە.
لە سوریایی دراوسێمان، وشکەساڵی درێژخایەن لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١١ بژێوی کشتوکاڵی وێران کرد، بووە هۆی کۆچی بەکۆمەڵ لە ناوچە گوندنشینەکانەوە بۆ شارەکان.
لێشاوی ئاوارە ناوخۆییەکان (IDPs) بۆ ناوچە شارییەکان گرژییە کۆمەڵایەتییەکان و ململانێی لەسەر، هەلی کار نیشتەجێبوون، و خزمەتگوزارییەکان زیاترکرد.
زریانی کاترینا لە ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠٠٥دا بوو، لافاوێکی کارەساتباری لە نیو ئۆرلینز دروستکرد و بووە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر کە زۆربەیان ئەفریقایی ئەمریکی بوون.
چونیان بۆ شارە جیاوازەکان لە سەرانسەری ئەمریکا بووە هۆی گرژی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ملیۆنان ئەمریکی ئەفریقایی لە گوندەکانی باشووری ئەمریکاوە ڕوویان لە شارەکانی باکوور و ڕۆژئاوا کردووە، کە بەشێکی بەهۆی شکستی کشتوکاڵی و دەرفەتە ئابوورییەکانی شوێنەکانی دیکەوە بووە.
وشکەساڵی توند و برسێتی لە ئەسیوپیا لە ساڵانی هەشتاکان بووە هۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ.
ئەم نموونانە پێمان دەڵێن مەترسییەکە جدییە، پێویستی بە تەدابیری ورد هەیە